Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
مەرگى ئازادى.. مەرگى كۆمەڵگەیە

مەرگى ئازادى.. مەرگى كۆمەڵگەیە

Closed
by January 2, 2008 گشتی

      ئاسۆ جەبار
 "مرۆڤ مەحكومە بە ئازادى"سارتەر
 "خەڵكى لەژێر كۆنترۆڵى ستەمكاران بەسادەیى دەبنە كەسى ترسنۆكو باڵادەستى قبوڵ دەكەن."ئاتین دۆلابۆتى

 
 ئازادی لەگیرفانی كەسدا نییە، ئەوەی پێیوایە گیرفانەكانى پڕن لەئازادییەكانى منو تۆو بەئارەزووی خۆی دەستدەكات بەگیرفانیداو نەختە نەختە بەشمان دەدات، فڕی بە چەمكی ئازادیو دنیای مۆدێرنو دنیای مافە مەدەنییو فەرهەنگیو شارستانیەكانی هاوڵاتیانەوە نییەو سنورەكانی خۆی نازانێتو سنور بۆ كەسانی دیكە دادەنێت، لەم نوسینەدا زۆر بەتایبەتی باس لەئازادی رادەربرینو ئازادی رۆژنامەگەریو ئازادی نوسینو ئازادی رەخنەگرتن دەكەین.
 ئەو دەسەڵاتانەى سنورى پۆڵاڕێژو دنیایەك هێڵى سورى لاستیكى دەكێشن بۆ نوسینو كارى رۆژنامەگەرى دەسەڵاتگەلێكى جاهیلو وێرانن لەڕووى مەعریفییەوە، ئەو دەسەڵاتانە چەند دوور دەكەونەوە لەدیمكراسیەتو ئازادییە مەدەنییەكان، سەد ئەوەندەش نزیكدەبنەوە لەبوون بە دەسەڵاتێكى پۆلیسىو دیكتاتۆرى.
 بەپێى ئەم یاسایە كە سنورێكى مەترسیدارو قەدەغەى داناوە بۆ هەر نوسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەنوسو رۆژنامەیەك بۆئەوەى پێنەخاتە نێو دنیاى حەرامكراوى ئاسایشى نەتەوەیىو دابونەریتى گشتىو گواستنەوەى هەواڵو بەڵگەنامەى حیزبىو بەرپرسسەكانەوە، خوازیارە سەرلەبەرى دەرگاكانى زانیارىو دەستكەوتنى داتاو راستییەكان لەكۆمەڵگەو نوسەران بشارنەوە. لەم سەروبەندە دژوارەدا هەر رۆژنامەوسانو رۆژنامەكان نابنە قوربانى یەكەم، بەڵكو بەپێى ئەم یاسا هەزەلییە پڕ لەتراژیدییە تەڕوشك دەكەونە بەر ئۆپراسیۆنى گەندەڵىو ناعەدالەتىو عەنتەریاتى حیزبو عەزەڵاتى حكومەت.
 حكومەتێ بتوانێت یاسایەك دەربكات بۆئەوەى سەرلەبەرى دەرگاكان دابخات لەرۆژنامەنوسانو قفڵ بدات لەدەمى رەخنەگرانو رۆژنامە ئازادەكان، بێگومان دەشتوانێت بە نهێنى پڕوپاگەندەى ئەوە بڵاوبكەنەوە كە هەر كەسێك قسەبكات بۆ رێپۆرتاژى رۆژنامە ئازادەكان بایەعیەكەى دەبڕدرێت یان قەتع راتب دەكرێت.
 ئەورۆكە هەموو جیهان دەزانێت كە لەهەرێمى كوردستاندا بە نهێنىو بەئاشكراو بەیاسا مافى ئازادى نوسینو ئازادى رادەربڕین پێشێلدەكرێت. تائێستاكە چەندین رۆژنامەنوسو رەخنەگر لەكاتى راپەڕاندنى كارەكانیاندا كەوتونەتە بەر شەقو تێهەڵدانو هەڕەشەى هێزە نهێنییەكانو بەرپرسانى هەردوو حیزبو جەبەروتى هێزەكانى ناوخۆ. ئێمە بە بەڵگەوە لامانە كە تائەوڕۆكە چەندین جار بەنهێنىو بە ئاشكراو لەڕێى یاسایەكى كوێرانەوە مافى ئازادى نوسینو ئازادى كارى رۆژنامەگەرى بەخراپترین فۆرم پێشێلكراون. 
 ئەو دەسەڵاتانەى كە نوسەرو رۆشنبیرە جیدییەكان دەخنە لیستى رەشەوە، دەسەڵاتگەلێكن تاسەرئێسك جاهیلو نەخوێنەوارن لەرووى فەرهەنگىو شارستانییەوە، پێكڕا لەیكتاتۆرەكان كوشندەترنو هیچ جیاوازییەكیان نییە لەگەڵ هێزە توندڕەو و ستەمكارەكاندا.  
 جۆن ستیوارت میل (1806-1873) لەكتێبى (ئازادى)دا دەڵێت: "تەواوى مرۆڤایەتیش مافی ئەوەى نیە دەمی كەسێكی ناڕەزامەندو نەیار ببەستىَو رێگەى دەربڕینی بیروباوەڕەكانى لێبگرێت. چونكە ئەگەر وانەبێت، هەرگیز مرۆڤایەتى بەبیروباوەڕو روانینی نوآ ئاشنا نابێتو لەدۆخێكی لەوجۆرەدا رێگاى گەشەو پێشكەوتن دەبەسترێت، واتە هەموو تاكەكانى كۆمەڵگەى مرۆڤایەتى مافی بیركردنەوەو هۆشمەندێتىو دەربڕینی بیروڕاكانى هەیەو لەپلەوپایەى عەقلأو دانایی مرۆڤ ناوەشێتەوە كە ببێتە لەمپەرى بەردەم بڵاوبونەوەى هزرو بیروباوەڕى هاوڕەگەزانەى وەك خۆی".
 ئەو حكومەتانەی ئازادییەكانى رادەربرینو ئازادی نوسین كۆتوبەند دەكەن لەرێی زنجیرو قفڵی دابوونەریتو بەحساب ئاسایشی نەتەوەییو حیزبیەوە، سەددەرسەد دەسەڵاتگەلێكی بێئاگاو  نابەرپرسو سەركوتكارو ستەمكارن. جەلادەكان بەرلەوەى قفڵو زنجیر بكەنە ملی هاوڵاتیانەوە بەرلەوەى دەستو پێی كۆمەڵگا زنجیربەند بكەن، پێكرا لەڕیی كۆمەڵێك هێزی نافەرهەنگیو نایاساییو ناشارستانییەوە سەرەتا دەستو قەڵەمی نوسەرانو رۆژنامەنوسان قفڵدەكەنو رۆژنامەكان دائەخەنو دەبنە كوشندەیەكی گەورەی بیرورای ئازادو نوسەری ئازادو سەربەخۆ، دیكتاتۆرەكان بەرلەوەی وڵات بكەن بە گرتوخانەیەكی گەورەو سنورەكانی ژیان تەنگەبەر دەكەنو دەبنە بەرهەمهێنەری زۆرناژەنو بەرماوەخۆری حیزبو دەیانكەن بە روخسارە تۆقینەرەكانی كوشتنی ئازادی بیروڕاو ئازادی رۆژنامەگەری.
 ئەوەى پێیوایە دابونەریتو ئاسایشی نەتەوەییو فەسادی بەپرسەكانو ناعەدالەتی گەندەڵخانەو یاسای جەنگەڵ لەسەرو یاساو ئازادی نوسینو رۆژنامەوانییەوەیە، بێچەندوچون رێخۆشكەرێكی هەزەلییە بۆ خوڵقاندنی مەهزەلەیەكی گەورەی فەرهەنگیو حیزبیو رۆشنبیریی. ئەو دەسەڵاتانەى كە شەفاف نینو نابەرپرسیارو تەمومژاویو ئاڵۆزن دەسەڵاتێكی داخراونو روانینیان ناگاتە بەرپێیی خۆیانو دنیابینیان هێدە بچوكە لەمشتێكدا جێی دەبێتەوە.
 ئەو دەسەڵاتو وەزیرو عەنتەرانەى سنوری پۆلارێژدا دائەرێژێن بۆ كۆتوبەندكردنى ئازادییەكانی بیروڕاو ئازادی نوسین، بێگومان هێَزگەلێكن بۆ بچوككردنەوەی فەرهەنگو گەورەكردنی عەزەڵاتی خۆیان، بەرتەسككردنەوەى ئازادی قەڵەمو نووسینەكانمانو گەورەكردنی عەنتەریاتی حیزبو دەسەڵاتی رەهای دابو نەریتو چاوسوركردنەوەى بەرپرسەكان.
 ئازادی بیروراو ئازادی نوسین جیاناكرێتەوە لەوەرچەرخانی شارستانیو رۆشنبیری، وەكچۆن گەشەپێدانی فەرهەنگو زانستو رۆشنبیریی پەیوەندییەكی راستەوخۆو دژواری هەیە بەئازایەتی داهێنەرانو نوسەرانی ئازادەوە.
 ئاسایشى نەتەوەیى بۆ نیشتیمانێكى وێران لەڕووى ئیدارىو سیاسىو ئابورىو فەرهەنگییەوە بێجگە لەئاشكرابوونى گەندەڵىو گەندەڵخانەكانى، بێساحێبىو وێرانەییەكانى، نابەرپرسیارێتىو ونبوونى سەروەتوسامانى نەتەوەیى، ناشەفافیەتو پڕۆژە هەزەلییەكانى حیزبو حكومەت، ئاشكرابوونى موڵكو ماڵى بێئەندازەى بەرپرسو عەنتەرەكانى حیزب، دەبێت چى بێت. ئەمجۆرە لەدەسەڵات لەڕێى گەندەڵىو دەزگا نهێنییەكانەوە حەیاى ئاسایشى نەتەوەى دەبەنو وەكچۆن فڕیان بە بازارى ئازادەوە نیەو بەڕەڵاخانەیەكى بێساحێبتان ناوناوە بازاڕى ئازاد، خەریكە پێناسەى تازەش دەردەهێنن بۆ گەندەڵىو عەزەڵاتى حیزب. ئەوەمان لەیادنەچێت یاسپەرز دەڵێت: "ئازادى ناژى تەنیا لەجیهانى ئازادییەكاندا نەبێت."
 نەگبەتی گەورە لەوێوە سەرچاوەدەگرێت كاتێك وەزیری رۆشنبیری دەبێتە رێگر لەبەردەم ئازادی نوسینو ئازادی رۆژنامەگەریدا، ئیتر ئێمە چ دڵێك بەم وەزیرە خۆش بكەین كە دەیەوێت لەڕێیی كۆتوبەندی ئەخلاقیو دابونەریتو ئاسایشی نەتەوەییەوە قفڵبدات لەدەستو قەڵەمی رۆژنامەنوسان، من هیچ دڵم بەم وەزیرە دابونەریتپارێزو پارێزەرى ئاسایشى نەتەوەییە خۆش نییە. هەرگیز دڵم بە وەزیرێكو وەزارەتێكی رۆشنبیری خۆش نییە كە تا ئەوڕۆكە نەیتوانیوە تاكەیەك پڕۆژەی رۆشنبیری بەرهەمبهێنێت، نەیتوانیوە لەم چەند ساڵەى تەمەنی ئاشتبوونەوەى وەهمی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار تاكەیەك پڕۆژەى هونەرىو فەرهەنگی یان مەعریف یان شارستانی بەرهەمبهێنن.
 ئەو دەسەڵاتانەى پێیانوایە حەقیقەت لەگەرووى خۆیاندایەو خۆیان بەخاوەنى بىَ قەیدوشەرتى حەقیقەتو راستییەكان دەزاننو بىَ هەڵەو كەمكوڕین، سەددەرسەد دەسەڵاتگەلێكى دیكتاتۆرو ستەمكارن. وەكچۆن ئەو جەنگاوەرانەى پێیانوایە ئازادىو سەربەخۆیى مرۆڤەكان لەلولەى تفەنگەكانیاندایەو لەڕێى ئەم ستەمە ئەخلاقیەوە خۆیان دەكەن بە میراتگری هەمیشەیى سەرلەبەرى سەرچاوە ئابورىو سیاسىو فەرهەنگىو شارستانییەكان.
 دیكتاتۆرو دەسەڵاتە ناعادیلو گەندەڵو ستەمكارەكانیش سەربارى ئەوەى دەسەڵاتگەلێكى داگیركارو وێرانكارن لەرووى ئابورىو فەرهەنگىو رۆشنبیرییەوە دەسەڵاتگەلێكى تێرۆریستیشن بۆ كوشتنى حەقیقەتو ئازادىو رۆشنبیرىو روانینو دنیابینى مۆدێرن بە ناشرینترین شێوە. هاوكات هێزگەلێكى مەرگدۆستن بۆ كاولكردنى شارستانیەتو فەرهەنگو تاڵانكردنى كۆمەڵگەو تێرۆكردنى خەونى گۆڕانو داهێنانو جیاوازییەكان.
 ئەوانەى پێیانوایە شاردنەوەى دیاردەى تێرۆرو سازكردنى بێدەنگخانەیەكى گەورە كۆمەڵە هەوڵێكى گەورەن بۆ بنبڕكردنو لەناوبردنى دیاردەكە، بێگومان بێئاگان لەوەى كە تێرۆر هەوڵێكى كوشندەو كاریگەرە بۆ تەقاندنەوەى باڵەخانەكانى بێدەنگىو غافڵگیریێكى بێئەندازەیە كە گەورەترین سود لەبێدەنگىو شاراوەیىو ناهوشیارىو كاڵفامى وەردەگرێت.
 هاوكات چۆن تێرۆرو زەبرى كاولكارى هێزگەلێكن بۆ داڕوخانى ئابورىو فەرهەنگىو شارستانىو سیاسى بە مەترسیدارترینو وەحشیگەریترین كردەو كاریگەرى، بەهەمانشێوە دیاردەى گەندەڵىو ناعەدالەتییەكى وەحشیگەرانەو كوشتنى رایگشتى هێزگەلێكى كوشندەترن لەتێرۆر، ئەوەى تێرۆر ناتوانێت لەناوی بەرێت، بێگومان عەقڵیەتو كردەى گەندەڵىو ناعەدالەتىو دیكتاتۆریەتو ستەمكارى بەئاسانى دەتوانن كاولى بكەن.
 بەرهەمهێنانى دەزگاگەلێكى رۆشنحیزبىو میدیاحیزبىو ئابوریحیزبىو كۆمپانیاحیزبى بۆ بەرپاكردنى پانتاییەكى بەرفراوانى جەهلو بێئاگایىو كەمتەرخەمىو مۆنۆپۆلكردنو بێبایەخكردنو نەخوێنەواری، كۆمەڵە هەوڵێكى كوشندەن بۆ بەرپاكردنى فەزایەكى گەورەى كۆنخوازىو شكۆداركردنى جەهلو بەرهەمهێنانى ماشێنێكى گەورەى بێبایەخكردنو دابەزاندنى ئاستى فیكرىو ئەكادیمىو مەعریفى ئەو ئاستە رۆشنبیرىو فەرهەنگییەى كە ناوەندە رۆشنبیرییە جیدییەكانى دەرەوەى دەسەڵاتو ناوەندى رەسمى كارى لەسەر دەكەن كە هەوڵى دەستەبژێرێكى جیاوازو رەخنەگرن بۆ خولقاندنى فەزایەكى بەرفراوانى ململانێى رۆشنبیرىو مەعریفى، كە كۆمەڵە هەوڵێكى ئەكادیمىو مەعریفین بۆ سازكردنى كڵێشەسازییەكى دیكەى تێگەیشتنو هەڵوەشاندنەوەو تێكشكاندنى ئەو خەیاڵگە كانزاییەى دەسەڵاتە هەژمونگەرو ستەمكارو سەركوتكارەن كە پێكهاتەى فەلسەفەیەكى كۆنزێرڤاتیڤو سەلەفین بۆ ئەبستراكتكردنى جەهلو دامەزراندنى كۆنسێپتێكى گەورەى داگیركردنو خامۆشكردنو سیستكردنى گۆڕانو داهێنانو جیاوازىو نوێگەرى.
 مۆریس میلۆبۆنتى لەبارەى ئازادییەوە پێماندەڵێت: "ئازادى بەیەكگەیەشتنو گواستنەوەو ئاڵوگۆركردنە لەنێوان ناوەو دەرەوەداو هاوپەیوەندییەكى بەردەوامە لەنێوان شتەكانو لەگەڵ ئەوانى دیكەدا." كەواتە ئازادى خولقێنەرى پەیوەندییەكى گەورەیە لەنێوان مرۆڤەكانو سەرلەبەرى ئەو كایەو پێكهاتە شارستانىو رۆشنبیرىو مەدەنیانەدا بۆ بەرهەمهێنانى گۆڕانو بەرپرسیارێتىو جیاكردنەوەى دنیاى نوىَ لەدنیاى كۆنخوازىو رەهاگەرایى.
 كۆمەڵگەى زیندوو كۆمەڵگەى ئازادییە راستەقینەكانە، كۆمەڵگەى مردووش كۆمەڵگەى ستەمكارییە راستەقینەكانو بێدەنگخانەیەكى گەورەوگرانە بۆ دروستبوونى دیكتاتۆرو كوشتنى رایگشتىو بیروڕاى ئازاد.
 من لەزۆر شوێندا باسم لەوە كردووە كە دەسەڵاتو حكومەتى وا هەیە بیابانێكى كاكیبەكایكت بۆ دەكات بە نیشتمانێكى پڕ لەسەوزایىو ئاوەدانى، دەسەڵاتیش هەیە نیشتیمانێكى سەوزو پڕ بەروبومت بۆ دەكات بە بیابان، دەسەڵات هەیە وەزیرو پەرلەمانتارو بەرپرسسەكانى وەك هاوڵاتییەكى ئاسایى دەژین، دەسەڵاتى واش هەیە هەندێك لەبەرپرسسەكانى لەهارونەرەشید خۆشتر بەكەیفتر دەژینو یەكى چەند خانو و تەلارو چەند سوپەرماركێتێكو چەند بەنزینخانەیەكو كۆمەڵێك سەیارەى كەشخەیان لەژێردایە، وەزیرەكانیشى بێخەمترینو دەوڵەمەندترین پیاوانى وڵاتنو فڕیان بەدنیاى مۆدێرنو بەرنامەڕێژىو پلاندانانەوە نییە، پەرلەمانتارەكانیشى بێدەنگترینو خەمساردترین مرۆڤى دنیان، تەواوى حكومەتەكانى دنیا گرینگترین شت بەلایانەوە ژێرخانى ئابورىو پیشەسازىو بەرهەمهێنانو گەشەپێدانى كشتوكاڵو بەربومەكانە، حكومەتیش هەیە وەك كرم ئابورى وڵات دەخواتو میللەت دەكات بە میللەتێكى بەرخۆرو موستەهیلك، گرینگ نیە بەلایەوە كارخانەیەكى فالینە عەلاگەو شۆرتى نەبێت، بەلایەوە ئاساییە فالینەى عەلاگەو ماستو پەنیرو پرتەقاڵو دۆو قەیتانى قۆنەرەو دەرزى دورمانو گوىَ پاكەرەوەو گۆرەوىو سەرجەم پێداویستییە هەرە سەرەتاییەكان لەوڵاتانى دراوسىَو بازاڕە شەقوشڕەكانى دەوروبەرەوە بهێنێت.
 ئەم وەزارەتە بە ناو رۆشنبیرییە تائەم سەروەختە بێجگەلە یادكردنەوەى كۆمەڵێك شاعیرو نوسەری تەپوتۆزلێنیشتووی رابردوو، بێجگەلە چاپكردنی چەند كتێبێكی كەم، بێجگەلە كردنەوەى چەند پێشانگایەكی كەم مەسرەف بۆ كۆمەڵێك هونەرمەندی هیلاكو ماندوو، بێجگەلە سازكردنی چەند تەعزیەو گێڕانی چلەى ماتەمینی، بێجگەلە فیستیڤاڵی زۆربچوكو شانۆگەریو كورتەفلیمی زۆر كورتو كەم مەسرەف، هیچ پرۆژەیەكی گەورەو دڵخۆشكەری رۆشنبیریو فەرهەنگییان ئەنجام نەداوە. بەداخەوە ئەم وەزارەتە خەیاڵییە نەیتوانی بودجەیەكی كەم دابینبكات بۆ هەفتەنامەیەكی هونەری جوان بەناوی (هارمۆنی)یەوە، ماوەی ساڵێكە دڵی هونەرمەندێكیان عاجزكردووە كە(دیاری قەرەداغی) بەخەمێكی گەورەوە ئەم پرۆژەیەی پێشكەشكردن، ئێوەش بەخەمساردییەكی بێبایەخەوە وەڵامتان دایەوە، دڵی چی بەئێوە خۆش بكەم، بەرێزان ئائەمەیە وەزارەتە جوانەكەی رۆشنبیری كە دڵی سەدانی وەك ئێمەو چەندین نوسەرو هونەرمەندی ئەم وڵاتەتان شكاندوە، ئێستاش بەنیازن لەرێی بەهانەى پارێزگاریكردن لەدابونەریتو ئاسایشی نەتەوەییو شتی ترەوە ئازادی نوسین بخنە بەر رەحمەتی راوبۆچونە دۆزەخییەكانتانەوە، بەرێز نەك تۆ سەرۆكو سەرلەبەری وەزیرەكانی دیكەش ناتوانن ببنە رێگرو بەربست لەبەردەم رەخنەو تێڕوانینەكانى ئەو نوسەرو ۆشنبیرە سەربەخۆیانەى كە سنورەكانی ئازادی بەرفراونتر دەكەنو سنورەكانى دەسەڵاتی بچوك دەكەنەوە، كە بە قەڵەمەكانیان نەخشەیەكی گەورە بۆ ئازای رادەربرینو ئازادی رۆژنامەگەری دروستدەكەنو مالێكی بچوك بۆ جەبەروتی حیزبو بەرپرسو حكومەت دروستدەكەن.
  دەسەڵاتێكی كراوەو شەفافو ئەو دەسەڵاتەیە كە سنورەكانی یاسا گەورەدەكات بۆئەوەى زۆرترین ئازادی تیایدا جێگەی بێتەوە، دەسەڵاتی نادیموكراتو ناشەفافو داخراویش سنوری یاساكان بەرتەسكو بچوكدەكەنەوە بۆئەوەی زۆرترین كۆتوبەندی ئەخلاقیو سیاسیو حزبی تیادا جێبكاتەوەو بەردەوام لەسازكردنی سەرزەمینێكی مینرێژدان بۆ ئازادی بیروڕاو ئازادی نوسین…
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.