Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
مەرگی تەها کەریمی و کۆمەڵگای قەزا و قەدەر!؟

مەرگی تەها کەریمی و کۆمەڵگای قەزا و قەدەر!؟

Closed
by June 8, 2013 گشتی

 

 

 

کاتێک ئەندامانی کۆمەڵگا پرسیار نەکەن، دووشک لە ڕاست و ناڕاست نەبن،عادەتی و غەریزی هەڵس و کەوت بکەن و بژین و بە پێی باوەڕی ڕەش یان سپی بجوڵێنەوە، ملکەچی قەزا و قەدەر دەمێننەوە.

تێڕوانینی مرۆڤی کورد بە گشتی بۆ “تەسادوف” لە باوەڕ بە قەزا وقەدر، بێ شانسی و خواستی خوداوە سەرچاوە دەگرێ. لەم تێڕوانین و جۆرەکانییەوە، پرسیار جێگای نییە و پرسیارکەر خۆی دەکەوێتە ژێر پرسیار و بگرە لێپرسینەوە!
 گەر کەسێک بە خێرایی تەواو، بە بێ گوێدان بە قانوونی هات وچۆ، بە بێ بیرکردنەوە لە تەسادوف، لە ناو شارێکدا ویراژ بدات و ببێتە هۆی مەرگی کەسانێک، دەبێ بە قەزاوقەدەر، بێ شانسی و خواستی ئەڵا لە قەڵەم بدرێ!؟ 

کەسانێک باسی ناڕوونی کارەساتی مەرگی تەها کەریمی دەکەن. بۆ ڕوونکردنەوەی هۆ و هۆیەکانی مەرگی ئەو، پرسیار لە کەسانێک کراوە، وەڵامدەران بە بێ لێکدانەوە و بە بێ لێکۆڵینەوەی کارناسانە و پسپۆڕانە، کارەساتەکە ئاسایی دەبینن. لە مەنتقی ئەوانەوە، ئەگەر تیرۆری کۆماری ئیسلامی نەبووبێ، ئەوە تەسادوفی ئاسایی بووە. کەسانێک بە پێی قسەی ئەم و ئەو کە لە شوێنی ڕووداوەکە نەبوون، بە ئەرخایەنی و بەشێوەی موتڵەق، شایەدی بۆ بوونی تەسادوفێکی ئاسایی دەدەن. ئەم شێوە بۆچوون و تێگەیشتنە، تێڕوانینێکی ئایینی و غەریزیی و قەزاوقەدەرییە و دژی هەموو ستانداردەکانی لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانەی پۆلیسی و قەزاییە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بەرپرسانی پۆلیس، ئەمن و قانوون بێدەنگن و ڕاپۆرتی کارناسانە و پسپۆڕانەیان لە سەر ئەو ڕوداوە بڵاو نەکردۆتەوە. لەم ڕووداوەدا دوو کەس گیانیان لە دەست داوە کە یەکیان بە هەڵکەوت ڕۆژهەڵاتی، نووسەر و سینەماکار بووە! ئەو کەسە بە هەڵکەوت فیلمی سیاسی بەرهەم هێناوە و بە هەڵکەوت لە سەنتەری گەنجان وەدەرنردراوە و بەهەڵکەوت وەزارەتی ڕۆشنبیری بەردی خستۆتە سەر رێگای و بە هەڵکەوت پێیان گوتووە دەردەسەر دەنێیەوە و بە هەڵکەوت ١٩ نووسەر و چالاکی سیاسی و مافی مرۆڤی باشوور، کە لە گوتنەکانی ناڕازی بوون، بەر لە مردنی بەیانیان لە سەر دەرکردوە و بە هەڵکەوتیش شۆفیری ماشێنەکەی کە بۆتە هۆی مەرگی، خوشکەزای قایم مەقامی شاری سولەیمانییە! سینەماکاری کورد ئەگەر بیزانیبا ژیانی خۆی لە ڕێگای زنجیرەیەک هەڵکەوت و تەسادوفەوە کۆتایی پێ دێ، ڕەنگە وەک حەمید حەمیدی بەر لەمردنی کلیپی مەرگی خۆی بڵاو کردبایەوە!؟

ڕەنگە هەموو ئەو هەڵکەوتانە، هەڵکەوت و “تەسادوف” بێ، بەڵام یەک شت نابێ هەڵکەوت و تەسادوف بێ، لێکٶلینەوە و زانیاریی بەخشین لە سەر ڕووداوەکان! گەر زیندووی تەها کەریمی بۆ کۆمەڵێک کەس سەر ئێشە و دەردەسەری لە  شوێن بووە، با مەرگەکەی نەبێتە سەر ئێشە و دەردەسەر. با بە ئاشکرا هۆی مەرگی ڕوون کرێتەوە.

برایم فەڕشی
ئاڵمان جۆزەردانی ٢٧١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.