Skip to Content

Tuesday, September 22nd, 2020

مەلا جەمیل شەهیدی هەق بێژی و جورئەت

Comment
by April 8, 2008 ئەدەب

  موعتەسەم نەجمەدین …..
 
 هاتنی ئێوە بۆ ساڵیادی شەهیدكردنی كەڵە قەڵەمێك كە نەك گیانو ژیانی بەخت كردبوو لە پێناو ئاشتی وبرایەتیو هەق بێژی وبەرگری لەناسنامەی نەتەوایەتی گەلەكەی، بگرە رێز گرتنە لەقەڵەمێك كە بەهیچ كەسێك نەپاوان دەكراو نە دەمكوتیش دەكراو ئەو قەڵەمە پڕبرشتە بوو كەلەدواى خۆى خەرمانێك بابەتو لێكۆڵنەوەى بەبەهاى مێژوویىو ئەدەبىو سیاسى بەجێهێشت.
 هاوكات ماییەی وەفاداریو خەمخۆری ئێوەی بەرێزیشە بۆ رێزگرتن لەرابردووی شارێك كە پڕ خوێناویترینو گەورەترین قوربانی دەستی بێگانەو دوژمن بووە.
 رێزگرتن لەمەلا جەمیل وبەرز راگرتنی یادەكانی دەبێتە بەردێ بۆ دامەزراندنی بناغەی ئایندەیەكی روناكترو تەباتری نێوان براكانی ئەم شارە بە سەرجەم گەلو نەتەوەو ئاینەكانی .
 بەڕێزان .. ئێمە ئەمڕۆ لەكەركوكدا بەهەمان ئاستی پێویستمان بە لە ناودانی هۆكارەكانی شەڕو ناكۆكیو ناڕێكی نێوانمان پێویستمان بە زیندوكردنەوەی هێماكانی برایەتیو ئاشتیو پێكەوە ژیانی گەلانی ئەم شارە هەیە ، لەم رێچكەیەشدا ئەگەر مەلا جەمیل تەنها سوارەی گۆڕەپانەكە نەبێت، ئەوا بێگومان پێشەواو سەر پەلی هەموو ئەو كەڵە پیاوانەیە كە بەردەوام گیانو لەشی خۆیان كردوەتە قەڵغان بۆ بەرگری لە شەڕو نانەوەی فیتنەو ئاژاوە ، بۆیە جێگای خۆیەتی لێرەداو لەم یادەدا مەلا جەمیل وەك هێمای برایەتیو ئاشتیو پێكەوە ژیان بخەینەڕوو .
 لەمێژووی ئەم جیهانە پڕ ئاشوبو شەڕو نەهامەتیەی ئێمەدا. لە هەموو كاتو شوێنێكدا كەسانێك هەڵكەوتوون یان هەبوونە كە بوونە بە داینەمۆی بەرقەراكردنو سەپاندنی ئاشتیو پێكەوە ژیانی نێوان گەلان ، ئەم كەسانە بەردەوام مێژوو لە لوتكەی لاپەڕەكانیدا ناویان تۆمار دەكاتو بەكەسانی مەزن ناویان دەبات ، لەنێو ئەم كەڵە پیاوانەدا كەڵە قەڵەمی بوێری وا هەبوون كە بەردەوام قەڵەمەكانیان كردوەتە قەڵغان بۆ بەرگری لە مافو راستیەكان ، ئێمە لێرەدا وەك كوردو كەركوك دەتوانین شانازی بەوەوە بكەین كە خاوەنی یەكێ لەو قەڵەمو كەڵە پیاوە مەزنانەین .
 (رۆژبەیانی) شەهیدی هەق بێژیو بەرگری لە  راستیو ئاشتیو پێكەوە ژیان، یەكێ لەو قەڵەمە بەجەرگو بووێرو ماندو نەناسانە بوو كە هەمیشە ئاگادارو ووریابوو لە بەرامبەر پلانو نەخشەكانی شەڕو فیتنەی بەعسیەكانو خائینو خۆفرۆشانی دەوروبەری ، ئەم پیاوە بەدرێژایی  مێژووی تەمەنی بەدەیان پلانو نەخشەی شەڕانگێزیو پێچەوانەكردنەوەی راستیەكانی رژێمی بەعسی پوچەڵكردوەتەوەو بەكردەوە بە بەعسی دەوت: من هەمیشە لە سەنگەردام بۆ بەرگری لە گەلەكەمو پاراستنی لە پلانو شەڕەكانی ئێوە ، بۆیە شەهیدكردنی مەلا جەمیل كارێكی چاوەڕوانكراوبوو ، هاوكات شەهیدكردنی بەو شێوە دڕندانەیە ئەو راستیە دەخاتە روو كە بەعسو خۆفرۆشان چەندێك لەم پیاوە مەزنە بەقین بوونەو چەندێك ئەم پیاوە ماییەی ترس بووە بۆ سەر خۆیانو بەرژەوەندیەكانیان .
 لەساڵانی كۆتایی تەمەنیدا رۆژبەیانی لەناو دڵی بەعسەوە لە بەغدا جارێكی تر رووبەرووی پلانو نەخشەكانی بەعس بۆ شێواندنی راستیەكانو مێژوو دەبێتەوە ونایەڵی خۆفرۆشان بریارو داواكانی بەعس جێبەجێی بكەن ، ئەم پیاوە بەردەوام لە مجمەعی عیلمی بێ ترسو شەرم قسەی دەكردو راستیەكانی دەخستەروو ، بۆیە هەندێك كەس پێیان وایە مەلا جەمیل لەسەر ئەم هەڵوێستەی شەهیدكرا  ، لە مەزەندەیەكی تردا كەسانی نزیك لە رۆژبەیانی پێیان وایە ئەم پیاوە لەسەر ئەو هەڵویستو نووسینانە شەهیدكراوە كە لە دژی بەعەرەبكردنی عەشیرەتە كوردەكان دەیخستەرووو پلانو كردەوە خۆفرۆشیەكان خائینانی كوردی پوچەڵ دەكردەوە ، ئەم دوو بۆچوونە هاوجووت بوون لەگەڵ ئاشكرا بوونی پەیوەندی نێوان رۆژبەیانی و سەركردایەتی سیاسی كوردی لە هەرێمی كوردستانو نامە گۆڕینەوەی نێوانیانو راگۆرینەوە لەسەر دۆزی سیاسی ئەمڕۆی كورد و گرفتو كێشەو پایە لاوازەكانی بەعس .
 مەلا جەمیل بەردەوام  لەسەر هەق بێژی تووشی گرفتو كێشەو بەندكردنو نەفیكردن بووە، ئەگەر ئێمە بمانەوێ باسی مێژووی خەباتی رۆژبەیانی بكەین، ئەوە نەك بە چەندین كۆڕو كۆبوونەوە كۆتایی نایەت، بەڵكو چەندین كتێبو لێكۆڵینەوەی دەوێت، چونكە هەمیشە لە دووتوێی نووسینەكانی ئەم پیاوە مەزنەدا راستی حاشا هەڵنەگر خۆی مەڵاس داوەو چاوەڕوانی رۆژێكن كە كورد بتوانێ بە ئازادی بیخاتە ژێر باسو لێكۆڵینەوەكانیو لایەنە نهێنی وشاراوەكانی بخاتە روو، بەڵام من لێرەدا دەمەوێ تەنها باس لە مەوقفو رۆڵێكی زۆر گرنگی رۆژبەیانی بكەم كە دوژمنانی كوردو توركمان بە هەلیان زانیو لە ساڵی 1959دا شەرو ئازاوەیەكیان لە شاری كەركوكدا لە نێوان هەردوو نەتەوەدا دروستیان كرد، هەر لێرەشدا تەنها مەبەستم ئەوەنیە كە مەلا جەمیل وەك هێمای ئاشتیو پێكەوە ژیان و هەق بێژی بناسرێ، بەڵكو گرنگە بۆ ئەمڕۆی ئێمە كە بزانرێت ئەم شەرە چۆن ئاگری خۆشكراوەو ئەو پیاوە كوردە چۆن بەرگری لە ئاشتیو پێكەوە ژیانی كوردو توركمان كردووە، وەك ئەوەی مامۆستا مەسعود محمد دەڵێ : لە ساڵانی 1958 و 1959دا گیانی شۆرشگێڕی لای زۆر كەس گەیشتبووە پلەی (چەپڕەوی منداڵانە) بۆیە دەستەو تاقمی ئەو خوێن كوڵاوانە دەمار هەڵهاویشتوانە بیردەكەنەوەو دەكەونە رووخانی پەیوەندیو متمانەی نێوان براكانو شكاندنی شتە پیرۆزەكان.
 مەلا جەمیل چەند رۆژێك پێش 14 تەمموزی 1959 كە بەكەركودا دەگەڕێ بۆنی كارەساتێكی ترسناك دەكاتو دەبینێ هەندێك لە لاوانی كوردو توركمان بەفیتی بێگانەو سیخوڕان وشۆڤێنیەكان چەقۆ لەیەك دەسونو ئەسبابی شەڕ دروست دەكەن، هاوكات هەست بە بوونی دەستێكی دەرەكی دەكات لە خۆشكردنی ئاگری شەڕ، بەتایبەتی لە وڵاتانی دەوروبەر بە هاوكاری بەشێك لە خەڵكی خراپو ئەو ئاغاو دەربەگانەی كە لەئاكامی سیاسەتەكانی قاسمدا تووشی گرفت وزیان ببون و رویان كردبووە ئێرانو توركیا، هەروەها سورەكانیش لە ئاكامی دەم شرین بوونیان لە لایەن قاسمەوە و زیاد بوونی رۆڵ ودەستیان لەدەسەڵات بەهۆی ئەو رۆڵەی كە لە رووخانی كودەتاكەی (شەواف)دا لە موسڵ بینیان، پێیانوابوو ئەم شەڕو پشێوییەی  كەركوكیش بۆ ئەوان دەبێتە دەسكەوتو دەتوانن وزیاتر ویستو داواكاریەكانیان بەسەر عبدالكریم قاسمدا بسەپێنن ، بەڵام ئەوەی رووی دا پێچەوانەی ئەم تێڕوانینە بوو، قاسم ئەمەی كردە بیانویەك بۆ لێدانو لاوازكردنی سورەكان.
 مەلا جەمیل بۆ بەرگریكردنی لەم پلانە رۆژی 11ی تەموز دەچێتە لای وەكیلی قائیدی فرقە (محمود عبدالرزاق )و پێی دەڵێت من بارودۆخی ئێرەم بەدڵ نیە ، وا دیارە لەم جەژنەیەدا  هەرایەك روو ئەدات دژی كوردو توركمان تەنها بۆ ئەوەی بكرێن بەدوژمنی یەك وسیخوڕانی كۆمپانیای نەوتیش  خۆیان داوەتە پاڵ سورەكانو ئاگری شەڕ خۆش دەكەن ، دواتر
 (جەمیل رۆژبەیانی) دەچێتە لای وەكیلی موتەسەڕیف كە كوڕی  عەلی فەڕاشی  وەزیری ناوخۆی ئەو كاتە بوو،  باسی بارودۆخەكەی بەوردی بۆ دەكات ئەویش راستەوخۆ بە تەلەفۆن پەیوەندی دەكات بە بەرێوەبەری پۆلیس وبەریوبەری ئەمنی كەركوكى ئەوكات كە نوری خەیات بوو، هەردووكیان بانگدەكاتو پێیان دەڵێ : مەلا جەمیل ترسی ئەوەی هەیە كە لەم جەژنەدا هەرایەك بقەومێ، بۆیە داوای لێكردووین كە وشیاربینو رێگە نەدەین بە تێكدانی بارودۆخەكە، بەڵام (نوری خەیات) ئەم پێشبینیەی جەمیل رۆژبەیانی بە نادروست ونا ڕاست دەخاتە روو دەڵێ: خەڵكانێك هەن دەیانەوێ كێشەی بچووك گەورەبكەن وترسو دڵەڕاوكێو دروست بكەن نوری خەیات وەك ئەوەی كە مەلا جەمیل باسی لێوەدەكات ئەم پیاوە لە هەولێر سەر بە سورەكان بووە وبەردەوام پێشڕەوی رێپێوانی شوعیەكانی دەكرد ، بەڵام لە كەركوك خۆی لە كوردو توركمان بەدرۆ نزیك كردبووەوە، ئەم پیاوە لە زۆڵە كوردو توركمان دەستەیەكی چیلكەی شەڕی دروست كردبوو .
 جەمیل رۆژبەیانی رۆژی دواتر واتا 12ی تەموز دەچێتە دوزخورماتووو لەوێ چاوی بە سەید سمایلو حاجی رەشیدی برادەری دەكەوێتو باسی بارودۆخەكەیان بۆ دەكات و دەڵێ: بارودۆخەكە بۆنی خوێنی لێدێت ئێوە دەبێت زۆر وریابن ئەگەر پارتی داوای لێكردن لەگەڵ سورەكاندا رێپێوان بكەن قایل مەبن بالێرە هەرایەك نەقەومێ ، هەر ئەو شەوە مەلا ماتۆڕ دێتە ئەوىَ وداوایان لێدەكات كە لەگەڵ سورەكان  رێپێوان بكەن ، بەڵام ئەوان لەسەر رێنماییو بەرچاوڕوونی مەلا جەمیل قایل نابنو كۆمیتەی دوز رێپیوان ناكات، دواتر رۆژبەیانی دەچێتە بەغداو لەوێش چاوی بە چەندین كەسایەتی سیاسیو ناودار دەكەوێتو باسی بارودۆخەكەیان بۆ دەكات، لەدوای ئەمانە پێیوایە كە توانیویەتی ئەگەری شەڕو ناكۆكی دور بخاتەوە بۆیە دەچێت بەلای ئیشو كاری خۆیەوە .
 لەرۆژی 14ی تەموز 1959 (مەلا جەمیل) لەرێگای مام بەشیرەوە (بەشیر موشیر)ەوە  ئاگادار دەكرێت كە لەكەركوك هەرا بووە، هەر ئەو كات (رۆژبەیانی) پەیوەندی بە(سەید رەشید)
 ی خاوەن ئوتێلی (رافدین)وە دەكاتو ئەویش لەوەرامدا دەڵێ: لێرە كوشتن و راونانە و (فاتح جەباری) كون بە كون بەدوای تۆ دا دەگەڕێ، بارودۆخەكە لەدەست هەموان دەرچووەو چارەسەر ناكرێت،  لە راستیدا دروستبوونی ئەم روداوە قاسم بەهەڵی دەزانێ كە گورزی خۆی لە شوعیەكان بوەشێنێ بۆ دەم كوتكردنو سنورداركردنیان كە ماوەیەك بوو شوعیەكان داوای شەریكیان دەكرد لە دەسەڵات و قاسمیش پێیوابوو كە كەس شەریكی ئەو نیەو خۆی بە تەنیا كودەتای كردووە ، قاسم بە مەبەست ئەم رووداوە زۆر گەورەو فراوان دەكرد .
 دوای چەند رۆژێك (كاكە حسینی خانەقا)و (كاكە حەمەی) برای دەچنە بەغدا بۆلای جەمیل رۆژبەیانی ولەوێوە هەرسێكیان لەگەڵ (فوئاد عارف)دا دەچنە لای (ئەحمەد ساڵح عەبدی)، (جەمیل رۆژبەیانی) دەڵێت: بەرپرسی ئەم كوشتارە وەكیلی قائدە، چونكە من رۆژی (11)ی تەموز چومە لایو پێم وت: بارودۆخی كەركوك بەرەو كوشتار ئەڕوات ، (عەبدی) بە تەلەفۆن پەیوەندی بە وەكیلی قائدەوە دەكات ودەڵێ: جەمیل رۆژبەیانی ئاگاداریكردنەوە بۆچی تەدابیرتان نەگرت؟ لە وەرامدا وەكیلی قائد دەڵێت : بەهەزاران كەس لەگوندە كوردیەكانەوە هاتنە ناو كەركوكو توانای كۆنترۆڵكردنمان  نەماو بەسەدان كەسیشیان كوشتو بە هەزارانیشیان برینداركردو ئەزێت دا ، ئەم رووداوە سات بەسات زیاتر گەورە دەكرا تا بارودۆخەكە زیاتر ئاڵۆزتربێت ، بۆیە رۆژبەیانی دەچێتە لای (محمد حدیدی) لیستی كوژراوەكان دێنێت كە 30 كەس دەبن 28تیان كوردنو دوانەكەی تر توركمانی سورن .
 هەر ئەو كات (نوری خەیات) كۆمەڵێ لاتو لوتو پیاو خراپ لەخۆی كۆدەكاتەوەو دەكەوێتە ئەزێتدانی كوردەكانی ئەو شارە، لەو بارودۆخەدا چەندین كوردی بێ گوناه دەبنە قوربانی، لەوانە سەرەتا حەمە ئەمین شەربەتچی وحەمە ساڵح بەگی ساڵەیی دەكوژرێن ، لەدوای ئەم رووداوانە (جەمیل رۆژبەیانی) بۆی دەردەكەوێ كە عبدالكریم قاسم بەمەبەست دەیەوێ كێشەكە گەورە بكات تا لەكوردو سورەكان بدات. بۆیە ئەوكات مەلا جەمیل وتارێك لە رۆژنامەی (ێوت الاكراد) دا بڵاو دەكاتەوە بەناونیشانی ( سیدی الزعیم لقد حسبتك ساهرا ، فنمت ….) لەم وتارەدا هەموو راستیو رووداوەكان باس دەكات ئەوكات ژمارەیەك لە رۆژنامەكە دەگەیەنێتە لای بەشیر موشیر (الاستاژ) ودوای كۆكردنەوەی لە بازاڕدا مام بەشیر بەدزییەوە دەیفرۆشێت لە ئاكامدا بەهۆی ئەم وتارەوە رۆژنامەكە دادەخرێتو (عومەر حەوێزى)یش تەوقیف دەكرێ، هەرچەندە ئەم وتارە بەناوی نهێنیەوە دەنوسرێتو بەرپرسانی رۆژنامەكەش ئینكاری ئەوە دەكەن كە بزانن خاوەنی راستەقینەی كێیە ، بەڵام عبدالكریم قاسم پێی دەزانی بۆیە بانگێشتی (فوئاد عارف) دەكاتو پێی دەڵێ: وەرە بزانە برادەرەكەت چێی نوسیوە .
 ئەوكات سورەكان هەوڵ دەدەن ئەو هەراو شەڕە بخەنە ئەستۆی كوردو توركمان،
 (رۆژبەیانی)، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد ئاگادار دەكاتەوە كە سورەكان دەیانەوێ ئەو تاوانە بخەنە ئەستۆی كورد، بۆیە دەبێت پارتی بەیاننامەیەك لەدژی ئەو رووداوە دەركاتو مەوقفی خۆی بخاتە روو ئیدانەی شەڕەكەش بكات، لەدوا قۆناغدا مەلا جەمیل هەر كۆڵ نادات بەمەبستی ساڕێژكردنی برینی توركمانەكانو لێدانی گورزێكی تر لە پلانو نەخشە دوژمنكاریەكانی دژ بە كوردو توركمان گروپێك دروست دەكات لەخۆیو كاكە حوسێنو كاكە حاجی محمودو چەند كەسایەتیەكی تری ناوداری ئەو كاتەی كەركوكو سەردانی سەرجەم ماڵی لێقەوماوانو زەرەرمەندانی توركمان دەكەنو سەرخۆشییان لێدەكەنو دەڵێن : كوردو توركمان 500 ساڵە لەم كەركوكەدا پێكەوە وەك برا دەژینو تاكو ئێستا كوردێك قسەیەكی خراپی بە توركمانێ نەوتووە ئەمە دەستی دوزمنانی هەردولایە.
 ئێمە لە كارو كاسبیو بازرگانیو كشتوكاڵو مێگەل دا شەریكینو بەرژەوەندیەكانمان هاوجووتن ، ئەمەی روویدا دەستی دوژمنانی كوردو توركمانە  تەنها بۆ ئەوەیە بكرێن بە دوژمنی یەكتریو ئاژاوەو كێشە بخەنە نێو گەلانی كەركوكەوە تا لەو سۆنگەوە بتوانن وڵاتەكەمان داگیر بكەنو ئاسایشمان بشێوێنن، بەمە عبدالكریم قاسمو دارو دەستەكەی زۆر قەڵس دەبن لەرێگای چەند كەسێكەوە رۆژبەیانی ئاگاداردەكەنەوە كە دوور كەوێتەوە لەو باسانە، بەڵام مەلا جەمیل كۆڵ نادات، پاش چەند رۆژێك، وتارێك لە رۆژنامەی (نداو الاهالی)دا بە ناونیشانی (500 ساڵە كوردو توركمان لەم شارەدا پێكەوە دەژین ……… ) بڵاودەكاتەوە .
 لە ئاكامدا بەرێوەبەری ئەمنی ئەو كاتەی كەركوك بانگی دەكاتو دەڵێ: ئەم وتارە هی تۆیە ؟ ئەویش لەوڵامدا دەڵێ : بەڵێ، نابێ ئێمە رێگا بدەین كوردو توركمان بكرێن بە دوژمنی یەكتر ، پاش چەند رۆژێك پۆلیس دێن لە مزگەوتەوە مەلا جەمیل دەبەنو بەرێی دەخەن بۆ بەغداو دەیدەنە دادگا لەوێ كاتێ دادوەرەكە رۆژنامەكە دەخوێنێتەوە زۆر سەری سووڕدەمینىَو دەڵێ: سەیرە تۆیان بۆچی هێناوە بۆ ئێرە؟ خۆ تۆ داوای برایەتیو پێكەوە ژیان دەكەیت ، بۆیە لای من تۆ بێ تاوانی ، بەڵام لەسەرەوە بڕیاری گواستنەوەت هاتوە بۆ ناسریە دواتر لەوێ وەك باجی ئەم هەڵوێستەی مەلا جەمیل 15 مانگ بەند دەكرێتو لەناو دزو جەردەو تاوانباراندا دەیهێڵنەوە .
 بۆیە دووبارەی دەكەمەوە كە جێی خۆیەتی ئێمە لەم شارەدا یادی مەلا جەمیل بەرز بنرخێنینو بیكەینە هێمای ئاشتی برایەتیو پێكەوە ژیانی سەرجەم گەلانی كەركوك.
 ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
 ئەم وتارە لە سێهەمین خەڵاتى (جەمیل رۆژبەیانى) بۆ مێژوونوسان خوێندرایەوە، كە دەزگاى (هەواڵ) ساڵانە سازى دەكات.
 لەتەلەفزیۆنى كەركوكیشدا پەخشكرا، بەڵام بەشێكى زۆرى ئەوەى پەیوەندى بە پەیوەندى نێوان رووداوەكانى ساڵى 1959و حزبى شیوعى عێراقییەوە هەبوو، لەبەر ئیعتباراتى سیاسی مەقس كراو پەخش نەكرا.
 
 
muaa_2020@yahoo.com
 

Previous
Next

Leave a Reply