Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
نائارامی‌و ترس..! ….کامەران عەزیز

نائارامی‌و ترس..! ….کامەران عەزیز

Closed
by June 27, 2012 گشتی

 

 


لە یەکەم چرکەی سەرهەڵدانی ترس‌و  نائارامیدا،  باڵندەکان و بەشێک لە گیاندارە خاوەن هەستەکان زووتر لە مرۆڤەکان لە جێگایەکەوە بەرەو جێگایەکی ئارام  کۆچ دەکەن.. چونکە گیاندارە بێ هۆش و هۆشدارەکان پێویستیان بە فەزای ئارامی و نەبونی هەر ترسێکە..!!

هەرچەند مرۆڤ ئەو گیانەوەرەیە  کە  سروشتەن هەمیشە بزێو و چالاک و نا ئارامە..هەرگیز لە شوێنێکدا، لە داهێنانێکدا، لە دەستکەوتێکدا ئۆقرە ناگرێت و جێگیر نابێت. بەڵام ئەم بۆچونەی سەرەوە مانای ئەوە نی‌یە کە هەموو نائارامیەك پۆزەتیڤە. 

واتا هەر نا ئارامیەك کە سروشتی خۆی تێپەڕاندو لە مانای چالاکی‌و ئەکتیڤی ئاسایی کۆمەڵایەتی دوور کەوتەوە، ئەوا (نائارامیەکی نێگەتیف)ە. (وە لەم وتارەدا نامەوێت نائارامی وەك نەخۆشیەکی دەروونی مرۆڤەکان باس بکەم، بەڵکو دەمەوێت باسی ئەو فەزا نائارمە بکەم کە لە کۆمەڵگادا دروست دەبێت، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆکارێك بۆ دروستبونی  نائارامی دەروونی هەندێ لە مرۆڤەکان).

هەر نائارامیەك کە بوە هۆی شێواوی و تێکدانی هەر  چالاکیەکی ئاسایی و پرۆسەی بنیاتنانی کۆمەڵگا، دەتوانین ئەو نائارامیە بە (پشێوی) ناوزەند بکەین، واتا ئەو نائارامیەی کە لەم  بابەتەدا باسی لێوە دەکەم مەبەست لە فەزای(پشێوی)یە.

نائارامی ئەو دۆخەیە  کە تێیدا مرۆکان لەنگەری سروشتی و ئاسایی ژیانیان تێکدەچێت و دەشێوێت..نائارامی مانای بونی ترس  لە سەرتاپای ژیانی ڕۆژانەی هاولاتیاندا..نائارامی ئەوساتەیە کە هەست بە هەرەشەو هەر پەلامارێك دەکرێت کە لە توانای هێزێکەوە ئامادەی هێرشە دژ بە گیان و ژیانی مرۆڤەکانی دی..!

نائارامی و پشێوی‌و ترس لە هەر ژینگەیەکدا هەبێت مرۆکانی ئەو کۆمەڵگایە لە تێرامان و چاوەڕوانیەکی قوڵدا ڕادەوەستن، وە ناتوانن هەنگاوێك بۆپێشەوە بنێن.. ناتوانن چالاکی‌یە ئابوری‌و سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و هونەریەکانیان‌و تەواوی کاتەکانی ژیانی ڕۆژانەیان بە ئاسانی بەڕێبکەن، ناتوانن پلانێك و بەرنامەیەك بۆ ڕۆژانی دوایی و ئاییندەی خۆیان دیاری بکەن..! 

واتا نائارامی ئەو ساتەیە کە بەردەوام فەزای ترس، ترسێکی نائاسای‌وتوند دەروونی مرۆکان دەخاتە دڵە ڕاوکێ‌وە..!

وڵاتی ئێمە ئەو وڵاتەیە کە هەرگیز خاڵی نەبوە لە ترس، هەمیشە پڕ بوە  لە ترسی ترسەکان، وەك: ترسی شەڕ و جەنگ وئاوارەیی، ترسی بێبەشی و نەبونی وبرسیەتی.. ترسی کوشتن و ئەتکردن و سوککردن.. ترسی چەپاندن‌و کپکردن‌و بێدەنگکردن..ترسی سەرماو گەرماو کارەساتە سروشتی‌و دەستکردەکان، بە کورتی ترسی هەموو جۆرە ترسەکان..بەردەوام مرۆڤی گەورەو بچوکی ئەم ولاتە ڕادەچڵەکێنێت..! 

واتا ترس سەرچاوەی هەموو نائارامیەکانی ئەمرۆی کوردستانە، چونکە هەموو جۆرە ترسەکان لە کوردستاندا بونی هەیە، بەو مانایەی کاتێك کە جۆریك لە ترسەکان لە نێو ژیانی مرۆکاندا بونی هەبێت ئەوا بێگومان نائارامیش بونی هەیە ، وە کاتێکیش نائارامی بونی هەبێت واتا ترسێك  بونی هەیە، کەواتە ترس و نائارامی تەواوکەرو خولقێنەری یەکن..!

وە سەرچاوەی بونی  ئارامی و نائارامی هەر کۆمەڵگایەك لە  جیهانی ئەمڕۆدا دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتی دەسەڵات وحکومەت و دەوڵەتەکان .. واتا کۆد و کلیلی ئارامی و ئاسایش لە پێشدا، لە دەستی دەسەڵاتدارانی هەر وڵاتێکە. 

وە لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرو توتالیرەکاندا  فەزای ئارامی و نائارامی، یان لە دەستی تاقمێکی چەند کەسی‌یە، یان لە دەستی تاك وتەنهای (سەرۆكە)..! واتا تەنها سەرۆکە تاكڕەو ودیکتاتۆرەکان دەتوانن بە خواستی خۆیان، بە جوڵاندنی هەستی شەڕەنگێزی لە هەندێ کات و زەمەندا لە پێناوی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا  نائارامی‌و پشێوی لە کۆمەڵگادا دروست بکەن، تا لە تاریکی و تەم‌و تومانی ئەم نائارامیەدا بتوانن بەردەوام بن لە چۆنیەتی سەرۆکایەتی و مەزنیەتی خۆیان..!

ئەگەر نائارامی و پشێویەکان بەهۆی شەڕو جەنگەوە یان بەهۆی بێکاری و گرانی‌یەوە یان بەهۆی نەبونی خزمەتگوزاری و ناعەدالەتی و گەندەڵی وسەرکوتکاری و بێمافی‌یەکانەوە  دروست ببن، ئەوا هەر سەرچاوەکەی دەسەڵاتە، وە لە کەمترین حالەتدا هاوڵاتیان دەبنە سەرچاوەی پشێوی و ئاژاوە و نائارامیەکان، چونکە دروستبون و خولقاندنی هەر نائارامی و پشێویەكی نائاسایی‌و کوێرانە زیاتر ژیان و ئاییندەی هاوڵاتیان دەخاتە مەترسی‌یەوە..!  

 

هۆکارەکانی نائارامی لە کوردستان:

یەکەم: هۆکارە ناوخۆی‌یەکان:
 کاتێك کە ئەم حیزبانەی کوردستان لە دوای ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس هاتنە سەر دەسەڵات، نەک هەر نەیانتوانی ئەم کۆمەڵگایە ئارام و هێور بکەنەوە و پشویەكی پێبدەن، بەڵکو بە ڕووداوە سیاسی و چەکداری‌و عەشایریەکانی دەستی خۆیان..بە شەڕە ناوخۆی‌یەکانیان و جٶنیەتی دەسەڵاتی ناعەدالەت و دواکەوتویان زیاتر کۆمەڵگایان بەرەو پشێوی و نائارامی برد و بونە سەرچاوەی گەلێ ڕوداوی نامرۆیی و تراژیدی، (تا ئێستاش بە پلانی جۆراو جۆر ئەم پشێوی و نا ئارامی‌یە‌ لەم کۆمەڵگایەدا برە و پێدەدەن…!!)

بونی ئارامی هەر کۆمەڵگایەك پەیوەستە بە ئاسایشەوە، وە ئاسایشیش پەیوەستە بە بونی یاسا ودادگایەکی سەربەخۆوە، یاساو دادگای سەربەخۆش پەیوەستە بە دەسەڵاتێکی دادپەروەرو خەڵکی‌یەوە، وە لە سایەی هەموو دەسەڵاتێکی داپەروەریشەوە ماف وئازادیەکان بۆ هەموو مرۆیەك پارێزراوە، کاتێك  ئازادی و مافی  یەکسان  بەبێ جیاوازی بۆ تەواوی  هاوڵاتیان بونی هەبێت، ئەوا مرۆکانیش لە ڕووی دەروونیەوە ئارام دەبن و ژیانی خۆڕسکی خۆیان بەبێ ئاژاوە و خوڵقاندنی هەر پشێویەك تەی دەکەن.

ئەگەر ساڵانی پێشوو جەنگ و سەرکوت و دیکتاتۆریەتی ڕژێمی بەعس و دوا بەدوای ڕژێمی بەعسیش ململانێ‌ی سیاسی نادروستی حیزبەکان..هۆکاری دروستبونی چەندەها  ڕووداو وکێشەی کۆمەڵایەتی و حیزبی و شەخسی‌ سەرچاوەی خولقاندنی نائارامی بوبن ، ئەوا ئێستا ململانێ‌ی  ئابوری‌ و دابەشکردنی سەروەت و سامانی گشتی ئەم ولاتە لە نێوان  دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی کوردستان و عێراقدا گەورەترین  سەرچاوەی نائارامی‌ و پشێوی کۆمەڵگای کوردستانە..! 

 بە کورتی هۆکارە ناوخۆیەکانی نائارامی‌و پشێوی لە کورستاندا، دەگەڕێتەوە بۆ، یەکەم: چۆنیەتی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری حیزبەکانی کوردستان و مامەڵەو بەرخوردی سەرۆکی ئەم هەرێمە. دووەم: بۆ نەبونی ئیرادەو بڕیاری سەربەخۆی خەڵکی کوردستان لە چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی‌و چارەنوسی سیاسی  کوردستاندا..! سێ‌یەم: بۆ بەرهەمهێنان و بازرگانی کردن و بە موڵکی کردن و بە تاڵانبردنی نەوت‌و سامانی گشتی ئەم وڵاتە بۆ تاقمی سەرەوەی حیزبە  چەکدارە  بە‌هێزەکان..! چوارەم: بۆ نەبونی حکومەتێکی  دادپەروەری خاوەن یاسای سەربەخۆو یەکسان…هتد

 

دووەم: هۆکارە دەرەکیەکان:
وەك لە سەرەوە هۆکاری سەرەکی نائارامی و پشێوی کۆمەڵگای کوردیم روون کردەوەو سەلماندم  کە بۆچی ژیانی ئەم وڵاتەی ئێمە هەمیشە نائارامە، وە نائارامیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بونی ترسێك لە جۆری ترسەکان. 

ئێستاش لەم چەند دێڕەی کۆتاییدا ئەمەوێت  بە کورتی  بیسەلمێنم کە هۆکارێکی دی لە نائارامی‌و پشێوی لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ترسە دەرەکی‌یەکان. هۆکاری دیکە لە دروستبونی نائارامی و پشێوی لە کوردستاندا، دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە ئەم وڵاتە لە سیاسەتی نێو دەوڵەتیدا تا ئێستاش وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەرخود و ماماڵەی لە گەڵدا ناکرێت، وە لە جوگرافیای سیاسی ئەمڕۆی جیهاندا وەک وڵاتێکی سەربەخۆ هیج شەرعیەتێکی پێنەدراوە و نەسەلمێنراوە، هەر ئەم  نا شەرعیەت و پێگە سیاسی‌یە لاوازەیە ڕێگای خۆش کردوە کە ‌‌‌هێزە سەربازیەکانی وڵاتانی داگیرکاری ئێران و تورکیا ببنە سەرچاوەی نائارامی‌وهەڕەشەو ترس  بۆهاوڵاتیانی کوردستان.

وە ئەم ناسەربەخۆی‌یە بوەتە ڕێگا خۆشکەر بۆ هێزە سەربازیەکانی ئێران و تورکیا،تا بە ئاسانی بتوانن بێنە  نێو خاکی ئەم وڵاتە‌و ژیانی هاوڵاتیان بخەنە مەترسی‌‌و نائارامیەوە.

وە ئەگەر ئەم نەتەوەو نیشتمانە خاوەنی کیانێکی سیاسی سەربەخۆ بوایە، ئەوا ئەمڕۆ؛ نە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیتوانی بە ئاسانی و بە نا یاسایی، نائارامی لە کوردستان بخولقێنێت، وە نە حیزبە دەسەڵاتدارەکان و سەرۆکی هەرێمیش دەیانتوانی نائارامی و پشێوی و ترس بکەنە ئامرازێك بۆ ڕێگا خۆشکردنی سەودا تایبەتی‌یەکانیان و شاردنەوەی گەندەڵی و نا عەدالەتی و نا یەکسانی دەسەڵاتی حیزبی و شەخسی خۆیان لە کوردستاندا..!

کەواتە ئەو هۆکارانەی کە بوەتە هۆی نائارامی و پشێوی ئەمڕۆی کوردستان هاوتابونی هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکی‌یەکانە، سیاسەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و سەرۆکی هەرێمە لەگەڵ سیاسەتی دەسەڵاتدارانی عێراق و وڵاتانی داگیرکاری ناوچەکەیە..ململانێ‌‌ی نا عەدالەتی ئابوری..بازرگانی‌و بە تاڵانبردنی(نەوت)ە لە نێوان ئەم سێ لایەنەی سەرۆکایەتی‌یەیە(سەرۆکی هەرێم، سەرۆکایەتی ئێران و تورکیا، سەرۆکایەتی دەسەڵاتدارانی حیزبەکانی ناوەندی عیراق) کە بوەتە هۆی خولقاندنی نا ئارامی‌و پشێوی لەم هەرێمەدا نەك هاوڵاتیانی ئاسایی‌و ژیاندۆستی ئەم وڵاتە..!

١٤/٦/٢٠١٢

 

 


کامەران عەزیز

Kamaran91@gmail.com

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.