Skip to Content

Tuesday, September 22nd, 2020

نابینایان … كامەران سوبحان

Be First!
by January 27, 2008 گشتی

ئێمە گەر بێدەنگ بین، بەدڵنیاییەوە دەمرین! ..مۆرێس میتەرلێنگ…..
 
 نابینایان، یەكێكە لە تێكستە دیارەكانی نووسەری سیمبوولیزمی (بەلجیكی/ فەڕەنسی) مۆرێس میتەرلێنگ، كە بە بزوێنەری گۆڕانكاری لە فۆڕم و شێوازی ئەدەبی شانۆییدا دادەنرێت لە سەدەی هەژدەهەمدا. كاتێك بۆ یەكەم جار گروپێكی شانۆیی لە پاریس ئەم دەقەیان خستە سەر تەختەی شانۆ، هەندێ لە ڕەخنەگران ڕەخنەی توندیان لە ڕیتم و بابەتی شانۆییەكە گرت، بەوەی ئەم شانۆنامەیە كۆمەڵگە بە نابیناو نەفام ناو دەبات و بینەران بێئومێد دەكات لەو هیوا جوانانەی هەیانە بۆ داهاتووی ژیانیان، بەڵام پاش زیاتر لە نیوسەدە، هەر لە پاریس نووسەرانی شانۆی پوچگەرا لە ژێر كاریگەریی مۆریس میتەرلێنگدا جارێكی تر بەو بۆچوونەدا ڕۆیشتنەوەو ئەو فەلسەفەیەیان خستەڕوو كە (نابینایان)، پێشتر خستبوویە ڕوو.. پاش بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵ لە ساڵی 1911دا لە یەكەم دیداردا سەبارەت بە (نابینایان) میتەرلینگ دەڵێت: (نابینایان، هەموو ئەو هاووڵاتییانەن كە بە جۆرێك لە جۆرەكان خۆیان تەسلیمی فریادڕەسێك كردووە، تا بیانگەێنێتە كەنارێكی ئارام، بێئاگا لەوەی فریادڕەسەكانیش مردوون و ناتوانن خۆشنودی بۆ مرۆڤایەتی بهێنن، چونكە فریادڕەسەكانی ئێمە ئەبینن، بەڵام ناتوانن قسەبكەن، كەواتە مردوون!..).
 نابینایان بە بەراورد لەگەڵ هەندێ لە دەقەكانی تری نووسەردا ئەو ناوبانگەی نییە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت: (خوێنەران دەكەونە دوای قسەی ڕۆژنامەكان، بۆ دیاریكردنی باشترین و سەركەوتووترین دەق). نابینایان سەرەتای ئیشكردن و نووسینی ڕیتواڵێكی تایبەتە لە نووسین، كە دواتر ناوبرا بە شانۆی هێماگەرێتی یان ڕەمزی. لەم دەقەدا 12 كارەكتەر ڕۆڵی سەرەكییان هەیە، هەر هەموو كارەكتەرەكان نابینان، بەڵام دەتوانن بدوێن، چاویان نییە بۆ بینین، بەڵام زمانیان هەیە بۆ ئاخافتن، ئەو كەسەی لە دەقەكەدا دەتوانێت ببینێت كارەكتەری قەشەیەو لە دەقەكەدا دیالۆگی نییە، كە لە بنەڕەتداو لە چیرۆكی شانۆییەكەدا ڕۆڵی ئەوەی هەیە، چاوساغی ئەم 12 نابینایە بێت لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر، بەڵام تا كۆتایی شانۆییەكە نە دەردەكەوێت نە دیالۆگی هەیە، تەنها ئەوەندە نەبێـت لە سوچێكدا مردووە!. ئیشكردنی نابینایان ئیشكردنێكی میتافیزیكییانەیە لەنێوان (بینین، وتن)دا، قورسایی تەكنیكی ڕەمزییەت لای نووسەر دووەمیانە، كە لەسەرەتای دەقەكەوە تا كۆتایی بەردەوام قسەی هەیە، بەبێ ئەوەی ببینێ، ئەوەی نابینایان پێمان دەڵێت قسەكردنە تا ئەوپەڕی مانا، بە جۆرێك هەر كاتێك وتن نەما نابینابوون هەیەو كۆتایی بینینە، بە پێچەوانەی لای ئێمە، كە بەردەوام نائامادەیی وتن بینینێكی خراپ بەرهەمدێنێت، بەردەوام پێمان دەڵێن هێندە مەڵێن ئەی كوا ئیشتان.. با بیبینین؟ ئەم تەرزە بیركردنەوەیە، هەمان بیركردنەوەبوو كە لە یەك سەدە لەمەوبەردا ڕووبەڕووی میتەرلێنگ كرایەوە، ئێستاش پاش زیاتر لە سەدەیەك كەسانێك هەن دەیانەوێت ئێمە دڵخۆشكەن بەوەی نمایشە ناشیرینەكانی ئەوان بە جوانی ببینین، گوایە ئەم شێوازە لە شانۆ، شێوازێكی تایبەتی خۆماڵییە و دواهەمین جۆری بینینە!.
 
kameransubhan@yahoo.com
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply