Skip to Content

Sunday, October 24th, 2021

ناسیۆنالیزم له‌ سه‌رده‌می DNA دا !!

Be First!
by December 31, 2008 گشتی

 ناسیۆنالیزم له‌ سه‌رده‌می DNA دا !!
  دڵشاد حه‌مه‌

 
 ماوه‌یه‌که‌ کۆمه‌ڵێک نوسه‌رو ڕۆشنبیری تورکیا هه‌ڵمه‌تێکی ئیمزاکۆکردنه‌وه‌یان پێکهێناوه‌ بۆ پێشکه‌شکردنی داوای لێبووردن به‌شێوازێکی شه‌خسی له‌’ برا ئه‌رمه‌نیه‌کانیان’ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تراژیدیا گه‌وره‌ی که‌ له‌ ساڵی 1915 ده‌رهه‌ق به‌ ئه‌وان له‌سه‌ر ده‌ستی سوپای عوسمانی ئه‌نجامدرا. ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌ی که‌ له‌نێو دانیشتوانه‌ ئه‌رمه‌نیه‌که‌ی ئیمڕاتۆریه‌ی عوسمانیدا ئه‌نجامدرا و زیاتر له‌ میلیۆن و نیوێکی تێدا کوژران یان ده‌ربه‌ده‌ر و ماڵوێران کران. هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ وڵاتانی دنیا ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌ به‌ جینوساید ده‌ناسێنن جگه‌ له‌ ئه‌مریکاو به‌ریتانیا و چه‌ند وڵاتێکی زلهێزی تر، به‌ڵام له‌وساوه‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا سه‌رسه‌ختانه‌ دژی به‌جینۆسایدناساندنی ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیه‌یه‌و ڕێوشوێنی یاساییش ده‌گرێته‌ به‌ر له‌دژی هه‌ر که‌س و لایه‌نێک که‌ هه‌وڵی ناساندنی بدات وه‌کو جینۆساید. به‌ چاوخشاندن به‌ میدیای تورکیدا له‌م ڕۆژانه‌دا چ میدیای ده‌وڵه‌تی یان ئه‌هلی هه‌ست به‌ دابه‌شبوونێکی به‌رچاو ده‌که‌ی له‌ هه‌ڵوێستی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌ له‌ئاست ئه‌م که‌مپینه‌دا، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی به‌ره‌ی سیکیۆلار و ناسیۆنالیستی تورکی له‌پێشی پێشه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌دایه‌ که‌ له‌دژی ئه‌م که‌مپینه‌و له‌دژی به‌جینۆسایدناساندنی کۆمه‌ڵکوژیه‌که‌ن به‌ڵکو هه‌ندێ جار گومان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر خودی ڕوداوه‌که‌ش.به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ له‌هه‌موان زیاتر سه‌رنجی خه‌ڵکی ناو تورکیاو ده‌ره‌وه‌ی تورکیاشی ڕاکێشا هه‌ڵوێست و ده‌ربڕینه‌کانی به‌رپرسی شاری ئیزمیری جه‌هه‌په‌( پارتی کۆماریخوازی خه‌ڵکی) بوو- جانان ئاریتمان- هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆک وه‌زیران( ئه‌ردۆگان) ڕایگه‌یاند که‌ پشتیوانی له‌م که‌مپینه‌ ناکات و له‌گه‌ڵ( داوای لێبوردنکردندا) نییه‌، به‌ڵام عبدالله‌ گول سه‌رۆکی ولات هه‌ڵوێستی دژایه‌تی نه‌نواندوه. له‌مه‌وه‌ ئه‌و خانمه‌ زۆر به‌توندی ڕه‌خنه‌ی له‌ گول گرت له‌وه‌ی که‌ هیچ هه‌ڵوێستێکی نییه‌ له‌ئاست ئه‌م که‌مپینه‌دا، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ ڕایگه‌یاند گول بۆیه‌ بێده‌نگه‌ له‌ئاست ئه‌م که‌مپینه‌دا چونکه‌ ئه‌میش به‌شێکی ئه‌رمه‌نی له‌خوێنیدا هه‌یه‌و دایکی‌ ئه‌رمه‌نیه‌’ ئه‌گه‌ر باوه‌ڕناکه‌ن به‌دوای ڕه‌چه‌ڵه‌کیدا بچن’. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م تۆمه‌ته‌ ئیتنیکیه‌دا گول وه‌ڵامی دایه‌وه‌ که‌" نه‌خێر ئه‌و له‌%100 تورک و موسو‌ڵمانه‌’. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته‌شدا سکاڵای له‌دژی ئه‌و خانمه‌ تۆمار کرد. به‌ڵام خانمی ئاریتمان به‌وه‌ دڵی ئاوی نه‌خوارده‌وه‌ و له‌ وتارێکی تریدا داوای له‌ گول کرد که‌ پێویسته‌ به‌جدی ڕه‌چه‌له‌کی تورکی خۆی بسه‌لمێنێ چونکه‌ تۆماره‌کانی سه‌رده‌می عو‌سمانیه‌کانیش جێگه‌ی متمانه‌ نین گول ده‌بێ بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی که‌ تورکێکی خالیسه‌ فه‌حسی DNA  بکات. دیاره‌ هه‌روه‌ک نوسه‌رێکی تورک گوتی لاوازی وه‌ڵامدانه‌وه‌که‌ی گول بوو که‌ وای کرد ئه‌و خانمه‌" شاره‌زایه‌ی بواری جێنه‌تیک" پێ له‌سه‌ر هه‌ڵویسته‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌که‌ی خۆی دابگرێت و داوای فه‌حسی لێبکات.
 
 خانمی ئاریتمان ئه‌ندامی ئه‌و پارته‌یه‌ -جه‌هه‌په‌- که‌ چه‌ند ڕۆژێک به‌ر له‌ئێستا له‌کۆنگره‌ی ساڵانه‌ی خۆیدا، نه‌ک هه‌ر پێشنیاری لقی دیاربه‌کری پارته‌که‌ی بۆ گۆڕینی هه‌ڵوێستی له‌ئاستی مه‌سه‌له‌ی کوردی له‌و وڵاته‌دا و لانی که‌م داننان به‌ ناسنامه‌ی کوردی پشتگوێخست به‌ڵکو هه‌موو ئه‌وانه‌شی بێئومێدکرد که‌ پێیان وابوو دوای فشاره‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپاو گۆڕانه‌کانی ناوخۆی تورکیا ئه‌م پارته‌ ناسیۆنالیسته‌’ سۆسیال دیموکراته‌’ به‌هه‌ڵوێستی خۆیدا ده‌چێته‌وه‌ له‌ئاست مه‌سه‌له‌ی کوردداو چاوه‌ڕوانی گۆرانیان ده‌کرد له‌ سیاسه‌ت و دیدی ئه‌ پارته‌. وه‌کو ئاماژه‌یه‌ک بۆ پێداگرتن له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌ ناسیۆنالیسته‌ تورکچێتیه‌کانی خۆی، ده‌نیز بایکاڵ سه‌رۆکی پارته‌که‌ جارێکی تر دوپاتیکرده‌وه‌ که‌ "  ده‌وڵه‌ت له‌ڕووی ئیتنیکیه‌وه‌ ده‌بێ کوێربێت "، وه‌کو تاکیدکردنه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی بنه‌ڕه‌تی ده‌وڵه‌تی لیبڕاڵی که‌ سیمای سه‌ره‌کی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ڕۆژاواییه‌ له سه‌رده‌می مۆدێرندا وگوایه‌ ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی تورکیا له‌سه‌ر ئه‌و مۆدێله‌ دروستکراوه‌. له‌کاتێکدا پارته‌که‌ی خانمی ئاریتمان و به‌گشتی ناسیۆنالیستی سکۆلار و ئایینی  تورکی یان هه‌ر که‌مترین پانتایی بۆ ناسنامه‌یه‌کی جیا ناهێڵیته‌وه‌ له‌ناسنامه‌ی سه‌رده‌سته‌ی تورکی، یان به‌زه‌حمه‌ت مل ده‌ده‌ن بۆ به‌خشینی ساده‌ترین مافی ئینسانی به‌کورد و نه‌ته‌وه‌و گروپه‌ ئیتنیه‌کانی تری ناو تورکیا به‌به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ هاوڵاتیبوون تاکه‌ ناسنامه‌ی خه‌ڵکی تورکیایه‌و ده‌وڵه‌ت ده‌وڵه‌تی گروپێکی دیاریکراو نییه‌ و زۆر به‌توندی به‌رپه‌رچی هه‌ر خواستێکی پێکهاته‌کانی تری ئه‌و وڵاته‌ ده‌ده‌نه‌وه‌‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازی، چونکه‌ زیان به‌یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی تورکیاو یه‌کگرتوویی خه‌ڵکی تورکیا ده‌گه‌یه‌نن، له‌هه‌مان کاتدا هه‌ڵوێست و ئاماژه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستیه‌کانی ناسیۆنالیسته‌ ڕاستڕه‌وو چه‌پڕه‌وه‌کانی له‌چه‌شنی ئه‌و خانمه‌ ئه‌گه‌ر به‌بێده‌نگیش تێنه‌په‌ڕن نابنه‌ مایه‌ی زیندانیکردن و قه‌ده‌غه‌کردنی پارت و داخستینیان. له‌کاتێکدا له‌یلا زانای په‌رله‌مانتاری پێشوو جارێکی تر به‌تۆمه‌تی پشتیوانیکردنی په‌که‌که‌و وروژاندنی هه‌ستی جوداخوازی ده‌ ساڵی تر به‌زیندانیکردن مه‌حکوم ده‌کرێت. هه‌روه‌کو نوسه‌ری ناسراوی تورک ئیسماعیل بێشکچی له‌وتارێکی تازه‌دا که‌ له‌ ئاوێنه‌دا کراوه‌ به‌کوردی باس ده‌کات: تاوانه‌کان به‌گوێره‌ی ناسنامه‌ی که‌سه‌کان مامه‌ڵیان له‌گڵدا ده‌کرێت، چه‌ند منداڵێکی کورد ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌زمانی دایکیان سرودیان گووتوه‌ ڕوبه‌ڕوی لێپێچینه‌وه‌و بگره‌ زیندانی ده‌بنه‌وه‌و هه‌ندێکی تریان به‌هۆی به‌شداریکردنه‌وه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌کان ئه‌شکه‌نجه‌ ده‌خۆن و ده‌کوژرێن و بکوژانینیشیان وه‌کو به‌رزه‌کی بانان بۆی ده‌رده‌چن و کاره‌که‌یان به‌تاوان حیساب ناکرێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کوردێک ئه‌رمه‌نیه‌ک یان که‌سێکی غه‌یره‌تورک به‌شێازێکی ئاشتیانه‌ش داوای ساده‌ترین مافه‌کانی خۆی بکات بۆی هه‌یه‌ به‌تاوانی دروستکردنی هه‌ڕه‌شه‌ بۆسه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی تورکی یان به‌ناوی تیرۆره‌وه‌ سه‌خترین سزا وه‌ربگرێت. وه‌ک بێشکچی ده‌ڵی ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئایدۆلۆژیای ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ک هه‌ڵه‌یه‌کی یاسایی یان ته‌کنیکی. ئایدۆلۆژیایه‌ک که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ناسیۆنالیستێکی به‌رته‌سک و توندڕه‌وانه‌ کارده‌کات و تورکیا به‌هه‌موو جیاوازیه‌کانیه‌وه‌ ته‌نها به‌موڵکی گروپێکی یتنکی سه‌رده‌ست که‌ تورکه‌ ده‌زانێت.
 ئه‌م هه‌ڵوێست و ئاماژانه‌ی ئه‌و ئه‌ندامه‌ی پارته‌که‌ی ئه‌تاتورک شتێکی جیاواز و سه‌ربه‌خۆ نییه‌ له‌ کۆی ئه‌و سیستمه‌ فیکری و ئایدۆلۆژیه‌یه‌ که‌ سیستمی سیاسی تورکیا به‌ڕیوه‌ده‌بات. ڕاسته‌ ئاریتمان و پارته‌که‌ی که‌وتنه‌ به‌ر ڕه‌خنه‌و توانجی نه‌یاران و ناڕازیانی ئه‌و ڕه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌په‌رستیه‌ی تورکیاو ته‌نانه‌ت مه‌سه‌له‌که‌ گه‌یشته‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپاو چه‌ند که‌سایه‌تیه‌کی پارته‌ سۆشیالیستیه‌کانی ئه‌ندامی سۆسیالیست ئینته‌رناشناڵ ڕه‌خنه‌ی توندیان ئاڕاسته‌کردنو هه‌ندێکیان داوایان لێکردووه‌ یان وازبێنێت یان داوای لێبوردن بکات، " ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ جه‌هه‌په‌و سه‌رکردایه‌تیه‌کی ئێستای زۆر دوورن له‌ ستاندارده‌ ئه‌وروپیه‌کان". وه‌کو ئه‌وه‌ی جه‌هه‌په‌ دیارده‌یه‌کی نامۆ بێت به‌ ژیانی سیاسی تورکیا. به‌ڵام ئه‌م ڕه‌خنانه‌ش پێده‌چێت وه‌کو سه‌رجه‌م ڕه‌خنه‌و پێشنیاره‌کانی تری ده‌ره‌وه‌و‌ یه‌کێتی ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی ده‌نگدانه‌وه‌و کاردانه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆیان نه‌بێت له‌ناو چینی ده‌سه‌لاتدارو سیاسی تورکیادا، مه‌گه‌ر ته‌نها بۆ ڕازیکردن و وه‌کو مه‌راییه‌ک له‌پێناوی زیان نه‌گه‌یاندن به‌پڕۆسه‌ی به‌ئه‌ندامبوونی له‌ یه‌کێتی ئه‌وروپادا.
 
 

Previous
Next

Leave a Reply