Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
نامـەیـەكــى بێدەنگ و غـەمـگــیـن بـۆ یــاررررررر…. رێبوار رەزا چوچانى

نامـەیـەكــى بێدەنگ و غـەمـگــیـن بـۆ یــاررررررر…. رێبوار رەزا چوچانى

Closed
by February 14, 2008 ئەدەب

           عیشق تەنها ئەوكاتە دەمرێت كە دەگاتە ئارامى، عیشقى زیندوو هەمیشە لە ململانێدایە.
                         " پاولۆ كۆیلۆ"
 

 دورە دەستەكەم… بە قەد دورى نێوان من تۆ، خەفەت لە دڵم بارە، بە قەد ئەو زەمەنەى كە من و تۆى خستە پەراوێزى شتە پەراوێزەكانەوە پەراوێزم من، بە قەد بێڕەحمى و دڵڕەقى ئەم سەردەمە بێبەزەیین خەمەكانى من، بە قەد تموحى ئەو كەسانەى كە هەوڵ دەدەن بۆ گەڕانەوەى جوانیەكان بۆ ناو ژیان، منیش ئەوەندە بێ هیوام، بە قەد ئەو تەرمانەى كە لە شەڕى براكوژى بەجێمان، ئەوەندە تەرمى خەونەكانم بەجێماون لە دەوروبەرى تۆدا، بە دورییەكانت قەسەم بێ هیواییم لێدەچۆڕێت، بێ هیواى لە گەڕانەوەى پۆلە مەلەكانى ئاسمان، ئەو مەلانەى كە دەیان تابلۆى قەشەنگیان دەنەخشاند بەسەرمانەوە و هەرتابلۆیەكیش سۆزێك بوو بۆ باڵاكردنى جوانى و خۆشەویستى و  مرۆڤدۆستى. 
 دڵارامى من………… ئەى ئەو كەسەى وەك فریشتەیەك سەرگوزشتەى عەیامێكى دێرینەت هەڵگرتوە و دەتەوێت لە بەردەم خوادادا بكەویتە گێڕانەوەى، بەڵام من دەزانم حیكمەت لە هەڵگرتنى سەرگوزشتەكان چیە و خەفە كردنى یادەوەرییەكان چ مانایەك دەبەخشێت، دەزانم بۆچى دەبێت مرۆڤ ئەو حیكایەتانەى كە هەڵگرى مەینەتى و خۆشى و ناخۆشیەكانى تەمەنێكن، خەفەیان بكات و هەڵیانبگرێت بۆ ماوە و مەودایەكى تر، ئاخر زۆرجار بێدەنگیش هەڵگرى پەیامێكى رۆحى دەبێت، پەیامێك كە تەنیا خودا و فریشتەكان لێى تێدەگەن و دەتوانن بیخوێننەوە، بێدەنگى زۆرجار دەرخەرى حەقیقەتى ژیانە بە هەموو جوانى و ناشیرینیەكانیەوە، چونكە زۆرجار دەبێت ژیان بە ماناكانى خۆیەوە گوزارشت بكرێت، ماناكانى ژیانیش زۆرجار بارگاوییە بە بێدەنگى، بێدەنگى ئەو دۆخە پڕوكێنەرەیە كە زۆرجاران فیكرى مرۆڤ بە خۆیەوە سەرقاڵ دەكات، تا ئێستا مرۆڤ نەیتوانیوە مانایەكى تەواو بۆ بێدەنگى بدۆزێتەوە، تا ئێستا مرۆڤ ئەوەندەى سەرقاڵى تێگەشتنى یەكەمین رواڵەتەكانى بێدەنگییە، ئەوەندە سەرقاڵى پێدانى مانایەك نیە بە بێدەنگى.
 شوعلەى من … مانا دەدۆزرێتەوە، مانا نا بەخشرێت، مرۆڤ لەوە زۆر زەلیلترە كە بتوانێت مانا بە شتەكان ببەخشێت، بەڵام لە ئەنجامى سەركێشییەكانى خۆیەوە هەوڵى دۆزینەوەى ماناكان دەدات، بۆیە ئەوەندەى كە مرۆڤ ماناكانى دۆزیوەتەوە، نیو هێندە نەیتوانیوە مانا ببەخشێت پێیان، منیش بە كەڵك وەرگرتن لەو رۆحە یاخی و گەڕیدەیەم، توانیومە ماناى بێدەنگییەكانى تۆ بدۆزمەوە، توانیومە لەو پەڕى بێدەنگیتەوە تا ئەو سەرى دەنگ هەڵبڕینەكانت تێبگەم، دەزانم تۆ لە چ كاتێكدا بێدەنگ دەبیت، كە بێدەنگیش بویت تێدەگەم بۆ چى بێدەنگ دەبیت و دەتەوێت بەو بێدەنگییەت چ پەیامێك بە دەورو بەرەكەت بگەیەنیت، بەڵام دەروبەرەكەمان هێندە بێڕۆحن، كە نایەنەوێت لە پەیامى رۆحى هیچ كەسێك تێبگەن، هەموو دەوروبەرێك لەم سەردەمەدا، غەرقى غەریزە ویستى و هەڵپەكارى و سوژدە بردنن بۆ بەرژەوەندى، ئیدى چۆن دەتوانن دەرفەتێك بدۆزنەوە بۆ خوێندنەوەى پەیامە رۆحییەكان، ئاخر ئەم سەردەمە سەردەمى خوێندنەوەى پەیامە رۆحیەكان نیە، بەڵكە سەردەمى خوێندنەوەى ئەو سەودانامانەیە، كە هەزاران رۆح دەكرێتە قوربانى بەخاترى سەرخستنى پرۆژە بازرگانیەكان، ئێستا بازرگانى بە رۆحەوە باشترین موشتەرى هەیە و گەرمترین بازاڕى هەیە، بۆیە بێدەنگبە!!، بىَ دەنگى جوانترین و قوڵترین ماناكانى ژیانە، ژیان بێدەنگى دەتوانێت گوزارشتى لێبكات و بێدەنگیش دەتوانێت ڕیشەكانى ژیان بدۆزێتەوە و دەستنیشانیان بكات.
 تۆ ئەى یار …… ئەو بێدەنگییەت لە بێدەنگى فریشتەكان دەچێت، بە تایبەتى ئەو كاتانەى كە دەیانەوێت شتێك بدركێنن، ئاخر فریشتەكانیش لە بەردەم دەسەڵاتى ئەهریمەنەكاندا بێدەنگى هەڵدەبژێرن و هەر بە بێدەنگیش گوزارشت لە پەیامەكانى خۆیان دەكەن، ئەوە فریشتەكانن بێدەگن و بەو بێدەنگیەش دنیا دەخەنە بەر شیكارییەوە و دواتر هەزارەها پرسیارمان روبەڕوو دەكەنەوە لە بارەى بێدەنگى و هەڵبژاردنى بێدەنگیەوە، كە ئێمە هیچ لێیان تێناگەین، ئەمەیە حیكمەتى بێدەنگى و رەنگدانەوەى ئەو حیكمەتە، حیكمەت لە بەردەم گوڵە هەڵوەریوەكانى باخچەدا، حیكمەت لە وەرینى گەڵاى درەختەكان و دواساتى عومرەكاندا، حیكمەت لە هەڵبژاردنى بێدەنگى، لە بەرانبەر ئەو پەیامانەى كە زمان ناتوانێت گوزارشتیان لێبكات، یان زمان نایەوێت گوزارشتیان لێ بكات، بەڵام كێ دەتوانىَ بە هێندەى تێگەشتن لە هاوارەكانى زمان، لە هاوارەكانى بێدەنگیش تێبگات، هاوارەكانى بێدەنگى هاوارى هەستەكانە و بۆ هەستەكانیشە، كاتێك هەست توانى لەبەردەم تۆفانەكانى بێهەستیدا خۆى رابگرێت، ئەو كات دەتوانێت پەیامەكانى بێدەنگیش وەربگرێت و بیانخوێنێتەوە، بەڵام ئەو كاتەى مرۆڤ هەستەكانى لە دەستدا، ئیتر هەرچى ئیحساسى ئینسانى هەیە، هەمووى دەدۆڕێنێت و بۆ هەمیشە دەست بەردارى سەفەرەكانى گەڕانەوەى ناو رۆح دەبێت، زۆرجار بێدەنگى لە ناو رۆحى ملمالانێكانەوە دروست دەبێت، بێدەنگى شادەمارى گەرانەوەى مرۆڤە بۆ ناو بێشەڵانى ململانىَ ناوكییەكانى ناخى خۆى، ململانىَ بۆ راگرتنى پەیامى عیشق، بەڵام عیشق و عەقڵ دو رەهەندى لێك دورن.
 عاشقەكەم…..  وەرە با بۆ ساتێكیش بێت عەقڵ فەرامۆش كەین ئەوكات دەگەینە لوتكەى عاشقبوون، ئاخر تێكەڵاو كردنى عەقڵ و عیشق درۆیەكى گەورەیە، ئەگەر واشبكرىَ ئەوا خیانەتێكى گەورە لە عیشق دەكەین، چونكە عەقڵ زۆرجار مرۆڤ لە عیشق دوردەخاتەوە و عیشقیش هەركاتێك توانى خۆى بسەپێنێت بەسەر مرۆڤدا، یەكەمین كارى وێران كردنى عەقڵ دەبێت، عیشق ململانێیە بۆ پاراستنى جوانیەكان، عیشق هەراسانكردنى ژیانە بۆ ئەوەى دەست بە جوانییەكانەوە بگرێت، عیشق هێماى زیندو راگرتنى جوانییە، كاتێك جوانى مرد، ئیتر ژیان هیچ نابێت جگە لە تۆپەڵێك لە بوغز و رق و كینە، عیشق شادەمارى گەرانەوەى ئومێدە بە ژیان، وەك چۆن وێران كردنى ژیانیشە بۆ پاراستنى جوانییەكان، عیشق ململانییە لەگەڵ ساتەكانى لە گۆڕنانى جوانى، جوانى و عیشق دوو ئاوێتەن لە یەكترى، هەر كاتێك لە یەكترى جیاكرانەوە، ئەوا ژیان تابلۆیەك دەبێت لە جەنگ، جەنگى ناخى مرۆڤەكان بۆ باڵاكردنى ناشیرینى بە سەر جوانیدا، بۆ پاراستنى شكۆى غەریزە و لە گۆڕنانى حورمەتى بەشەرى و بێجوڵە كردنى ئەو هەنگاوانەیە كە كێبڕكىَ دەكەن بۆ گەڕانەوە بۆ ناو كایە رۆحیەكان.
 سایەى من…………. ئەى ئەو بونەوەرەى كە جیاواز ترى لە بونەوەرەكانى تر و جیاواز ترى لە فریشتەكانیش، ئەزانى ژیان زۆر جاران بڕیار لەسەر جیاوازى مرۆڤەكان دەدات، چونكە زۆر جاران قوڵبونەوە لە ژیاندا، مەبەستم ئەوەیە پێت بڵێم قوڵبونەوە لە ناو  تێڕامانەكان لە ژیان و وجود بڕیار دەدەن، مرۆڤ جیاواز بێت و زۆر جار لە فۆڕمى فریشتەیى بوون و هەتا دەگاتە فۆڕمى خودابونیش بە دیار بكەون، ئێستا من هەست دەكەم تۆ تاكە بونەوەرێكى كە هەناسەى خودات هەڵمژیووە، هەر ئەمەشە وای لێكردویت كە جیاوازتر خۆت نمایش بكەیت.
 بەڵام ئازیزم خۆت دەزانى، من بێجگە لە رۆحێكى غەرقبوو لە ناو بێئۆقرەییدا و لە هەمانكاتیش بێدەسەڵات ناتوانم هیچیتر بم، منیش وەك تۆ جگە لە بێدەنگى، ناتوانم لە جێگەیەكى ترەوە مانیفێستى رۆحى بێئارامى خۆم بكەم، رۆحێك كە جگە لە پەنگ خواردنەوە و خۆ خواردنەوە لە ناو خۆیدا، ناتوانێت هێمایەكى تر بدات بە ژیان و ناتوانێت بۆ داهاتویەكى ون هەنگاو بنێت، ئەزانى ئێستا زۆرجار رۆحم دەمسپێرێت بە قەدەر، چونكە عاشقبون تەسلیم بونە بە قەدەر، قەدەرێك كە مەگەر خودا خۆى بزانێت چى دەبێت، زۆرجار بێدەسەڵاتى خۆمان نیە كە خۆمان دەدەینە دەست قەدەر، بەڵكە زۆرجار واقیعێك دروست دەبێت، لێوانلێو لە تەمومژ و نادیارى و ناڕونى و نەبینینى ئەو دیوى دیاردە و حاڵەتەكان، ئەوكاتیش مرۆڤ روبەڕوى دۆخێك دەبێتەوە كە لێوانلێوە لە كوشتنى درككردنەكانى، من و تۆش ئێستا وەها دۆخێك یەخەى پێگرتوین، كە دەبێت خۆمان بدەینە دەست قەدەر، ئەمە واقیعە ئەى یار، دەبێت چاوەڕوانى رودانى پێشهاتەكانیش بین، ئەو پێشهاتانەى كە رۆحم پێمدەڵێت لێوانلێو دەبێت لە تراژیدیاااااااااااااااااا.
 بەڵام ئێمە لەو دیو روداوەكانەوە هاتوینەتەوە، لەو سەرى بێدەنگیەكانەوە بۆ ئەو پەڕى ئەو دۆخانەى كە بێدەنگى دروست دەكەن هەمویمان بڕیوە و بەرگەى كارەساتەكانیش دەگرین، ئێمە نەوەى تراژیدیاین، تراژیدیا پێكهاتەیەكى سەرەكى ژیانى ئێمەیە، ئیتر وەرە و با رۆحمان بدەین بە دەست شنەى مەستیەكانەوە و گۆرانى بۆ عیشقە ناكامەكان بڵێین، ئەو عیشقانەى كە تا ئێستاش مەحكومى سزاى ژیان و خودان، ئەو عیشقانەى تا ئێستا لە ناو كۆڵانە تەسك و تاریكەكاندا خۆیان دەشارنەوە و، هەر لەوێشدا رسوا دەكرێن و هەر لەوێشدا لە خاچ دەرێن، وەرە و رۆحمان بخەینە سەماى مەستانە، ئەو سەمایانەى كە هەر فریشتەكان دەتوانن لە دیوانى خودادا بیكەن.
 ئەى یاررر ……
 بەقەد هەموو دنیا بیرت دەكەم!
 
 تێبینى:
 ئەم نامەیە نامەی ((گوڵشەنى میهرداد))ـە كە بۆ ((فەرزاد شاحیكمەت))ـى ناردوە، بەشێكە لە نوسینى تێكستێكى ئەدەبى، لێرەدا پێم باش بوو كە لە رۆژى ڤاڵانتایندا بڵاوى بكەمەوە، بە هیوام لە وادەى خۆیدا ئەو تێكستەش تەواو ببێت.
   
rohani1983@gmail.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.