Skip to Content

Wednesday, January 27th, 2021

نامه‌یه‌کى شه‌رمن بۆ پیاوێکى سپی

Be First!
by June 19, 2012 ئەدەب

 

ئێسته‌ ئیتر زه‌نگى ته‌له‌فۆنه‌که‌ى تۆم بۆنایه‌ت
پیاوى سپی
هه‌موو شتێک بێده‌نگ بووه‌ له‌لاى تۆوه‌
وه‌ک ئاسمانى ساباقی زستانى ئاوایی
جاربه‌جارێ تریشقه‌ی یادێ
له‌ تریفه‌ى سیماى پڕ ویقارته‌وه‌
ده‌دا له‌ نه‌خشه‌ى ژیانى شپرزه‌م
تۆ رۆیشتى پیاوى سپی و منیش
مۆبایله‌که‌م خامۆش کردووه‌
ئۆتۆمبێله‌که‌شم کوژاندۆته‌وه‌و
له‌ناو بیجامه‌یه‌کى بێڕه‌نگدا ڕاکشاوم
چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌نیم
که‌سێک نیوه‌شه‌و بانگم کا
له‌گه‌ڵ ئازاره‌کانى بژیم و
بیگه‌یه‌نمه‌وه‌ به‌ خه‌سته‌خانه‌.
 
له‌ ته‌مى به‌یانییه‌کى ماتى نیساندا
به‌ بالۆره‌ى حوزنێکى وه‌ک ناڵه‌ى
شمشاڵه‌که‌ى جوامێره‌وه‌ 
به‌ کزه‌ى هه‌ناسه‌یه‌کى وه‌ک
ئای ئایه‌که‌ى حسێن عه‌لییه‌وه‌ 
به‌ سۆزى پڕ غوربه‌تى
هۆره‌ غه‌مباره‌که‌ى گه‌رمیانه‌وه‌
ئێمه‌شت خسته‌ که‌ڵکه‌ڵه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌
بۆناو خاکى هه‌واره‌که‌ى نیشتمان
تۆ ڕۆیشتى پیاوى سپی و
فریانه‌که‌وتین به‌یه‌که‌وه‌
سه‌رێک بده‌ینه‌وه‌ له‌ شه‌سه‌ و هه‌وجاڕى 
جێماوى جوتیاره‌که‌ى چکێڕه‌ى پشتى ئاوایی 
تۆ ڕۆیشتى و فریانه‌که‌وتین
به‌ یه‌که‌وه‌ گوێیه‌ک شل که‌ین بۆ خه‌مه‌کانى شاسوار 
تۆ ڕۆیشتی پیاوى سپی و
هه‌موو ئێواره‌یه‌ک منیش ده‌چمه‌وه‌ سێبه‌رى
به‌رهه‌یوانه‌که‌ى تۆ
له‌وێ ده‌بینم نوورى به‌رائه‌ت وه‌ک په‌یکه‌رێکى به‌فرین
وه‌ک هێمایه‌کى چۆڕى شیر 
له‌ جێگه‌که‌ت دانیشتوه‌
تۆ ڕۆیشتى پیاوى سپی و
ئیتر په‌نجه‌کانى به‌هارى مانگى مارت
سه‌ڵته‌ى زه‌ردى هه‌ڵوه‌رین ده‌دورن بۆ نیسانى وڵات
له‌و که‌له‌ چاوه‌ڕێم بکه‌ پیاوى سپی
به‌دیوى چه‌مى حه‌سار و
به‌دانه‌ى مله‌سووره‌وه‌
من دێم بۆلات
وه‌ک حه‌مه‌جه‌زا به‌یه‌که‌وه‌ هاوارده‌که‌ین
به‌ خه‌مى تۆوه‌ من جوانم ئه‌ى وڵات
ئه‌وه‌ چاره‌نوسمه‌ ده‌بێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆلات.


کامیل محه‌مه‌د قه‌ره‌داغی

19حوزه‌یران 2012
————————————–

  جوامێر کوڕێکى پورزاى خۆمانه‌, به‌ گه‌نجى سه‌ری نایه‌وه‌, تا مابوو شمشاڵێکى جوانى ده‌ژه‌ند, باوکم نه‌وارێکى تۆمارکراوى ده‌نگى شمشاڵه‌که‌ى ئه‌وى هه‌بوو, زۆرجار به‌یه‌که‌وه‌ گوێمان لێده‌گرت.

   حسێن عه‌لى مه‌به‌ست له‌ مه‌قامبێژى ره‌سه‌نى گه‌رمیان حسێن عه‌لیی حه‌فته‌غارییه‌, زۆربه‌ى مه‌قامه‌کانى گه‌رمیانى به‌ ده‌نگى خۆی تۆمارکردوه‌.
  شه‌سه‌, مه‌به‌ست له‌ خاکى تازه‌ کێڵراوه‌, هه‌وجاڕیش که‌ره‌سته‌ى جووتکردنه‌.
  چکێڕه‌ى پشتى ئاوایی, ده‌شتێکى کشتوکاڵیی بنارى شاخى مه‌ڕۆ پشتى ئاوایی به‌ڵخه‌ى قه‌ره‌داغه‌.
  شاسوار, پێشمه‌رگه‌یه‌کى ئاڵاى شۆڕش بوو, له‌ به‌هارى ساڵى 1983 من و باوکم به‌پێ رۆشتینه‌وه‌ بۆ قه‌ره‌داغ, له‌ ڕێگادا بینیمان به‌ ته‌نهابوو, خۆى و تاقم و تفه‌نگه‌که‌ى, باسی ئه‌وه‌ى بۆ باوکم کرد, که‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌ى کوردستانه‌, که‌چی له‌ جاش و جه‌یش و هه‌رچى حزبی کوردیشه‌ قاچاخه‌, شوێنپێیه‌کى بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ هاتوچۆ, به‌ داخه‌وه‌ به‌ چه‌ند مانگێک دواى ئه‌و بینینه‌ى ئێمه‌ شه‌هیدبوو.
  چۆڕى شیر به‌کارهێنانێکى ره‌مزییه‌ بۆ ره‌نگى سپی.
  چه‌مى حه‌سار و مله‌ سوره‌ دوو شوێنى ده‌شتى به‌ڵخه‌ى قه‌ره‌داغن

Previous
Next

Leave a Reply