Skip to Content

Wednesday, October 28th, 2020

نامه‌یه‌ک بۆ ڕابه‌ر فاریق … حه‌مه‌ مه‌نتک

Be First!
by September 29, 2011 گشتی

نامه‌یه‌ک بۆ ڕابه‌ر فاریق
ئه‌گه‌ر شاڵاو حه‌بیبه‌ش حه‌زیکرد با بیخوێنێته‌وه‌

حه‌مه‌ مه‌نتک

 

ڕابه‌ر من نامه‌وێ له‌م نامه‌یه‌دا زۆر موسه‌قه‌فانه‌ بۆت بنووسم. ته‌ندروستیی و کاروباریشت چۆنه‌ ئه‌وه‌م به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌، ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌ده‌بیاته‌. ده‌زانم ماوه‌یه‌که‌ له‌نووسین ده‌ستت هه‌ڵگرتووه‌، بێگومان ده‌زانم بۆ نانووسی، چونکوو نووسه‌ر ده‌بی بزانێ بۆ و چۆن ده‌نووسێ. منیش هه‌وه‌ڵجار له‌نووسینه‌ به‌راییه‌کانمدا وشه‌م زۆر ڕیز ده‌کردن، که‌ زۆرجا به‌یه‌که‌وه‌ داده‌نیشتین ده‌تگوت حه‌مه‌ ئه‌م هه‌موو وشه‌یه‌ له‌ کێنده‌ر ده‌ینی، ئه‌وه‌م زۆر پیخۆش بوو. به‌راستی ئه‌وه‌نده‌ی من له‌ خۆمانم تێبینی کردووه‌، زۆر ڕه‌خنه‌مان له‌ نووسینی یه‌کتر گرتووه‌، به‌بێ ستایش. ده‌شزانم بۆ ئێستا نانووسی، چونکوو به‌گشتی نووسینی کوردی هه‌مووی له‌یه‌ک ده‌چێت، ده‌ڵێی هه‌موو سوێندیان خواردووه‌ وه‌کی یه‌کدی بنووسن،  چۆن هه‌مووجار به‌ شاڵاومان ده‌گوت له‌چه‌ناگه‌دانان لاساییی مام به‌رۆژت کردۆته‌وه‌، ئه‌ویش ده‌یگووت ئێوه‌ بۆ کیشه‌تان له‌گه‌ڵ چه‌ناگه‌ی من هه‌یه‌، ده‌زانم کێشه‌ی من و تۆ و شاڵاو هه‌ر نووسینی کوردییه‌، ئه‌رێ ڕابه‌ر ئه‌و نووسه‌رانه‌ ئه‌و هه‌مووه‌ وشه‌یه‌ له‌کوێ ده‌هێنن، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی به‌ناوی توێژینه‌وه‌ و ڕه‌خنه‌وه‌ ده‌نووسن، که‌ سه‌یر ده‌که‌ی هه‌مووی هه‌ر ستایشه‌، ئه‌وه‌ شاعیره‌کان هه‌ر لێگه‌ڕێ هه‌مووی له‌شیعردا ڕه‌شبینه‌، نامۆیه‌، باسی مردن ده‌کا، به‌ڵام له‌ واقیعدا ئه‌وه‌نده‌ گه‌شبینه‌ نه‌بێته‌وه‌، له‌شه‌قامه‌کانی ئه‌ورووپا قاقا پێده‌که‌نن، که‌سیان ته‌نانه‌ت غیره‌تی ئه‌وه‌یان نه‌بووه‌ وه‌کوو تۆ که‌مێک ژه‌هر له‌به‌رده‌م خۆیدا دابنێ بزانێ هه‌ستی چۆنه‌، یان وه‌کوو تۆ خۆی به‌ په‌تێک به‌ شیشه‌ی پانکه‌ی ماڵه‌وه هه‌ڵواسێ و خۆ کوشتن ئه‌زموون بکا، ئه‌رێ ئه‌و هه‌مووه‌ وشه‌ درۆزنانه‌یه‌ له‌به‌ر‌ چییه‌. ئه‌زموون کردن کارێکی زۆر به‌هاداره‌ بۆ نووسین، گابریل گارسیا مارکیز، له‌ڕۆمانێکی دا باسی گه‌رمای شارێکی کردبوو، به‌ڵام هه‌ستیکرد به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ که‌ خۆی ده‌یه‌وێت، بۆ‌یه‌یش بۆ ماوه‌ی ساڵێک ده‌چێته‌ ئه‌و شاره‌ ده‌ژیت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئه‌و گه‌رمایه‌ بکات، له‌م باره‌وه‌ کاریگه‌ری واقیع و ئه‌زموون شاڵاو نووسینێکی هه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ی باشه‌ هێشتا بڵاوی نه‌کردۆته‌وه‌. باوه‌ڕکه‌ نووسه‌ر هه‌یه مانگانه‌‌ له‌ ژماره‌ی زۆربه‌ی کۆوار و ڕۆژنامه‌کان نووسینی هه‌یه‌. نازانم دیاره‌ ئه‌وانه‌ کاسبی به‌نووسینه‌وه‌ ده‌که‌ن. ئه‌وانه‌ ده‌بێ کاتی خوێندنه‌وه‌یان هه‌بێ؟ ڕابه‌ر من وای ده‌بینم ئه‌و نووسه‌رانه‌ وشه‌یان له‌کن گرنگ نه‌بێ، ته‌نانه‌ت شوێنی دانانی وشه‌یشیان له‌کن گرنگ نییه‌، ته‌نانه‌ت تیپ و شوێنه‌که‌یشی بایه‌خی خۆی هه‌یه‌، به‌قه‌ولی شاڵاو ئه‌و تیپ و وشانه‌ ته‌نێ موڵکی یه‌ک که‌س نییه‌،تا به‌ ئاره‌زووی خۆی و چۆنی ئه‌قڵ بگرێ وای بنووسێ و به‌کارببا، به‌ڵکوو ئه‌مانه‌ موڵکی ئه‌وه‌نده‌ که‌سه‌ن که‌ ناسنامه‌یان زمانی کوردییه‌. خۆت ده‌بینی نووسین و ڕێنووسی کوردی وه‌کی چێشتی شێتانیان لێهاتووه‌، هه‌ر که‌سه‌ و به‌که‌یفی خۆی ده‌نووسێ و وشان داده‌تاشی، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ڕێنووس و زمانی یه‌کگرتوومان نییه‌، ئه‌رێ ڕابه‌ر ئه‌گه‌ر ئه‌و یه‌کگرتووه‌مان( مه‌به‌ستم حیزبی یه‌کگرتووی ئیسلامی نییه‌) نه‌بێ، خۆ یاسای ڕێزمان و ڕێنووسمان هه‌ن، ده‌زانم ئه‌مه‌یش خه‌مێکی تره‌،په‌لوپۆی له‌نووسین شکاندووی.  ده‌زانم هه‌رچی نووسه‌ری کورد هه‌یه‌ خۆشیان ناوێی، ئه‌وه‌ش گرنگ نییه‌، ئه‌رێ شۆفڵه‌که‌ت چۆنه‌، ده‌زانی نووسه‌ری و شوفێری شۆفڵ زۆر سورریالییه‌، ئێستا ده‌ڵێی دیسان باسی سورریالییت کرده‌وه‌. ده‌زانی شۆفڵیش خاسیه‌تی وێرانکردن و ڕووخاندنی هه‌یه‌، به‌ڵام شوفێری لێزانیشی ده‌وێ. ده‌یان نووسه‌ریشمان هه‌ن له‌ڕێی وشه‌ و پێنووسه‌وه‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌نی تڕومبێل و خانووی جوان، سه‌یرکه‌ ڕابه‌ر وشه‌ و پێنووس لێره‌دا دوو کاری جوایه‌زی پێده‌کرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌یش لێزانینی ده‌وێ، واته‌ خۆت چۆنی پێ بنووسی ئاوا ده‌رده‌چێ، ئه‌گه‌ر بته‌وێ خۆت نه‌بی و ئه‌وان بیت، ئه‌وا‌ تۆ ده‌بیه‌ پێنووسه‌که‌، ئه‌وانیتر فه‌رمان ده‌که‌ن چۆنی بنووسی، ڕێک ده‌بیه‌ ئامێرێک و ئه‌وان ئیشت پێده‌که‌ن. ئێستایش زۆربه‌ی نووسه‌ری کورد ئاوها ده‌نووسن، ئه‌گه‌ر تۆیش ده‌ته‌وێ ببیه‌ ئامێر ببه‌، ئه‌گه‌ر نایشبی ئه‌وا وه‌کی ئێستا ده‌بی ده‌ست و گێڕی شۆفڵت شه‌ڕ بێ، که‌ بێیه‌ بازاریش تۆ ڕێت دووره‌ له‌ سه‌روه‌ران بۆ بازاڕی هه‌ولێر یه‌ک کاتژمێری نێو پاس دانیشتنه‌، عه‌باس عه‌بدوڵڵا یووسف هه‌مان ده‌ردی هه‌یه‌، له‌ حه‌فتاکانه‌وه‌ ده‌نووسێ، ئێستا به‌ پاسه‌کانی هێڵی مزگه‌وتی سپی به‌ پێنجسه‌د دینار یاغر یاغر ده‌چێته‌ کار، به‌ڵام وه‌کی تۆ هه‌ر له‌گه‌ڵت ڕاوه‌ستێ قاقا پێده‌که‌نێ.‌ ئه‌رێ ڕابه‌ر بیستم ده‌ستت به‌ کۆتر کڕینه‌وه‌ کردووه‌. کۆتریش سه‌یرن، هه‌یانه‌ ده‌یانجار بیفرۆشی هه‌ر دێته‌وه‌، بۆ ئه‌و ئاسمانه‌ ئازاده‌ ده‌یفڕێنی، به‌قه‌ولی کۆتربازان نوخته‌ی ده‌گرێ، له‌نکاو یاغر یاغر بۆ ئه‌و کولانه‌ ته‌نگه‌ی بۆت د‌رووستکردووه‌ شۆڕده‌بێته‌وه‌. سه‌یره‌ ڕابه‌ر شیعر و شۆفڵ و کۆتر پێکه‌وه‌ گونجاندن، سه‌یرم پێدێ، له‌ فه‌یسبووک یه‌کێک نووسیبوی کۆتربازی و شیعر چۆن ده‌بێ، ئه‌و گه‌مژه‌یه‌ نازانێ ڕامبۆ شاعیر و هۆمۆسێکسواڵ بووه‌. ئامان ڕابه‌ر ئاگه‌داری کۆتره‌کان به‌، با وه‌کی جارێدی گسکی لێ نه‌ده‌ن، به‌خوا ئه‌وجاره‌ شێت ده‌بێ و به‌ ئاقاری ده‌که‌وی، ئه‌وانیتریش خوا خوایانه‌ به‌ئاقاری بکه‌وی، تا دیسان هه‌ل هه‌له‌ت بۆ لێده‌که‌ن. ڕابه‌ر نامه‌وێ چیتر درێژه‌ی بده‌مێ، له‌وه‌نده‌ی له‌کورتی ده‌یبڕێنمه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ نووسین هێزی خۆی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌ پاکی و وه‌کوو خود بنووسرێت، بۆیه‌یش نووسین هه‌یه‌ وه‌کوو بۆمب ده‌ته‌قێته‌وه‌ و کاریگه‌ری خۆی ده‌بێت، با نووسینه‌کانمان بۆمب بێت.

      حه‌مه‌ مه‌نتک
    29/9/2011

Previous
Next

Leave a Reply