نامه عه‌ره‌بییه‌كان … سه‌نگه‌ر حه‌سه‌ن
چه‌ند ڕۆژێكه به‌رده‌وام له‌سه‌ر یه‌ك كۆمه‌ڵێك نامه‌ی عه‌ره‌بیم پێده‌گات! من زمانی عه‌ره‌بی نازانم, به‌ڵام هه‌رله‌گه‌ڵ گه‌یشتنی ئه‌م نامه عه‌ره‌بیانه خێرا ده‌یانكه‌مه‌وه‌و په‌نجه ده‌خه‌مه سه‌ر یه‌كه یه‌كه‌ی تیپه‌كان, له‌هه‌ندێك دێردا ژماره‌یه‌كی زۆر له كه‌سره‌و فه‌تحه‌و سكون و.. . هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێ ئیشاره‌تی تر به‌دی ده‌كه‌م كه من هه‌رگیز نه‌مدیون, هه‌ندێك جار وابیرده‌كه‌مه‌وه‌كه‌مه‌وه كه ئه‌مه قورئان بێت, ئیدی من له قورئان زیاتر هیچ ڕێنووسێكی ترم نه‌دیووه به‌م جۆره. له‌هه‌ندێك دێردا كه‌وانه‌ی گه‌وره گه‌وره هه‌ن و له‌هه‌ندێكی تریشدا هه‌موو وشه‌كان له‌یه‌كتر ده‌چن! ته‌نانه‌ت من واهه‌ست ده‌كه‌م كه هه‌ندێك له په‌ره‌گرافه‌كان جگه له به‌رده‌وام بوونه‌وه‌ی یه‌ك له دوای یه‌كی وشه‌كان هیچی ترنییه! من له‌مه‌یان زۆر تێماوم, ئێستا حه‌رف حه‌رفی نامه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ و ئه‌وه‌ی دوێنێم به‌راورد كرد, به‌ڵام هیچ جیاوازییه‌كم به‌دی نه‌كرد!!من له سیحری ئه‌م زمانه سه‌یره تێناگه‌م, هه‌ندێك جار واهه‌ست ده‌كه‌م كه‌ڕه‌نگه ئه‌مه له‌ئه‌سڵدا زه‌خره‌فه بووبێت دواتر كرابێت به ڕێنووس!
دوێنێ په‌یوه‌ندیم به یه‌كێك له هاوڕێبه خۆشه‌ویسته‌كانم كرد, من له‌گه‌ڵ ئه‌ودا زۆر ده‌مێكه هاوڕێم, ئه‌و زمان زانێكی بێوێنه‌یه, به‌تایبه‌ت له زمانی عه‌ره‌بیدا. كاتێك من باسی ئه‌وه‌م بۆكرد كه كۆمه‌ڵێك نامه‌ی عه‌ره‌بیم به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌و ده‌مه‌وێت بۆم وه‌رگێڕیته سه‌ر زمانی دایك, ئه‌و هه‌ر وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ی به قاقاوه چه‌ند جارێك ئه‌مه‌ی له‌سه‌ریه‌ك دووباره ده‌كرده‌وه ” به‌سه‌رچاو گوڵه‌كه‌م. .. به‌سه‌رچاوگوڵه‌كه‌م…”.
نزیكه‌ی دووسه‌عات به‌ر له ئێستا هاته لام , له حه‌وشه‌ی ماڵی ئێمه دانیشتین و دوای ئه‌حواڵ پرسیینێكی كورت یه‌كسه‌ر من وتم كاكه توخوا خێرا ئه‌م نامانه‌م بۆ شرۆڤه بكه. ئه‌و هه‌مدیسان وتی “به‌سه‌رچاو گوڵه‌كه‌م.. . به‌سه‌رچاو گوڵه‌كه‌م…”.
نامه‌كانی له ده‌ستی وه‌رگرتم و یه‌كه‌م دانه‌ی له‌ناو زه‌رفه دڕاوه‌كه ده‌رهێنا. له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م نامه ئه‌بو جاسمی هاوڕێم ڕه‌نگی تێكچوو, من كه‌وتمه په‌له قاژه‌و دڵه كوته, سه‌ره‌تا وتم ڕه‌نگه ئه‌مانه هه‌واڵ گه‌لێكی زۆر ناخۆش بن بۆ من, به‌ڵام دواتر بیرم كرده‌وه كه چۆن ده‌كرێت ئه‌م هه‌موو زه‌خره‌فه ئاڵ و واڵایه له ئه‌ساسدا هه‌واڵی ناخۆش بن! من چه‌ند جارێك بانگی ئه‌بو جاسمم كرد تاوه‌كو به‌ئاگا بێته‌وه له‌م ڕامانه قوڵه, به‌ڵام هیچ سودێكی نه‌بوو, له‌ڕاستیدا ئه‌و زیاتر له‌كه‌لاكێكی مردوو ده‌چوو, بۆ ساتێك من هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كم له ئه‌بوو جاسم به‌دی نه‌كرد, دواتر له پڕ هه‌ستم به‌هه‌ناسه‌یه‌كی نیمچه خێرا كرد. ئه‌بو جاسم وه‌ك ئه‌وه‌ی بله‌رزێت, نا ڕاستتیه‌كه‌ی وه‌كو ئه‌وه‌ی كه مردنی بینیبێ, وه‌یان باشتره بڵێم وه‌كو ئه‌وه‌ی ئازاری ڕوحی بده‌ن, به‌ده‌نگێكی نزم وتی “نازانم”. من به نیمچه پێكه‌نینێكه‌وه وتم چی نازانی هاوڕێ! بۆ له‌تۆ باشتر ده‌ست ده‌كه‌وێت كه‌عه‌ره‌بی بزانێت! به‌ڵام ئه‌و هه‌ر به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر وتنی “نازانم, نازانم”. له‌ڕاستیدا نه‌ك هه‌ر ئه‌و, به‌ڵكو منیش نه‌مده‌زانی. ئاخر ئه‌سڵه‌ن چی بزانم! چه‌ند ڕۆژێكه به‌رده‌وام كۆمه‌لێك نامه‌ی عه‌ره‌بیم بۆدێت, نازانم سه‌رچاوه‌كه‌ی كوێیه! نازانم چی نووسراوه, من ئه‌م زمانه نازانم, هیچ ئاماژه‌یه‌كی ئاشكرای بۆمن تیا نییه كه شتێكی لێهه‌ڵێنجم. نازانم بۆچی بۆ من دێت! ده‌ڵێم ئه‌مجاره كه پۆسته‌چی هات, یه‌كسه‌ر پێی بڵێم به‌ڕێزم من هه‌ونیم. من ئه‌وكه‌سه نیم كه ده‌بێَت ئه‌و نامانه بخوێنێته‌وه.
من له‌و خه‌یاڵانه بووم كاتێك ئه‌بوجاسمی هاوڕێم ڕۆیشتن كه‌وته كه‌لله‌ی سه‌ری و وتی “من ده‌ڕۆم”. من له‌گه‌ڵ ئه‌م وشه‌یه ئه‌و ئه‌بو جاسمه له‌لام كاڵ بوویه‌كه هه‌میشه ده‌یووت ” به‌سه‌رچاو گوڵه‌كه‌م.. . به‌سه‌رچاو گوڵه‌كه‌م.. . “. به‌ڵام من چۆكم بۆ ئه‌م بیرۆكه سه‌خیفه دانه‌ناو زیاترم له هاوڕێكه‌م كرد‌و پێم وت كه ئه‌وه تۆ ده‌ڵێ ی چ؟! تۆ ده‌بێت ئه‌مه‌م بۆ ڕوون كه‌یته‌وه, ئه‌مانه چین پێم بڵێ, ده به‌شه‌ره‌ف ئه‌گه‌ر هه‌ر هیچ نه‌بێ پێم بڵێ له‌كوێوه دێت و ناونیشانه‌كه‌ی چی یه, به‌ڵام ئه‌بوو جاسم وه‌ك ئه‌وه‌ی گوێی له هیچ نه‌بووبێ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه! ئه‌و واده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌موو زمانه‌كانی بیرچووبێته‌وه‌و ته‌نها وشه‌ی “نازانم” وه‌یان”ده‌ڕۆم” له‌زاكیره‌یدا مابێته‌وه! ئه‌و ته‌نها وشه‌یه‌ك كه ده‌یڵێته‌وه هه‌ر نازانم.. . من نازانم.. . ده‌ڕۆم.. . من ده‌ڕۆم!
دواتر له به‌ڕێكردنێكی پڕوپووچدا ئه‌بوجاسم خوا حافیزی كرد. ئه‌و كاتێ سواری ئۆتۆمۆبێله‌كه‌ی بوو ئیتر هه‌ر ئه‌و چركه بوو,له‌پڕ وه‌ك جادووگه‌ر بزر بوو.
دوای ئه‌وه من نازانم پێبكه‌نم یان بیربكه‌مه‌وه‌و بترسم! نزیكه‌ی سه‌عاتێك به‌ر له‌ئێستا چووم هه‌موو ماڵه‌كه گه‌ڕام و ئاوم خوارده‌وه‌و هه‌ندێك خۆم به‌ملاو به‌و لای دیواره‌كاندادا, تاوه‌كو به‌ڕاستی دڵنیابم كه ئیتر له خه‌یاڵدا نیم. له‌پڕ بیرم بۆ ئه‌وه چوو كه ڕه‌نگه چووبێتمه ناو فیلمێك, له‌وانه‌یه هێزی موگناتیسی ته‌له‌فزیۆنه‌كه ڕایكێشابم و من چووبێتمه ناو یه‌كێك له فیلمه‌كان!
له‌ڕاستیدا من بیرم بۆ زۆر شت چوو, ته‌نها نامه‌كان نه‌بێت. چونكه من له‌لایه‌ن خۆمه‌وه یه‌قین بووم له‌وه‌ی كه‌ئه‌و نامانه مه‌ترسیدار نین. من بێگومان بووم له‌وه‌ی كه ئه‌ونامانه هه‌ڵگری هیچ هه‌واڵێكی ناخۆش نین. ئاخر ئه‌م نامانه پڕاوپڕن له‌زه‌خره‌فه‌ی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ, چۆن ده‌كرێت كه شتێكی ناخۆشیان تێدابێت. همممم ئه‌وانه ڕه‌نگه به‌هه‌ڵه هاتبن. وه‌یان ڕه‌نگه نوشته‌و جادوو بن. به‌ڵام من زیاتر بیرم بۆ ئه‌وه ده‌چێت كه قورئان بێت. له‌وه زیاتر به‌رگه‌ی ئه‌م هه‌موو گومانه‌م نه‌گرت, خۆم و نامه‌كان سوار سه‌یاره بووین و یه‌كسه‌ر بۆ لای ئه‌یوبی هاوڕێم چووم. نزیكه‌ی چل وپێنج ده‌قیقه به‌ر له‌ئێستا من له‌لای ئه‌یوبی هاوڕێم گیرسامه‌وه. ئه‌یوب هاوڕێی مناڵیمه‌و نه‌چۆته مه‌كته‌ب. به‌ڵام له مزگه‌وت خوێندوویه‌تی و فێری ئه‌لف بای عه‌ره‌بی بووه‌و زمانه‌كه‌ش باش ده‌زانێت. ئه‌و نزیكه‌ی نیوه‌ی قورئانی له‌ئه‌زبه‌ره. بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌مه قورئان بێت ئه‌وه حه‌تمه‌ن ئه‌و ده‌یزانێت.. . كاتێك له‌گه‌ڵ ئه‌یوب ڕوونیشتین وباسی به‌سه‌رهاته‌كه‌م بۆكرد,جاهه‌ر له‌هاتنی به‌رده‌وامی نامه‌كان تا حاڵته سه‌یره‌كه‌ی ئه‌بو جاسم. ئه‌یوب داوای كرد كه نامه‌كانی نیشان بده‌م, من له‌حاڵه‌تێكی كه‌مته‌رخه‌م نامه‌كانم فڕێ دایه به‌رده‌می. له دڵه‌وه حه‌زم نه‌ده‌كرد كه‌هه‌مان حاڵه‌تی ئه‌بو جاسم له ئه‌یوبی هاوڕێمدا ببینم. خۆشبه‌ختانه ئه‌مه ڕووینه‌دا. به‌ڵام واهه‌ستم كرد كه ئه‌یوب له‌ته‌ركیزدا نووقم بووه. من هیچ قسه‌م نه‌كرد به‌ڵكو چاوه‌ڕێم كرد تا ئه‌و ده‌ستی به قسه‌كرد. چه‌ند نامه‌یه‌كی خوێندبووه‌وه و داینابووه سه‌ر ئه‌رزه‌كه. ئه‌یوب به‌ده‌نگێكی شانۆیی وتی “تۆ ئیتر ده‌بێ فێری زمانی زه‌خره‌فه‌كان بیت, تۆ له‌ئێستاوه نوێنه‌ری سوڵتانیت”. من قاقا له‌پێكه‌نین غه‌رق بووم, به‌ده‌نگی به‌رز پێده‌كه‌نیم و هاوارم ده‌كرد خاوه‌ن شكۆ, خاوه‌ن شكۆ, ئه‌مر ده‌فه‌رموون.. . به‌ڵام ئه‌یوب بێده‌نگ سه‌یری ده‌كردم. به‌درێژایی ئه‌و كاتانه‌ی كه من پێكه‌نیم ئه‌و هه‌ر بێده‌نگ سه‌یری ده‌كردم. له‌پڕ من ته‌ریق بوومه‌وه‌و له‌پێكه‌نین وه‌ستام. تۆزێك سه‌رمدانه‌واند و بێده‌نگ بووم. ئه‌و دووباره هه‌مان قسه‌ی وته‌وه “تۆ ئیتر ده‌بێ فێری زمانی زه‌خره‌فه‌كان بیت, تۆ له‌ئێستاوه نوێنه‌ری سوڵتانیت”.
ئه‌مجاره‌یان هیچ مه‌جالێك نه‌مابوو بۆ موناقه‌شه. به‌ڵام من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زیاتر پێم داگرت و گوتم كاكه ئه‌یوب سوڵتانی چ, ئه‌وه تۆ باسی چ ده‌كه‌یت؟!! به‌ڵام ئه‌یوب له‌سه‌ر ئاوازی پێشووتر پێ ی وتم كه ئه‌مه ئیتر گاڵته نییه!
له‌ڕاستیدا من باوه‌ڕم به سوڵتان و موشته‌قاته‌كانی و بگره مه‌خلوقاته‌كانیشی نییه. كه‌وابوو ئیتر بۆ ده‌بێت ببم به نوێنه‌ری!! ده‌ستم كرده‌وه به قسه. سوڵتان, سوڵتان, وابزانم سوڵتان ده‌مێكه مردووه. ڕه‌نگه ئه‌و نامانه هی سه‌رده‌مێكی زۆر زوو به‌ر له ئێستا بن. كه‌وابوو ئێستا من گه‌یشتمه وه‌ڵامه‌كه. به‌ڵێ ته‌واوه خۆیه‌تی. من ئێستا له ناو یه‌كێك له‌فیلمه‌كانم. ده‌مزانی كه هێزی موگناتیسی منی كێش كردووه. من به‌رده‌وام بووم له‌م قسانه به‌ڵام هه‌مدیسان ئه‌یوبم به‌بێ كاردانه‌وه بینی. له‌ناخه‌وه دوعام ده‌كرد كه ئه‌میش وه‌كو ئه‌بو جاسمی لێنێت. شوكر هه‌ر ئاواش بوو. به‌ڵام ئه‌یوب ئیتر له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو شتێكی من بێكاردانه‌وه بوو. له‌پڕ بیرۆكه‌ی چوون بۆ لای مازنی هاوڕێم به مێشكمدا گوزه‌ری كرد. به‌خێرایی ئه‌یوبم له‌نێوان یه‌قین و گوماندا به‌جێهێشت.
من نزیكه‌ی بیست وپێنج ده‌قیقه به‌ر له‌ئێستا گه‌یشتمه لای مازن ی هاوڕێم. به‌ڵام خۆزیا نه‌هاتبام. تۆسقاڵێك جیاوازی نه‌بوو. هه‌مان سیناریۆ دووباره بوویه‌وه. مازن ده‌ڵێت “تۆ ئیتر ده‌بێ فێری زمانی زه‌خره‌فه‌كان بیت, تۆ له‌ئێستاوه نوێنه‌ری سوڵتانیت”.. . من لێره‌دا به‌ته‌واوی تاقه‌تم چوو. به مازنم وت “باشه ئیتر من نوێنه‌ری سوڵتانم, بۆیه هه‌رئێستا ده‌مه‌وێت سوڵتان ببینم”. مازن له‌گه‌ڵ ئه‌م قسه‌یه‌ی من شێوا ” ئه‌وه تۆ ده‌ڵێی چ؟! ئه‌وه تۆ چ مه‌خلوقێكیت! تۆ,تۆ, ئاخر تۆ چۆن قسه‌ی واده‌كه‌یت! بێده‌نگ به سوڵتان گوێی لێته”.
من دوای ئه‌مه ئیتر گاڵته‌جارانه سه‌یری ئه‌م مه‌سه‌له ده‌كه‌م, پاش چه‌ند چركه‌یه‌ك بێده‌نگ له‌ماڵی مازن هاتمه‌ده‌ره‌وه. له‌ڕێگادا له‌پڕ گوێم له‌پسته پستی دوو ژن بوو ده‌یانووت ” ها ئه‌وه‌تا خۆیه‌تی, نوێنه‌ری سوڵتان”. كه ئاوڕم دایه‌وه بینیم دوو ژنی تارمایی كه ته‌نانه‌ت چاویشیان دیارنییه و هه‌ردووكیان له نێو په‌ڕۆیه‌كی ڕه‌شدا غه‌رق بووینه. حه‌زم ده‌كرد پێیان بڵێم ئێوه كه چاوتان دیار نییه پێده‌چێت هه‌ستی بۆن كردنتان زۆر به‌هێزبێت. به‌ڵام ئیتر من قسه له‌گه‌ڵ كێ بكه‌م, من ئیتر قسه بۆ كێ بكه‌م, بچم بۆ لای چ هاوڕێیه‌كی تر. ئاخر من نازانم ئه‌م به‌زمه‌ی سوڵتانه چی یه بۆمن په‌یدابووه. ئێستا خه‌ریكه نه‌فره‌ت له‌و نامه پڕ له‌زه‌خره‌فه‌و ڕه‌نگاو ڕه‌نگانه ده‌كه‌م. من ناوی سوڵتانم ته‌نها له‌حیكایه‌ته‌كۆنه‌كاندا بیستووه. جارێكیان داپیره‌م گێڕایه‌وه كه‌زه‌مه‌نێكی زۆر دوور به‌ر له‌ئێستا له مه‌غریبی عه‌ره‌بی كه‌سێكی ده‌م و چاو زیپكاوی ومڕومۆچی زه‌وق لابه‌ر حوكمی به‌ده‌ستبووه. ئه‌و نزیكه‌ی سێ چاره‌كی ئه‌م جیهانه‌ی له‌به‌رده‌ستدابووه, خه‌ڵكی هه‌ر به سوڵتانی گه‌وره ناویان بردووه. هه‌ندێكی تر بڕوایان وابووه كه سوڵتان له‌ئه‌سڵدا له‌سه‌ر یه‌كێك له هه‌ساره‌كانی تر ژیان به‌سه‌رده‌بات. به‌ڵام ئه‌و خاوه‌ن هێزێكی ئه‌فسوونی سه‌یره. ئه‌و خاوه‌نی هه‌موو شتێكه. ئه‌و له‌هه‌موو جێیه‌كه. ئه‌و له‌هه‌موو كاتێكدایه! له‌یه‌ك كاتیش‌دا ده‌توانێت له ڕابردوو دابێت و له‌هه‌مانكاتیشدا ئاماده‌گی هه‌بێت له ئێستا و له‌داهاتووشدا! من بۆ ساتێك بیرم له‌وه‌كرده‌وه كه ئاخۆ ده‌بێت ئه‌مه هه‌مان ئه‌و سوڵتانه‌ی ڕابردوو بێت كه له‌ئێستادا ئه‌م به‌زمه‌ی بۆ من دروستكردبێت. من تێناگه‌م باشه بۆ ئه‌من؟! پاشان ئه‌گه‌ر ئه‌وگریمانه‌شمان به ڕاست وه‌سف كرد! ئێ ئێستاش من هه‌ر مر‌ۆڤم, هیچ شتێك ئیراده‌ی من ناچار بكات…
من له‌م گێژاوی بیره‌دا تا ده‌گه‌مه‌وه ماڵه‌وه و له‌سه‌رنجی ئه‌م هه‌موو خه‌ڵكه بت په‌رسته ڕه‌ت ده‌بم, ئه‌وا زۆری ده‌وێت. ئێستا ناوی نوێنه‌ری سوڵتان ڕه‌نگه هه‌موو جێگایه‌كی ته‌نی بێت.
نزیكه‌ی پێنج ده‌قیقه به‌ر له ئێستا له ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ ماڵه‌وه لامدا دوكانی كوڕه‌كه‌ی مام كه‌مال. هه‌ر له‌گه‌ڵ چوونم بۆ ژووره‌وه هه‌موو خه‌ڵكه‌كه, مه‌به‌ستم دوكاندارو موشته‌رییه‌كان, سه‌ریان دانه‌واندو بێده‌نگ بوون. هه‌مدیسان گوێم له پسته پستی ” خۆیه‌تی نوێنه‌ری سوڵتانه” بۆوه. ئه‌ی گوو به‌شه‌ره‌فی سوڵتان. ده‌بێ بۆمنی تووشی ئه‌م داوه كردبێت! ئۆف نا ئه‌وه من ده‌ڵێم چ!! خۆ ئه‌سڵه‌ن سوڵتان هه‌ر وجودی نییه.
نزیكه‌ی سێ ده‌قیقه به‌ر له‌ئێستا من گه‌یشتمه ماڵه‌وه. گلاسێك ئاوی ساردم خوارده‌وه‌و دانیشتم, بۆ ماوه‌ی یه‌ك ده‌قیقه و چل و پێنج چركه من بیرم له‌هیچ شتێك نه‌كرده‌وه و به‌ته‌واوی مێشكم له هه‌موو شتێك خاڵی بوو…
… … … من نزیكه‌ی پانزه چركه به‌رله ئێستا له‌ماڵه‌وه به‌ڕێكه‌وتم بۆ شوێنی كاری تازه‌م له دیوانی نوێنه‌رایه‌تی سوڵتانی گه‌وره (خوا بیپارێزێت).