Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
نامەكانى سپێدە

نامەكانى سپێدە

Closed
by April 10, 2008 ئەدەب

كارۆخ فەهمى…..

 لەژێر یەكەمین پرشنگى هەتاوى سپێدەدا خەریكم نامەت بۆدەنووسم، لەراستیدا من هەمیشە خەریكى نامە نووسینم، بەڵام زۆر كەمن ئەو نامانەى كە دەگەنە دەستى تۆ. گلەیی زۆرم هەیە لە سیستمى پۆستەو گەیاندنى ئەم وڵاتە، دەبێ من خۆم بێمو ئەو نامانەت بدەمێ كە بۆم نووسیوى! گلەییم نیە لەوەى كە بەردەرگاى ماڵی ئێوە سندوقى پۆستەى لێ نیە بۆ هەڵگرتنى نامەكانى من، چونكە زۆرجار كەلێنى بلۆكەكانو ژێر تەنەكەى زبڵو بنمیچە داتەپیوەكان ئەو رۆڵە دەبین. لەم بەیانیەدا دەمەوێ نامەیەكى دوورو درێژت بۆ نووسم كە جێگاى هەموو ژیانى بە وردەكارییەكانەوە تێدا ببێتەوە، هەرچەندە دەزانم هەوڵێكى بێهودەیە، هەرگیز ناتوانین كاتژمێرێكى ژیانمان بخەینە توێی نامەیەكەوە گەر هەزاران لاپەڕەش رەشكەینەوە. هەوڵی نووسینەوەى ژیان و نمایشكردنو پیشاندانى بەوانیتر، دەمێكە مرۆڤ هەوڵی بۆداوە. ئەو نووسینانەى كە بۆئێمە جێماون تەنها توانیویانە وێنەیەكى شێواوى ئەم سەردەمەمان بۆ بگوازنەوە نەك گەرمو گوڕی شێوە ژیانەكە. سینەما هەوڵێكى تری گواستنەوەى ژیانە كە تاڕادەیەك توانیویەتى ژیانێكى دەستكرد پیشان بدات. بۆیە سینەماش ناتوانێ بێ كەم وكوڕی بێت لەو گواستنەوەیەدا، چونكە ژیان لەسینەمادا پرۆڤەیە نەك سروشتى.
 نامە ئاگادار كردنەوەى ئەویدیە لەژیانى خۆمان، ئەوانەى پەى بەگرینگى نامە دەبەن مرۆڤى هۆشیارن، ساتەوەختى هەڵپچڕینى نامەیەك جوانترین چركەى رۆژە كە مرۆڤێك تووشی دەبێت. دڵەكوتێیەكى سەیر دەستپێدەكا، هەركاتێك بمەوێ نامەیەك بخوێنمەوە خۆم خاڵیدەكەمەوە لەهەر بیركردنەوەیەك، هیچ شتێكیشی لەگەڵدا ناخۆمەوە. لەدێڕە كاریگەرەكاندا چاو دادەخەمو نووسەرى نامەكە دەهێنمە پێش چاوم. نامە باشترین رێگایە بۆمانەوەى زیاترى ئەوانیتر لەناو ئێمەدا وە بەپێچەوانەشەوە. 
 كە لەپۆلدام حەزدەكەم بۆت بنووسم مامۆستا باسی چی دەكات، لەچایخانەمو حەزدەكەم بێت بڵێم كەچی دەخۆمەوەو كێم لەگەڵەوەو چیم لێوەدیارەو رەنگى كورسیو كاشیو تابلۆی دیوارو هەمووشتێكى ئەم ناوەت بۆ بنووسم. كە پیاسە دەكەم ئارەزوومە باسی هەموو ئەودیمەنانەت بۆبكەم كەدێنە سەر رێم، ئەو رووداوانەى كە دەیانبینم، ئەونانەى كە نیوەڕۆ دەیخۆم، ئەو خەونەى كە شەوانە دەیانبینم، ئەو هیلاكیەى كەدواى رۆژێكى پڕكار دامدەگرێ، مەیلمە هەموو ئەمانەت بۆ بنووسم، وەلێ ئەفسوف نامە ناتوانێ جێگاى خولەكێكى تۆ بگرێتەوە كە لەگەڵمدا رێبكەیت.
 هەمیشە حەز دەكەم بەیانیان نامەت بۆ بنووسم، ئەگەر شەو خەونێكى ناخۆش نەبینین پاكىو فێنكى بەیانى كاتێكى گونجاوە بۆ نووسین. لەسوبحدا ئێمە هێشتا تێكەڵ بە ناشیرینیەكانى رۆژ نین، بیركردنەوەى زۆر هیلاكیان نەكردووین، بەیانیان مرۆڤ لە هەموو كاتێكى تری ژیانى پاكترە. هێشتا تێكەڵ بە فێڵو درۆكانى نیوەڕۆو نوێژە ریاكانى عەسرو گرانجانییەكانى ئێوارەو شەكەتییەكانى شەو نەبووین. بوڵێڵی بەیانى پڕە لەهەناسەى پاك، بۆیە رەنگە نووسینەكانیش دووربن لەخەوشو گەرد. ئەم هەموو نووسینەى بەیانى گەر دەستى هەركەسێ بكەون، لە گەورەییو كاریگەرى ئەوین تێدەگا كە تاچ رادەیەك دەتوانێ مرۆڤ دێوانەو سەوداسەر بكا، تێدەگا ئەوین كوشندەترین نەخۆشییە كە مرۆڤ لەتەمەنى خۆیدا تووشی دەبێ.
  من هیچ چارەى ترم نیە بۆ گەیاندنى نامەكان، كە پۆستە نەبوو، كە نامەبەر نەبوو، ئیدى ناچارم پەنا بۆ ئامێرێكى تەكنەلۆجى وەك مۆبایل ببەم. گازندەى زۆرم لە مۆبایل هەیە كە ناتوانێ مەبەستى من بگەیەنێ، تەنها دەتوانم چەند وشەیەكى كەم بنووسم ئەویش بە ئەلفو بێی زمانێكى بێگانە. كە هەناوى من پڕبێ لەقسە، كە من دونیایەك وشەم هەبێ كوا ئەم پیتە كەمانە تامەزرۆیی من دەشكێنن. مۆبایل شێواندنى هەستەكانەو زۆر دەستكورتە لە گەیاندنى سۆزەكانى مرۆڤ.
 كە لە سپێدەدا نامەت بۆ دەنووسم، حەزدەكەم جریوەى چۆلەكەو كپی كۆڵانو كوژانەوەى ئەستێرەو ئاونگى سەرگەڵاكانو بۆنى رەشەرێحانەكانى حەوشەكەمانت بۆ بگوازمەوە، تا تۆش وەك من هەموو ئەوشتانە ببینیت كە من لە بەیانییە زووەكاندا دەیانبینم. چ چێژێكى هەیە نامە نووسین بۆتۆ لەكازیوەدا بەدەم بیركردنەوە لە رۆژە ساردو گەرمەكانى ئەوین.
 نامە پێداویستییەكى گرینكى هەموو پەیوەندییەكە، لە نامەدا ئێمە ئەو قسانە دەنووسین كە بە زمان نایانڵێین. هەر پەیوەندییەك چەندە نامەى زۆری تێدا ئاڵوگۆڕ بكرێت، ئەوەندە پایەكانى پتەوتر دەبێتو لەرووخانو پچڕانى یەكجارەكى دوورە. نامە تۆماركردنى چركەیەكى بچووكى ژیانە كە زۆر بەنرخە بۆ دواڕۆژی هەرپەیوەنییەك.
  ئەوەتا من لەژێر یەكەمین پرشنگى هەتاوى سپێدەدا خەریكم نامەت بۆدەنووسم.  
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.