Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
نامەى كچێكى قەرەج…. بۆ كوڕێكى نەجیبزادە

نامەى كچێكى قەرەج…. بۆ كوڕێكى نەجیبزادە

Closed
by August 18, 2008 گشتی

 نامەى كچێكى قەرەج…. بۆ كوڕێكى نەجیبزادە
 كەیوان سەعید
 
 ئەمشەو لە سوچێكى خێوەتەكەمدا و لەبەر رۆشنایى تیشكەكانى مانگدا ئەو نامەیەت بۆ دەنوسم, چونكە من هەر لە ئەزەلەوە قەدەرەكانم ژیانى ناو كۆشكیان لىَ حەرام كردووم…..
 كوڕە جوانەكە……
 دواى ئەوەى لە ماشێنەكەت دابەزیم و لێت جیابوومەوە, تێگەیشتم كە بۆ یەكەم جارە لەتەمنمدا چێژى عیشق دەكەم, تێگەیشتم كە عەشق تەنها ئەوە نییە جەستەكان تێكەڵ بەیەكترى ببن, بەڵكو عەشق بارگاوى بوونى روحێكە بە روحێكى دى, من بەدرێژایى تەمەنم لەگەڵ چەندین جەستەدا جووت بووم, پیاوە كەچەڵەكان… بەد مەسەتەكانى درەنگى شەو… بىَ لانەكان… گەنجە نازكەكان… زۆرێك كە لە ژماردن نایەت, بەڵام نازانم بۆ لەگەڵ تۆدا وا هەستم دەكرد یەكەمجارمە دەست دەكەمە ملى كوڕێك  و چێژ دەكەم, بەو دووكاتژمێرە، بڕیارێك لەناومدا خواستى وایە هەرگیز لەبیرت نەكات, بویتە ئەو پاڵەوانەى بۆ هەتا هەتایە لە چیرۆكەكانى خەیاڵمدا بە نەمرى دەمێنیتەوە, راستە هەموو مانەوەى من و تۆ لە دوو كاتژمێر تىَ پەڕى نەكرد, ئەوەشم لا روونە كە تۆ تەنها دەتەویست حەزەكانت لەمندا خاڵى بكەیتەوە كەچى ئارەزووە شێتانەكەى من حەزى دەكرد بۆهەتاهەتایە موڵكى من بىَ، ئەگەرچى دەزانم تۆ كەسێكى خانەدان و نەجیبزادەى منیش قەرەجێكى بىَ ئەسڵ و فەسڵ, تۆ كوڕێكى خاوەنى جوانترین كۆشك و تەلارى ئەم شارەیت و منیش بىَ ماڵ و هەردەمە و لە كەنارى شارێكدا خێمەكەم هەڵدەدەم، تۆیەك كە چوار دەورت شەرمت لىَ دەكەن, منێكیش كە چوار دەورم وەك كاڵایەكى سووك دەمبینن, بەڵام دەبىَ ئەوە بزانیت كەچاوى عەشق ئەو شتانە ناناسىَ و هەموو مرۆڤەكانى ئەم دونیایە لەچاوى خۆیەوە بە یەك ئاست دەبینى.
 خۆمن لەوە تێدەگەم  كە من و تۆ هەرگیز ماڵێك بەیەكەوە كۆمان ناكاتەوە، هەرگیز ئەو منداڵە نابینم بەتۆ بڵىَ باوكە و هاوكات شیرى مەمەكانى من بخوا، بەڵام نازانم  چ حەزێكە بەرەو عەشقى تۆ پەلكێشم دەكات؟؟؟
 گەنجە شیكەكە…
 ئەگەر چى مرۆڤەكان لە شێوەدا هەموویان هاوشێوەن, بەڵام نازانم بۆ من و تۆ ناتوانین ماڵێك دروست بكەین؟ من تا ئێستاش نەمزانى چ پێوەرێكى مرۆڤایەتى مرۆڤەكان پۆڵێن دەكات، ئایا مرۆڤ خۆى دەكات؟ یان خوا بەو شێوەیە دەیان خوڵقێنىَ!!!؟..
 هەمیشە پرسیارێك كە رووبەرووى خۆمى دەكەمەوە ئەوەیە بۆ دەبىَ من لە ئێوەى نەجیبزادە كەمتر بم؟؟؟ من لە منداڵیەوە عەوداڵى وەڵامى ئەو پرسیارەم، شەپۆلێك  پرسیاربۆنەتە گەوورەترین گرێى بیركردنەوەكانم كە تا ئێستاش ناتوانم بیان كەمەوە، كاتىَ منداڵ بووم ئارەزووى تێكەڵ بوونم هەبوو لەگەڵ منداڵە نەجیبزادەكان, هەموو بەیانیەك كە لەخەوو هەڵدەستام ئەوانم دەبینى  هەر یەكەیان جانتایەكیان لەپشدابوو و  پۆل پۆل بەرەو خوێندن دەچوون, كەچى كارى من ئەوە بوو تەنها لەنزیك خێمەكەى خۆماندا بوكەڵە دارینەكەنەم بخەمە بشكەكەوە و یارى لەگەڵ ئەودا بكەم, ئەوانم دەبینى هەموویان كۆمەڵێك منداڵى پاك و بىَ گەرد, و بەجلى رەنگا و ڕەنگەوە پۆل پۆل دەرۆیشتن, كەچى من بەدیار گەمەكەوە لەبەر تیشكى هەتاوێكى گەرم روومەتەكانم بریقەى چڵمى لووتمیان دەدایەوە كە بەسەر قۆڵەكانم دەمسڕى, هەر كاتێكیش لەداكمم بپرسیایە بۆ من نابىَ بچمە لاى ئەو منداڵانە؟ دەیگووت ئاخر كچم ئێمە قەرەجین ئەوان رازى نابن هاوڕێیەتى تۆى قەرەج بكەن!!!.
 ئاى چەندە لەو وشەیە بێزارم, ئێستاش رۆژنییە قەتماغەى ئەو برینەم هەڵنەكەندرىَ و خوێن لەو برینەمەوە نەچۆڕىَ… هەموو جارێك كە لەگەڵ كەسێكدا جوت دەبم چەندین داواكارى سەیرى لێم هەیە، هەر كاتیكیش بڵێم ناتوانم، دەڵىَ تۆ قەرەجى!!! مەگەر قەرەجەكان مرۆڤ نین؟؟؟ من نازانم بۆ دەبىَ لێوى نەجیبزادەكان تەنها بۆ ماچ دروست كرابىَ، كەچى لێوەكانى من بۆ ئەو خواستانەى ئەوان گەرەكیانە؟؟؟ نازانم بۆ دەبىَ ئەوان هەمیشە شانازى بە نەجیبى خۆیانەوە بكەن؟ كەچى من رقم لە سوكێتى خۆم ببێتەوە؟؟؟
 گەنجە نەجیبزادەكە…
 دڵنیابە هەموو شەوىَ خەونەكانم بەرەو كەنارەكانى خۆشەویستى تۆ پەلكێشم دەكەن, هەموو شەوێك بەرەو ئەو ماڵە دەچم كە كە لەهیلانە چولەكەیك دەچىَ و تۆ دەبیتە باوكانە و منیش دەبمە دایكانەكەى، دەگەڕێمەوە بۆ منداڵى ئەوكاتەى حەزم دەكرد ببمە چولەكە تا تێبگەم لە ماڵى چۆلەكەكاندا چى دەگوزەرىَ، بەڵام لە ئێستادا جیا لە منداڵى دەمەوىَ تۆش لەگەڵ خۆم بەرم بۆ ناو ئەو خەونە، تۆش ببیتە كارەكتەر و دەورت هەبىَ, هەمووشەوىَ تا مانگ هەڵدى چاوەڕێت دەكەم، چونكە شەو نییە سمات لە نێو مانگدا نەبینم، شەونیە لەجیاتى تۆ قسە لەگەڵ ئەستێرەكاندا نەكەم، هەركاتێكیش دەگەمەوە بەیانى زوو دیاسەنەوە لەگەڵ پاساریەكان و لەگەڵ تۆدا تىَ هەڵدەچمەوە، ئاى چ قەدەرێكى بەدە مرۆڤەكان ناتوانن بژین وەك ئەوەى دەیانەوىَ، چ موسیبەتێكە ئەوكاتەى دەمەوىَ  ماڵێك درووست بكەم و ناتوانم؟؟  
 گەنجە نازكەكە…
 لە كۆتایى ئەم نامەیەدا زۆر شتم هەیە بەڵام دەمەوىَ هەموویان لە یەك پرسیاردا كۆ بكەمەوە و بڵێم (دەبىَ بەرامبەر ئەو رقەى لە خۆمم هەیە كىَ تاوانبار بكەم؟؟؟)
  
 Kaiwan9@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.