Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

نامەیەک بۆ بەڕێز مەریوان وریا قانع

Be First!
by July 15, 2012 گشتی

 

 

 

ئازیز کاک مەریوان، سڵاو و ڕێز!

 

زەرورەتم بینی ئەم نامە کراوەیەت سەبارەت بە بەشدارییەکانی تۆ لە دێباتی ئیسلامیزم و عەلمانییەتدا لە کوردستان لەم ماوەیەی دواییدا بۆ بنووسم چونکە ماوەیەکی زۆرە دەبینم بەڕێزت ڕا و لێکدانەوەی تۆزێک ڕووکەشانە بەڵام خەتەرناک دێنیتە ناو ئەو دێباتەوە؛ ئەمە بێئەوەی، بە هەر هۆیەک بێت، ناوەندی ڕۆشنبیریی و سیاسیی ئێمە دەرفەتی هەبێت ڕووبەڕووی ئەو لێکدانەوانە بێتەوە و پیشانی بدات کە بەڕێزت تا ئاستێک نامەسئولانە دەست بۆ قسەکردن لە بابەتگەلێکی وا هەستیار دەبەیت کە ئازادییەکانی هەموومانی پێوە بەندە.

من تا ئەم دواییەش وامدەزانی ئەو ڕایەی بەڕێزت کە دەڵێیت «عەلمانییە بێفکرەکانی کوردستانیش وەک ئسوڵگەرا ئیسلامییەکان توندڕەون و ناحەقیی دەکەن چونکە دژ بەوەن کە ئاین لە فەزای گشتییدا ئامادەیی هەبێت» ڕایەکە کە تەنها لە یەک دوو وتاردا وتووتە. بەڵام دوای خوێندنەوەی کتێبی (دین و دونیا) و بینینی بەشی دووەمی چاوپێکەوتنی کەناڵی نالیا لەگەڵ بەڕێزتاندا لەم دواییانەدا، ئێستا دەبینم کە تۆ ئەو تێزەی خۆتت ئەوەندە بەلاوە تۆکمەیە کە ڕێگەت داوە ئەو هێرشەت بۆ سەر ئەوانەی تۆ بە «عەلمانییە توندڕەوەکانی کوردستان» ناویان دەبەیت، ڕەنگڕێژی هەموو کتێبەکەت بکات و، لە تەلەفزیۆنیش بەدرێژایی نیوسەعات بۆ وەڵامی هەموو پرسیارەکان هەر هەمان تێز بێنیتە پێشەوە.

توندڕەویی عەلمانیی بە چی مانایەک؟

شتێک کە من تێیناگەم ئەوەیە کە ئایا تۆ چۆنە و بۆچی پێتوایە «عەلمانییە توندڕەوەکان»ی کوردستان هۆکارێکن لەپاڵ هۆکارەکانی ترەوە بۆ ئەو گەشەکردنە بەرفراوانەی ئێستای ئیسلام و ئیسلامی سیاسیی لە کوردستاندا. گەشەی ئیسلامی سیاسیی ئاکامی هەرچییەک بێت ئاکامی ئەو نووزە کەمەی ڕەخنەی ئەو خەڵکە لیبڕاڵ و سکۆلاریست و ئاتەئیستە نییە کە ئێستا لە کوردستاندا، لەبەر سانسۆری خودیی و سانسۆری ئەو ڕاگەیاندنانەی کە ئامادە نین یان ناوێرن هیچ قسەیەک بڵاو بکەنەوە کە نێگەتیڤانە باس لە ئیسلام و ئیسلامی سیاسیی بکات، هیچ مینبەرێکی وایان لەبەردەستدا نەماوە بۆ قسەکردن. بۆیە بۆ من جێگەی سەرنجە تۆ لە کاتی ئەم بەرتەسکبوونەوەیەی ئازادیی دەربڕینەدا لە کوردستان، دێیت و ڕەخنەی سکۆلاریستەکان لە هەژموونی ئاین بەسەر کونوکەلەبەری وڵاتدا، یەکسان دەکەیتەوە بەو گوتارە ئاینییەی کە داوا دەکات بەها و نۆرمەکانی ناو جیهانبینیی و ئایدۆلۆجیای ئەو، بکرێتە یاسای وڵات و ژیانی هەموو کۆمەڵگای لەسەر ڕێک بخرێت. 

من هەست دەکەم تۆش، بەچەشنی هەندێک ڕۆشنبیری تر کە ئەم ماوەیە ئۆپۆرتۆنیستانە بە ناوی میانڕەوییەوە دەچن بەگژ ڕەخنەگرانی ئیسلامی سیاسییدا، هەوڵ دەدەیت حاڵەتی سیاسیی و دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا لەپەیوەند بە ئیسلامی سیاسییەوە وا پیشان بدەیت وەک ئەوەی مەسەلەکە لەبەشێکیدا سەبارەت بە مافی ئاینداریی خەڵکی موسڵمان و تەجاوزی خەڵکە لیبڕاڵ و سکۆلاریست و ئاتەئیستەکە بێت بۆ سەر ئەم مافە. لێکدانەوەیەک و هەڵوێستگیرییەکی لەم چەشنە ڕەنگە بۆ قسەکردن لەپەیوەند بە جێگەوڕێگەی ئیسلام لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکاندا دروست بێت. بەڵام لە کوردستان دۆزەکە سەبارەت بە بەرتەسکبوونەوەی ئازادیی ڕادەربڕینی ئەوانەیە کە لەگەڵ خۆفەرزکردنی تاکە ئاینێک بەسەر سیاسەتی دەوڵەتیی و فەزای گشتییدا وێک نایەنەوە. توندیی ڕەخنەی ئەم کەسانەش لەو دۆخە، دەکرێت لە بەشێکیدا وەک ئاکامێکی زەرورەتی یاخییبوون لەو بەرتەسکبونەوەیەی ئازادییەکان سەیر بکرێت.

بەهەرحاڵ ڕەخنەی ڕەخنەگرانی ئاین لە کوردستاندا هەرچییەک بێت و چەند توندیش بێت، «توندڕەویی» نییە، وەک تۆ ناوی دەنێێت. ئەمە لەبەر یەک هۆکاری زۆر سادە، ئەویش ئەوەیە کە هیچ ڕەخنەیەک لەم حاڵەتی باڵادەستیی ئیسلام و ئیسلامی سیاسییەی ئێستادا، پێشێلکردنی مافی ئاینداریی خەڵکی موسڵمان نییە لە کوردستاندا. (ئەگەر پێویست بکات من لە داهاتوویەکدا ئەم تێزە بە وردەکارییەکی زیاترەوە ڕوون دەکەمەوە). تۆ بێئەوەی ئاگادار بیت کەوتوویتەتە ئەو سەنگەرەوە کە هاودەنگ لەگەڵ ئیسلامییە توندڕەوەکاندا، مەرجی «بریندارنەکردنی هەستی گروپی ئاینیی» و مەرجی «نەبوونی تۆڵێڕانس بۆ ڕەخنە»، وەک دوو مافی لێبڕاوەی مرۆڤ لە کۆمەڵگای مۆدێرندا سەیر بکەیت. ئەوە بزانە ئەم بەها و نۆرمەی تۆ لێرەدا داکۆکیی لێدەکەیت ڕێک ئەو بەها و نۆرمەیە کە ئەم ماوەیە داوا دەکرێت لەسەر ئەساسیان بە یاسا سزای هەر کەسێک بدرێت کە قسەیەک بکات کە بۆی هەبێت دڵی ئاینداران بڕوشێنێت. بەڕای من ئەمەی تۆ دەیکەیت کارکردنە بۆ بەرفراوانکردنەوەی ڕووبەری حەرامەکان لەسەر حیسابی بەرتەسکردنەوەی ڕووبەری ئازادیی دەربڕین لە کوردستاندا. ئەمە هەرچییەک بێت بەشدارییەک نییە لەپێناو جێپێقایمکردنی ئازادیی باوەڕ و ئازادیی دەربڕیندا، بەڵکو ڕێک پشتچۆڵکردنی ئەو بەهایانەیە.

تۆ بە ناونانی بەشدارییەکانی بەشێک لە چالاکوانە سیاسییە سکۆلاریستەکان بە ”توندڕەویی”، سێ شت دەکەیت: یەکەم، پیشانی دەدەیت کە مانای ووردی چەمکی ”توندڕەویی” تێنەگەیشتوویت و چەمکەکە بێئاگا لەو مانایە بەکار دەهێنیت کە چەمکی (Extremist) لەناوەندە ئەکادیمییەکاندا هەیەتی. دووەم، تۆش بە چەشنی خەڵکی وڵاتانی موسڵمان و بزووتنەوە ئیسلامییەکان، عەلمانییەت وەک جیهانبینییەک یان ئایدۆلۆجیایەکی فەلسەفیی مامەڵە دەکەیت. وەک جیهانبینییەک کە ڕکابەری جیهانبینیی ئاینییە، نەک وەک پرۆژەیەکی سیاسیی و پرۆسەیەکی ناوکۆمەڵگایی بۆ دروستکردنی فەزای هەڵکردنی جیهانبینییە جیاوازەکان لەگەڵ یەکدا. سێیەم، بە چەشنی چەند ڕۆشنبیرێکی عوزرخوای تری ناو ڕۆشنبیریی کوردیی لەئاست ئسوڵگەرایی ئیسلامییدا لە کوردستان، ڕەخنەی خەڵکی لیبڕاڵ و سکۆلاریستی کوردستان لە باڵادەستیی ئیسلام بەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگادا، وەک قسەی سکۆلاریستە ڕەهاگەرەکانی ناو کۆمەڵگا سەرتاپا سکۆلاربووەکانی ڕۆژئاوا – وەک بۆ نموونە فەڕەنسا – مامەڵە دەکەیت و، هەر لەپڕ باسی تێزی پۆست-سکۆلاریزم لای هابەرماس دێنیتە ناوەوە و دەکەویتە پیشاندانی قەلەقیی بۆ مافی ئاینداریی موسڵمانان لە کوردستان. 

بەهەڵەتێگەیشتن لە پۆست-سکۆلاریزم لای هابەرماس

باسی ئەو گەشەیەی کە ئێستا فەندەمێنتاڵیزمی ئیسلامیی لە کوردستاندا کردوویەتی و دەیکات، باسێکە سەبارەت بە داواکاریی هێزە ئیسلامییەکان بۆ دەسەڵاتدارێتیی و فەرزکردنی بەها و نۆرمەکانی ئاینێکی دیارییکراو بەسەر کۆمەڵگادا. باسێکە سەبارەت بە قەلەقیی من و تۆ لە گەشەکردنی هێزگەلێکی ئایدۆلۆژیی کە تۆڵێڕانسی بۆ ئازادیی باوەڕ و بۆ فرەیی و بۆ ئازادیی بیروڕای ئێمە نییە. هێزگەلێک کە توانیویەتی تەنانەت فەرزی بکات لە دەستووردا بۆی بنووسرێت کە ئایدۆلۆژیاکەی ئەو دەبێت سەرچاوەیەکی سەرەکیی هەموو ئەو یاسایانە بێت کە بۆ هەموومان دادەڕێژرێن و نابێت هیچ یاسایەک دژ بەخواستی دڵی ئەو دابنرێت.

لێرەوەیە من تێناگەم تۆ چۆنە دەتەوێت بە پشتبەستن بە پۆست-سکۆلاریزمی هابەرماس لە قەلەقیی خەڵکی کوردستان کەم بکەیتەوە، وە ئایا چۆنە، باوجودی هێزگەلێکی ئیسلامیی کە ئێستاش شەڕی سەرسەختانە بۆ ڕەسمییەتپێدانی لێدانی ژن و منداڵ لە یاسادا دەکەن بە بیانووی جائیزبوونی لە ئاییندا، هێشتا دەتەوێت دڵنیای خەڵک بکەیت کە دیموکراسییەت و مافەکانی مرۆڤ لەو ڕووەوە لە ئەماندایە و ئەوەشی لە گەشەی گەورەی ئیسلامیزم لە کوردستان قەلەقە، لە توندڕەویی خۆیەتی قەلەقە.

هەستدەکەم تۆ بەشێوەیەکی ڕیشەیی بە هەڵە لەو تێزە تازەیەی هابەرماس تێگەیشتوویت کە لەم دە ساڵەی دواییدا سەبارەت بە ڕۆڵی ئایین لە کۆمەڵگای لیبڕاڵ و دیموکراتدا هێناوێتی و لێکدانەوەی زۆر هەڵەی لەسەر بنیاد دەنێێت و دەیهێنیتە ناو دێباتی ئیسلامیزم و عەلمانییەتەوە لە کوردستاندا.

هابەرماس کاتێک باس لە کردنەوەی دەرگا بۆ بەشداریی ئایین لە بڕیاری سیاسیی و یاساداناندا دەکات، لەوێدا بە هیچ شێوەیەک قسەی لەسەر ئەو جۆرە فەندەمێنتاڵیزمە ئاینییەی هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان نییە و مەبەستی ئەو جۆرە بەشدارییە نییە کە ئەوان کردوویانە. ئینسان لە پڕێکدا گومانی تەواوی تێدەکەوێت کە تۆ، هابەرماس خۆی، یان کتێبێکی خاوەن عەرزی ئەکادیمییت سەبارەت بە تێزی پۆست-سکۆلاریزمی هابەرماس بە فەهمەوە خوێندبێتەوە، ئەگینا لە خوێندنەوەی هابەرماسدا کەسێک یەکسەر دەتەقێت بەو باسەدا کە ئەو باسی کۆمەڵگا لیبڕاڵ و سەرتاپا سکۆلاربووەکانی ئەوروپا دەکات، نەک کۆمەڵگایەکی سەرتاپا ئیسلامیزەبووی وەک کوردستان.

ئەوەی تۆ لە ئەوروپا بیستووتە تێزێکی هابەرماسە کە بۆ ئەو بەعەلمانییبوونە زۆرەی کۆمەڵگاکانی ئەوروپا هێناوێتی کە لەبەر زاڵبوونی لەڕادەبەدەری بەهاکانی مۆدێرنە، کەسانی ئاینیی ناچار دەبن لە فەزای گشتییدا ئەوە بشارنەوە کە باوەڕیان بە خودا و بە ئاینێکی دیارییکراو هەیە. لە کاتێکی وادایە هابەرماس دەڵێت ئەمە گرفتێکی دیموکراسییە و ئەمە جۆرێکە لە نالیبڕاڵییەت کە لە درێژەی لیبڕاڵ-دیموکراتییەتی ناو کۆمەڵگای مۆدێرنەوە هاتووە.

هابەرماس سەرباری پێداگریی لەسەر ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی ئایین، مەرجێکی سەرەکیی بەلایەوە لە دەوڵەتی لیبراڵ و دیموکراتدا ئەوەیە کە پرۆسەی یاسادانان پارێزراو بێت لە هەر کارکردێکی جیهانبینیی ئایینیی یان میتافیزیکیی. بۆ ئەمە بۆ نموونە بڕوانە دەقی دێباتی نێوان هابەرماس و کاردیناڵ جۆزێف ڕاتزینگەر (پاپای هەنوکەیی ڤاتیکان) لە کتێبی (The Dialectics of Secularization) لاپەڕە ٢٩. هابەرماس تەنانەت ڕاستەوخۆ باسی ڕەوایی و بگرە زەرورەتی تووڕدانەدەرەوەی ئەو گوتارانە لە فەزای ئیدارەی دەوڵەت دەکات کە لە مونتەڵەقێکی مێتافیزیکیی و ئاگنۆستیکییەوە ئارگیومێنت بۆ ڕای سیاسیی خۆیان دەکەن. (ئاگنۆتیسیزم بە مانای جیهانبینییەک کە وجودی خودا بە مەسەلەیەکی یەکلاکراوە دەزانێت و پێیوایە ئەو مەسەلەیە نابێت جێگەی خیلاف بێت).

دواتر ناکرێت کەسێکی وەک تۆ کە باس لە زەرورەتی بەشداریی سیاسیی ئاین دەکەیت و بۆ ئەمە فەلسەفەی سیاسیی و فەلسەفەی ئەتیک لای هابەرماس دەکەیتە بەڵگەی قسەکانت، کەچی ئاگاداری ئەو «مەرجی وەرگێران»ە (Requirement of translation) نەبیت کە هابەرماس وەک مەرجێک بۆ قسەهەبوونی هاوڵاتییانی ئاییندار لە بڕیاری سیاسیی و یاساداناندا دایدەنێت. مەرجی هابەرماس بۆ ئەم قسەهەبوونە ئەوەیە کە هاوڵاتییانی ئاییندار قەناعەتی ئایینیی خۆیان ”وەربگێڕنە” سەر زمانێکی دنیەویی کە جێگەی قبوڵی هەموو هاوڵاتییان بێت بە نادینییەکانیشەوە. ئەو لە کتێبی (Between Naturalisme and Religion) لە لاپەڕە ٢٢-دا لەسەر ئەم مەرجە دەڵێت کە «بڕیاری سیاسیی و یاسا و ڕێسا تەنها کاتێک شەرعییەتی هەیە گەر لەسەر بنەمای تەبریرێکی عەقڵانیی وەستابێت کە کەسانی بێباوەڕ و کەسانی سەر بە باوەڕی تریش ببینن چی ئارگیومێنتێکی دنیایی تەبریری دەکات» (هەمان کتێب. لاپەڕە ١٢١). هابەرماس ئەگەرچی ئەم مەرجە بەپلەی یەکەم لەسەر پرۆسەی یاسادانان و بڕیاری سیاسیی دەوڵەت دادەنێت، بەڵام لە درێژەدا هەر ئەم مەرجە تەنانەت وەک ئایدیاڵێکی سیاسیی و مۆڕاڵیی دەخاتە سەر دێباتی سیاسیی ناو فەزای گشتییش و داوا دەکات هەموو بەشدارییەکی سیاسیی سەرەتا لەوێدا تەبریر بکرێت و «وەربگێڕدرێت». بۆ ئەمە بڕوانە لاپەڕە ١٥ی ئەم لینکە:

www.holbergprisen.no/images/materiell/2005_symposium_habermas.pdf

کە لەوێدا هابەرماس دەڵێت:

»The truth content of religious contributions can enter into the institutionalized practice of deliberation and decision-making only if the necessary translation already occurs in the pre-parliamentarian domain, i.e., in the political public sphere itself.«

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم مەرجی وەڕگێڕانە دەکرێت ئەوە بڵێێن کە بۆ نموونە لای هابەرماس ئەوە کافیی نییە ئەندام پەرلەمانێکی ئایندار بەوە تەبریری دژایەتیی خۆی بۆ لەباربردنی منداڵ بکات کە لە ئاینەکەی ئەودا لەباربردنی منداڵ حەرامە. سەیری ئەم مەرجە بکە و گوێیەک لە تەبریری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بگرە بۆ ئەو ئیدانەیەی ئەم ماوەیەی دوایی ڕووبەڕووی گۆڤاری (چرپە)ی کردەوە و ئینجا ببینە تۆ چەند بێ موناسەبە باسی هابەرماس دێنیتە ناو دێباتی ئیسلامیزم لە کوردستانەوە.

 

تۆکمەبوونی دیموکراتییەت بە دانی ڕۆڵ بەوانەی کە ڕۆڵی گەورەیان هەیە؟

من بۆ تەبریری ڕەخنەکانت لە ”توندڕەویی عەلمانیی” هەر تەنها ئەو ئارگیومێنتەتم گوێ لێ بووە کە هەم لە چەند شوێنی کتێبەکەتدا و هەمیش لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێیت گوایە ڕێگەدان بە بەشداریی ئایین لە فەزای گشتیی و بڕیاری سیاسیی لە کوردستاندا، بەهێزبوون و تۆکمەبوونێکی زیاتری دیموکراتییەتی لێدەکەوێتەوە.

 

ڕاستت دەوێت من تەواو تێناگەم مەبەستت چییە و تۆ ئەم تێزەت لەسەر بنەمای چی لێکدانەوەیەک بینا دەکەیت، بەڵام پێموایە بە ئیحتیمالی زۆر تۆ مەبەستت لە تۆکمەبوونی دیموکراتییەت ئەوەیە کە ئامادەیی دەنگی ئاینیش لە ناوەندی بڕیاردان و فەزای گشتییدا لەپاڵ دەنگەکانی تردا دەوڵەمەندکردنێکی ئیزافیی دیبەیتی سیاسییە لە فەزای گشتییدا و شەرعییەتوەرگرتنێکی زیاتری بڕیارە سیاسییەکانی حکومەتە. ئەگەر تۆ بەم مانایەیە پێتوایە کە ڕێگەدان بە بیستنی دەنگی خیتابی ئیسلامییش لە ناوەندی بڕیاری سیاسیی و فەزای گشتیی ئێستای کوردستاندا لەپاڵ دەنگەکانی تردا دەوڵەمەندکردن و تۆکمەبوونی دیموکراتییەتە لەو هەرێمەدا، لەکاتێکدا ئێستا لە کوردستان لەبەر نفوزی گەورەی ئیسلامیزم لەناوەندی بڕیار و فەزای گشتییدا، هەموو کۆمەڵگا سانسۆریی خودیی خستۆتە سەر ڕەخنەی خۆی لە ئیسلام، ئەوا ئەو تێزەی تۆ بە غەیری پێکەنین هیچی تر بۆ ئینسان ناهێڵێتەوە. کوردستانێک کە خیتابی ئاینی ئیسلامیی هەموو کونج و کەلەبەرێکی گەورە و بچوکی تیا داگیرکردووە و تەنانەت بە دەقی دەستووریی، هەرێمەکە وەک هەرێمێکی ئیسلامیی ڕەسمییەتی پێ دراوە، چۆنە و مانای چی تۆ بەناوی مافی دیموکراتییەوە داوای بەشدارکردنەوەی دیموکراتیی بۆ دەکەیت؟

 

گرفتی دیموکراتیی ئەوەیە کە فیئەیەک هەبێت لە کۆمەڵگادا کارکردی نەبێت لەسەر بڕیارە سیاسییەکان و مافە فیئەوییەکانی بۆ دابین نەبووبێت. بەم مانایە، ئەگەر گرفتێکی دیموکراتیی لە کوردستانی ئێستادا هەبێت، ئەوە ئەو گرفتەیە کە قسەی سکۆلاریست و ئاتەئیستەکان هیچ مینبەرێکی لە فەزای گشتییدا بۆ نەماوەتەوە و لە دێباتی ناو فەزای گشتییدا ئاسان سەرئاو ناکەوێت. لە دروستکردنی ئەم گرفتەدا بەڕای من ئێوەی ڕۆشنبیرانی عوزرخوا بۆ ئیسلامیزم بێ بەشداریی نین.

 

ئاینی ئیسلامێک کە لەناو پەرلەمانی وڵاتدا لیژنەی ئەوقاف و بردنەپێشەوەی کاروباری ئاینیی بۆ خۆی فەرز کردووە و وەزارەتێکی ئەوقافی بۆ خۆی داناوە کە تەنانەت بودجەی تایبەتیشی بۆ خۆی فەرز کردووە و ناهێڵێت تێکەڵ بە پارەی ”حەرامی” دەوڵەت بێت و، ئینجاش یەکێتیی زانایانێکی هەیە کە هەموو حکومەت و حیزبەکانی ناو دەسەڵاتی حکومیی و ئۆپۆزیسیۆن شەڕی بردنەوەی دڵی دەکەن، نوکتەیەکی گەورەیە تۆ بەناوی فیکرەوە بێیت باسی ئەوە بکەیت کە ئەو ئاینە دەبێت دادپەروەرانە مافە دیموکراتییەکانی بۆ دابین بکرێت و نەخرێتە لاوە. تۆ سیاقی باسەکە و کرۆکی پرسیارەکە تێناگەیت و لەپڕ وەک وەڵام دەست دەبەیت بۆ ئارگیومێنتکردنێک کە بەغەیری حەزی ئەنجامدانی هێرشێکی پێشوەخت-ئامادەکراو هیچ شتێکی تر نایبەستێت بە بابەتەکەوە.

 

دوا ووتە – داوەتکردن بۆ دیبەیت

هیوادارم ئەوە تێبگەیت کە ئەم تێنەگەیشتنەی تۆ لە کرۆکی ئەو پرسیارانەی لێت دەکرێن و ئەو بازدانەی تۆ لە ئارگیومێنتکردندا بۆ تێزێک کە بە زۆر دەیلکێنیت بە بابەتی دێباتەکەوە، عاقیبەتی خراپی دەبێت بۆ ئازادیی باوەڕ و جیهانبینیی و بۆ دێباتی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستاندا.

 

تۆ بێئەوەی خۆی بزانیت قسەیەک دەکەیت کە مانای ئەوەیە کە ڕەخنەی توندی ڕۆشنبیرە سکۆلاریستەکانی کوردستان لە ئیسلام و باوەڕهەبوون و پێداگرییان لەسەر ئەوەی کە دین لەگەڵ چوونەپێشەوەی مۆدێرنتییدا دەپوکێتەوە، ناحەقییە بە ئیسلام و هۆکارێکە بۆ خۆفەرزکردنی ئیسلامیزم بەسەر دەستوور و دەوڵەت و فەزای گشتییدا لە کوردستان.

 

تکایە ئەوە بزانە کە بەهەڵەدەرچوونی ئەو تیۆرەیەی کە پێیوابوو ئایین پێبەپێی گەشەی مۆدێرنیتیی دەپوکێتەوە، قەت مانای ئەوە نییە کە ئیتر ئیسلام و ئاینەکانی تر دەبێت پارێزراو بن لە ڕەخنەی توند. تێزی پۆست-سکۆلاریزم لای هابەرماس مانای ئەوە نییە کە ئیتر کەس مافی نەبێت بڵێت ئایین خورافەیە یان ئەو قودسییەتەی لام نییە کە لای ئایندارێک هەیەتی. تۆ بەم جۆرە قسەکردنەت، بێئەوەی بزانیت، بەشێک لە خەتاکەی خۆفەرزکردنی ئیسلامستەکانی کوردستان بەسەر دیموکراتییەتی لیبڕاڵ و ئازادیی بیروڕدا دەدەیت بەسەر خەڵکە غەیرە-دینییەکەدا.

 

هیوام وایە کە تێزێک لە کتێبکدا دەخوێنیتەوە، بەر لە نەقڵکردنی بۆ ناو دێباتی سیاسیی کوردستان، بیرێک لەوە بکەیتەوە کە ئایا ئەو تێزە باسی کوێ دەکات و چی مانایەکی عەمەلیی بۆ دۆخی کوردستان هەیە. ئەوەی تۆ دەیکەیت نەقڵکردنێکی میکانیکیی ئەو تێزەی هابەرماسە کە داوای کارکردی سیاسیی و کلتوریی بۆ ئایینێکی لاوازبووی ناو ئەوروپای لیبڕاڵ و سەرتاپا سکۆلاریزەبوودا دەکات، بۆ کوردستانێک کە جگە لە حیزبێکی چەندسەدکەسیی وەک حیزبی کۆمۆنیست، هیچ هێزێکی تری تیا نییە خۆی وەک لایەنگری عەلمانیزم ڕاگەیاندبێت. ئەم جۆرە قسەکردنەی تۆ لەسەر عەلمانییەت و ڕۆڵی ئاین لە کوردستاندا نموونەیەکی گەورەی ئەو کارە خەتەرناکەیە کە کەسێک بەبێ لێتێگەیشتنێکی زیندوو و جەدەلیی لە کتێبەکانی مەنهەج، ئەکادیمیا بخوێنیت و تێزەکان بە میکانیکیی تەعمیم بکاتەوە بەسەر هەموو حاڵەتێکی بەڕووکەش لەیەکچوودا.

 

من پێموایە ئەم هەڵەیەی تۆ بەدیارییکراویی لەم حاڵەتەدا هەر تەنها کورتهێنانێکی فیکریی سادە و بێکارکرد نییە، بەڵکو مومکینە ئەوەی کە مینبەری قسەکردن دەدرێتە تۆ و بە ڕووی کەسانی تردا دادەخرێت، ببێتە هۆی پاشەکشەیەکی گەورەی ئازادیی دەربڕین و تەنانەت خەتەری گەورەش بۆ سەر ژیانی ڕەخنەگرانی ئایینی ئیسلام لە کوردستاندا.

 

تۆ دەبێت بزانیت کە دروستکردنی هەستی مەغدووریی لای گروپی ئسوڵگەرا بێئەندازە خەتەرناکە. دروستبوونی هەستێکی وا لای گروپی لەو جۆرە زۆر بەئاسانیی بۆی هەیە ببێتە هۆی پەنابردنیان بۆ نواندنی توندوتیژیی و دەستوەشاندن لە ڕەخنەگرانی خۆیان. کارێکی وا ژیانی یان، لەباشترین حاڵەتدا، جورئەتی ڕەخنەی دەیان ڕەخنەگر لە کوردستاندا دەخاتە ژێر خەتەرەوە. هەستکردن بە مەغدووریی لای گروپێک مەرج نییە هەر تەنها کاتێک دروست بێت کە بەفیعلیی ئەو گروپە ناحەقییان پێ کرابێت، بەڵکو هەستکردن بە مەغدووریی هەستێکی زاتییە بەڵام بۆی هەیە توندوتیژیی گەورە بخاتەوە. هەموو گروپە تیرۆریستەکان هەستێکی وا ووزەی بزوێنەریانە. دروست نییە لە خۆت قبوڵ بکەیت تۆش بەشدارێک بیت لە بەهێزکردنی هەستێکی وا خەتەرناک لای لایەنگرانی ئایدۆلۆجیایەک کە ئێستا لە کوردستاندا نفوز و دەسەڵاتێکی گەورەی هەیە.

 

لەکۆتاییدا ئەوە بڵێم کە ڕەنگە تۆ لەگەڵ زۆرێک لەم قسانەی مندا کۆک نەبیت. بۆیە، ئەگەر وایە، ئەوا من ئامادەم و پێشنیار دەکەم لە دیبەتێکی تەلەفزیۆنییدا ئەم بابەتە تاوتوێ بکەین تا هەم تۆ و هەم منیش دەرفەتمان هەبێت ڕاکانی خۆمان ووردتر بکەینەوە و شەرعییەتیان پێبدەین.

 

هیوام شادیتە!

 

سیروان عەبدول

sirwanebdul@yahoo.com

سلێمانی – 14.07.2012

 

Previous
Next

Leave a Reply