Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
نامە تاریکەکان … مەدیحە سۆفی

نامە تاریکەکان … مەدیحە سۆفی

Closed
by January 29, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

 

1

پەنابەری وڵاتێك بووم 

ئێستا هاونیشتیمانی ڕوحمه

بە ڕەشەبای نیشتیمان دروستبووم

کەچی…..بۆ ڕەوینەوەی ئەم( تا ) یەم

هەر پەنابەری وڵاتی تۆم

 

2

بێ هودەیە گەڕان لە کۆتایی

ئەوەی ماڵئاوایی کرد کۆتایی بوو

سەرەتایەك لەڕێیە سەرمەدی 

ئەوەی بەجێما دووری یەقین بوو   

          3

لە توینێتی من قەد مەترسە

ئاوی حەیاتیش وشك بکا 

چاوی کانییەکم لە بەر دەستە

تۆزی ئەم دونیا جەنجاڵەم کپ بکا

4

دەرگاکانی ئەم شارە یەك ڕەنگ نین

من هەر لەو دەرگایە دەدەم

ڕەنگی ڕوح دەگرێ و 

تێکەڵ بە چاوەڕوانیم دەبێ 

5

چاوەڕێم  بە

 هەر لە ڕاڕەوی ئەم عومرەما

لە نێو پۆستی ئاوارەییما

نامەیەکی تاریك دەگات

دەڵێت: 

هەرچی سەبری بەستووم هەیە

هەرچی ساتی ڕۆچوون هەیە 

هەرچی پەیامی نوستووم هەیە

باسی خۆزگەی سەفەری من 

بۆ نێو ڕوحی شار دەکات

6

 ئەم دڕکە لاسارەی ناخم نەبێ

دەرزی ئاژنی ڕوحم دەکا و

چاوم لە ئاسمانی شین گیر دەکا 

کوا چرۆی سوبحدەم

پەی بە دوا ویستگەم و 

پەی بە باغی ڕازم دەبا؟   

7

کە ون دەبم

بێ ئەوەی شەربەی بەرهەیوانی کەس بشکێ و

بێ ئەوەی خۆر ساتێ زوتر ئاوابێ

بی ئەوەی خەیاڵم ڕێی شار بەجێبێڵێ  

خۆم خۆم دەدۆزمەوە

کە ون دەبم

ڕوحم هەر بە لاولاوی فیراقا هەڵئەزنێ و

   لە دوا هەنگاوی گەڕانەوەشم 

نازانم بۆ؟ 

    دیسانەوە سەرلەنوێ ون دەبم

8

نە وەك خۆر هەڵدێی ……نە وەك بەفر دەباری 

پشکۆی ڕازی…سروەی ڕوحی 

 تا ئەبەد ……تا ئەبەد …………. لە ناکاو هەڵئەکەی

9

من کە دێم …هەر خۆمم و وەکو خۆمم 

 وەکو لەرزی پەڕەیەکی سپی

      لە ترسی لیزمەی بارانی حیبری دڵم  

10

وای لەو هەراسانییەی کە لە دەرگا دەدا نەسیمە و گەردەلوولە لە ژوورێ….

وای لەو تەیمانی دڕکە و لەو پشکۆی ڕازەی ………. بە هیچ ناسرەوێ

11

دەگەڕێم بۆ ویستگەیەك ..ئازاد….ئازاد 

وەکو ناخم کپ و

هەر وەك خۆری وڵاتەکەی چاوم

لە خەویشا ئاوا نەبێ

 

12

چاوه‌ڕوانی مردنێکی له‌ ئاڵتون هه‌ڵکێشراوه‌

ساته‌کانی ڕوحکێشانی) له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌بریسکێنه‌وه‌و)

له‌ ناوه‌وه‌ ڕوح هه‌ڵئه‌کۆڵن

13

 

چەندە نینۆکی ئازار قوڵتر سەختتر….چڕتر

پەلاماری جەستەم بدا

چاوم تیژتر ڕاوی ئاسۆی سبەینێ و

ئاوی هیوای دوسبەی دەدا 

14

شار درزێکی بێ دەنگە

دەڵێم: لە نێو گەرەلاوژەی ئەم دونیایەوە

تەنها گوێم لە درزێکی بێ دەنگە

15

جار جار ده‌مانه‌وێت گۆی زه‌وی بکه‌ینه‌ لادێیه‌ك..کۆڵانێك.. 

دوو ماڵی ته‌نیشت یه‌کتر…یا دوو ده‌ستی نێو ده‌ستی یه‌ك….

16

میوانێك لە دەرگای دا…..گریان بوو

مۆمێكی بۆ ئارامی ناخ….هێنابوو

17

فێرم کە  چۆن ناڵەی ڕوحم دەگاتە خوا؟

فێرم کە چۆن ؟ …..سەبوورییەك 

لە خواوەندەوە دادەکا

 

18

چەند لەخۆم دوور بووم

کە لە تۆ دەگەڕام

ئەی ئەو ئارامییەی

تۆ بێدەنگیی شەوی و

من ناڵەی بێ سەدام

٢/٢/٢٠١٢

 

19

رێگای زۆرم دەگرتە بەر و دەکوژانەوە

درەنگ زانیم

 دەرەوەی ڕوحن و …..ناتدۆزنەوە

20

لە دڵما خۆر هەڵدێ…لە ڕوحما ساماڵ

بە نزایەك…خەڵوەتێکی سەر بەرماڵ

 

سەرەتای ساڵی ٢٠١٣

مەدیحە سۆفی

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.