Skip to Content

Sunday, May 9th, 2021

ناوی ئه‌و باڵنده‌ شینه‌…!

Be First!
by February 2, 2013 ئەدەب

 

 

 

شێعری فروغ  فه‌ڕۆخزاد هه‌میشه‌ بۆ من چێژێكی تایبه‌تی بووه‌. دڵگر و جوان بووه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاوڵناوه‌ بۆ ده‌ربڕینی چۆنایه‌تی شێعری فروغ به‌س بێت . فروغ  تا ئه‌و ڕاده‌ كه‌ ئه‌یناسم و ئه‌و ئیزنه‌ به‌ من ئه‌درێت له‌ شێعره‌كه‌ی بكۆڵمه‌وه‌ و داوه‌ری بكه‌م، له‌ شێعر- هه‌روا له‌ ژیانیش- شاعیرێكی شوێنگێڕ بوو. ئه‌من هیچكاتێك له‌ هۆنراوه‌كانی به‌وه‌ نه‌گه‌یشتم تا بزانم ئاخۆ فروغ به‌ شتێكی تایبه‌ت گه‌یشتووه‌ . هه‌روا كه‌ به‌ رواڵه‌ت ژیانیشی وا بوو، واته‌ فروغ به‌ شوێن  شتێكی دیار و تایبه‌ت نه‌بوو. له‌ شێعریشدا ته‌نانه‌ت هیچكاتێك به‌ شوێن شتێكی تایبه‌ت نه‌بووه‌ . ئێستا به‌ ئامێری شێعر، فیلم یان هه‌ر ئامێری دیكه‌دا بێت .

من هه‌میشه‌« فروغ»م به‌م چه‌شنه‌ ئه‌ناسی كه‌ ئه‌رك وپه‌یامی خۆی هه‌تا ئاستی شوێنگێڕی بردووه‌ و له‌م ئاسته‌ش كۆتایی پێداوه‌. هیچ كاتێك نه‌مدی «فروغ» شتێكی دۆزیبێته‌وه‌ و ئه‌و شته‌ دڵتێری كردبێت.  فروغ  له‌ شێعردا به‌ راستی به‌ شوێن چ شتێكدا ئه‌گه‌ڕا.؟ ئه‌مه‌ بۆ من ڕه‌نگه‌ وه‌ك شكۆ و مه‌زنی شێعری فروغ و گرینگایه‌تی ئه‌و بێته‌ ئارا. واته‌ من فروغم به‌م چه‌شنه‌ خۆش ئه‌ویست . ئه‌مدی مرۆڤێكه‌ كه‌ ته‌نیا به‌ شوێن شتێكه‌وه‌یه‌.به‌ڵام ئه‌مه‌ی كه‌ به‌ شوێن چییه‌، ڕه‌نگه‌ بۆ خودی ئه‌ویش گرینگ نه‌بووه‌. ئاخۆ به‌ شوێن مرۆڤایه‌تییه‌كی په‌تی و ڕه‌سه‌ندا بوو؟ نا! ئاخۆ به‌ شوێن ئه‌ڤین ئه‌گه‌ڕا كه‌ ئامێرێك بێ بۆ به‌خته‌وه‌رییه‌كه‌ی ؟ نا!چوونكا ته‌نانه‌ت به‌ شوێن به‌خته‌وه‌ریش نه‌بوو. هه‌موو شتێكی ئه‌دی و هه‌موو شتێكی خۆش ئه‌ویست . ته‌نانه‌ت ئه‌و په‌ته‌ كه‌ جل و به‌رگیان پێوه‌ هه‌ڵئه‌واسی. له‌و كاته‌وه‌ كه‌ خۆره‌تاو  تیشكی ده‌خسته‌ سه‌ر ژیان و ڕوونی ده‌كرده‌وه‌، بۆ ئه‌و ته‌ژی له‌ ستایشت و پێزانین بوو،هه‌ڵبه‌ت له‌گه‌ڵ هۆكارێكی ترس و تۆقاوی . له‌حاڵێكدا كه‌ هه‌ر دووی ئه‌مانه‌ بوو، هیچ كامیشی نه‌بوو. ئه‌و ته‌نیا ته‌ماشای ده‌كرد و خۆشی ئه‌ویست، به‌ڵام هیچ شتێكی تایبه‌تی له‌م ژیانه‌ی په‌یدا نه‌كرد و ئاخۆ سه‌ده‌ی ئێمه‌ هێنده‌ جیاوازی تێدا ڕه‌چاو كراوه‌ كه‌ ئێمه‌ ئه‌بێ شوێن شتێ بكه‌وین یان شتێك بدۆزینه‌وه‌ ؟ من وا بۆی ناچم. فروغ  لانیكه‌م به‌م حه‌قیقه‌ته‌ گه‌یشتبوو كه‌ به‌ شوێن شتێكه‌وه‌ نه‌بێت .

نازانم ئاخۆ  ئه‌م وته‌ چه‌نده‌ ڕاسته‌ و هه‌تا چ ڕاده‌یه‌ك ده‌توانێت له‌ زاری من بێته‌ ده‌ر. چوونكا ئه‌من خۆم   به‌ شاعیرێك ناسراوم . من وا بۆی ئه‌چم كه‌ هه‌میشه‌ یه‌ك شاعیر، ئێستا نیگاركێش یان مۆسیقازان یا هه‌ر شتێكی دیكه‌-چوونكا من ئه‌مه‌وێت ته‌واوی ئه‌مانه‌ له‌ وشه‌ی شاعیر بگونجێنم- هه‌میشه‌ یه‌ك چاكه‌ مرۆڤه‌. كه‌ واته‌ ئه‌گه‌ر بڵێین فروغ به‌ شوێن دڵۆڤانی و باشیدا ئه‌گه‌ڕا ، ئه‌بو بڕویشتایه‌ به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌ و له‌ خۆی واق بمایه‌. ئه‌م شوێنگێڕی و ته‌لاشه‌ له‌م ڕوانگه‌ كاتێك دێته‌ ئارا كه‌ ئامانجێكی دیاریكراوی نه‌بێت . ڕه‌نگه‌ به‌ڕاستی به‌ شوێن شتێكدا ئه‌گه‌ڕا. ڕه‌نگه‌ به‌ شوێن باڵنده‌یه‌كی شین بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ دیاره‌ ئه‌مه‌یه‌ كه‌ ناوی ئه‌م باڵنده‌ شینه‌ ته‌نانه‌ت به‌خته‌وه‌ریش نه‌بوو. ڕه‌نگه‌ به‌ شوێن له‌یزتۆكێكدا ئه‌گه‌ڕا یان به‌ شوێن حه‌قیقه‌تێكی گه‌وره‌ و مه‌زندا بوو. هیچ كام له‌م چه‌مكانه‌ له‌ شێعری ئه‌و به‌ ئێمه‌ نیشان نه‌دراوه‌ و به‌رجه‌سته‌ نه‌بووه‌ و لانیكه‌م له‌ ژیانیشی من په‌یدام نه‌كردووه‌ ، ڕه‌نگه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ لێی نزیكتر بوون و هه‌ڵسووكه‌وتێكی زۆرتریان بووه‌  بزانن كه‌ فروغ به‌ شوێن چ شتێكدا بوو. ئێمه‌ دوا ئه‌وه‌ی كه‌ فروغ به‌ وته‌ی ( ئه‌خه‌وان سالس) به‌-شاپه‌ری  شێعر- ئیناسین، و دوا ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و وه‌كوو جه‌سته‌یه‌ك ئه‌ناسین كه‌ به‌ وته‌ی (ویكتۆر هۆگۆ) ته‌نیا ئامێرێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی  رۆحی له‌سه‌ر عه‌رز و له‌ ناو ئێمه‌دا بمێنێت ، له‌م كاته‌ ئه‌م قسانه‌ ده‌هێنینه‌ ئاراوه‌ .

له‌ روانگه‌ی من ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ له‌ حاڵی سه‌ماكردن و هه‌ڵپه‌ڕكێدایه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ جوانی هێڵه‌كانی جه‌سته‌ی له‌ باره‌ جۆراوجۆره‌كان نیشان ئه‌دا، ستایشتی ئه‌كا. فروغ بڕوای به‌ رۆحێك بانتر له‌ جه‌سته‌ نه‌بوو و به‌خته‌وه‌ریش، ره‌نگه‌ به‌خته‌وه‌رییه‌ ماكییه‌كانی له‌م چوارچێوه‌ و ستایلی ژیان باوه‌ڕی ئه‌كرد و له‌م بابه‌ته‌وه‌ فروغ به‌راستی چه‌نده‌ واقیعخواز و حه‌قیقه‌ت بین بووه‌ و ئێمه‌ ئه‌م شته‌ له‌ شێعره‌كه‌ی زۆر به‌ گه‌شی ده‌بینین و هه‌ستی پێده‌كه‌ین . فروغ به‌ شوێن ژیان له‌ باره‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌گه‌ڕێت، بۆ ئه‌وه‌ی ستایشتی بكات و جوانییه‌كانی نیشان بات و به‌رجه‌سته‌ی بكاته‌وه‌. بڕوانن كه‌ فروغ له‌ ژیان هه‌تامه‌رگ، له‌و شێعره‌ كه‌ دڵداره‌كه‌ی وه‌سف ئه‌كا، له‌واقیعدا خه‌ریكه‌ جه‌سته‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی وه‌سف ئه‌كا. ئه‌م حاڵه‌ته‌ جیاجیانه‌ له‌ نێوان دوو جه‌وسه‌ری ژیان و مه‌رگ ڕیزیان ئه‌كات و یه‌ك به‌ یه‌كیان ستایش ئه‌كات . 

ئێمه‌ ناتوانین له‌ شێعری فروغ به‌ شوێن خۆشه‌ویستی و ئه‌ڤین به‌و چه‌مكه‌ كه‌ لانیكه‌م له‌ ئه‌ده‌ب و شێعری كلاسیكی ئێمه‌دا خۆی ده‌رخستووه‌ و هاتۆته‌ ئارا، بین. واته‌ ئه‌و به‌ شوێن شتێكی سه‌رانسه‌ر نادیار و ته‌ژی له‌ نه‌هێنی نه‌بووه‌، ڕه‌نگه‌ شوێنگێڕی ئه‌و به‌م هۆكاره‌ پشتی ئه‌ستووره‌ كه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ نێوان له‌دایك بوون و مه‌رگی ئێمه‌دایه‌، و ئه‌م هه‌موو شته‌ گه‌نده‌ڵه‌ كه‌ له‌ ژیاندا جێگایان داگیر كردووه‌، نه‌یتوانیوه‌ زه‌وق و خۆشییه‌ك بۆ ئه‌و عه‌شقه‌ مه‌زنه‌، ئه‌و عه‌شقه‌ پاك و ئه‌فلاتوونییه‌ له‌ ئه‌ژمار بێ. ڕه‌نگه‌ شوێنكه‌وتوویی فروغ ئاسمانی و ئه‌فلاتوونی بێت و ڕه‌نگه‌ ئه‌م ته‌لاشه‌ زۆر به‌رینتر و گه‌وره‌تر له‌م جیهانه‌ بێ. ڕه‌نگه‌ كاتێ فروغ ئه‌م هه‌موو پیسی و قوڕبه‌سه‌رییه‌ی له‌ ژیان بینیوه‌، نه‌یتوانیوه‌ بڕوا به‌م وته‌یه‌ بكات كه‌ ئه‌م جه‌سته‌ هێنده‌ شتێكی گه‌وره‌ و مه‌زن بێت كه‌ لای ئێمه‌ به‌ ئه‌ڤین و خۆشه‌ویستی ناوزه‌د كراوه‌ و ئه‌مه‌ ته‌نیا به‌ڵگه‌یه‌كه‌ كه‌ به‌ ئێمه‌ نیشانده‌دات كه‌ فروغ ته‌نیا و ته‌نیا شاعیرێكی شوێنگێڕ بووه‌ . فروغ له‌ به‌ستێنی ئه‌م جه‌سته‌ دائیمه‌ ئه‌خولێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ رێچكه‌یه‌ك به‌ره‌و ئه‌و ڕاستییه‌ نادیاره‌ بكاته‌وه‌. ڕاستی و حه‌قیقه‌تێك كه‌ ئێمه‌ ئه‌توانین شكۆ و گه‌وره‌یییه‌كه‌ی هه‌ست بكه‌ین و تامه‌ مزره‌كه‌ی بچێژین. ڕه‌نگه‌ ئه‌یویست له‌ نێوان جه‌سته‌ و ئه‌و چه‌مكه‌ پڕشكۆیه‌ په‌یوه‌ندییه‌ك دابین بكات.  ڕه‌نگه‌ ئه‌یویست به‌و حه‌قیقه‌ته‌ بگات كه‌ له‌ ڕوانگه‌ی شاعیرانی كلاسیكی ئێران وه‌كوو رۆح و عه‌شقی عیرفانی و ئاسمانی پێناسه‌ كراوه‌ .

به‌ گومانی من ئه‌م شوێنكه‌وتنه‌ به‌ ته‌واوی به‌ ئه‌نجام گه‌یشتووه‌ . وه‌كوو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌ رواڵه‌ت قه‌ستی شتێكمان ببێ، واته‌ شتێ بڵێین، له‌ شار بچینه‌ ده‌ر هه‌تا بگه‌ینه‌ شوێنگه‌یه‌كی چۆڵ وهۆڵ و مل پێوه‌نێین و هه‌ر بڕوین . ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ نه‌مانگوتبێ كه‌ بۆ كوێ ئه‌چین و بۆچی ئه‌چین ؟ به‌ڵام ئاخۆ ئه‌م كاره‌ ناتوانێ خۆی ببێته‌ ئامانجێ ؟ واته‌ پیاسه‌ كردن، مل پێوه‌نان، چێژ بردن له‌  به‌رژه‌وه‌نده‌كانی ده‌وروبه‌ری  خۆمان. من وشه‌ی شوێنكه‌وتوویی له‌ شێعری فروغ به‌م چه‌مكه‌ پێناسه‌ ده‌كه‌م .

فروغ شاعیرێكی شوێنگێڕ بوو. به‌ڵام له‌ حاڵێكدا كه‌ به‌ شوێن شتێكه‌وه‌ بوو، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌نده‌ گه‌ش و جوانه‌كانی تاقمێكی زۆر له‌ شێعره‌كانی ئاشنا ئه‌كات و ئێمه‌ ئه‌بینین له‌ هۆنراوه‌كانیدا له‌مه‌ڕ ژنێك دێته‌ ئاخافتن كه‌ زه‌میلێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و ڕێكه‌وتووه‌ بۆ شت كڕینی هه‌رڕۆژه‌یی. ئیدی له‌مه‌ باشتر چ شتێك ئه‌توانێت به‌ ئێمه‌ بڵێت ؟ ته‌واوی شتگه‌لێك كه‌ ڕۆژانه‌ ده‌یان جار له‌به‌رامبه‌ر چاوی ئێمه‌ تێده‌په‌ڕن و ئێمه‌ لێیان ورد نابینه‌وه‌. له‌ واقیعدا سه‌یر و سه‌فه‌ری فروغ  هیچ ئامانجێكی دیاریكراوه‌ی نییه‌ و ئه‌مه‌ پڕشكۆترین  گه‌شت و سه‌فه‌ره‌ . ته‌نیا بۆ ئێمه‌ ئاشكرای نه‌كردووه‌ كه‌ بۆ كوێ ملی پێوه‌ناوه‌ و ئه‌ڕوات . ڕه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر بتوانێت به‌ جێگایه‌كیش بگات، دیاره‌ زۆر باشتر بێت . !

و/ له‌ فارسییه‌وه‌: بابه‌ك سه‌حرانه‌وه‌رد 

سه‌رچاوه‌:

www.madomeh.com

 

 

Previous
Next

Leave a Reply