Skip to Content

Wednesday, January 27th, 2021

ناڵه‌ حه‌سه‌ن له‌دیدارێكی شیعریدا…..ئا: بارین عه‌لی

Be First!
by April 18, 2011 ئەدەب

ئەدەبی تاراوگە هەڵگری تایبەتمەندی و سیما و ڕەنگ و ڕووخساری خۆیەتی

ناڵه‌ حه‌سه‌نی شاعیر، خاوه‌نی پێنج نامیلكه‌ شیعرییه‌و چه‌ندین وتارو لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌پێزی ئه‌ده‌بی له‌رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ناوبراو به‌ئاستێكی به‌رزی رۆشنبیری و شاره‌زاییه‌كی باشه‌وه‌ له‌ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌ده‌ب و فكر ده‌نووسێت، له‌شیعره‌كانی ناڵه‌دا مرۆڤ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌پێكهاته‌ی ده‌قه‌كه‌و راسته‌وخۆ ئاشنا ده‌بێت به‌وێنه‌ شیعریه‌كانی، چونكه‌ ئه‌و له‌ڕێگه‌ی فۆڕمێكی دیكه‌ له‌دنیابینی ئه‌ده‌ب و له‌پانتاییه‌كی فراوانتردا جوانی به‌رهه‌مدێنێته‌وه‌، ئه‌م شاعیره‌مان هه‌نووكه‌ له‌ وڵاتی كه‌نه‌دا ده‌ژی، به‌ڵام ئاماده‌یكی جددی و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و نووسینی شیعر هه‌یه‌.

پرسیار : تاکو چ ئاستێک شیعری کوردی توانیویەتی خەم و کێشەکانی مرۆڤ لە خۆ بگرێت ، ئایا شیعر تەنها وەزیفەی ئەوەیە لە ناو فەنتازیا و خەیاڵدا کار بکات .

ناڵە حەسەن : دیارە خەیاڵ و فەنتازیا ، ڕەگەز و پێکهاتەیەکی گرینگ و بنچینەیین بۆ نووسینی شیعر ، شاعیر لە ڕێگەی خەون و فەنتازیاوە دەگاتە ئەو ڕووبەرە نادیارەی کە دەیەوێ تیایدا ، هەم بەدواداگەڕان و هەم داهێنانەکانی بکات . واتە لە ڕێگەی خەون و فەنتازیاوە دەیهەوێ بگاتە ڕووبەرێک کە لەوێدا خەون و ئومێد و غەریزە لاشعوریەکانی بنووسێتەوە .. بێگومان ئەوەش لە ڕێگەی زمان و ئاماژە و وشەکانەوە دێتە دی . چونکە زمان بریتیە لە کۆی ئاماژە و هێمایەک لە نێو سیستەمێکی ڕێزمانیدا .. وە لە ڕێگەی ئەم ئاماژە و کۆدانەوە دەتوانین سروشتی مرۆڤ بناسین . چونکە شاعیر لە ڕێگەی ئەم ئاماژە و کۆدانەوە ڕوئیا و بیرکردنەوەکانی خۆی ، هەم لەسەر خودی خۆی هەم لەسەر دەوروبەری خۆی دەخاتە ڕوو . بێگومان ڕوئیاو بیرکردنەوەکانی شاعیر بۆ دەرەوەی خۆی ، بەدەر نیە لە کاریگەریەکانی باری سایکۆلۆژی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و داب و نەریت و ئایین و کێشە و بەربەست و گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان .. مەبەستمە ئەوە بڵێم شیعر لە ڕووبەرێکی ئێجگار فراوان ئیش دەکات ، دەتوانێت هەموو کێشە و گرفت و خەمەکانی مرۆڤ لەخۆ بگرێت . بەڵام مەرج نیە شاعیر هەموو کێشەکانی مرۆڤ بنووسێتەوە . شاعیر بە پلەی یەکەم هەوڵ دەدات خۆی بنووسێتەوە ، غەریزە لاشعوریەکانی ، خەون و ئومێدەکانی ، بیرکردنەوەکانی بۆ خودی خۆیی و بۆ دەوروبەر .. دەتوانین بەم شێوەیە وێنەی بکێشین کەوا ، لە پشتی ئاماژە و کۆدەکانەوە / پەیوەندی نێوان شاعیر و خودی خۆی لەگەڵ پەیوەندی نێوان شاعیر و دەوروبەر ، بە هێڵێکی تەریب دەڕۆن .. بە مانایەک / خەون و خولیاکان و غەریزە لاشعوریەکانی شاعیر پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هۆکارە دەرەکیەکان دا هەیە .. وەک پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و ئایین و باری ئابووری و تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگە .. چونکە شوێنەوار بە هەموو کاروکردەوە و پێکهاتەکانیەوە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر پێکیاتەی بیر و کەسایەتی مرۆڤەکان . بە تایبەت لە قۆناغی منداڵی و هەرزەکاریدا .. بەمانایەک خەون و خولیاکان و غەریزە لاشعوریەکانی شاعیر ، بەدەر نین لە کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگە .. شاعیر کاتێک ئیش لەسەر غەریزە و خەمەکانی خۆی دەکات ، من پێموایە لە هەمانکات ، لە پشتی ئاماژە و کۆدەکانەوە ، بیرکردنەوە و ڕوئیاکانی خۆی بۆ دەرەوەش دەخاتە ڕوو .. کە بیرکردنەوە و ڕوئیاکانی بارگاوین بە کۆمەڵێک کێشە و گرفتی دیاری کراوەوە ، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە باری دەروونی و بیرکردنەوە و پێکهاتەی کەسایەتی شاعیرەوە هەیە ..! دەمەوێ بەو پۆینتە بگەم و بڵێم ( ئەگەر ژیان بە دەقێکی شیعری وەر بگرین ، شاعیر خۆی کاراکتەرێکی زیندوو و چالاکە لە نێو ئەو دەقەدا ..! ) ئەمەش نەک تەنها بۆ شیعر ، بەڵکو بۆ تەواوی ئەدەب و هونەر / کارلێک و هاوکێشەکان تا ڕادەیەک وەکو یەکن . ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە دواوە و لە ئیشەکانی ” سیگمۆند فرۆید ” بڕوانین دەبینین ( لە ئۆدیبی سۆفۆکلێس و هاملێتی شکسپیر و برایانی کارامازۆفی دەستۆفسکی ) کێشەی کوشتنی باوک و گرێی ئۆدیبی کەشف کرد . یان لە پشتی زەردەخەنە سیحراوییەکەی سەر ڕووخساری تابڵۆی مۆنالیزای داڤنشی / تەواوی یادەوەریەکانی داڤنشی لەگەڵ دایکی و هەستی ” ئەنتاگۆنیزم ” واتە ڕق و تووڕەییەکانی بەرامبەر باوکی خوێندەوە ..! بەمانایەک ئەگەر بمانەوێت لەهەر دەقێک  لە باری دەروونی شاعیر و بیرکردنەوەکانی تێبگەین ، دەبێت ئیش لەسەر هێماو ئاماژەکانی نێو دەقەکە بکەین . چونکە زمان یان وشەکان لە شیعردا شتێک نین جگە لە کۆمەڵێک ئاماژە و هێما ..! دەربارەی ئەوەی شیعری کوردی تا چ ئاستێک توانیویەتی کێشەو گرفتەکانی مرۆڤ بخاتە ڕوو ؟ من پێموایە شیعری کوردی لەمبارەیەوە درێخی نەکردووە .. چونکە لەنێو شیعری شاعیرانی کوردیش وشەو ئاماژەکان پێویستیان بە خوێنەر و ڕەخنەگری جدی هەیە ، پێویستیان بەوە هەیە بە قووڵی ئیشیان لەسەر بکرێت ، تاکو خوێندنەوەیەکی دروست و هەمەلایەنەیان دەست بکەوێت ..!

پرسیار : پێتوایە ئەدەبی تاراوگە دروست بووبێت ، بەوپێیەی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەدیب و نووسەرانی ئێمە لە تاراوگە دەژین ، ئایا تاراوگە بووەتە بابەتی داهێنانی ئەدەبی ؟

ناڵە حەسەن : دیارە من پێموایە ئەدەبی تاراوگە لە سەرەتای دروستبوونیەتی ، دەتوانم بڵێم ئەدەبێکی تۆکمە و ئەدەبێکی هەمەلایەنە ناوی بنێین ئەدەبی تاراوگە ، ڕەنگە لە ئێستادا ئەمەمان نەبێت .. چونکە ئەدەبی تاراوگە هەڵگری تایبەتمەندی و سیما و ڕەنگ و ڕووخساری خۆیەتی .. من پێموایە ئەدەبی تاراوگە وا پێویست دەکات کە کاریگەری تاراوگەی پێوە دیار بێت ، بە مانایەک دەبێت تەعبیر لە ژیانی تاراوگە بکات ، بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ، بە هەموو خەم و خولیاکانیەوە .. وا پێویست دەکات جیهانبینیەکی نوێ و جودا بە ڕۆشنی ببیندرێ .. تەنانەت کاربکاتە سەر شێوازی نووسینیش .. ڕاستە ئەدیب و نووسەرانێکی بەرچاو لە تاراوگە دەژین بەڵام دەتوانم بڵێم ، زۆربەیان لەگەڵ خەمەکانی دوێنێ دا دەژین ..! یان لەگەڵ کێشە و گرفتەکانی نیشتیمانی دایک ، نەک ئەم نیشتیمانە و کیشوەرە نوێیەی لێی گیرساونەتەوە ..! واتە هەمیشە ئاوڕ لە دواوەی خۆیان دەدەنەوە .. کەمتر تێکەڵ بە شارستانیەت و مەعریفە و کەلچەری نیشتیمانی نوێ بوون .. کەمتریش ڕووبەڕووی گرفت و کێشە و خەمی ئەم نیشتیمانی تاراوگە بوونەتەوە ..! لەگەڵ ئەمانەی باسم کرد ، دەبینین ژیانی تاراوگە لەنێو نووسین و ئەدەبی هەندێک لە نووسەرانی کۆچبەر ڕەنگدانەوەی هەیە و وە کاریگەری ئیجابی هەیە لەسەر داهێنانەکانیان ، لە هەمانکات تاراوگە لەلای ئەم نووسەرانە بۆتە بابەتی ئەدەبی .. دەکرێ ( ئەسپیدیلۆن ) ی کاروان عومەر کاکەسوور بە نموونە بهێنینەوە بە تایبەت لە چیڕۆکەکانی ( ماسی و پێڵاوی چەرخەدار ) دا ، کە ژیانی کەمپەکان و بیئەی نوێ کاریگەری بووە یان بۆتە هەوێن و لەدایکبوونی ئەم چیڕۆکانەی .. یان چیڕۆکێکی شێرزاد حەسەن هەیە ، کاتێک بۆ یەکەم جار سەفەری فینلەند دەکات ، بەداخەوە ناوی چیڕۆکەکەم لەبیر نیە ، چونکە سەرچاوەکەم لەبەر دەست نیە ، بەڵام ئەوە دەزانم بۆ کەژالی هەوسەری نووسیبوو ، لە چیڕۆکەکە ، شێرزاد لە ستۆرێکە یان لەناو مۆلێک ، سەرسامە بەوەی ئەم هەموو شتە جوانانە دەبینێت کە زۆربەیان لە وڵاتی خۆماندا نین .. ئارەزووی ئەوە دەکات نەک تەنها ستیانێک یان ملوانکەیەک بەڵکو ستۆرەکە یان مۆلەکە بەسەرشانی خۆیدا بدات و بۆ هاوسەرەکەی بەرێتەوە .. یان چیڕۆکێکی فەرهاد پیربال هەیە کە پەناهەندەیەک دە مۆز دەخوات و پەلکەکانیش فڕێدەداتە سەر شۆستە .. ئیتر لێرە و لەوێ دەتوانین نموونەی لەم بابەتانە بهێنینەوە ، دەبینین ئەم بەرهەمانە مۆرکێکی تاراوگەیان پێوەیە ، بۆن و بەرامەی تاراوگەیان لێدێت هاوکات ڕۆحێکی تاراوگەشیان لە پشتە . یان لە نێو شیعری زۆرێک لە شاعیرانی کۆچبەر ، بێئەندازە باس لە تەنیایی و غوربەت و نامۆیی دەکرێت .. دیارە ئەمانە چەمکەهایەکن قسەی زۆر هەڵدەگرن و ئەو پەیوەندیە تۆخەشیان نیە بە شوێنەوە ، بەڵام کاریگەریەکان هەرچیەک بن ، بەشێکی بۆ نیشتیمان و کیشوەری نوێ و ژیانی تاراوگە دەگەڕێتەوە ، من بۆخۆم تاراوگە کاریگەری بەسەر خۆم و دەقەکانمەوە هەیە و لای من بۆتە بابەتی ئەدەبی و تەنانەت کاری کردۆتە سەر شێواز و زمانی نووسینیشم .. دەکرێ ناوی هەندێک لەم دەقانەم بهێنین وەک ( سەحەر و دوای نیوەڕۆیەکی کەنار دەریا ، نیگایەک بەسە بۆ مردن ، سێرنادا ، بابڕۆینە ماڵەوە گوڵم ، زۆرانیتر ، ) دیارە ئەوە ڕۆشنە ژیانی تاراوگە ئاوێزانبوونە لەگەڵ ، ژیان و کەلچەر و مەعریفە و شارستانیەتێکی نوێ ، وە خۆیلەخۆیدا دابڕانێکە لەگەڵ دوێنێ .. ڕەنگە لە سەرەتادا ئەم ژیانە نوێیە ، زۆر ئاستەم و نامۆ و جێگای سەرسامی و شاگەشکەیی بێت .. بەڵام ، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات وا پێویست دەکات وردە وردە تێکەڵاوبوون و ئاوێزانبوون ڕووبدات ، وە کاریگەری نامۆییەکانیش کاڵتر و کاڵتر ببنەوە . لەگەڵ هەموو ئەو بەربەست و بارە نائاساییانە بەڵام ناتوانین کاریکەری تاراوگە بەسەر بەرهەمە ئەدەبیەکانی نووسەرانی کۆچبەرمان نەبینین .. هەروەک لە شوێنی تریشدا گتوومە ( شاعیران و نووسەرەرانی کۆچبەرمان لە سێرچ و گەڕاندان ..! ) ڕەنگە ئەم هەوڵ و گەڕانانە لە سبەینێدا ، ڕوئیا و بەرهەم و داهێنانی جوانی لێ بکەوێتەوە . بەڵام لە ئێستادا ، هەر ئەوەندە دەتوانم بڵێم کەوا ، ئەدەبی تاراوگەمان لە سەرەتای دروستبوون دایە ..!

پرسیار : سەرچاوەی شیعر لە کوێیە ؟ ئەو هێزە کامەیە کە شوناسی شاعیر بوون بە شاعیر دەدات ؟

ناڵە حەسەن : بە بڕوای سەرچاوەی شیعر لە ڕووبەرێکی نادیارەوەیە ، ڕەنگە نەتوانین بە دروستی ئەم سەرچاوەیە دەست نیشان بکەین ، دەربارەی ئەو هێزەش کە شوناسی شاعیر بوون بە شاعیر دەبەخشێ ، من پێموایە ئەو هێزە زمانە .. لە شیعردا ، لە ڕێگەی ئیشکردن و چڕبوونەوە لە زمان ، دەتوانین شیعری جوان بنووسین و داهێنانی گەورە بکەین .. چونکە فۆڕمە جیاوازەکان و مانای قووڵ و خەیاڵ و فەنتازیا و کۆد و هێماکان و کەشف کردن و وڕوژاندنی پرسیاری نوێ و هەموو ئەمانە لەڕێگەی زمانەوە دەستەبەر دەبن .. کەواتە لە شیعردا ، زمان سەرچاوەی هەموو جوانیەک و هەموو داهێنانێک و هاوکات سەرچاوەی هەموو شوناسێکیشە ..! 

پرسیار : لە سەردەمی تەکنەلۆجیا و بە ئامێربوونی شتەکاندا ، چارەنووسی شیعر بە کوێ دەگات ؟ ئایا پانتاییەک ماوە بۆ ئارامی شیعر ..؟

ناڵە حەسەن : بەر لە هەر شتێک دەمەوێت ئەوە بڵێم ، چارەنووسی شیعر پەیوەندیەکی ئەوتۆی بە تەکنەلۆجیا و بە ئامێربوونی شتەکانەوە نیە .. شیعر ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە مرۆڤ و ژیانەوە هەیە ..! بە مانای شیعر ڕاستەوخۆ ژیان دەنووسێتەوە ، لەم ڕاستایەش تاکە ئامانچێک کە هەیبێ جوانکردنی ژیانە .. بۆیە دەتوانین بڵێین شیعر ، هاوارێکە بە دژی هەموو ئەو شتانەی کە ژیان ناشیرین دەکەن یان جوانیەکانی ژیان دەشێوێنن ..! دەربارەی ئەوەی ئایا پانتاییەک ماوە بۆ ئارامی شیعر ؟ لێرەدا دەتوانم ئەوە بڵێم ، شاعیر خۆی پێکهاتەیەک و ڕۆحێکی نائارامە ، لە نێو پانتایی و ڕووبەرە نائارامیەکان ئیش دەکات .. بۆیە شیعر ناتوانێت لەنێو بازنەکانی ئارامی و بێدەنگیدا بمێنێتەوە ..! من لەم دواییە بەوە گەیشتووم کەوا ( شیعر فۆرمێکی بێدەنگ نیە ..! ) بۆیە ئەوکاتانەی ماڵی ژیان دەگوازرێتەوە بۆ سەر شەقامەکان یان هەر شوێنێکی تر ، شیعریش وا لەوێدا ..! چونکە شیعر و ژیان بە یەک ئاراستە ڕێدەکەن یان ڕوونتر بڵێم شیعر لەنێو هەناوی ژیان دایە ..! بۆیە شیعر نە لە نێو بازنەی ئارامی وە لە نێو هیچ بازنەیەکی دیاریکراو نامێنێتەوە ، بە مانایەک بە هیچ شێوە و ڕووخسار و ڕەنگێکی دیاریکراو خۆی نادات بە دەستەوە .. بۆیە زۆرجاران ، شیعر لەنێو ئەوپەڕی ئارامیدا ، بەدوای ئەوپرسیار و گومانانە دەگەڕێت کە نائارامیترین ئەتمۆسفیر لەلای خوێنەران دەخوڵقێنێ و هەندێجاریش لەنێو گەرمەی هاوار و نائارامیەکان ، میلۆدیە ناسکەکانی خۆی بۆ جوانیەکانی ژیان بە ئەوپەڕی ئارامی دەچڕێت ..! ئیتر سیحری ئەمە لە کوێوەیە ؟ هەر ئەوەندە دەتوانین بڵێین .. ئەوە حەقیقەتی شیعرە و هیچی تر ..!

Previous
Next

Leave a Reply