Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
“نا بۆ کۆمەڵکوژی ژنان“

“نا بۆ کۆمەڵکوژی ژنان“

Closed
by October 7, 2011 ژنان

دەزگاکانی ژنانی کورد لە ئەوروپا مۆری خۆیان له‌ هه‌نگاوێکی مێژوییی نا بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی کۆمەڵکوژی ژنان.
ده‌زگاکانی ژنانی کورد و ژنانی نێونه‌ته‌وه‌یی قڕکردن و کۆمەڵکوژی ژنیان لە کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی دا تاتوێ کرد ، کۆنفرانسی “ نا بۆ قڕکردنی ژنان “ کە لە هەشتی مارتی ئەمساڵەوە بۆتە دروشمی هەڵمەتێكی دژ بە کوشتنی ژنان لە کوردستان و دەرەوەی وڵات ئەمجارەیان بەهەمان دروشم لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بووە دروشمی بەستنی کۆنفرانسێک . کۆنفرانسەکە رۆژی ١٧ مانگی ئەیلول ٢٠١١ بەسترا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانەوە ژنان بەشداریان کرد وەک فلیپین ، کۆنگۆ ، مەکسیک ، ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتین ، ئەڵمانیا ، هۆڵەندا ، کوردستان ، تورکیا ، بەریتانیا ، عێراق ، نوروێژ زیاتر لە ٢٠٠ ژن بەشداریان کرد ،دەزگاکانی وەک بیرۆی ئاشتی ژنان ( جەنی ) ، ناوەندی بەیەکگەیشتنی ژنان ( ئوتائامارا ) ، وەقفی ڕۆزا لوکسەمبورگ لقی نۆرد راین فەستڤالیای ئەلمانیا و کۆمەڵەی ئاگیسرا کۆنفرانسەکەیان رێکخست.
ئەندامی وەقفی ژنانی نێونەتەوەیی دیلەک کورد وتەی کردنەوەی کۆنفرانسەکەی کرد و ، بە سڵاو کردن لەو ژنانەی لە ژێر چەتری بزوتنەوەی ژنانی ئازاد و دیموکراتی لەپێنج قۆڵەوە ڕوویان لە ئەنکەرە کردووە لە پێناوی ئاشتی و راوەستاندنی شەڕ دا دەستی بە وتەکەی کرد و ، ڕایگەیاند سیستەمێکی کە پشتقایمە بە دەستەڵاتدارێتی پیاوسالاری هەزاران سالە بەردەوامە ئەمرۆش سیستەمی سەرمایەداری درێژە بەو سیستەمە دەدات ، چ سەرمایەداری بێ یان خێلەکی ئێش و ژان بۆ ژنان دێنێ و ، زوڵم و ستەم و توند وتیژی بە سەر ژنان دا دەبارێنێ ، لە سیستەمی سەرمایەداری رۆژئاوا هەم ڕەنج و هەم جەستەی ژنان داگیر دەکەن ژنان لێرە سکرتێر بن یان راوێژکار ، مامۆستا بن یان پزیشک پێوەری سیستەم بۆیان دەبێ جوان ، ناسک و هەموو شتێکیان دەبێ بۆ پیاو بێ . لە رۆژهەلاتیش ژن نە خاوەن جەستەی ، نە ناسنامەی نە هەبونی خۆی نیە ، بۆ هەموو کەسێکە تەنیا بۆ خۆی نیە و تو ند و تیژی دزەی کردۆتە نێو هەموو شانەکانی جەستەی کۆمەڵگە ، خێزان و جەستەی تاکەکان و سیستەم ملیتاریزە کراوە ،  دەولەت لە سەر پشتی ژنان هێزی پەیدا کردووە ، پیاو هەموو شتێکە و ئەوەش بە داگیرکاری رەنج و بونی ژن کراوە ، ژنی کورد هەم وەک نەتەوە ، هەم وەک ژن دەچەوسێتەوە ، لە تورکیا هەر چوار رۆژ جارێک ژنێک دەکوژرێ ، تەنیا لەمساڵ دا ٢٢ ژن کوژراون .
دیلەک کورد کوشتنی ژنانی وەک بەرهەمی ئەو سیستەمە بە ناو کرد و ، ڕایگەیاند کە تیکۆشان لە دژی ئەو سیستەمە دەکرێ بە رێکخرابونی ژنان پێک بێ  لەسەدەی ٢١ دا تێکۆشانی ژنان لە دژی توند و تیژی بۆتە ناچاریەک لەسفرە دەست پێناکات چونکە ئەزمونێکی مێژوویی گرنگ و میراتیەکی بەنرخ هەیە کە ژنی کورد داکۆکی لێدەکات و ئەو تێکۆشانە ٢٠٠ ساڵە بەردەوامە ، گرنگترین شت رێکخستن کردنی ژنان و کردنیان بە هێزی گۆڕانکاری.

هۆزان مەحمودیش لەسەر قوربانی بونی ژنان لە دوای دەستوەدانی ئەمەریکا لە عێراق دا هەڵسەنگاندنی کرد و وتی ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست زیاترین پێشێلکاریان ڕووبەڕوودەبێتەوە بەهۆی رژێمە ئیسلامیەکانەوە ، تابلۆیەک بۆ ژنانی ئەو هەرێمە لە ئاستی جیهان دا کێشراوە کە پێم وایە هەڵەیە ئەویش ئەوەیە کە هەر باس لە ژنانی رۆژهەلاتی ناوین بکرێ یەکسەر ژنانێکی کە سەریان داپۆشراوە و خۆیان داپۆشیوە دێننەوە بیر ،ئەوە ئیماژێکی هەڵەیە . ژنان لەو هەرێمەی ئێمە هەموو شتێکیان بە پیاوانەوە بەستراوەتەوە ، یاساکان ئەو حاڵەتەی بەهێز کردووە چونکە یاساکان لە ولاتێکی وەک عێراق لە دوای هاتنی ئەمەریکا بە پێی شەریعەت داڕژراوە ، دیارترینیان ئەوەیە کە پیاوێک دەتوانێ چوار ژن بێنێ و، میراتی ژنان وەک پیاوان نین ، ژنان ناتوانن وەک پیاوان داوای جیابونەوە بکەن . ئێمە  و کۆمەڵێ کەسی ئاکادیمی رێکخراوەی ژنان ، نوسەران و شاعیران لەدژی ئەو یاسایانە ڕاوەستاین
ئێمە لەگەڵ نوێنەرایەتی کردنی ژنانین لە پەرلەمان بەلام لەگەڵ ئەو جۆرە دەست نیشان کردنە نین بۆ دانانی ژنان لە پەرلەماندا چونکە ئیرادەی ژنانەیان نیە و بە پێی ئیرادەی پیاوان کاردەکەن و لە ژێر کاریگەری ئەوان و لە بەرژوەندی پیاوان کار دەکەن.
ئێمە پێمان وایە کە دەبێ مزگەوت ئەرکی خۆی دیار کراو بێ کە جێی خوداپەرستی تاکەکانە بێ ئەوەی کە کاریگەری لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵک و، سیاسی کردنی ئایین هەبێ . سیستەم بەپێی شەریعەت دانەڕژێ دەبێ دەولەت لە ئاین جیا بکرێتەوە . ئەگەر ئاینێک لە دژی ماف بێ ، بۆچی مرۆڤ ئایندار بێ ؟ چونکە لە زۆر جێ بە ناوی ئاینەوە مرۆڤ دەکوژرێ و بێ ماف دەکرێ . دەبێ کار بۆ سیکولاریزە کردنی سیستەم بکرێ.
لە باکوری کوردستان و تورکیاوە فیگەن ئاراس کاپلان ئەندامی کۆمەڵەی جەرەن کە داکۆکی لە مافەکانی ژنان دەکات لە ئامەد لە کۆنفرانسەکەدا قسەی کرد. فیگەن ئاراس کاپلان وتی: لە تورکیا وکوردستان ٣٠٠٠ زیندانی سیاسی هەن لەم ماوەی دواییەدا گیراون هەزاریان ژنن و هەموویان چالاکن لە بواری سیاسی و بواری مەدەنی دا. کوشتنی ژنان لە تورکیا لە ریزی پێنجەمین دایە . حەوت ملیۆن ژن لەو ولاتە بە موچەیەکی کەم کرێکار و فەرمانبەرن. لەپەرلەمانی تورکیا ٥٥٠ پەرلەمانتار هەن ٧٨ لەوانە ژنن ، ژنانی نێو پارتەکانی سیستەم ( ئاکەپە ، جەهەپە و مەهەپە ) بێ ئیرادەن لە سیاسەت دا رۆلێکی ئەوتۆیان نیە و چاو لە دەستی پیاوان دەکەن و بێ ئیرادەن . ئەو ژنانە پارتەکانیان چی بلێ سەریان بۆ دەلەقێنن و بە قسەیان دەکەن . لەسەر سیاسەتێکی لە بەرامبەر کورد و ژنانی کورد بەریوەدەبرێ بێ دەنگن . لەکابینەی حکومەتی ئاکەپە کە بەدەنگی لەسەدا پەنجای هاولاتیانی تورکیا بووە دەستەڵاتدار تەنیا ژنێک هەیە ئەویش وەزیری کاروباری کۆمەلایەتی و ژنانە . ٨٠ شار لە تورکیا تەنیا یەک پارێزگار ژنە  ، لە ٣٠٠٠ شارەوانی شارەکان، ناوچەکان ، شارۆچکەکان تەنیا ١٧ یان سەرۆک شارەوانی و لەو ژمارەیەش زۆربەیان سەرۆک شارەوانی ژنانی بەدەپەیین. ئاکەپە باش میدیا و چاپەمەنیش بەکاردێنێ بۆ سەرکوت کردنی ژنان و چەواشەکردنی کۆمەڵگە و سەرکوت کردنی مافەکانی ژن . دوایین نمونەش داوای ئەرۆدغان لە رێی میدیاکانەوە کە هەر ژنێک با سێ منداڵی ببێ.
بەو شێوەیە ئاکەپە دەست لە جێگەی خەوتنی مرۆڤەکانیش وەردەدات ئیرادەی ژن زەوت دەکات لەوەی کە ناهێلێ ئەو بڕیار بدات کە چەند منداڵی ببێ  ، بەو پێیە ژن تەنیا وەک دایکێک کە لە ماڵ سەرقاڵی بەخێو کردنی مندال بێ دەبینێ . پرسی کورد پرسێکی سیاسیە و نەبونی پێگەیە ، بەلام ئاکەپە دیسان لەو مەسەلەیەدا ژن لە چارەسەر پرسەکەدا بەکاردینێ . سەرۆک شارەوانی شاری ڕیزە لە رۆژاوای تورکیا داوا دەکات کە هەر پیاوێکی تورک ژنێکی دووەمی کورد بێنێ بۆ ئەوەی پرسەکە چارەسەر ببێ و لەگەڵ کۆمەڵگەی تورکیا بیانگونجێنن و بیانتوێننەوە .لەیاساکانی تورکیادا کوشتنی ژنان وەک تاوان تۆمار ناکرێ و بکەرانی سزا نادرێن . زۆر وەک ئەوەی کە خۆی کوشتووە تۆمار دەکرێ . یان ژنێکی کە دەستدرێژی کرابێتە سەری لە کەسی دەستدرێژکار مارە دەکرێ گوایە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە ئەوە دەکەن . لەو جێیانەی لە بزوتنەوەی ژنانی کورد گەشەیان کردووە بە زۆری لەو جێیانە بە ئاگاییەوە رێ لەسەر ڕوداوی توندو تیژی سەر ژنان دەکریتەوە و تاوان زۆر دەبێ ، سیستەم دەیەوێ بەوە پەیام بە بزوتنەوەی ژنان بدەن کە تێکۆشانیان بێ ئەنجامە.
میدیا رۆژهەلاتی ناوین بەتایبەت میدیای تورک هەمیشە لەدارشتنی هەواڵەکانی دا ژن وەک سەرچاوەی کەوتنەوەی ڕوداوەکان نیشان دەدات بۆ نمونە:
ئەو ژنەی لە ماڵ هەڵهات لە لایەن مێردەکەیەوە کوژرا( واتە هەڵهاتووە بۆیە کوژراوە )
ئەو ژنەی کە سلاوی لە پیاوێک کرد لە لایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا ( واتە سڵاودان لەپیاوێکی تر بۆتە هۆی کوشتنی ).
ئەو کوشتنانەی تۆمار کراوە لە تەنیشتیەوە هۆکارەکەی وەها دیار کراوە :
ژنێک لەسەر ئەوەی کە ئاوی نەداوە بە هاوسەرکەی کوژراوە
ژنێک لەسەر ئەوەی کە کاری ماڵی نەکردووە کوژراوە
ژنێک لەسەر ئەوەی کە خواردنی لە کاتی خۆی دا ئامادە نەکردووە کوژراوە
ژنێک لەسەر ئەوەی کە جلوبەرگی هاوسەرەکەی نەشۆردووە کوژراوە
لەسەر ئەوەی کە وەلامی هاوسەرەکەی نەداوەتەوە کوژراوە
لەسەر ئەوەی کە ژنێک پەیوندی سێکسی لەگەل هاوسەرەکەی نەکردووە کوژراوە و هتد…
کەسایەتی سەرۆک وەزیر ڕەجەب تەیب ئەرۆدغان و هاوسەرە گوێڕایەڵەکەی ئەمینە ئەرۆدغان وەک دوو شێوەی کەسایەتی ژن و مێردێک کاریگەری سەرەکی هەیە لەسەر بەرز بونەوەی ئاستی توند و تیژی نێو کۆمەڵگە و خێزان بۆ ؟
کەسایەتی ئەرۆغان لە ئاستی نێونەتەوەیی دا وەک کەسێکی قەبە ، شەقاوە دەناسرێ وەلامدانەوەی دوور لە ئەتیکێتی دیبلۆماسی لە کۆبونەوە جیهانیەکان دا باشترین نمونە هەرلە ڕوداوی یەک منوتەکەی داڤوسەوە بگرە تا ئەو لیدوانانەی کە لە ناوخۆ دا دەیدات چ کەسایەتیەک نیشان دەدات ؟ کەسایەتی قەبە ، پیاو بە واتای وشە تەنیا ئەو قسە دەکات ،ژن لە تەنیشتیەوە بۆی نیە قسە بکات وەک ئەوەی لە ئەمینە ئەرۆدغان دا دەیبینین ، هەمیشە لە تەنیشت هاوسەرەکەیەوەیە ، سەنگین و سەلار و سەرداپۆشراو و ملکەچ ،پێویست بکات بۆ مندالانی سۆمال دەگری و بێ دەنگە. ئەمە ئەو تیپە ژن و پیاوەیە کە نمونەیان زۆر بووە لە تورکیا.
ئێمەش وەک تەڤگەری ژنان دەمانەوێ تیکۆشان لە دژی وەهاسیستەمێک بکەین  ، توند و تیژی سەر ژنانی لە تورکیا وەک ئەنجامی سیاسەتی ئاکەپە هەڵسەنگاند و ، وتی ئیدی ئەو دۆخە لەو ولاتە ئاسایی لێ دەڕوانرێ  ، زهنیەتی ئاکەپە و دەولەت زیاترین شتی کە لێی دەترسێ تەڤگەری ژنانی ئازادی گەلی کوردە بۆ ئەوەش زیاترین هێرش بۆ سەر ژنان دێنێ.
ئەندامی لقی مەکسیکی وەفقی رۆزا لوکسەمبورگ پارتیسیا زاپاتا لەسەر دۆخی ژنان لە گواتیمالا قسەی کرد و وتی:
تەمێکی ٣٦ ساڵ ولاتی بەریوەبرد بەرهەمی توند و تیژی سەر ژنان زۆر لە ئاستیکی بەرز دا لێکەوتەوە ، ژنان لە شەڕی ناوخۆیی دا زیاتر بونە قوربانی . تەنیا لە شەڕدا ٤٦٠ ژن لەناوبران ، بە بەرچاوی پیاوان ژنانی دووگیان سکیان هەڵدەدڕرا مندالەکانیان لە سکیان دەردەهێنا.
لە مەکیسک بنەمالە تا ئیستاش نەریتیە ، ماڵ بە باشترین جێ بۆ ژنان دەبینرێ چونکە تەنیا لە ماڵ دا ئاسایشی ژیانیان هەیە ئەو ژنانەی کە زوو دەچنە سەر کار و درەنگ دەگەڕینەوە ڕووبەڕووی کوشتن و توند و تیژی دەبنەوە ، باندەکانی مادەی بێ هۆشكەر زۆر بڵاون و زۆریان ژنان دەڕفینن و ، دوای دەستدرێژی کردنە سەریان دەیانکوژن ئەگەر لە کاری مادەی بێ هۆشکەردا هاوکاریان نەکەن. بەتایبەتی ژنانی لاو زۆر جار دەبنە نێچیری ئەو باندانە ، دایکان هیچ گەرەنتیەکیان بۆ ژیانی کچە گەنجەکانیان نیە. لە گواتیمالا ئەو ژنانەی دەکوژرێن پارچە دەکرێن و فڕێ دەدرێن ، کوشتنی ژنان لەو ولاتە لە سەدا ٣٠٠ زیادیکردووە  لە ساڵی ٢٠٠٨ دا ٨٢٠ ژن کوژران ، لەساڵی ٢٠٠٩ دا لەسەدا ٥٠٠ زیادی کرد ، تەنیا لە مانگەکانی سەرەتا ٢٠١١ تا ئیستا ٣٠٠ ژن کوژراون . کوشتنی ژنان وەک تاوان لە قەڵەم نەدراوە و تا ئیستاش نەتەوەیەکگرتووەکان هیچ خۆی لەو کۆمەلکوژیەی ژنان نەگەیاندووە . ژنان لەوێ تەنیا لە بەرئەوەی ژنن دەکوژرێن لە لایەن باوکیان ، برایان ، هاوسەریان و جاروباریش لەلایەن کوڕەکانیانەوە . لە گواتیمالا لە ١ ی حوزەیران دا هەڵبژاردن ئەنجام درا لە سەدا ٨ ژنان نوینەرایەتیان هەبوو ، نوێنەری ژنان لە دەزگاکان دا زۆر کەمە و تێکۆشانیان زۆر لاوازە. دەبێ لە ئاستی نیونەتەوەیی دا تێکۆشانی ژنان بەهیزبکرێ نەک بۆ کەم کردنەوەی توند و تیژی بەڵکو بۆ ریشە کێش کردنی لەسەر بنەمای چارەسەرکردن کێشەکان.
لە کۆنفرانسەکەدا فادیلە یڵدرم نوێنەری  ریکخراوی ئۆتائاماراش وتی:
شەڕ لە ئارادایە ، هەندێ شەڕ هەن ناویان لێنراوە وەک شەڕی جیهانی یەکەم ، دووەم ، شەڕی سارد ، بەلام شەڕێک هەیە کە هەزاران سالە بەردەوامە شەڕی نێوان ژن و سیستەمی دەستەڵاتداری پیاوسالاری کە ناوی لێ نەنراوە ، درێژترین شەڕ ، دژوارترین شەڕ ، خوێناوی ترین و پڕ قوربانیترین شەڕە تا ئێستاش لە سەر پشتی ژن ئەو شەڕە بەردەوامە . شەڕێکە کە پیاو خۆی بە دەزگا کردووە لە دەولەت و ئەرتەش دا لە ڕووی دەروونی ، ڕۆحی ، ئابوری  ، کۆمەڵایەتی ، سیاسی و ئیداری دا پیاو لە شەڕدا خۆی سازمانداوە ، ئەم شەڕە بۆ نابینرێ چونکە پارچە پارچەیە و بە چاو نابینرێ و، دەستەلاتدارانیش نایانەوێ کە ناوی لێ بنرێ و لە بەرامبەری تێکۆشان بکرێ . دەزانین کە تەنیا لە ئەوروپا ٥ ملیۆن ژن بە ناوی ئەوەی کە جادو و سیحربازن کوژران و سوتێنران و ملیان بە گیۆتین بڕرایەوە. داخۆ ژنان لە کوێی ئەو دەزگا بونەی پیاوان دا کە ئەرتەش و دەولەت دا خۆی چەسپاندووە ؟ ژنان نەک لە جەوهەر دا نین ، بەلکو لە پەراوێزیش دا نە دەنگیان و نە ڕەنگیان هەیە . بۆ ئەوە ناچارین رادیکالانە دەست بە هەڵمەت بکەین ، پەلەیی ئەو پرسە و چارەسەری بخەینە ڕوو ، هەڵمەتەکە بۆ ئەوە نیە کە رای گشتی لە دۆخی ژنان و قوربانی بونیان ئاگادار بکەینەوە ، ئێمە دەمانەوێ دەرزی بکەین بە کۆمەڵگە دا و دۆخێکی نیو مشتومڕ و نیو تاودان دروست دەکەین لانی کەم بۆ ئەوەی کە خەڵک هەندێ بهەژێ و وشیار بێ لەوەی چ ڕوودەدات و گفتوگۆی جدی بکات لەوەی کە ئەم دۆخەی هەیە چارەنوس نیە و ئاسایی نیە . دەمانەوێ ئەو رەحەتیەی کۆمەلگە تێک بدەین بۆ ئەوەی کەلەسەر قاچی راستەقینەی خۆی ڕاوەستێ . دەبێ ژنان پرەنیسیپ و پێوانەی ڕەت و قەبوڵی خۆی نیشان بدەن چونکە لە هەندێ جێ کاتێ ژن ڕەت دەکاتەوە ئەگەر پیاو نەشیکوژێ ژیانی لێ دەکات بە دۆزەخ دەبێ ئەو دۆخە ئاسایی نەبینین. ئازادی بێ قوربانی نابێ دەبێ ئامادەبین بۆ قوربانیدانیش ، ئەو تێکۆشانەمان نیشانی دەدات کەئازادی هەروا کارێکی ئاسان نیە قوربانی زۆری بۆ دراوە .و ڕیشەیی بونی کێشەکەش نیشان دەدات بەلام ئازاد بونیش بە باوەڕ بون بە ژنان دەبێ. دەبێ بەوە باوەڕ بین کە ژنان هەموو شت دەتوانن بکەن . دەزگای نێونەتەوەیی وەک لاهای هەیە بۆ دادگایی کردن و سزادانی تاوانبارانی جەنگ بەلام دادگایەکی نێونەتەوەیی نیە بۆ دادگایی کردن و سزدانی تاوانبارانی توند و تیژی سەر ژنان .دەبێ بزوتنەوەیەکی ژنانی نێونەتەویی لەدژی سەرمایەداری ، فاشیزم و ملیتاریزم ئاوابکەین. رۆژانە ٨٠٠ کەس دەکوژرێ ئەوەش لە ئاستی نێونەتەوەیی دا لەئەنجامی سیستەمی سەرمایەداری و شەری دەستەڵات دا دەکرێ.
کۆردیناسیۆنی رێپێوانی ژنانی ژنان ئەسترید ڕووند کە وەک نوێنەری ژنانی کۆنگۆ به‌شداری کرد باسی نه‌ریت و ، دیارده‌ی خه‌ته‌نه‌کردن کرد ، وتی خه‌ته‌نه‌ کردنی کچان له‌ ساڵی 1350 پێش زانین له‌ سه‌رده‌می فرعه‌ونه‌کانه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ش له‌ میسر ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌ به‌ربڵاوی له‌ هه‌موو جێیه‌کی ئه‌و وڵاته‌ په‌یڕه‌و ده‌کرێ ، بۆچونێکیش هه‌یه‌ که‌ ساڵی 2002 پێش زانیین له‌ میسر خه‌ته‌نه‌ کردن بۆ کوڕان و کچانی چینی سه‌ره‌وه‌ ده‌کرا به‌لام دواتر هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ی گرته‌وه‌ و گه‌یشته‌ ئاستێک ئه‌و ژنه‌ی خه‌ته‌نه‌ نه‌کرایه‌ ده‌گوترا پاک نیه‌ و له‌نیو کۆمه‌ڵگه‌ به‌ده‌ر ده‌کرا و تا دوایی ته‌مه‌نی نه‌یتوانی هاوسه‌رگیری بکات. ناتوانرێ ئاین بکریته‌ بیانوو بۆ خه‌ته‌نه‌ کردن به‌ڵکو په‌یوه‌ندی به‌ داب و نه‌ریتی کۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه‌ چونکه‌ نه‌ که‌ له‌ قورئان ، نه‌ ئینجیل و نه‌ ته‌ورات باسی خه‌ته‌نه‌ی تێدا نیه‌. له‌ هه‌ندێ جێگه‌ی ئه‌فریقیا هه‌یه‌ له‌ ژنان دوو جار خه‌ته‌نه‌ ده‌کرێن و ته‌نانه‌ت پرۆسه‌ی خه‌ته‌نه‌ کردن 10 تا 30 ده‌قه‌ ده‌خایه‌نێ ، زۆریان بێ به‌نج ده‌کرێن خۆ ئه‌گه‌ر له‌ کاتی خه‌ته‌نه‌ کردن دا جوله‌ بکرێ ئه‌وه‌ خوێن به‌ربونی لێده‌که‌وێته‌وه‌ ، نه‌ک به‌ ده‌رمان به‌ڵکو گژوگیا و ئه‌لکهول به‌کارده‌هێنرێ ، به‌ زۆری له‌ ئه‌فریقیا و باشوری کوردستان ئه‌و دیارده‌یه‌ بڵاوه‌. ژن به‌ درێژایی ژیانی ئازاری خه‌ته‌نه‌ ده‌چێژێ، هه‌م ئازار ده‌روونی و هه‌م له‌ کاتی هاوسه‌رگیری دا ئازاری جه‌سته‌یی ، له‌ ئه‌نجامی ئه‌و خه‌ته‌نه‌یه‌ی که‌ له‌ ئه‌فریقیا ده‌کرێ که‌سی خه‌ته‌نه‌کراو چونکه‌ سه‌رئاوی ( توالێت)ی 10 تا 15 ده‌قه‌ ده‌خایه‌نێ . عاده‌ی مانگانه‌ ( ڕیگلی مانگانه )‌دا دوو هه‌فته‌ ده‌خایه‌نێ ، بۆن ده‌کات و ، ته‌نانه‌ت له‌ لایه‌ن هاوسه‌ره‌که‌ی قێزی لێ ده‌کرێته‌وه‌ و دوور ده‌خرێته‌وه‌.
له‌ جیهان دا 130 تا 155 ملیۆن کچ و ژن خه‌ته‌نه‌ کراون 6 هه‌زار کچ رۆژانه‌ خه‌ته‌نه‌ ده‌کرێن له‌سه‌دا 10 بۆ 15 یه‌کسه‌ر دوای خه‌ته‌نه‌ کردن ده‌مرن و ، له‌سه‌دا 20 یان ماوه‌یه‌ک دوای خه‌ته‌نه‌ کردن ده‌مرن ، ئه‌وه‌ دیارده‌یه‌ کوشتنێکی سیسته‌ماتیک و هێواشه‌ له‌ 28 وڵاتی ئه‌فریقیا خه‌ته‌نه‌ کردنی کچان به‌ربڵاوه‌ و، به‌ زۆری له‌ ولاتانی میسر ، سودان ، ئه‌رتیریا ، سۆمال ، گامبیا و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فریقیاش له‌ ولاتانی یه‌مه‌ن ، ئیمارات ، سعودیه‌ ، ئه‌نده‌نوسیا ، ئه‌مه‌ریکای لاتین له‌ مه‌کسیک ئه‌و دیارده‌یه‌. له‌ ئه‌لمانیا 30 هه‌زار ژن و کچی خه‌ته‌نه‌ کراو هه‌ن ، سێ هه‌زاریش هه‌ره‌شه‌ی خه‌ته‌نه‌ کردنیان له‌سه‌ره که‌ ته‌مه‌نیان له‌ ژێر 15 ساڵ دا یه‌ . په‌نابه‌ران له‌ ولاتانی ئه‌وروپاش به‌ پێی داب و نه‌ریتی وڵاتێکی لێوه‌ی هاتوون بی له به‌رچاو گرتنی یاساکان خۆگونجاندن ئه‌و دیاردانه‌ کاریان پێ ده‌کرێ له‌ لایه‌ن خێزانه‌کانه‌وه‌ ، به‌پێ لێکۆڵینه‌وه‌ی یه‌كیتی پزیشکان له‌سه‌دا 43 ئه‌و ژنانه‌ی که‌ خه‌ته‌نه‌کراون زووتر دووچاری نه‌خۆشی ده‌بن. چی بکرێ له بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌ ؟ زۆر به‌ ساده‌یی ده‌بێ سه‌ره‌تا په‌رورده‌ ی کۆمه‌ڵگه‌ بکرێ و ، وشیاری و ڕوشنگه‌ری له‌ نێوایاندا پێشبخرێ ، هه‌روه‌ها هاوکاری و پشتگیری پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بنه‌ بڕ بکرێ. هه‌ندێ ولات خه‌ته‌نه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌ هه‌ندێ قه‌ده‌غه‌ نیه‌ ، ده‌بێ هه‌وڵ بدرێ له‌و ولاتانه‌ی که‌ قه‌ده‌غه‌ نیه‌ ، به‌یاسا قه‌ده‌غه‌ بکرێ.
لە پانێڵی سەر قڕکردنی ژنان لە وڵاتانی جیاوازی جیهان سۆسیۆلۆگ مەریا مەیس کە خاوەن کتێبی دوایین داگیرکاریە لە بابەتەکەیدا کە لە کۆنفرانسەکەدا پێشکەشی کرد وتی هەموو جۆرە توند و تیژیەکی سەر ژنان دەبێ وەک قڕکردن ببینرێ ، باسی لە نیو سەدەی دوایی لە کاری فیمینستەکان کرد . مەیس وتی کە دوژمنانی ژن بە هێندەی تەمەنی شارستانی کۆنە ، لەسەر چەمکی دەستەڵاتداریش وتی بۆ ژن و پیاو جیاوازی نیە چونکە بەرگی باوکسالاری بە بەردا دەکرێ ، بۆ نمونە سەرۆک وەزیرەکەمان ئەنگێلا مەرکەل ئەویش بە زهنیەتی پیاوسالارانە هەلسەوکەت دەکات چونکە هێزی لە دەستدایە ، تاکە ڕێگەی گۆڕینی ئەوەش تێپەڕکردنی دۆخی نایەکسانیە ، ئەوەش بە وەلاوەنانی زهنیەتی باوکساری دەبێ.
لەکۆتایی کۆنفرانسەکەدا ئەو خاڵە هاوبەشانەی کە خرایە روو : پێویستی ژنان بە جڤاتێکی گشتی نێونەتەوەیی هەیە هەروەها بۆ بەرەنگاربونەوەی قڕکیردنی ژنان دەبێ میکانیزمایەک لە ئاستی نێونەتەوەیی دا هەبێ بۆ بەدوداچونی کەیسی کوشتن و توند  وتیژی سەر ژنان. گرنگترین خالیش خولقاندنی مییکانیزمای ئەلتەرناتیڤ وەک هاوپەیمانی کۆمەلایەتی بۆ رێکخستنەوەی کۆمەلگە بە پێی پێوەرەکانی یەکسانی ، ئازادی و دادوەری و درێژەدان بە کۆنفرانسی هاوشیوە تا ئەو کاتە کە لە ئاستی نێوەنتەوەیی دا کوشتن  و توندی و تیژی سەر ژنان وەک جینۆساید دەناسێنرێ.
وەک ئەنجام سیستەمی پیاوسالاری لە لوتکەدا بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێ بۆ ئەوەش بە ژن دا دەتەقێتەوە و هاربونی دوایی لە ژن دا بەتاڵ دەکاتەوە . ژنان بەرامبەر بەوە لە قاوغی خۆی دێتە دەرەوە و ، تێکۆشان لە  شارەکانەوە بگرە تا گوندەکان لە هەموو بوارەکان دا پەرەی پێ دەدرێ و ژن خۆی رێکخستن دەکات بەرامبەر بەوەش سیستەمی پیاوسالاری شێوەی خۆی دەگۆڕێ بۆ ئەوەی کە درێژە بە خۆی بدات بۆئەوەش ئاستی تیکۆشانی ئاکادیمی و وشیاری سیاس و کۆمەڵایەتی پێویستیەکی حەتمیە .
گرنگترین هێزی بەرهەڵستکار لە نێو کۆمەڵگەدا ژنن ، بەرزبونەوەی توند وتیژی سەر ژنان بەهۆی بەرز بونەوەی ئاستی تێکۆشانی ژنان بۆ شکاندنی ئیرادەی دەستەلاتداری شیری خۆی لە ژن دەکێشێ و ، ژنان کۆمەڵکوژ دەکات .
هێزێک هاتۆتە ئاراوە بۆ چارەسەری پرسەکان بەلام بۆ چارەسەری ئیرادە نیشان نەدراوە ، بۆ ئەوەش ڕێکخراوەبونێکی نوێ پێویستە. تا کاپیتالیزم و باوکساری لەسەر پێ بێ چارەسەری پێک نایەت و دەرفەتی ژیان بە ژنان نادات . دەبێ ژن بێنە لای یەک و ریکخستنیان لە هەموو بوارێک دا ئاوا بکەن بەهەوڵ دان هیزی ژن دەردەکەون ، تەنیا گۆڕانکاری لە یاساکان دا بەس نیە دەبێ بۆگۆڕینی زهنیەتی کۆمەلگە هەول بدرێ هەلمەتەکان لە پێناوی شکاندنی هەندێ تابۆ دا لە نێو کۆمەڵگە و خولقاندنی کەشێکی گفتوگۆ و مشتومڕی بە کێشەیە لە نێودا چارەسەری بێتە ئاراوە . دەبێ ژنان سڵ لەو گفتوگۆیانە نەکەنەوە و ئیرادەی نیشان بدەن لە ئاست بن بەست کردن دا . دەبێ تێکۆشان بۆ ئەوەش بکرێ کە چۆن ژنان بێنە مەیدانەکان ، شەقامەکان و داکۆکی لە مافەکانیان بکەن و لە حالەتی ئاسایی بونی پێشلێکاریەکان دەرخرێن ، تێکۆشان لەوانەیە تەنیا بە ژنێک دەست پێبکات بەلام بۆ رێکخستن کردن دەبێ هەوڵدان هەبن ، ئەنجام گرتن ناکرێ تەنیا بە ڕەخنە کردنی سیستەم بەدەست بێ دەبێ خۆمان لە سیستەم دابڕین و تێکۆشانی لە دژ بکەین ، بەکەرەستەی سیستەم شەڕ لە دژی سیستەم نابێ ، دەبێ تەنانەت چەکی تێکۆشانمان لە دژی سیستەم جیاواز بێ و خاوەن ئەلەرناتیڤی خۆمان بین. بەرەنگاربونەوەی کۆمەلکوژی ژنان پێویستی بە تێکۆشانێکی ڕادیکاڵ هەیە.
تەنیا داکۆکی کردن لە ژنێکی کە غەدری لێکراوە و ستەمی بەرامبەر کراوە پرسەکان چارەسەر ناکرێ و گۆڕانکاری پێ نایەت دەبێ ژنانی مەغدور راستەخۆ رێکخستن بکرێن.


نەجیبە قەرەداغی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.