Skip to Content

Tuesday, October 27th, 2020

نزایەك بۆ ڕوح …. مەدیحە سۆفی

Be First!
by March 3, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 

کە بارانی تەمی ڕوحت 

وەرزی نووسینت دێنێ

ڕوحم پڕ لە ڕەشەبا وچاوم پڕ لە وێڵی وقەڵەمەکەم پڕ لە ناڵە دەبێ

وەکو ئەو عیشقەی لەگەڵ تەواوبوونی تەمەنا ئەو هێشتا هەر لەسەرەتایە

لە گەڕانی ئەمجارەی ڕێبوارەکانی کەناری ڕوحم بەشوێن زەمەنێ لە بێ دەنگی…

زەمەن نەبوو…زەمەن قات بوو…

بەشوێن مەنفایەك بەتاڵ لە دورگەی ڕوحت ڕێگا ون و ئاوا بوو

لە گەڕانی ئەمجارەی شەپۆلە ماندووەکانی چاوم

 بە شوێن تارمایی بێدەنگییا …..گەڕان سڕ بوو

لە گەڕانی پرسیارەکانی دڵم

 بە شوێن وڵامە سەرەخۆرەکانا … پرسیار کوژاو بوو

دەبمە سەفەر و خۆم بە پیادەی ژێر مانگەشەو شاد دەکەمەوە و

کەمێك …هەر کەمێك لە تریفەی ڕوحت ….

 وەکو شەرابی نێو پیاڵەی خۆشی دەخۆمەوە

هەر کەمێك…زۆر کەم لە نزاکانت کۆدەکەمەوەو

هەر کەمێك…زۆر کەم لە ئیشتیاقێکی دەمێکە تینوو تاسە دەکەم و

هەر کەمێک…زۆر کەم لە شاری پایزت بەرەو ناخم کۆچ پی دەکەم….

دەڕوانمە ئاوێنەی دووریت…

دونیایەك لە چڵی قەرسیلەیی بەهارو

لە نەغمەی گۆرانی سەبوری و لە نوێژی سەحەر

پەرێزی تینووی چاوم ئاو دەدەن و هەوری یادەکانم دادەبارێنن….

لەو دونیایەدا فەرهەنگەکانی عیشق و شەو

دیکتاتۆری بێ دەنگی و سوپای ئەستێرەو

 جێ پێی سەر لمی کەنار دەریاو تەنیایین 

هەموو پێکەوە 

بۆ بوکە بەبارێنێی هەناسەیەك لە وجود و

 نیگایەك لە هێزی ئەژنۆ تێکەڵ دەکەن و تێکەڵ دەبن

دەزانم…دەزانم… 

لە بروسکەی ئەو ئاسمانە ڕاناچڵەکێت …دڵێكی ئاشنا بە فیراقی شارێکی ئاوی

دەزانم…دەزانم…  

لیزمەی بارانێك ڕایناماڵێت….ڕوحێکی ‌هاڕڕاوی نێو بەردئاشی گریان

کێن ئەوانەی لە چاوەڕوانیدان …

کێن ئەوانەی بەرەبەیانی جەژن 

لەتێك خەم و هەنسکێکی شەرمن و لە ئاڵایەك دووری نەئاڵاون

کێن ئەوانەی لە زیندانی ڕوحا ئازادن و

 لەگەڵ شەوچرەی عیشقا بێ دەنگی دەدوێن 

لەگەڵ کتێبی چاویانا داستانەکانی ناڵەو

 سەرکەوتنەکانی پاکی و زەماوەندی غوربەت

بە زمانی چاوەڕوانی دەنێرن.. 

ویستم جودات بکەمەوە

ویستم هیچ نەبێ 

 لەسەفەری بەردەوامما

ڤیزای ڕوحت لەسەر دڵما بسڕمەوە

کەچی پێش ویستەکە

دەبوایە دوو ڕوحی تێکەڵ 

یا پێکەوە سەفەر بکەن

یا بۆ ئەو دونیا پێکەوە بپەڕنەوە

 

 

مەدیحە سۆفی/ ئەڵمانیا

http://www.facebook.com/pages/Madiha-Sofi/538772819478675

 

 

Previous
Next

Leave a Reply