Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
نمایشتى شانۆیى..خاڵــى  گــەڕانــەوە……و/كـاردۆ

نمایشتى شانۆیى..خاڵــى گــەڕانــەوە……و/كـاردۆ

Closed
by February 7, 2009 شانۆ

 نمایشتى شانۆیى
  خاڵــى  گــەڕانــەوە
    نعمە السودانى
 و/كـاردۆ

  دەرهێنانى: كیم ئارنتزین ،هۆك ئەلین ڤاندێن
 نواندنى: ژمارەیەك ئەكتەرى هۆڵەندیى وەك  یاكۆب فلیر،یانیس سلوت ،لوسیا میوسین ، ماریكا بۆجاكى، میریل كامب و هەردوو  ئەكتەرى عیراقى دورەید عەباس و موهەننەد رەشید و چەند ئەكتەرێكى تر.
 ئیفێكتە دەنگییەكان :ریچارد یانسن.
 جلوبەرگ:ئانا ماریا دى یۆنگ،ماریت نایهاوس ، ئەمە جگە لە بەشداریى ژمارەیەكى بەرچاو لە دیكۆریست و هونەریى دیكە.
 شوێن: وێستگەى سەرەكیى شەمەندۆفێری ئەمستردام .. دیمەنەكانى نمایشتەكە لە سەر شۆستە و
 نێو كوچەو كۆڵانەكانى وێستگەكەدا بەڕێوە دەچن.
 وەرگر: دوو جۆرن، ئەوى یەكەمیان  لە نمایشتەكە  بەئاگایەو لەگەڵ رووداوەكاندا  لە شۆستەیەكەوە روو دەكاتە شۆستەیەكى تر و لە رێى (هێدفۆن)ەوە گوێبیستى تەواوى ئەو ئیفێكتە دەنگیانەدەبێت  كە بە درێژایى زیاتر لە (80) خولەك لە گەڵ كردەكانى نێو نمایشتەكەدان ،
 جۆرى دووەم بریتییە لەو گەڕیدەو گەشتیارانەى كە لە وێستگەكەدان ،بەشێكیان بە دیمەنەكانى سەر شۆستەكان دووچارى سەر سوڕماندەبن و لە مەسەلەكە ناگەن ،بەشێكى دیكەیان  بارودۆخەكەیان بەلاوە ئاساییە و هیچ كاردانەوەیەكى بەسەریانەوە نییە.
 نمایشتەكە لەساتێكى لێوانلێو لە بێدەنگى دەستپێدەكات ،هەر هەمو چاوەڕوانن لە لاى راست یان چەپەوە كەسێكى نوێ ئامادەبێت ،تەواوى شتەكان لەم بێدەنگییەدا روودەدەن ، مرۆڤـ رووبەرووى خۆى دەبێتەوە بۆ ئەوەى ماڵئاوایى لێبكات ، بە یادەوەرییەكانیدا دەچێتەوە هەر وەك
 بڵێى  تابلۆیەكى كۆنى تەواونەكراوى نیگاركێشێكى بەناوبانگبێت ..
 جانتاگەلێكى گەورەو بچوك لە شۆستەكەدا دەهێنرێن و دەبرێن لەم كەش و هەوایەدا بە بینینى (جوڵە و وەستان) لە ساتەوەختى جیاوازدا دەبیتە هاوڕێى جنۆكەو،شەیتانەكان ،شتێك بەر دەستت دەكەوێت و  وونیدەكەیت ،پاشان دەیدۆزیتەوە ،بەم جۆرە لەماوەى چەند خولەكێكدا شتەكان بە خێرایى دەگەڕێنەوە شوێنى خۆیان ..
 رووبەرێكى فراوان لە ئارادایە سەبارەت بە درك نەكردن بەو شتانەى كە روودەدەن ، بە درێژایى ماوەى  نمایشت رێگایەكى ئێجگار تایبەتى بەدیدەكەین و لە میانیەوە دەگەین بەو رووداوانەى كە هێدى هێدى لە شوێنە جیاجیاكانى ئامادەبووانى تایبەتى نمایشتەكە سەرهەڵدەدەن، ئەمان بە مەبەستى بەدواداچوونى كردەكان بە دواى هەردوو دەرهێنەرەكەوە رێیاندەكرد.
 ژنێكى ئازا و بوێر لە خانویەكدا لەگەڵ فەرمانبەرەكانیدایە و سەرپەرشتى  هاتووچۆى شەمەندۆفێرەكان دەكات،و چاودێریى ژیانى ئەو كەسانە دەكات كە لەسەر شۆستە لە یەكدوورەكاندا دێن و دەچن و چاوەڕوانى ژووانەكانیانن، ئەوان لە خودى خۆیان هەڵدێن و پێشى خۆیان دەكەون..چاوت بە دوایانەوەیە لە چەند شوێنێكدا دەیانگریت كە كاتى تێدا نییە، جانتا جۆرا و جۆرەكان  دەبینیت ،گەورە و بچوك ،جانتاى دەستى ،و جانتاى پشت ، ئەوانەى كە لە رێى رەورەوەى بچوكەوە رادەكێشرێن، لە هەمو رەنگێكن ..
 جانتاى گەورەى پڕ لە كەسەر ، جانتاى بچوكى دەستى كە لە ئاكامى فرەیى خۆشەویستیى ئاشكرا و شاراوە بە جۆرێكى سەیر لێوان لێون لە قیژە و هاوار،هەروەها ئەو جانتا پشتییانەى كە بە هۆى ئەو شەرمەى كە تژییە لە گومان سور هەڵگەڕاون .
 لە شوێنەكانى كۆچكردنى بەردەوامدا ژیان بەم چەشنەیە..
 كچێكى جوان بە دەستەگوڵێكەوە بە هەمو لایەكدا رادەكات بەدواى خۆشەویستەكەیدا دەگەڕێت كە بڕیارە ئامادەبێت ،بەڵام هێشتا نەگەیشتووە ،بە درێژایى نمایشتەكەبە تەواوى شۆستەكاندا دەگەڕێت و روودەكاتە هەموو ئەو شەمەندۆفێرانەى كە لە باكور و باشورەوە دەگەنە وێستگەكە
 بە دواى خۆشەویستەكەیدا  دەڕوانێتە رووخسارى گەشتیارەكان بەڵكو لە نێوانیاندا بیدۆزێتەوە.
 پیرەمێردێكى پشت چەماوە جانتایەكى گەورەى پڕ لە خەم و پەژارەى ساڵهایەك بە دواى خۆیدا رادەكێشێت ..لە سەر خۆ هەنگاو دەنێت و بە ووردیى لە رووخسارى خەڵكى دەڕوانێت ، لە شتێك دەگەڕێت كە ساڵانێكە وونیكردووە ،لە جانتاكەیەوە زەمەن لە شێوەى منداڵێَك دێتە دەر،
 منداڵەكە گوڵە گەنمێكى پێیەو دەموچاوى پیرەمێردەكەى پىَ ختووكە دەدات  ،پاشان سەرپێچى  دەكات..بە درێژایى نمایشتەكە گەمە و سەرپێچى لە نێوان منداڵەكەو پیرەمێردەكەدا بەدى دەكرێت.
 جانتاكان دەسوڕێنەوە،چاوەڕوانییەكە نادیارە..هەر هەمو چاوەڕوانن،خانمێك لە سەرەوەى پلیكانەكاندایە،جانتایەكى پێیە و چاوەڕوانى كەسێكە..رووخسارگەلێك دەمیان كراوەیە .. هاواردەكەن ..دەقیژێنن،چەندین جەستە پێچدەخۆن، چەندین جەستەى تر هەندێكیان دادەخرێن و هەندێكیانیش دەكرێنەوە،جوڵەكانیان لە چوارچێوەى دیمەنە پەرت و بڵاوەكانى سەر شۆستەكان هێڵگەلێكى راست ێكدەهێنن، كورێك لە نیگەرانییەكى نائاساییدایە
 چاوەڕوانى هاتنى خۆشەویستەكەیەتى لەڕێى جوڵەكانییەوە سەرنجى رێبواران بەلاى خۆیدا دەبات ، قاوە دەخواتەوە ،تلیفۆن دەكات چاوەڕوانە ..نیگەرانە..لە ڕێى چاوەڕوانییەكەیەوە بە دواى كەسێكدا دەگەڕێت.
 كچێكى جوان بە هەمان شێوە چاوەڕوانە، پۆشاكێكى پەمەیى لە بەردایە ، جانتایەكى  بە دەستەو خەیاڵى رۆیشتووە،بە دواى خۆشەویستەكەیدا دەگەرێت پاشان لە نێو ئاپۆرەى خەڵكەكەدا ووندەبێت ..پاشان  دەگەڕێتەوە  و دیسان  ووندەبێت .. هەمو شوێنێك دەگەڕێت ..ژیان ئاوهایە  وەك گەمەیەك وایە.
 لە شۆستەیەكى دیكەدا ،كچێك روودەكاتە هەمو كەسێك و دەپاڕێتەوە ، هەر كەسێك بەلایدا تێپەڕێت باوشى پێدا دەكات ، داوایان لێدەكات لە نەهامەتى ژیان رزگارى بكەن ، لە كەسێك دەگەڕێت پارێزگاریى لە ژیانى بكات، كەس بەدەنگییەوە نایات تا دەگاتە ناوەڕاستى شۆستەكەو لە لایەن خزمەتگوزارەكانەوە فڕێدەدرێتە شۆێنى تایبەت بە كۆكردنەوەى خۆڵ و خاشاكى وێستگەكە.
 لە دیمەنێكى تردا(كات) خاودەبێتەوە پاشان رادەوەستىَ دواتر سەر لەنوآ زۆر بە خێرایی
 دەستپێدەكاتەوە ،ئەمەیش لە میانى دیدارى نێوان گەشیارەكاندا لە –خاڵى گەڕانەوە- ى تایبەت بە( شوێنكات ) دا بەدى دەكرا، زەمەنەكان لە ناویەكترن..هیچ زەمەنێكیش پە یوەندى بەوەى دیكەوە نییە .. لە رێى دیمەنى جۆراو جۆرەوە ژیان بە جۆراوجۆرى نیشاندەدرێت ، هاوكات خاڵى هاوبەش هەیە بۆ كۆكردنەوەى پێكهاتەكانى ژیان _مرۆڤ و ماتریال_ ماڵئاوایى _ بەیەكگەیشتن_ خۆشەویستى_ وونبوون _ قیژە و هاوار_ جانتاكان _ چەپكە گوڵەكان_ چاوەڕوانى_نا ئومێدیى_شادیى_ دۆزینەوەى شتى نوىَ_ كەرەستەى پڕ لە ئاماژە بۆ ژیانى رۆژانەى ئەو هاوڵاتییەى كە لە ناوچەیكدا ژیان بەسەر دەبات ، پێیدەوترێت خاڵى گەڕانەوە.
 كاتێك لەم نمایشتە ئەزموونگەرییە رادەمێنین كە لە دەرەوەى هۆڵى شانۆ نمایشتكرا ، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت كە دەرچوونى لە شانۆى عولبە ئامانجێكى روونى بەدوواوە بووە  كە پشتى بە بیرۆكەى نوێ و چەمكى پێشكەوتوو بەستووە ،بۆیە توانا جەستەییەكانى ئەكتەر پڕبوون لە داهێنان و پسپۆڕى ، كارەكە پشتى بەستبو بە جەستە و لێهاتوویى ئەكتەرەكان كە لەگەلأ  وەرگردا تەواوكەرى یەكتربوون ، ئەكتەرەكان لەڕێى جەستەیانەوە جوانترین تابلۆیان نمایشتدەكرد  كە لێوان لێو بوو لە گونجان و رێكیى ، هاوكات كاریگەرییان بەسەر رووداوەكانەوە هەبوو،جەستەگەلێك هەڵگرى هێماو دەلالەتى روونن سەبارەت بە تەواوى پێشهاتەكانى ژیانى رۆژانەو دوور لە بەكارهێنانى زمانێكى دیاریكراو ..بەڵكو هەر لە رێى جوڵكانەوە بوو كە ئەویش لە دەرئەنجامى توانستى هونەریى ئەكتەرەكانەوە هاتبووە دى ، هەڵچونەكان (إنفعالات) گەشەیاندەكرد تا دەبوونە داینەمۆى سەرجەم كردەكان ، بەو پێیەى نمایشتەكە باسى لە ململانێى بەردەوامى مرۆڤەكان دەكرد وایكردبوو كە دیمەنە شانۆییەكان  لەگەلأ هونەرەكانى دیكەدا تێكهەڵكێشبن، دەرئەنجام بوارێكى پڕ لە داهێنان پێكهاتبوو.
 جوڵەى نێو دیمەنەكان هەڵگرى مۆركێكى دراماتیكى بوون هاوكات لە(سەما)ەوە نزیك بوو.
 پێكهێنانى وێنەكان بە درێژایى نمایشتەكە پشتى دەبەست بە جەستە و هەست و هزر و پسپۆڕیى ئەكتەرەكان و  نوىَ بوونەوەى تواناكانیان لە دیمەنێكەوە بۆ دیمەنێكى تر..ئێمە لەبەردەم چەندین دۆخى داهێنانداین  چ لە رووى ئەو وێنانەى كە پەرتدەبن و ئەوانەیشى كە خۆیان دروستدەكەنەوە ..لەنیو سپەیسى نمایشتەكەدا و بە ئامادە بوونى هەردوو دەرهێنەر لەڕێى
 گوتارى جەستەوە  ئەكتەرەكان كۆمەڵێك دیمەن و وێنەى هونەرییان بەرهەمدەهێنا (ئێمە كە هیدفۆنەكانمان لەگوێیە) لە ڕێى ئافرەتێكى تۆكمەوە كە تەماشاى ژیانى خەڵكى دەكات  گوێبیستى وێردێكى سەیر  دەبێت , كە  لەنێو پانتاییە فراوانەكانى وێسگەكەدا دەنگدەداتەوە
 ژنەكە لە بەردەم مالەكەیدا كە روو لە هەتاوە, جلى سپى هەڵدەخات كە وەك ئاماژەیەكە  بۆ رۆژێكى نوىَ پاش كۆتایى هاتنى ئەو رۆژە جارێكى جلەكان كۆ دەكاتەوەدواتر ژمارەیەك لە وانەى
  كارى لەگەڵدا دەكەن كۆیان دەكاتەوە بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیارێكى گەنج ، كە (دورەید عەباس) رۆڵەكەى بەرجەستەدەكرد ،گەنجەكە روو دەكاتە ئەم شارەو نامۆیە ، هەشت جانتاى سوورى پێیە دەستىَ جلى سپى لە بەردایە ، تەماشاى رووخسارى رێبوارەكان دەكات پێدەچىَ بەدواى شتێكدا بگەرێت ، بەڵام لەگەڵ زەمەندا لە قووڵایى شارەكەدا ووندەبێت بەبىَ ئەوەى بگاتە ئامانجى خۆى .. تەنها یەك جانتاى پێماوە  پاش ئەوەى لەم شارەدا شوێنێك بۆخۆى نادۆزێتەوە  ، دەگۆڕێت و دەبێتە جاڵجاڵۆكە ، بە جانتایەكەوە لە سەر پشت بە پلیكانەكاندا هەڵدەزنێ تواناكانى (دورەید) لە جوڵانەوەى تەواوى ئەندامەكانى جەستەى مایەى سەرسوڕمان بوو، كاتێك لە سەرپشت و سەرى  بە پلیكانەیەكى درێژى وێستگەكەدا سەردەكەوت هەستت دەكرد ئەندامەكانى جە ستەى لە شێوەى (میكانۆ) بەش بەشن ( هەربەشەو بە جیا جوڵەى خۆى ئەنجامدەدات )  دەسەڵاتێكى تەواوى هەبوو بە سەر جوڵانەوەى ئەو بەشانەى جەستەى ، هەندىَ جار  ئارام و لە سەرخۆ دەهاتە بەرچاو ، هەندىَ جاریش گرژ و نیگەران، وەك جاڵجاڵۆكەیەك دەجوڵایەوە و بزاوتەكانى خۆى دەهۆنییەوە، هەروەها ئەكتەرى سەماكارى عیراقى (موهەننەد رەشید) لە بەرجەستەكردنى رۆڵەكەیدا چەشنە بزاوتێكى مەزنى پێشكەشكرد.
 وەك جوڵكانى بڕبڕەى پشتى  كە لە شێوەى چڵە دارێكى سەوز بوو,كە دەچەمایەوە هێندە نەرم بوو نەدەشكا توانایەكى زۆرى هەبوو لە كۆنترۆڵكردنى جوڵەكانى، لە شۆستەیەكى وێستگەكەوە دەرەكەوێت لە چاوەڕوانیدایە، بە جوڵەى خێرا و دوور لە خەوشیى و بێزاركردن بە هەمولایەكدا پیچدەخوات، ووزەیەكى كاراى بەو جەستە گونجاو و لە بارەى خۆى بەخشیوە بئۆ كاركردن لەسەر هەڵچوونەكانى ناخ ..هەروەك لە میانى هەمەچەشنى جوڵەكانییەوە لە نێو ئەو سپەیسە فراوانەى نمایشتەكەدا رۆڵێكى بەرچاوى هەبوو ، هەڵبەتە لە دەستپێكى جوڵەكانییەوە كە
 بەسەرهاتەكەیان بۆ رووندەكردینەوە جارێك بەرەو پێش هەنگاوى دەناو جارێكى دیكەش بەرەو دووا (موهەننەد) ئەوەمان پێ رادەگەیەنێت كە چۆن دەتوانێت لەگەڵ جەستەدا ناكۆكبێت، ئەو چەشنە جوڵانە تەنها لە میانى جەستەیەكى و سەماكارى بەردەوام و شارەزا لە ئیمائەوە دەربڕینەوە دێتەدى.
 هەروەك دەزانین هەردوو ئەكتەر(دورەید عەباس) و(موهەننەد رەشید) لە بوارى كیرۆگرافدا كاردەكەن بۆیە فۆرمەیشنى جوڵەكانیان دەرئەنجامى گرنگیدانیانە بە تواناكانى جەستە لە رووى هەستپێكردن و هەڵچوونەكانەوە، لەم نمایشتە ئەزموونگەرییەدا دیمەنەكان لە رێى هەمە چەشنى لە شێوازى جووڵەكانى جەستەى ئەكتەرەكان ، رۆڵێكى بەرچاویان هەبوو ،بەتایبەتیى هەماهەنگیى نێوان جوڵەكان و ئیفێكتە دەنگییەكان ،هەندێك جار وایدەكرد بە بیستنى دەنگێكى خۆش و ناوازە وا هەست بكەیت لەگەلأ دیمەنەكەدا لەنێو (بەهەشت)دایت و هەندێجاریش دەگەڕایتەوە بۆ ژاوەژاو و و دەنگى شەمەندۆفێرەكانى وێستگەكە ، ئەمە بەدرێژایى نمایشتەكە بەردەوام بەرزى دەكردى و دایدەگرتییەوە ..
 تەواوى ئەكتەرەكان لە تێكڕاى دیمەنەكاندا خاوەنى جەستەى گوزارشتخوازبوون.
 تێبینى من سەبارەت بە نمایشتەكە ئەوەیە كۆمەڵێك خەڵك لە بینینى بێبەشدەكات  ئەو كۆمەڵەیش بریتییە لە كەم ئەندامان كە شایەنى بینینى نمایشتەكەن ، بەڵام بە هۆى ئەوەى كە
 
 ناتوانن لە شۆستەیەكەوە  بۆ شۆستەیەكى تر  بە دواى دیمەنكاندابڕۆن ، بۆیەلەنمایشتەكە بێبەشدەبن،ئەمەیش كێشەیە، هیبوادارم هیچ كەسێك لە بینینى نمایشتێكى هیومانستى و جوانى لەم جۆرە بێبەش نەبێت.
 هەمو ئەمانە بریتى بوون لە جەنەراڵ پرۆڤەیەك , نمایشتەكە لە كۆتاییەكانیدابوو بەڵام من  ئەو دیمەنانەى كۆتاییەكەیم نەبینیوە تەنها بۆیان باسكردوم ، سوپاسى بەڕێوەبەرى شانۆییەكە دەكەم كە بانگهێشتى دوا رۆژى پرۆڤەى نمایشتەكەى كردم ،ئەزموونێكى پڕ بایەخ بوو ، هانماندەدات لە شانۆى عیراقى تێبفكرین،هەروەها روونكردنەوەیەكى باشمان پێدەبەخشێت لە بارەى پێشكەشكردنى شانۆیەكى ئەزموونگەریى نوىَ  بە جۆرێك  كە سود لە سرووشت ببینێت،  هاوكات لەگەڵ بارودۆخى (عیراق)دا بگونجێت.
 ژێدەر:
 ماڵپەڕى(أدب فن)
 
 
                                      
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.