Skip to Content

Wednesday, November 25th, 2020

نه‌فخی سوور له‌ مله‌سووره‌ و حه‌شریش له‌ عه‌رعه‌ر….نوری بێخاڵی

Be First!
by May 2, 2009 جینۆساید

نه‌فخی سوور له‌ مله‌سووره‌ و حه‌شریش له‌ عه‌رعه‌ر
نوری بێخاڵی

له‌وه‌ گه‌ڕێن دوای ره‌ت بوونی 21 ساڵ به‌سه‌ر شاڵاوه‌ به‌دناوه‌كانی ئه‌نفال زۆرێك له‌ كه‌وا سووره‌كانی به‌ر له‌شكری به‌عس تا ئه‌و چركه‌یه‌ش به‌ كامی دڵیان و به‌به‌رچاوی یاسا و كه‌سوكاری قوربانیان فڕكان فڕكانێ‌ ده‌كه‌ن، واز له‌وه‌ بێنن ژماره‌یه‌ك له‌وانه‌ی ده‌ستیان به‌ خوێنی پێشمه‌رگه‌ سووره‌ و ئابڕووی پاكیزه‌یی كچانی كوردیان برده‌ سه‌ر خوانی جه‌للاده‌كان، ئێستا لێره‌ و له‌وێ‌ شاهانه‌ ده‌ژین و سمێڵ سووری دیوه‌خانه‌كانی حزبن، چش له‌وه‌ی چه‌ندین كۆنه‌ جاش به‌ پێشمه‌رگه‌ی دێرین و موسته‌شار به‌ شه‌هید و مه‌فره‌زه‌ خاسه‌ به‌ زیندانی سیاسی، مووچه‌ی شه‌هیدانه‌ و خانه‌نشینیان بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی لێره‌ و له‌وێ‌ هه‌ندێ‌ ئه‌رباب كه‌سوكاری قوربانییه‌كان به‌ (نه‌خۆش و گێره‌شێوێن) ناو ده‌به‌ن، كه‌ دڵنیام ئێستا لێیان بپرسی (مله‌سووره‌) چییه‌ و كه‌وتۆته‌ كوێ‌، نه‌ك نازانن گوندێكی بێنازی گه‌رمیانه‌، نه‌ك نازانن دوا وێستگه‌ی ماڵئاوایی حه‌شاماتی ئه‌نفالكراوانه‌ بۆ بیابانه‌كانی عروبه‌، بگره‌ دوور نییه‌ هه‌م دیسان خه‌یاڵیان بچێته‌وه‌ سه‌ر بیچم و مه‌جلیسی هه‌موو ئه‌و (مل ئه‌ستوور)انه‌ی ئه‌مرَۆ له‌سه‌ر به‌ری ره‌نجی شه‌هیدان كاوێژ ده‌كه‌ن. له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش وێرانتر ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ناو هه‌موو ناوه‌كانی (مل ئه‌ستوور و گیپه‌ستوور و مێشكه‌ستوور و پشته‌ستوورو ته‌نگه‌ستوورو..)، ناوی (مله‌سووره‌) له‌ هه‌ر هه‌موویان زیاتر به‌ گوێچكه‌ و خه‌یاڵدانی زۆرێك له‌ كاربه‌ده‌ست و به‌رپرسانی ئه‌م وڵاته‌ نامۆیه‌ و ئێستاشی له‌گه‌ڵ دابێت به‌ختی ئه‌وه‌ی نه‌بووه‌ سوچێك له‌ گوتاره‌ حه‌ماسییه‌كانی ئه‌وان بۆ خۆی بدۆزێته‌وه‌!
ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر چركه‌یه‌كدا هه‌ڵه‌بجه‌ یاده‌وه‌ریمان بباته‌وه‌ سه‌ر بۆنی سێو و ته‌متومانی كیمیا، ئه‌وا گوندی مله‌سووره‌ش به‌رده‌وام به‌ سیما خه‌مباره‌كه‌ی، چاومان پڕ ده‌كات له‌ ره‌نگی تۆز و لمی ئه‌نفال و چیڕۆكی ئه‌و قیامه‌ته‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، كه‌ دواجار له‌ باوه‌شی ئه‌ودا حه‌شاماتی گه‌رمیان ره‌وانه‌ی سارا چۆڵه‌كانی جێپێی سه‌علوكه‌كان كران.
مله‌سووره‌ كه‌ دوا مه‌نزڵی پشوو و دوا ماڵی خواحافیزی و دوا ترۆپكی ئاوابوونی رۆژه‌كانی ژیانی گه‌رمیانییه‌كان بوو، یه‌كه‌م وێستگه‌ی حه‌شری به‌عس بوو بۆ كورد، له‌وێ‌ و له‌ پێده‌شته‌ گه‌رم و برژاوه‌كانی ئه‌م گونده‌دا، عیزرائیله‌ ره‌زا قوڕسه‌كان دوا كتابی ئه‌جه‌لی ناواده‌ی كوردیان واژۆ كرد و هه‌ر له‌وێش نه‌فخی سوڕیان لێدا و دواتر له‌ بست به‌ ستی بیابان و سارا لماوییه‌كانی عه‌ره‌بستاندا ره‌وانه‌ی ئه‌سفه‌لولسافیلینی دۆزه‌خی عروبه‌یان كردن.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك چاوتان بباته‌وه‌ سه‌ر بینینی ساپیته‌ی رووخاوی ماڵی ئه‌نفال كراوان و عه‌یش و نۆشی به‌عزێ‌ ئه‌نفالچیش ببینێ‌ و نیشانتان بدات، ئاخۆ ئه‌و چاوه‌ هه‌قی كوێر كردنی هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌سه‌ر زمانی كوڕه‌ بارزانی و بادینی و گه‌رمیانییه‌كی پاشماوه‌ی ئه‌نفال لێتان بپرسێ‌ بۆچ و تاكه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌ڕ شین ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ گورگ گۆشت ده‌خۆن (فرمێسك بۆ ئه‌نفال كراوان ده‌ڕێژن و لێره‌ و له‌وێش كه‌فاره‌تی تاوانی ئه‌نفالچیان ده‌ده‌ن و فڕكه‌وانان ئازاد ده‌كه‌ن)، ئه‌و كه‌سه‌ كوفری كرد و ده‌بێ‌ زمانی ببردرێ‌؟
به‌ڕاست كێ‌ شایانی چاوكوێركردنه‌، ئه‌وانه‌ی چاوساغی به‌عس و دامه‌زراوه‌كانی بوون و ئێستاش زۆرێكیان قووتی خه‌ڵكیان به‌ ده‌سته‌، یان ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ‌ له‌ رێگه‌ی زوومی كامیراوه‌ دیمه‌نی دوو په‌نجه‌ی به‌رزكراوه‌ی پێش ده‌بابه‌كان به‌ بیری ده‌سه‌ڵاتی كوردی بێننه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ نه‌بنه‌ ریش سپی خه‌ڵك؟
به‌ڕاست كێ‌ شایسته‌ی زمان بڕینه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ پێش راپه‌ڕین پێیه‌كیان له‌ناو شۆڕش و ئه‌وی تریان له‌ ناو ئه‌من و موخابه‌رات بوو و ئێستاش كوردایه‌تی به‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌ڕاج ده‌كه‌ن، یان ئه‌وانه‌ی له‌ رێگه‌ی لاپه‌ڕه‌ و په‌یڤه‌كانه‌وه‌ فایله‌كان كه‌شف ده‌كه‌ن و به‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی ده‌ڵێن سه‌روه‌ری و په‌رێزی خه‌باتتان بژار بكه‌ن؟!

Previous
Next

Leave a Reply