نه‌نكم ئاشنای كردینه‌وه به باران …… داستان به‌رزان
1
ڕیشۆڵه‌كان به‌یانیان دێن و
به دزیی نه‌نكمه‌وه
زه‌یتونی حه‌وشه‌كه‌مان ده‌خۆن
نه‌نكم به دزیی ڕیشۆڵهكانهوه
له حه‌وشه‌كه‌دا دا‌و ده‌نێته‌وه،
ئێواران ڕیشۆڵه‌كان دێن و
به دزی داوه‌كه‌وه
زه‌یتونی حه‌وشه‌كه‌مان ده‌خۆن
داوه‌كه به‌دزیی نه‌نكمه‌وه خۆی ده‌خافڵێنێ
ده‌نكه زهیتونهكانیش به دزیی داوه‌كه‌وه
خۆ گلۆر ده‌كه‌نه‌وه بۆ به‌رده‌م ڕیشۆڵه‌كان.2
فرمێسكه‌كانی چاوی نه‌نكم
ده‌بنه گۆرانی
ده‌تكێنه دڵی منه‌وه.3
نه‌نكم له نێو حه‌وشه‌كه‌دا
دڵۆپه باران ده‌چنێته‌وه و
ده‌یبه‌خشێت به دار هه‌نار.4
شاعیره‌كه بڕیاریدا
ئیتر به‌مه‌ستی بنوسێت
به‌ڵام هه‌ر زوو په‌شیمان بۆیه‌وه
كاتێك بینی وشه‌كانی به سه‌رخۆشی
به قسه‌ی ناكه‌ن و ناوه‌ستن،
به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێت ڕیز نابن و
هه‌ر یه‌كه‌یان له سوچێكی په‌ڕه‌كه‌دا به‌لادا دێن!5
گه‌ر شاعیره‌كان ده‌سه‌ڵاتداربن
ژیان ده‌بێته قه‌سیده‌یه‌كی دێژ
وه‌لێ تۆ بڵێی ژیان له ناو قه‌سیده‌دا
چه‌نده جوان بێت!6
نیوه‌ڕۆیه‌كی وشكی هاوین
باخچه‌كه‌مان پڕ ده‌بێت له باران
ئه‌مه له خهونێكمدایه كه تۆ دێیت و
ده‌رگای حه‌وشه‌كه‌مان ده‌كه‌یته‌وه.7
له شینایی چاوی كچێكدا به‌دوای شیعردا گه‌ڕام
كاتێك ته‌ماشای پشته‌وه‌ی خۆم كرد
پڕ پڕی بوو له شیعری شین!
8
ئه‌و ڕۆژه‌ی دار هه‌ناری حه‌وشه‌كه‌یان بڕییه‌وه،
بۆ ئێواره ئاگام لێ‌بوو، دار نارنجی به‌رامبه‌ری
دوو سێ گه‌ڵای ته‌ڕ و چه‌وری به دار زه‌یتوندا بۆ نارد و
داوای لێ‌كرد برینه‌كانی بپێچێت.9
له‌سه‌ر ڕوومه‌تی چیا، درێژ ده‌بم
تا چاو بڕبكات ده‌نۆڕمه شینایی
گژ و گیا ختوكه‌ی پشتم ده‌ده‌ن
شه‌ونمی به‌هارم لێده‌نیشێت
بۆنی ڕێواس لوتم پڕ ده‌كات
كراسه‌كه‌م ده‌كه‌مه‌وه و
سنگم هه‌تاوی لێده‌ڕژێت
له ناكاو بزه‌یه‌ك لێوانم ده‌جوڵێنێت و
چاو لێك ده‌نێنم و ده‌ڵێم:
چ جادوویه‌كی سه‌یری
ئه‌ی سروشت..؟!10
هیچ شتێك ناتوانێت هێنده‌ی ئاوازێكی قاله مه‌ڕه
ئینجانه.. ماسی.. مناڵی ناو وێنه‌ی ژووره‌كه‌م
بهێنێته سه‌ما !