Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

نه‌ورۆزو هه‌ڵه‌بجه‌…. عارف که‌ریم

Be First!
by March 14, 2008 گشتی

با گه‌نده‌ڵخوازه‌کانی کوردستان شه‌رمی کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال بیانگرێ
با‌ سه‌رکرده‌ی هه‌ردوو حزبه‌که‌ به‌ دۆسییه‌ی ئه‌قڵی سیاسی خۆیاندا بچنه‌وه‌

بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دانیشتوانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ خۆیان کۆده‌کرده‌وه‌ و ده‌یانویست وه‌رزی زستان به‌رێبکه‌ن و پیشوازی بکه‌ن له‌ به‌هار و نه‌ورۆز ، شاخ و ده‌شت و دۆڵ و که‌نار و قه‌دپاڵه‌کان به‌رگی ڕه‌نگاوڕه‌نگیان پۆشیبوو ، ئاوازی دلفرێنی مه‌ل و بولبول و قه‌قنه‌ز له‌ ئاسمانی هه‌ڵه‌بجه‌دا گوێی پڕده‌کرد و مژده‌ی ڕۆژێکی نوێی ده‌دا ، هه‌ورامان پێده‌که‌نی و شادی ده‌به‌خشییه‌وه‌ و زمناکۆ سه‌ری ده‌له‌قاند و بۆیده‌سه‌نده‌وه‌ ، خوره‌و هاژه‌هاژهی سیروان و ئه‌حمه‌داوا و زه‌ڵم گوێی کاسده‌کرد ، زه‌ردوسوور تێکه‌ڵاو ،  به‌چه‌پکه‌ گوڵی نێرگزی به‌هار یه‌کتریان گوڵبارانده‌کرد و گۆرانییان ده‌چڕی بۆ نه‌ورۆز و به‌هار  ، ئاله‌مکاته‌دا که‌خه‌ڵکیی سه‌رقاڵی شایی و زه‌ماوه‌ند و هه‌ڵپه‌ڕکێ بوون ، ناڵه‌ و گرمه‌گرم ده‌ستیپێکرد ، ئاسمان ناوچه‌وانی خۆی گرژکردو ژه‌هروزوخاوی ده‌باراند و خه‌نده‌و بزه‌ی سه‌رلێوانی ده‌مراند ، ڕۆژ بوو به‌ شه‌و ، هه‌ورامان ده‌ستیکرد به‌ باوکه‌ڕۆ و زمناکۆ بۆی سه‌نده‌وه‌ ، مه‌ل و بولبول و باڵنده‌کان باڵیان شکاو له‌ خوێندن که‌وتن و که‌وتنه‌ به‌ر گێژه‌ڵۆکه‌ی دۆزه‌خ ، گوڵاڵه‌سووره‌ی شاره‌زوور که‌ به‌ جۆشه‌وه‌ پڕبه‌ده‌م گۆرانی ده‌چری بۆ نه‌ورۆز ، سیس بوو به‌لاداکه‌وت ، شیری مه‌مکی دایک له‌ قورگی کۆرپه‌که‌یدا وشکبوو ، دایک خۆیشی تاسا و هه‌ناسه‌ی لێبڕا ، عومه‌ری خاوه‌ر ده‌یویست نه‌مرێ ، به‌ڵام بوو به‌ سیمبولێ .
به‌ڵێ له‌م ڕۆژه‌دا بوو ، واته‌ له‌ 16ی ئازاری 1988 دا ، ڕژێمی به‌عسی فاشیست له‌ ڕێگه‌ی علی حسن المجید ( عه‌لی کیمیایی )یه‌وه‌ که‌وته‌ گیانی گه‌لی کورد و هه‌ڵه‌بجه‌یان کیمیاباران کرد و شاره‌که‌یان شه‌هیدکرد که‌ پێنج هه‌زار ( 5000 ) کوزراو و پازده‌ هه‌زار ( 15000 ) زیاتر بریندارو ده‌یان جۆری نه‌خۆشی لێکه‌وته‌وه‌ که‌ هه‌تا ئێستایش خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ پێوه‌ی ده‌ناڵینن ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ وێرانبوونی شاره‌که‌ و ئاواره‌بوونی خه‌ڵکه‌که‌ی بۆ دیوی ئێران .
ئه‌م تاوانه‌ چه‌په‌له‌ به‌ یه‌کێک له‌ تاوانه‌ گه‌وره‌کانی جینۆساید ده‌ژمیردری له‌ دنیادا له‌دوای قه‌تڵوعامکردنی ئه‌رمه‌نه‌کان له‌ تورکیا و هۆلۆکۆس _ی جوله‌که‌کان و لێدانی هه‌ردوشاره‌که‌ی ژاپۆن ، هێرۆشیما و ناکازاکی به‌ بۆمبی ئه‌تۆم که‌ دنیای هه‌ژاند و هه‌ڵسانده‌سه‌رپێ و وه‌رچه‌رخانێکی سیاسی  گه‌وره‌ی خولقاند له‌ میژووی خه‌باتی گه‌له‌که‌ماندا و کوردی گه‌یانده‌ ئاستێکی به‌رزی سیاسی و دیپلۆماسی له‌ جیهاندا و ئه‌گه‌ر ئه‌قڵی سیاسی کورد کاریبکردایه‌ ، ئێستا ڕۆژمان به‌مڕۆژه‌ نه‌ده‌بوو !! …….
پێش کیمیابارانه‌که‌ خه‌ڵکی شاره‌که‌ ویستبویان هه‌ڵه‌بجه‌ جێبهێڵن  و بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار ، به‌ڵام به‌رپرسه‌ بێهۆش و سه‌رخۆش و هیچنه‌زانه‌کانی ئه‌وسا _ که‌ئێستا به‌ سه‌رکرده‌و قاره‌مان ناویان ده‌برێت _  پێشیان به‌ خه‌ڵکه‌که‌ گرتبوو ، له‌ ڕێگای بڵندگۆی مزگه‌وته‌کانه‌وه که‌وتبوونه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ و ڕێگه‌یان نه‌دابوو خه‌ڵکه‌که‌ شاره‌که‌ جێبهێڵن ، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌ خۆیان و پاسداره‌کانی ئێران که‌ ئه‌مان چاوساخییان ده‌کردن ، وه‌کوو به‌رزه‌کی بانان بۆی ده‌رچوون و له‌ پێش هه‌موو که‌سێکه‌وه‌ ڕایانکرده‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌که‌ و خه‌ڵکه‌که‌یان تووشی ئه‌و کاره‌ساته‌ دڵته‌زێن و جه‌رگبڕه‌ کرد که‌ قه‌ت بیرناچێته‌وه‌ ، دواتریش له‌ڕۆژی دواییدا پاش کاره‌ساته‌که،‌ وه‌کوو داڵ و سیسارکه‌ که‌چه‌ڵه‌ هاڵیانکوتایه‌ سه‌ر لاشه‌ی خنکاوی به‌لادا که‌وتووی ئه‌م شاره‌ کۆستکه‌وتوو و به‌دبه‌خته‌ و که‌وتنه‌ داماڵینی زێڕ و خشڵ و شتی به‌ نرخ له‌ په‌نجه‌و له‌شی مندال و ‌کیژ و ژنه‌کان و دواتریش پیکئاب و لۆرییان نا به‌ ماڵه‌کانیانه‌وه‌ و چی شتی به‌نرخ هه‌بوو هه‌موویان بارکرد بۆ دیوی ئێران . سه‌رکرده‌کانی هه‌ردو حزبه‌که‌ ئه‌مه‌یان به‌ چاکی ده‌زانی ، که‌چی بێده‌نگییان لێکرد چونکه‌ هه‌ڵه‌ی سیاسی خۆیان بوو که‌ کیمیاباران و ئه‌نفالی بۆ کورد هێنا به‌ دیاری ! .
ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا ده‌بی ئه‌و ڕاستییه‌ بزانن که‌ پاش تێپه‌ڕبوونی 20 ساڵ به‌سه‌ر کیمیابارانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌دا ، ئه‌وان وه‌کوو پیویست به‌ره‌وپیری شاره‌که‌ و خه‌ڵکه‌که‌ نه‌چوون و باوه‌شیان نه‌گرتۆته‌وه‌ بۆیان . بیانووی یه‌کێتی و پارتی که‌ جڵه‌وی حوکم و بریار له‌ ده‌ستیاندایه‌ هه‌رچییه‌ک بیت سه‌باره‌ت به‌ هێشتنه‌وه‌ی شاره‌که‌ به‌م شیوه‌یه‌ی ئێستای ، له‌وه‌زیاترکه‌ خه‌ڵکه‌که‌ بێزار و تووڕه‌ و یاخی ده‌کات ، هیچیتری لێناکه‌وێته‌وه‌ .
ناسنامه‌ی سیاسی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان هه‌رچییه‌ک بێت ، که‌چی هێشتا هه‌ڵه‌بجه‌ شاریكی کوردستانییه‌ و سیمبولی تێکۆشانی گه‌له‌که‌مانه‌ و دانیشتوانه‌که‌یشی هاوڵاتی ئه‌م نیشتمانه‌ن و پیویستبوو له‌ پێش هه‌موو شاره‌کانی کوردستانه‌وه‌ حسابی بۆ بکرایه‌ .
دروستکردنی مه‌زارو مه‌رقه‌د و مۆنۆمێنت و مۆزه‌خانه‌ ، گێڕانی ئاهه‌نگ و کۆڕو کۆبوونه‌وه‌ و سیمینار ، دانانی پرسه‌ و کۆڕی ماته‌م ، هیچ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵبجه‌ییه‌کان ناکه‌ن و ناتوانن خه‌ڵک بگێڕنه‌وه‌ بۆ سات و چرکه‌کانی پێش رووداوه‌که‌ و خه‌نده‌ و بزه‌ بگێرنه‌وه‌ بۆ سه‌ر لێوی ئه‌وان . خه‌لکی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ناخیاندا بریندارو بێزارن ، بیست ساڵه‌ ، به‌رپرسه‌کان ، ڕێکخراوه‌کان ، که‌سایه‌تییه‌ ناسراو و جیاجیاکان ، به‌ڵێن ده‌ده‌ن و درۆیان بۆ که‌ڵه‌که‌‌ ده‌که‌ن که‌ هیجی لێسه‌وز نه‌بووه‌ و کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی کا‌تی خۆی هه‌ره‌شه‌ له‌ به‌رپرسه‌کان بکه‌ن که‌ چیتر نه‌یه‌نه‌ ناو شاری هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ و پێش شانده‌ بیانییه‌کان نه‌که‌ون و به‌ناوی ئه‌وانه‌وه‌ قسه‌نه‌که‌ن ! تا له دوایین جاردا بێزاریی و تووڕه‌بوونی ئه‌وان به‌ سووتاندنی مۆنۆمێنته‌که‌ کۆتایی هات که‌ شه‌ڕ و ئاژاوه‌ و کوشتنی لێکه‌وته‌وه‌ و هه‌موو دنیاش پێیزانی ، به‌رپرسه‌ بێباکه‌کانیش ده‌یانوت : ده‌ستێک هه‌یه‌ له‌ پشتی ئه‌مه‌وه‌ !!!!
هه‌تا ئێستا نوێنه‌رانی خه‌ڵکی شاره‌که چه‌ندجارێک‌ له‌ ڕێگای کۆبوونه‌وه‌ و ڕێکخراو و کۆنفرانسی جیاجیاوه‌ داواکاری و پێشنیاری خۆیان داوه‌ته‌ حکومه‌ت و په‌رله‌مانی کوردستان تا به‌ زووترینکات بریاری له‌سه‌ر بده‌ن و پاره‌ی بۆدابین بکه‌ن و ده‌ست بکرێت به‌ جوانکردن و ئاوه‌دانکه‌دنه‌وه‌ی شاره‌که‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌مووی پشتگوێ خراوه‌ و هیچ لایه‌ن و به‌رپرسێک وه‌کوو پێوست ئاوڕی نه‌داوه‌ته‌وه‌ له‌م شاره‌ ، بۆ نموونه‌ به‌مزوانه ( به‌پێی قسه‌وباسی ڕاگه‌یاندنه‌کان ) کۆننفرانسی شاره‌وانییه‌کانی جیهان ‌ له‌ کوردستان ده‌ست به‌ کاره‌کانی ده‌کات که‌ بریار بوو له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ ببه‌سترایه‌ ، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی هۆڵێک له‌شاره‌که‌دا بۆ  کۆبوونه‌وه‌کان ، ئه‌وا به‌ ناچاری کۆنفرانسه‌که‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی ….. به‌رپرسه‌کانیش هه‌ر قسه‌ی زل ده‌که‌ن !!!!!! لاف و گه‌زافی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ لێده‌ده‌ن .!!!!!!
هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید پێویستی به‌ بودجه‌یه‌کی تایبه‌تی ئابووری هه‌یه‌ که‌ بواره‌کانی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ ، پیشه‌سازی ، کشتوکاڵ به‌ خۆوه‌بگرێت و ‌ده‌بێ په‌رله‌مانی کوردستان بیگرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی و بریاری له‌سه‌ربدات و به‌ره‌وڕووی حکومه‌تی بکاته‌وه‌ ، تاوه‌کوو ئه‌وانیش له‌لای خۆیانه‌وه‌ به‌ره‌وڕووی خه‌ڵکانی پاک و به‌ ویژدانی بکه‌نه‌وه‌ و ده‌ست به‌کاربن .
خه‌سته‌خانه‌و قوتابخانه‌ و زانکۆ و خانووبه‌ره‌ و به‌نداو و جوانکردن و ده‌ستپیاهێنانی باخ و کێڵگه‌و بێستانه‌کان و ڕاکێشانی شه‌قام و دروستکردنی پرد و چاککردنی ئاوه‌ڕۆ و شۆسته‌کان و شوێنه‌ وێرانه‌کان ، بنیاتنانی ده‌زگای ئاو و کاره‌با و درووستکردنی فرۆکه‌خانه‌و شاری یاری و …..تاد به‌و ده‌تا پازده‌ ( 10_15 ) ملیۆن دۆلاره‌ ته‌واو نابێت که‌ گوایا ته‌رخانکراوه‌ بۆ پرۆژه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزاری ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر کۆنتڕۆڵ و لێپرسینه‌وه‌ نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ ، ئه‌وا له‌ ڕیوه‌ به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌کان له‌سه‌دا حه‌فتای 70% پاره‌که‌ لووشده‌ده‌ن و پرۆژه‌کانیش تووشی ئیفلیجبوون ده‌که‌ن و هیچی لێ جێبه‌جێ ناکرێت ، به‌ڵگه‌ بۆ قسه‌کانم ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوردووه‌ ، به‌تایبه‌تی دوای ڕووخانی سه‌ددام که‌ هه‌ردوو حزبه‌که‌ ساڵانه‌ به‌ شینه‌یی بودجه‌ی کوردستان لووشده‌ده‌ن و شتێکی که‌م نه‌بێت ، هیچ ناهێڵنه‌وه‌ بۆ میلله‌ت و پرۆژه‌خزمه‌تگوزارییه‌کان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کوردستان!! …. به‌ ده‌یان پرۆژه‌ له‌سه‌رانسه‌ری کوردستاندا به‌ شێوه‌یه‌کی فه‌رمی و له‌به‌ر چاوی میلله‌ت و دنیا ، له‌ شاشه‌ی ئه‌له‌فزیۆنه‌کانی خۆیانه‌وه‌ قردێله‌ی بۆ قرتێنراوه‌ و ناوی لێنراوه‌ که‌ چه‌ند پاره‌ی بۆ ته‌رخان کراوه‌ !!!!! که‌چی هه‌ر هه‌موویان پاره‌که‌ی لووشدراوه‌ و هیچ بۆ پرۆژه‌کان نه‌ماوه‌ته‌وه‌ . عه‌بدولکه‌ریم قاسمی سه‌رۆکی عێراق که‌ به‌عسییه‌کان له‌ ساڵی 1963دا کۆده‌تایان به‌سه‌رداکردو به‌خوتوخۆڕایی کوشتیان ، پێنج ( 5) دینار له‌ گیرفانیدا نه‌بوو !!! له‌ولاشه‌وه‌ به‌رپرسه‌کان خۆڵ ده‌که‌نه‌ چاوی خه‌ڵکییه‌وه‌ و کاره‌کان ده‌شیوێنن و خه‌ریکی شیوه‌ن و گریانن له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کانیان و ناوبه‌ناویش بۆ ڕۆژنامه‌کان ده‌دوێن ، گوایه‌ له‌توانادا نییه‌ 182 هه‌زار که‌س مووچه‌ی بۆ ببڕدرێته‌وه‌ !! یاخود ده‌ڵێن له‌سه‌دا 65 تا 70ی بودجه‌ی کوردستان بۆ مووچه‌ی خه‌ڵک ده‌روات !!! له‌وه‌ڵامی ئه‌م قسانه‌دا من ده‌ڵێم : 30ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌وڵه‌ته‌ میرنشینه‌کانی عه‌ره‌بی یه‌کگرتوو ، که‌ تازه‌ بووبوون به‌ ده‌وڵه‌ت ، به‌هه‌شتێکی بچکۆله‌یان بۆ خۆیان درووستکردبوو له‌ ناو وڵاتانی خه‌لیجدا ( چونکه‌ خاوه‌نیان هه‌بوو !! ) که‌ پێشکه‌وتنێکی به‌رچاوی به‌خۆوه‌ بینیبوو له‌ هه‌موو کایه‌کاندا  _ ئه‌وکاته‌ به‌نده‌ یه‌کێک بووم له‌وانه‌ی 4 ساڵ له‌وێ کارم کرد وه‌کوو کارمه‌ندێکی حکومه‌ت _ ئێستا پاش 30ساڵ له‌گه‌شه‌کردنی ئابووری و پێشکه‌وتن ، بودجه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ 9 ملیار دۆلار تێناپه‌ڕێت !!!  پێم ناڵێن چه‌نابتان بودجه‌ی کوردستان بۆ کوێ ده‌به‌ن و چی لێده‌که‌ن ؟!!!! کامه‌تا ئه‌و ڕوونکردنه‌وانه‌ی ئێوه‌ به‌ژماره‌ له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی دواییدا داوتانه‌ته‌ گه‌لی کورد ده‌رباره‌ی خه‌رجکردنی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان ؟ !!! کامانه‌ن ئه‌و ملهووڕ و به‌رپرس و گه‌نده‌ڵانه‌ی ئێوه‌ لێپرسینه‌وه‌تان له‌گه‌ڵدا کردوون داوتاننه‌ته‌ ده‌دگا ؟!!! ‌
له‌ڕاستیدا گه‌نده‌ڵیی دیارده‌یه‌که‌ له‌ هه‌موو دنیادا هه‌یه‌ ، ته‌نانه‌ت له‌ ناو ڕێکخراوه‌ خێرخوازه‌کان و ڕێکخراوی خاچی سوور و مافی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کاندا ، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتان و شوێنانیتر لێپرسینه‌وه‌ هه‌یه‌ ، ئه‌وا گه‌نده‌لییه‌کان هیچیان به‌ وێنه‌ی ئه‌وه‌ی کوردستان نییه‌ . له‌وڵاتانی پێشکه‌وتوودا ، که‌سێک ، به‌رپرسێک ، ده‌زگایه‌ک ، گه‌نده‌ڵیی لێده‌ر‌که‌وێ ، خێرا لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت و ڕاگه‌یاندنی ئه‌و وڵاته‌ ( ڕادیۆ ، ته‌له‌فزیۆن ، ڕۆژنامه‌و شورنالیست وکامێرای ته‌له‌فزیۆن ) که‌له‌هه‌ندێ وڵاتدا به‌ ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م حسابده‌کرێن ، دێنه‌ ناو کێشه‌که‌وه‌ و ده‌ست وه‌رده‌ده‌ن له‌کاره‌کان و سه‌رودڵی گه‌نده‌ڵه‌کان ده‌گرن و ناچاریانده‌که‌ن پۆسته‌کانیان جێبهێڵن و ده‌ست له‌کاره‌کانیان بکێشنه‌وه‌ ، جاری واش هه‌یه‌ به‌ره‌وڕووی دادگا ده‌بنه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی سزای خۆیان وه‌ربگرن ، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی ڕیسواده‌کرێن له‌ناو میلله‌تدا ، که‌چی له‌کوردستاندا ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌یه‌ ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی حزب و سه‌رۆک حزبه‌کان سه‌روه‌رن و له‌سه‌روو یاساوه‌ خۆیان حسابده‌که‌ن و ده‌بیننه‌وه‌ ، شه‌رمکردن و ته‌ریقبوونه‌وه‌ لا‌ی ئه‌وان بوونی نییه‌ ،  له‌به‌رئه‌وه‌ هیچ نرخ و به‌هایه‌ک دانانێن بۆ خوارخۆیان ، به‌تایبه‌تی حکومه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌رهه‌موویان به‌ به‌نۆکه‌ر و خزمه‌تکاری خۆیان ده‌زانن!! ، دێن به‌به‌ر چاوی میلله‌ته‌وه‌ به‌ هه‌موو توێژو چینه‌کانیه‌وه‌ ، ئه‌وشتانه‌ ده‌که‌ن که‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێكناکه‌ون و یه‌کناگرنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستوور و یاسادا (که‌لێره‌دا به‌ وتارێک کۆتایییان نایه‌ت و ده‌بێ چه‌نده‌ها کتێبی له‌سه‌ر بنووسرێته‌وه‌ ) به‌لاشیانه‌وه‌ گرنگ نییه‌ میلله‌ت چه‌ند بێزار و وه‌ڕس و تووڕه‌یه‌ ، له‌وه‌وپێش چه‌ند قوربانی داوه‌ ، چه‌ند بێبه‌شه‌ له‌ مافه‌ڕه‌واکانی…. کێ بیستوویه‌تی یان بینیویه‌تی ؟! له‌کوێ ڕوویداوه‌ ؟! ده‌سه‌ڵاتێک یان سه‌رکردایه‌تی حزبێک که‌ بریاری له‌ده‌ستدایه‌ ، داهات و سامان و  بودجه‌ی وڵات و میلله‌ته‌که‌ی بۆخۆی حه‌ڵال بکات و شتێکی که‌می لێبهێڵێته‌وه‌ بۆ میلله‌ت و تڕومنه‌تیش بکات و ئه‌وانیتر قه‌رزارباربکات و دواتریش پشتبکاته‌ هه‌موو مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازه‌کانی گه‌له‌که‌ی و ته‌نهاوته‌نها بیر له‌ بازرگانی و پاره‌په‌یداکردن و گیرفانپڕکردن بکاته‌وه‌ و هیچیتر …… له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێم : ئه‌م دیارده‌یه‌ ، ئه‌م شێوه‌یه‌ له‌ گه‌نده‌ڵیی ئیداری ، ئابووری ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، سیاسی …..تاد ته‌نهاوته‌نها له‌ کوردستاندا لای یه‌کێتی و پارتی هه‌یه‌و و شتێکیتری وه‌کوو ئه‌مه‌ له‌ هیچ کون و قوژبنێکی ئه‌م دنیایه‌دا بوونی نییه‌ ، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌ته‌نها هه‌ڵه‌بجه‌ نییه‌ که‌ پشتی تێکراوه‌ و هێچی بۆنه‌کراوه‌ ، ته‌نها گه‌رمیان و ڕۆڵه‌کانی ئه‌نفال نییه‌ که‌ به‌ ڕۆژی ڕووناک بازرگانییان پێوه‌ده‌کرێ ….. نه‌خێر ، 16 ساڵه‌ گه‌له‌که‌مان له‌ تاریکستانیدا ده‌ژی و ژیان به‌ ژانه‌وه‌ ده‌باته‌سه‌ر ، 16 ساڵه‌ میلله‌تێک ژێرخانی کۆمه‌ڵایه‌تی نییه‌ ، ده‌خواو ده‌نوێ و به‌رهه‌می نییه‌ ، 16 ساڵه‌ داهات و ده‌ستکه‌وته‌کان بۆ گیرفانی به‌رپرسه‌کانه‌ نه‌ک میلله‌ت ،  16 ساڵه‌ به پێی‌یاسا چه‌په‌ڵه‌کانی به‌عسی فاشیست مامه‌له‌ی میلله‌ت ده‌که‌ن و گوڕانکارییان تێدانه‌کردووه‌ . بؤخۆتان هه‌موو شتێک هه‌یه‌ ، به‌ڵم بۆ میلله‌ت هیچ نییه‌ !!!
جاران ، سه‌رده‌می خه‌باتی شاخ ، به‌هۆی دڕنده‌یی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ ، هه‌رچی که‌موکوڕی و عه‌یبوعاری سه‌رانی کورد هه‌بوو _ به‌ شه‌ڕی یه‌کتر کوشتنیشه‌وه‌ _ هه‌مووی شاردرابۆوه‌ ، ئه‌گه‌ر پێشبزانرایه‌ ، ئه‌وا به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوژمنه‌که‌مان له‌ حاڵه‌تی په‌لامارداندا بوو ، چاوپۆشییان لێده‌کرا ، ته‌نانه‌ت له‌ دوای ڕاپه‌ڕینیش که‌له‌سه‌ر گومرکی خاڵی سه‌رسنووری ئیبراهیم خه‌لیل سه‌دان پێشمه‌رگه‌ی ئازایان به‌کوشت دا به‌بێئه‌وه‌ی داوای لێبوردن له که‌سوکار و‌ گه‌له‌که‌یان بکه‌ن ، ئه‌وه‌شیان هه‌ر چاوپۆشی لێکراو میلله‌ت چاوی خؤی لێنووقاند و هه‌ر هاواری بوو که‌ شه‌ڕه‌که‌ ڕابگرن و هه‌ردوو ئیداره‌که‌ یه‌کخه‌نه‌وه‌ و خه‌ریکی به‌لاداخستنی مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازاکانی گه‌له‌که‌مان بن که‌ ئه‌وسا و ئێستایش پشتیان تێکردووه‌ و گوێیناده‌نێ .
ئێستا له‌دوای ڕووخانی سه‌ددام ، گومرکی ئیبراهیم خه‌لیل ئه‌همییه‌تێکی ئه‌وتۆی نه‌ماوه‌ و تاڕاده‌یه‌ک بیرچۆته‌وه‌ چونکه‌ پاره و‌پوولێکی زیاتر هاتۆته‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا که‌ ده‌بوایه‌ به‌زه‌یییان به‌و خه‌ڵکه‌ لێقه‌وماوه‌دا بهاتایه‌ته‌وه‌ و بۆ خزمه‌تکردنی ئه‌وان خه‌رجیان بکردایه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان وه‌کوو که‌سانی سه‌رخۆش و بێباک و تینوو بۆ پاره‌ و خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن و گیرفانپڕکردن ،  پشتییان کردۆته‌ خه‌ڵکه‌که‌ و بازیانداوه‌ به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و گۆڕی به‌کۆمه‌ڵ و کوردستانه‌ وێرانه‌که‌ی ئێمه‌دا  که‌ دوژمنانمان بۆیانکردبووین به‌ گۆڕستان و ته‌نها و ته‌نها له‌خه‌می خۆیاندان و که‌سیتر ، بازیاندا به‌سه‌ر سه‌دان خێزانی شه‌هیدو هه‌زاران خه‌ڵکی لێقه‌وماو و ڕه‌شوڕووت و برسی و ده‌ست سپیدا و که‌وتنه‌ درووستکردنی کۆشک و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی خۆیان و کڕینی شتی مۆدێرن له‌ ئوتومبیل و ناوماڵ و پێویستییه‌کانی تر ، ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر بازاری جگه‌ره‌و مه‌شرووب و که‌لوپه‌لدا ، ده‌ستیان کرد به‌ درووستکردنی شاری جۆراوجۆر ، کۆشکوته‌لاری 10_30 نهۆمیی ، میوانخانه‌ی جۆراوجۆر ، سۆپه‌رمارکیت و بازاری گه‌وره‌ گه‌وره‌ و …….تاد به‌ناوی بازاری ئازاده‌وه‌ ، که‌چی له‌ولاشه‌وه‌ میلله‌ته‌کامان ده‌ناڵێنێ به‌ده‌ست نه‌بوونی کاره‌با ، ئاو ، سووته‌مه‌نی که‌ به‌به‌شێکی گرنگ و زیندووی پێداویستییه‌کانی ژیان حسابیان بۆده‌کرێ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سه‌دان خێزان که‌ ماڵ و حاڵ و جێی حه‌وانه‌وه‌ی خۆیان نییه‌ و له‌ شوێنی ناسروشت و نابه‌جێ ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن .
به‌باشی ده‌زانم به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ نموونه‌یه‌ک بخه‌مه‌ به‌رچاوی خوێنه‌ری به‌ڕێز :
له‌م ڕۆژانه‌ی پێشوودا به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی _ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان _ سه‌ردانی قوتابخانه‌یه‌کی نموونه‌یی کرد و سه‌رسامیی خۆی پیشاندا به‌رامبه‌ر به‌ ڕێکوپێکییی قوتابخانه‌که‌ و جۆری په‌روه‌رده‌ و به‌ ڕێوه‌بردن و هه‌ر ستایشی ده‌کردن و سوپاسی ده‌کرد که‌ ڕۆڵه‌ و سه‌رکرده‌کانی داهاتووی گه‌له‌که‌مان له‌ قوتابخانه‌ی وه‌کوو ئه‌مه‌دا فێرده‌بن و په‌روه‌رده‌ده‌کرێن !!
من به‌ کاک مه‌سعود ده‌ڵێم : ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وی له‌ ڕاستییه‌کان تێبگات ، با گه‌شتێک ده‌ستپێبکات له‌ سه‌رانسه‌ری کوردستاندا و به‌بێ به‌رنامه‌و به‌ شێوه‌یه‌کی کوتوپڕ ده‌یان قوتابخانه‌ به‌سه‌ربکاته‌وه‌ ، ئیتر ئه‌وسا ده‌گاته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ که‌ له‌زۆر شوێنی کوردستاندا قوتابخانه‌ هه‌ر بوونی نییه‌ و قوتابی له‌که‌لاوه‌دا ده‌رس ده‌خوێنن ،  ڕێژه‌یه‌کی زۆر له‌قوتابخانه‌کانمان له‌ شاره‌کاندا زیاتر له‌ 3 ده‌وامی تێدا ده‌کرێت و پۆلی واهه‌یه‌ 50 قوتابی ده‌رسی تێدا ده‌خوێنێت و هیچ فێرنابن!!! پێویستییه‌کانی قوتابخانه‌ له‌ هۆیه‌کانی ڕوونکردنه‌وه‌ ، کورسی و شوێنی دانیشتن ، ڕاخه‌ر و سۆپا و هۆیه‌کانی خۆفێنککردنه‌وه‌ ، پێویستییه‌کانی وه‌رزش و یاریکردن ، به‌رنامه‌ی خواردن پێشکه‌شکردن به‌قوتابی ، دابینکردنی هۆیه‌کانی گواستنه‌وه‌ بۆ ئه‌و قوتابیانه‌ی دوورن له‌ قوتابخانه‌کانیانه‌وه‌ ……و ده‌یانیتر هه‌ر بوونیان نییه‌ !! بۆیه‌ پێوسته‌ پسپۆرانی بواری ڕاگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌ خۆیان بێبه‌ش نه‌که‌ن له‌م گه‌شته‌ی کاک مه‌سعود و چی ڕاسته‌ ئه‌وه‌ بگه‌یه‌نن ! جگه‌ له‌وه‌ ئێمه‌ خاوه‌نی سیستمێکی په‌روه‌رده‌ی کۆنین که‌ ده‌بی له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت و هه‌ڵته‌کێ به‌مه‌رجێک له‌گه‌ڵ واقیعی کوردستاندا  بگونجێت و لاسایی هه‌موو شتێکی ئه‌وروپا نه‌کرێته‌وه‌ !! . جارێ هیچ نه‌بێ مامۆستا فێری ئه‌وه‌ بکرێت به‌ تێڵایه‌که‌وه‌ خۆی نه‌کات به‌ پۆله‌کاندا و نه‌که‌وێته‌ گیانی قوتابی به‌سته‌زمان و به‌ ئه‌قڵ و به‌رنامه‌ و بیرکردنه‌وه‌ کاربکات !!!
له‌دواجاردا بۆئه‌وه‌ی له‌ باسه‌که‌ لانه‌ده‌م ، پێویسته‌ کاربه‌ده‌ست و به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان ، ڕێزیان هه‌بێت بۆ میلله‌ت ، به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی نوێ بکه‌ن و گۆڕانی مه‌زن بکه‌ن له‌ بواره‌ جیاجیاکانی ئیداری ، ئابوری ، دارایی ، سیاسی ، کۆمه‌ڵایه‌تیدا ، ئاوڕێک له‌ یاساناس و ئابوریناس و هونه‌رمه‌ند و ڕۆشبیرو ئه‌کادیمیست و پسپۆرو شاره‌زاکانی بواره‌ جیاجیاکان بده‌نه‌وه‌ له‌وانه‌ی مه‌له‌فیان نییه‌ ، پاک و دڵسۆز و سه‌ربه‌رزن و سه‌ر به‌ هیچ حزبێک نین . جگه‌له‌مانه‌ ئێمه‌ له‌کوردستاندا خاوه‌نی سیستمێکی خێڵه‌کین و هه‌ر حزبه‌ ده‌یه‌وی خۆی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست و سه‌روگوێلاکی ئه‌ویتر بکوتێته‌وه‌ و هه‌تا مردنی سه‌رکرده‌کانی ، وه‌چه‌ له‌دوای وه‌چه‌ حوکمی له‌ده‌ستدابێت ، ئه‌وانه‌ی کوردستان فێری ئه‌وه‌ نه‌بوون که‌ به‌ نۆره‌ یاخود له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنێکی ئازاده‌وه‌ حوکم بکه‌ن بۆئه‌وه‌ی نرخ بهێڵنه‌وه‌ بۆ ئازادی ، دیموکراتی ،  مافی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگاکه‌مان گه‌شه‌کردنی پێویست به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت و به‌ره‌و کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی ملبنێ . هه‌تا کاره‌کان وه‌کوو ئه‌وه‌ی ئێستا بڕوات ، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا هیچ به‌ هیچ ناکه‌ن و ده‌بێ هه‌ر ته‌پوتۆز بکه‌ن له‌ دوای ڕووداوه‌کانه‌وه‌ .
با یادی ساڵڕۆژی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ بکه‌ینه‌ ڕۆژی به‌پیره‌وه‌چوونی هه‌ڵه‌بجه‌ و قوربانییه‌کانی ئه‌نفال له‌ هه‌موو شوێنێکی کوردستاندا .

عارف که‌ریم _ ستۆکهۆڵم    


 

Previous
Next

Leave a Reply