Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

نه‌ورۆزی کوردستان…. حه‌مه‌غه‌فور

Be First!
by March 25, 2008 گشتی

په‌یامێک بۆ شادی، ئومێدێک به‌ دنیایه‌کی باشتر

سه‌رده‌مانێک ڕژێمی فاشیستی به‌عسی ته‌وقی دیکتاتۆری خۆی له‌ گه‌ردنی خه‌ڵکی عێراق به‌ گشتی‌و خه‌ڵکی کوردستان به‌تایبه‌ت ئاڵاندبوو، ده‌ورانێک که‌ ئه‌و ڕژێمه‌ هارو دژه‌ مرۆڤایه‌تییه‌ سه‌رله‌به‌ری سیمای شادی‌و خۆشی‌، جوانی‌و کامه‌رانی‌و هیواو ئاواته‌ شادیهێنه‌ره‌کانی ژیان‌و جووڵه‌ی کۆمه‌ڵگای خستبووه‌ ژێر چه‌کمه‌ی تۆتالیتاریستی‌ به‌عسیانه‌ی خۆیه‌وه‌و سه‌رتاپای جه‌سته‌ی ماف‌و ئازادییه‌کانی تابوو و تاوان‌و قاچاغ وێناکردبوو، ئه‌و ساته‌ڕۆژانه‌ی ڕق‌و کینه‌ی قه‌ومپه‌رستانه‌ی ڕژێمی به‌عس هه‌وری ڕه‌ش‌و چڵکنی خۆی هه‌میشه‌ به‌سه‌رسه‌ری خه‌ڵکی سته‌مدیده‌و ئازادیخوازی کوردستانه‌وه‌ ڕاگرتبوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئومێدو ئاره‌زووی ژیانێکی خۆشترو دنیایه‌کی باشتر له‌ سینه‌کاندا بتاسێنێ‌و چۆکی به‌رگری‌و وه‌ستانه‌وه‌ بۆ ئازادی‌و ڕزگاری بشکێنێ، نه‌ورۆز ته‌نها ده‌روازه‌یه‌کی پڕ ئومێد بوو بۆ جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان هه‌تا هه‌رچی خورپه‌ی ترس‌و تۆقاندن‌و دڵه‌ڕاوکێ‌یه‌ک که‌ ڕژێمی به‌عسی تاوان له‌ ساڵێکدا به‌ سه‌رکوت‌و ئیعدام‌و کۆکوژی له‌دڵی ئه‌و خه‌ڵکه‌دا تۆویکردبوو بڕه‌وێنێته‌وه‌و هه‌موو ساڵێک له‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزو سه‌ره‌تای به‌هاری ساڵدا ده‌سه‌ڵاتی هاری به‌عسی مایه‌پووچ‌و ناکامده‌مایه‌وه‌و له‌به‌رده‌م ئیراده‌ی خه‌ڵکی خۆڕاگری کوردستاندا ده‌سه‌وسان ده‌بوو‌!

 زیاتر له‌ چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌ک نه‌ورۆز ڕه‌مزی ڕاوه‌ستان‌و به‌رگری خه‌ڵکی کوردستان بووه‌ بۆ نائومێدکردنی دوژمنانی ئینسانییه‌ت، دوژمنانی ئازادی، دوژمنانی خۆشی‌و شادی‌و ئارامی‌و بوژانه‌وه‌! به‌رگری له‌به‌رامبه‌ر ڕژێمێکی کۆنه‌په‌رست، تاوانکارو دژ به‌ مرۆڤایه‌تی له‌ کوردستانی عێراق‌دا بووبووه‌ سوننه‌تێکی خه‌باتکارانه‌ی خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان‌. هه‌موو ساڵێک له‌ نه‌ورۆزدا یه‌ک خۆپیشاندانی بێوێنه‌ی سه‌رتاسه‌ری‌و جه‌ماوه‌ری به‌ڕووی ڕژێمی به‌عسی‌دا به‌رپاده‌کرا. جه‌ژنگرتنی نه‌ورۆزو چوونه‌سه‌یرانی گشتی شێوازێکی خه‌باتکارانه‌ی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌بوو بۆ نا ووتنێکی گه‌وره‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نفال‌و کیمیاباران. ئه‌م جه‌ژنه‌و ئه‌م یاده‌و ئه‌م ڕۆژه‌ ناسیونالیزمی کوردی‌و حیزبه‌کانی گه‌ره‌کیانه‌ مۆرکی قه‌ومپه‌رستانه‌ی خۆیانی پێوه‌بنێن. له‌ بنه‌ڕه‌تدا که‌متر په‌یوه‌سده‌بێته‌وه‌ به‌ یاده‌وه‌ری‌و جه‌ژنێکی قه‌ومییه‌وه‌. زیاتر جه‌ژنێکی گشتی‌و جه‌ماوه‌ریه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان که‌ تیایدا هه‌موو ساڵێک به‌ڵێنیان بۆ ئازادی‌و ڕزگاری‌و ژیان‌و شادی‌و سه‌عاده‌ت نوێکردۆته‌وه‌.

ئه‌مساڵیش جیاواز له‌ ساڵه‌کانی تر خه‌ڵکی کوردستان به‌شێوه‌یه‌کی بێوێنه‌ له‌نه‌ورۆزدا خۆپیشاندانێکی گه‌وره‌یان به‌رپاکرد بۆ نیشاندانی مه‌یل‌و ئاره‌زووی قووڵیان بۆ ئازادی، بۆ ژیانێکی باشترو خۆشتر بۆ شادی‌و بووژانه‌وه‌. به‌ڕای من نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ زیاتر وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی یادی نه‌ورۆزه‌کانی کاتی ڕژێمی به‌عسه‌ بۆ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ته‌وقی دیکتاتۆریه‌ت‌و نیشاندانی عیشقیان بۆ ژیانێکی ئازادو خۆشتر. زیاتر سینیاڵێکه‌ بۆ ئه‌حزابی کوردی ده‌سه‌ڵاتدار که‌ چی‌تر خواسته‌کانی جه‌ماوه‌ری کوردساتن پشتگوێ نه‌خه‌ن‌و وه‌ڵامی عه‌مه‌لی بده‌نه‌وه‌ پێیان، ده‌نا چاره‌نووسی باشتر له‌ ڕژێمی به‌عسی له‌پێشیان نییه‌. نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ به‌ڵێیه‌ بۆ ژیانێکی شادو خۆشترو هه‌مه‌گیر بۆ هه‌مووان، نا‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ به‌ هه‌ڵاواردن‌و چه‌وسانه‌وه‌و گه‌نده‌ڵی.

مه‌خابن خه‌ڵکی کوردستان دوای زنجیره‌یه‌کی توولانی‌و چه‌ندین ساڵه‌ی نوواندن‌و به‌رپاکردنی ناڕه‌زایه‌تی گشتی‌و جه‌ماوه‌ری له‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی ناسیونالیزمی کوردی‌و له‌دژی سوڵته‌ی پارتی‌و یه‌کێتی که‌ له‌ پێناوی ئاوی خواردنه‌وه‌و ڕووناکی‌و خزمه‌تگوزاری هه‌ره‌ سه‌ره‌تایی ئه‌نجامیان دابوو، وه‌ به‌رده‌وامیش ئه‌و توڕه‌یی‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ پۆنگده‌خۆنه‌وه‌‌، جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی به‌نیازه‌ به‌ ته‌رخانکردنی بودجه‌ی 100سه‌دملیۆنی بۆ یادکردنه‌وه‌ی نه‌ورۆزو خستنه‌کاری ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنی بینراوو بیستراویان بۆ ڕه‌نگکردنی ئه‌م نه‌ورۆزه‌ به‌ مۆرکی کوردایه‌تی‌و قه‌ومپه‌رستانه‌، بۆ ئه‌و ئامانجه‌یه‌ که‌ ئه‌و جووڵانه‌وه‌و ڕاوه‌ستانه‌ گشتگیره‌ له‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ‌و میلیشیاییان داپۆشن‌و وانیشانیده‌ن که‌ خه‌ڵکی کوردستان له‌پێناوی قه‌ومپه‌رستان‌دا واز له‌ خواسته‌ ڕه‌واکانی خۆیان دێنن‌و ده‌س له‌ خه‌بات‌و تێکۆشان بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی ئازادو سه‌ربه‌خۆو، وه‌ به‌رقه‌رارکردنی یه‌کسانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی نێوان ژنان‌و خه‌مڵاندنی عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌هێنن.

نه‌خێر، ناکرێ‌و ناتوانرێ به‌وه‌ی مایکرۆفۆنی ته‌له‌فزیۆنه‌کانتان شه‌رمنۆکانه‌ بخه‌نه‌ ئیختیاری ژماره‌یه‌ک که‌س‌و خێزانی ده‌س‌و پێوه‌ندی خۆتانه‌وه‌و ته‌علیمیانبده‌ن که‌ به‌باڵای ئێوه‌و حکومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ‌و سه‌روخه‌ڵکیتاندا هه‌ڵبڵێن گرفته‌ گه‌وره‌کانی ده‌ره‌نجامی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ‌و سه‌روخه‌ڵکیتان لێ‌ قبووڵبکرێ‌و ئه‌و ملیۆنان ئینسانه‌ی که‌ لێتان تووڕه‌ن‌و ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی ئێوه‌ به‌سه‌رچاوه‌ی کوێره‌وه‌ری خۆیان ده‌زانن بێ‌ده‌نگ‌و ڕازی بکه‌ن! کۆمه‌ڵگای کوردستان پڕه‌ له‌ ده‌نگ‌و ڕه‌نگ‌و سنگی پڕ ڕه‌خنه‌، لێوانلێوه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی، پڕاوپڕه‌ له‌ توڕه‌یی له‌دژی ئه‌م فیرعه‌ونئاوایه‌ی له‌ کوردستان سازو به‌رپاتانکردووه‌! سیمای جیاوازی چینایه‌تی کوردستان به‌ چه‌ند به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی نیشاندانی خاڵی جێگامه‌به‌ستی خۆتان ناکرێ به‌ژێره‌وه‌!

ئه‌م کوردستانه‌ دوو جۆر ئینسانی تێدا ئه‌ژی؛ ئه‌کسه‌رییه‌تێک که‌ له‌ ئاستێکی ئێجگار نزمی ژیانی ئه‌مڕۆژیدا به‌سه‌رده‌به‌ن‌و موحتاجی ئاوی خواردنه‌وه‌و ڕووناکی‌و کارو نانن، ئه‌قه‌لییه‌تێکیش که‌ بێ چاووڕوو له‌ هه‌موو شتێک به‌هره‌مه‌ندنن‌و گاڵته‌یان به‌ میحنه‌تی ئه‌و ئه‌کسه‌رییه‌ته‌ دێت. سه‌یر له‌وه‌دایه‌ له‌ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنتانه‌وه‌ گه‌ره‌کتانه‌ به‌ مۆرکردنی نه‌ورۆز به‌ ڕه‌نگی کوردایه‌تیتان ئه‌م واقعه‌ به‌رجه‌سته‌و چینایه‌تییه‌ بکه‌ن به‌ژێره‌وه‌و کوردستان به‌به‌هه‌شتی هه‌مووان نیشانبده‌ن! ئه‌مه‌ش کارێکه‌ که‌ نه‌ک له‌ توانای ئێوه‌دا نییه‌، هیچ هێزێک ناتوانێت به‌ فڕوفیشال بیشارێته‌وه‌. ئه‌و چینه‌ سه‌ره‌نجام دنیاو ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ خه‌باتی نه‌پساوه‌یان به‌رپاده‌که‌ن‌و ئه‌م گه‌نده‌ڵئاوایه‌ پاکئه‌که‌نه‌وه‌. بۆیه‌ نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ زیاتر ئیحراجبوونی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بوو نه‌ک یادکردنه‌وه‌ی جه‌ژنێکی قه‌ومی!
23/3/2008

hamaxafoer@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply