Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

نه‌ ماستاوچی و نه‌ ئۆپۆزیسیۆنین .. ئێمه‌ رۆژنامه‌نووسین

Be First!
by June 25, 2009 گشتی


           ستیڤان شه‌مزینانی
Shamzini79@hotmail.com

 

رۆژنامه‌كان وه‌ك دایناسۆره‌كان ترسی له‌ناوچوونیان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌راستیدا هێشتا بۆ ملیۆنان مرۆڤ گرنگترین سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانن
مارتین گوتلیبه‌

پارتی ویه‌كێتی وراگه‌یاندنكاره‌كانیان ده‌خوازن له‌رێی چه‌واشه‌كارییه‌كانیانه‌وه‌ رۆژنامه‌نووسانی ئه‌هلی ومیدیا ئازاده‌كان فڕێبده‌نه‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی شه‌رمی تێدا نییه‌ تاكی رۆژنامه‌نووس به‌رهه‌ڵستكار بێت، به‌ڵام من وا تێناگه‌م ئه‌و رۆڵه‌ی میدیا ئه‌هلییه‌كان ده‌یگێڕن چووبێته‌ خانه‌ی دژایه‌تی وبه‌رهه‌ڵستكاریی حكومه‌ته‌وه‌. ئه‌وان شه‌رم له‌خۆیان ناكه‌ن هه‌زار پاساوی بێ بنه‌ماو لاواز بۆ ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆریی كوردستان بهێننه‌وه‌، ئیدی بۆچی ده‌بێت ئێمه‌ به‌ترس وله‌رز وشه‌رمنییه‌وه‌ ره‌خنه‌كانی خۆمان بخه‌ینه‌ روو؟، ئه‌وان بۆچی داكۆكییكردن له‌بێ كاره‌بایی وگه‌نده‌ڵیی ودزینی سه‌روه‌تی نیشتمانیی وچه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤی كورد له‌لایه‌ن دوو حزبی مافیاوه‌ به‌پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسیی بزانن، ئه‌دی بۆچی ئێمه‌ نیشاندانی ئه‌و واقیعه‌ تاڵه‌ بۆ هه‌موو دنیا نه‌كه‌ینه‌ كاری سه‌ره‌كیی خۆمان؟. من پێموایه‌ له‌و جێگه‌یه‌ی رۆژنامه‌نووس ده‌بێته‌ ئۆپۆزیسیۆن به‌ڵگه‌یه‌كی روونت ده‌ستده‌كه‌وێت له‌و شوێنه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی زۆردارو دیكتاتۆر هه‌یه‌ رێگه‌ی له‌ژیان وئازادیی خه‌ڵك گرتووه‌، ئه‌گه‌رنا له‌وڵاتانی گه‌شه‌كردوو وسه‌رمایه‌داریی خۆرئاوادا میدیا هیچ كات په‌ل بۆ كاری سیاسییه‌كان ناهاوێت، به‌ڵكو ته‌نێ وه‌ك ده‌سه‌ڵاتێكی چاودێرییكه‌ر كاره‌كانی خۆی رایی ده‌كات. ئه‌گه‌رچی له‌كوردستان رۆژنامه‌كان كه‌م تا زۆر نه‌یانویستووه‌ رۆڵی حزبی به‌رهه‌ڵستكار یان نه‌یاری سیاسیی حكومه‌ت ئه‌دا بكه‌ن، به‌ڵام زۆرینه‌ی جاره‌كان به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌ ملهوڕانه‌یه‌ی له‌كوردستان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ موماره‌سه‌و پیاده‌ ده‌كرێت رۆژنامه‌كانی بردۆته‌ ناو دۆخێكی میدیاییه‌وه‌ كه‌ رۆڵی ده‌زگاو گروهی فشار ببینن، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر عه‌یبێك بێت بۆ رۆژنامه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ئه‌هلییه‌كان ئه‌وا ده‌ ئه‌وه‌نده‌و زیاتریش عه‌یبه‌كه‌ بۆ خودی ده‌سه‌ڵاتێكه‌ كه‌خنكێنه‌ری دۆخێكه‌ تێیدا ئۆپۆزیسیۆن وگروپه‌كانی گوشار سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن وباڵانسی نێوان ده‌سه‌ڵات وشه‌قام راده‌گرن.
له‌كوردستان گووتارێكی میدیایی حزبیی له‌هه‌ڕمێندایه‌ پێیوایه‌ هه‌ر جۆره‌ ره‌خنه‌گرتنێك له‌ده‌سه‌ڵات وداموده‌زگا میرییه‌كان مه‌به‌ست لێی شكاندن ورووخاندنی ده‌سه‌ڵاته‌، بۆیه‌ پێیوایه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌ر ره‌خنه‌گرتنێكدا باسی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ش بكرێت له‌سایه‌ی حكومه‌تی كوردییدا هاتوونه‌ته‌ ئارا، سه‌یره‌ بۆ له‌خۆیان ناپرسن قیرتاو و زێرابی سندووقی وكاره‌با راكێشان بۆ گونده‌كان ودروستكردنی شۆسته‌ی كۆنكرێتی ویه‌ك دوو باخچه‌ی بچووكی گه‌ڕه‌كه‌كان به‌به‌راوورد به‌و داهاته‌ زۆرو زه‌به‌نده‌یه‌ی كوردستان كه‌ی پڕۆژه‌ن وكه‌ی ئه‌وه‌ ده‌هێنێت رووبه‌رێكی زۆری میدیای پێ ببه‌خشیت؟، بێجگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و كارانه‌ ئیشی زۆر ساده‌و ساكاری حكومه‌تن، ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ناكه‌ن، چی ده‌كه‌ن؟، ئه‌و كارانه‌ی ده‌یكه‌ن پێنج له‌سه‌ددی ئه‌و بودجه‌یه‌ نییه‌ كه‌قه‌راره‌ بۆ كه‌رتی خزمه‌تگوزاریی ته‌رخان بكرێت. نازانم بۆچی مادام رۆژنامه‌ی ئه‌هلی ره‌خنه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م كه‌موكوڕیی و دژوارییه‌ی بواری خزمه‌تگوزاریی وخراپی حكومه‌ت وئه‌دای سیاسیی هه‌یه‌، ئیدی ئۆپۆزیسیۆنه‌و له‌وه‌ به‌ولاتریشه‌وه‌ ده‌ستی بێگانه‌ی له‌پشته‌؟. چ حكومه‌تێك هه‌یه‌ هێنده‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتنی سیاسیی ته‌نانه‌ت له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یدا مسۆگه‌ر كردبێت؟ ئێ كاتێك كه‌ رۆژنامه‌نووسێك له‌ نیۆرك تایمز یان واشنتۆن پۆست ره‌خنه‌ له‌ئۆباما بگرێت، كه‌ی به‌وه‌ تاوانباری ده‌كه‌ن به‌كرێگیراوی بێگانه‌یه‌، چوونكه‌ باسی ئه‌و هه‌موو ده‌ستكه‌وت وسه‌ركه‌وتنانه‌ی نه‌كردووه‌ به‌ده‌ستهاتوون؟. ئه‌گه‌ر هه‌مان پێناسه‌ی رۆشنبیر به‌سه‌ر تاكی رۆژنامه‌نووسدا بچه‌سپێنین، ئه‌وه‌ دیسان كاری رۆژنامه‌نووس له‌نێوان لایه‌نگریی وره‌تكردنه‌وه‌دایه‌، رۆشنبیر نه‌ بڕیارێكی پێشوه‌ختی هه‌یه‌ بۆ لایه‌نگریی و نه‌ بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ش، ئه‌و وه‌ك تاكێك زانست به‌رهه‌م ده‌هێنێت، ئه‌و زانسته‌ش دووره‌ له‌بیركردنه‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی، به‌ڵكو ئه‌نجامێكی تاقیگه‌یی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌، كاری رۆشنبیر "رۆژنامه‌نووسیش وه‌ك رۆشنبیرێك" زیاتر له‌كاری پزیشكه‌كان ده‌چێت، چوونكه‌ هیچ بڕیارێك ناده‌ن تا سه‌مپڵێك وه‌رنه‌گرن وله‌ئه‌نجامی شیكاریی تاقیگه‌دا ئاكامێك وه‌رنه‌گرنه‌وه‌. له‌ژێر شه‌به‌نگی ئه‌مه‌شدا روون ده‌بێته‌وه‌ داواكاریی میدیا حزبییه‌كان وتۆمه‌ته‌كانیان چه‌ند بێسه‌روبه‌رن وناتوانن روویه‌كی زانستیی به‌خۆوه‌ بگرن، رۆژنامه‌نووسی كورد كاری ستایش وپیاهه‌ڵدان نییه‌ به‌ ئه‌و كارانه‌ی حكومه‌ت له‌چوارچێوه‌ی ئه‌ركه‌كانیدا پێی هه‌ڵده‌ستێت، چوونكه‌ سوپاسگوزاریی هیچ كه‌سێك پێویست نییه‌ له‌كاتی راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانیدا، به‌ڵام كاری رۆژنامه‌نووسه‌ هه‌ر كاتێك حكومه‌ت له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ كه‌لێنی تێكه‌وت وكه‌مته‌رخه‌میی كرد ره‌خنه‌ی لێبگرێت وراستییه‌كان بخاته‌ به‌رده‌م رای گشتیی، له‌هه‌مان كاتدا كاری رۆژنامه‌نووس نییه‌ ببێته‌ نه‌یاری سیاسیی حكومه‌ت، چوونكه‌ وه‌ك تیشكمان خسته‌ سه‌ری كاری ئه‌و دروستكردنی رای گشتیی وگه‌یاندنی زانیارییه‌ به‌هاووڵاتیان، له‌وه‌ به‌ولاوه‌ ماستاوچێتی وپیاهه‌ڵدان دوورن له‌ره‌وشتی رۆژنامه‌نووسییه‌وه‌ هه‌روه‌ك چۆن له‌هیچ وێستگه‌یه‌كدا رۆژنامه‌نووسیی وبه‌رهه‌ڵستكاریی پێك ناگه‌نه‌وه‌، كه‌وایه‌ ئێمه‌ نه‌ ماستاوچی و نه‌ئۆپۆزیسیۆنین، به‌ڵكو رۆژنامه‌نووسین وباشیش ده‌زانین كارمان چییه‌.

 

Previous
Next

Leave a Reply