Skip to Content

Friday, September 18th, 2020

نوسەرو مەنفا..دیمانه‌له‌گه‌ڵ ئیسماعیل حەمەئەمین

Be First!
by January 27, 2008 گشتی

  
 ئەگەر ونبون بەشێكى گەورەى هەموو سەفەرێك بێت، نوسەر جودا لەخەڵكى تر چەندێكى لەوپشكە بەردەكەوێت؟ بەمانایەكىتر مەنفا بۆ نوسەرەكان چەندێك شوێنى خۆدۆزینەوەیەو چەندێكیش جێگاى وون بونە؟
 توانائەمین
 
 
 ئیسماعیل حەمەئەمین:
 
 هەر کاتێک مەنفا لەخودی نوسەردا مرد، ئەوا نوسینیش دەمرێت….
 
 هەموو کاتێک کەباسی مەنفا دەکرێت ئەو کتێبە گرنگ و قورس و سەیرەی فەیلەسوف و موزیکالی ڕەخنەیی ولیترات وبیریار (تیۆدۆر ئادۆرنۆ)م بیردێتەوە، هەمیشە لەسەر مێزی نوسینەکەمدایە و بەردەوامیش  دەیخوێنمەوە، بەتایبەت ئەو  ساتەوەختانەیە کەدەمەوێت لەقەرەباڵغی ڕۆژانە ژیان دووربکەمەوە. کتێبی (مینیما مۆڕاڵیا Minma Moralia ) بەکوردی دەتوانین لەژێر ناوی (مۆڕاڵە بچوکەکان) وەربگێڕدرێت. ئەم کتێبەی ئادۆرنۆ بەجیاواز لەهەموو کتێبەکانی دیکەی نەئاوتۆ بیۆگۆافیە و نەدەقێکی فەلسەفی و فیکری و کۆمەڵایەتیە، بەئاسانی لەتایتڵی ناوەوە و دووهەمی  کتێبەکەدا نوسراوە
 (چەند کاردانەوەیەکە لەژیانێکی تێک و پێکشکاوەوە Reflexionen aus dem beschädigten Leben ) 
 گرنگی ئەم کتێبە پەلاماردانی هەموو ئەو بۆشایە گەورەیە کەلەمەنفادا خۆی دەبینێتەوە، پارچە بوونی کتێبەکە بەسەر ووردەکاری سەیردا، ئەو شێوە ژیانەی مەنفا نمایش دەکات کەنوسەر تێدا دەژی. لەپێڕستەکەیدا خۆی بەسەر 153 بەشی جیاواز لەیەکتریدا دابەش دەکات، بەناونیشانی سەیری وەک (لامپایەک لەتەنیشت جێگاوە) یان (گەڕانەوەی کولتور) یاوەکو (لەودیوو ئاوێنەوە) ..هتد . هەموو ئەمانە کۆمەڵێک تێکستن کەفەلسەفاندنی ژیانە لەنێو ووردەکاری ڕۆژانە، ئەم کتێبەی ئادۆرنۆ لەو زەمەنەدا نوسراوەکەلەمەنفای ئەمریکایدا بوو، وەک نوسەرێکی ئەکتیڤ و جولەکەیەکی هەڵاتوو لەدەست ناسیونال سۆسیالزم وفاشیەت، لەوێ بەردەوامی دابوو بەژیانی فیکری خۆی.
 گرنگی ئەم کتێبە بەڕای من لەو چوارچێوەیەدایە کەنوسەر و تاڕاوگە بەیەکترەوە دەبەستێتەوە، وەک دوو ڕەگەز کەئەم ئەوی دیکە تەواو دەکات ولەهەمانکاتیشدا ئەم لەوی دیکە ڕادەکات. یاریەکی سەیری خۆشاردنەوە و خۆدزینەوەیە لەیەکتری، لەنێوان ئەم دووانە بەردەوام وەک بازنەیەکی شەیتانی ئەم یاریە خۆی دووبارە دەکاتەوە. نوسەر و ڕۆشنبیریش بەمانای وشە، هەمیشە لەتاڕاوگە ڕادەکات و تاڕاوگەش هەمیشە لەنێو نوسەردا ڕەگەکانی خۆی داکوتاوە. پەیوەندی نێوان ڕۆشنبیر ومەنفا پەیوەندیەکی ئەزەلیە، پەیوەندیەکی ئاڵۆزە لەووردەکاریەکانیدا، لەبەر ئەوە سەیر نیە کتێبە قورس و سەرنجڕاکێشەکەی ئادۆرنۆ خاوەنی ڕیزبەندی و یەکبەداواهاتنی تەقلیدی نوسینی فیکری نەبێت، بەڵکو کۆمەڵێک تێکستن بەسەربەستی ئەم لەویتر بەجیا مانای خۆی بەرهەمدەهێنێت. بەهەمان شێوەش خوێنەری ئەم تێکستانە سەربەستی تەواوی هەڵبژاردنی هەیە بۆ خوێندنەوە. 
 مەنفا لەم تێزانەی ئادۆرنۆوە، ئەو ووردەکاریانەیە کەنوسەر تێیدەکەوێت، ئەو ووردەکاریەکان زیاتر لەو بیروڕاو شێوازی ژیانە نێزیکی دەخاتەوە کەنوسەر زیاتر بەخۆیەوە خەریک بێت. ئەمە ئەو چەمکەیە کەزۆر لە ئینیدڤیدیومه‌وه‌ (تاکڕەوخوازی) نێزیکە، ئەو (بەخۆخەریکبوون و لەگەڵخۆ خەریکبوون) تەورەیەکی تەواوی ئەو کتێبەیە کەهەر جارە ولەفۆرم و بابەتێکی جیاوازدا تەعبیر لەخۆی دەکات.
 لێرەوە دەتوانم بڵێم،نوسەر هەر لەبنەڕەتەوە بونەوەرێکی مەنفیکراوە، نوسەرێکم نەبینیوە بتوانێت لەنێو کۆلکتیڤیەت ومێگەلی کۆمەڵایەتی وسیاسیدا تائەبەد هەڵبکات. ئەمە ئەو وانە سەختەیە کەلە(ئادۆرنۆ) وە فێری دەبین. هەموو نوسەرێک لەتاکڕەوی خۆیدا ئەو کەسەیە بەلێواری ژیاندا پیاسەدەکات. جگەلەوە  شتێک هەیە پێیدەڵێن (لەدەرەوەبوون ) بەمانای لەدەرەوەی شتەکانی مێگەلی کۆمەڵایەتیت، لەدەرەوەی بەکۆمەڵ ژیان و دەستەجەمعی ژیانیت. تۆ لەنێو خۆتدای بۆ بەرهەمهێنانی ئەو تاکڕەویەی خۆت، ئەو شێوازە ژیانەی بەجیاواز لە تەقلیدی گردبوونەوە کۆمەڵایەتیەکان خۆی پێکدێنێت. خود (سوبێكت) شێوازی خۆی وەردەگرێت بەبوونی لەنێو تۆنی موزیکالی خۆیدا، ئەو تۆنەی کەتاکتێکی موزیکالیە ونوسەر هەوڵی دۆزینەوەی دەدات، ئەمەش کردەی داهێنانی فیکری و گۆڕانەفیکریە گەورەکان لەهەبوویی کۆمەڵایەتی جیادەکاتەوە. بەکورتی ئەمە جۆرە ژیانی ڕۆشنبیرە لەنێو تاکڕەویدا، پێکهێنانی جۆرێکە لەتاکتی موزیکی لەنێو قەرەباڵغیدا، ئەوە نوسەرە کەهەرگیز ناچێتە نێو کۆڕاڵە قەڕەباڵغەکانی ئایدۆلۆژیاو حیزب و دەزگاکان،تەنانەت دەزگا کۆمەڵایەتیەکانیش بۆ ئەو جۆرێکە لەڕووتکردنەوەی ئەو خودە، زەوتکردن ولەقاڵبدانێتی  لەنێو چوارچێوە کۆمەڵایەتیەکاندا.
 لێرەوە مەنفای نوسەر، مەنفایەکی میتافەریە (مەجازیە) پێش ئەوەی مەنفایەکی شوێن بێت، مەنفایەکە پابەندە بە خودڕەوی ئەو لەنێو ژیانێکی کۆلەکتیڤیدا.نوسەر ناتوانێت بەردەوام بەئاشتی لەگەڵ شوێن و زەمەنی کۆمەڵایەتیدا بژیت، شوێنێک نیە نوسەر بەخۆیەوە ببەستێت گەر هاتوو ئەو شوێنە بەشێکی زۆری لەتاکڕەوی ئەوی تێدا فەراهەم نەبێت. دیارە من لێرەدا باس لەنوسەری جیدی دەکەم!، نەک ئەو نوسەرە فەرمیانەی بەدەزگای پارت و دەسەڵات و ئەکادیمیای تەقلیدیەوە هەڵواسراون.
 کێشەی نوسەر لەگەڵ مەنفایەکی مەجازیدایە، لەگەڵ ئەو بەهاکۆمەڵایەتی وئەدەبی‌و‌‌‌‌‌ ‌‌زمانەوانیە دایەکەهەیە. ئەو نامۆیە بەو کولتورهه‌بووه، نامۆیە بەو جۆرە زمانە ئاساییە،،نامۆیە بەمێگەلی کۆمەڵایەتی وحزبی و سیاسی. ئەمە خاڵی جیاکەرەوەی نوسەرە بەوەی هەمیشە بەدووی تاکتی خۆیدا دەگەڕێت، ئادۆرنۆ گووتەنی: (تاکت مانای ئەوە نیە بەئاسانی خۆت بخەیتە ژێر کەشیگەرایە ئاساییەکان… مینیما مۆڕاڵیا.ل39 ) جابەهەقەت ئەمە کڕۆکی مەنفایە کەلێرەوە خۆی درێژ دەکاتەوە، لەخودەوە كه‌بەرامبەر مێگەلی کۆمەڵایەتی ڕاوه‌ستاوه، لەخودێکەوە کەخودگەرایی خۆی بەجیا لەتۆن وتاکتە موزیکالیەکانی کۆڕاڵی کۆمەڵایەتی دادەنێت. سۆلۆیەکی تاکڕەوە، چەلۆژەنێکی تاکە بەجیا لەهەموو کۆڕاڵ، تۆنی خۆی هەیە. لەوانەیە ئەمەش نهێنی موزیکی کلاسیک بێت، کەهەموو تاکتێکی موزیکی، هەموو ئامێرێک خودگەرایی خۆی پارێزراو بێت.
 مەنفا لەم گۆشەنیگایەوە جۆرێکە لەنەبوونی شوێن و گەڕانە بەدووی شوێنە مەجازیەکان. بۆ نوسەر مەنفای شوێن ئەوەندە سەخت نیە، بەقەد ئەوەندەی مەنفای خود ، لەقاڵبدانی نوسەره  لەچوارچێوەیەکی زمانەوانی و ئیدلۆژی. سوبێکتی (خود) نوسەر گەڕانە بەدووی شوێنەکانیدا، شوێن ئەو ئیدیاو بیروڕایانەیە کەبەردەوام تەعبیر لەکێشمەکێشی جیهان و خود دەکات. شوێن مەنفا نیە بۆ نوسەری جیدی، چونکە نوسەر بەهیچ شێوەیەک خاوەنی شوێن نیە، لەبەر ئەوە گواستنەوە لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە،کەئازیزم تۆ بە(کۆچ) ناوی دەبەیت، ئەو تراژدیدیا گەورە نیە بۆ نوسەر، کۆچێک نیە نوسەر بیکات، لەبەر ئەوەی نوسەر لەنیشتمانی خۆشیدا بەردەوام کۆچڕەوە. لەناو دەزگای خێزاندا، لەنێو کێشمەکێشی ئەشقیشدا بەردەوام لەو ترسەدا دەژی کەئەوی بەرامبەر سەربەستی لێ زەوتبکات. سەیر نەبێت لات بڵێم نوسەر هەمیشە ئامادەیە بۆ کۆچکردن، یاخو باشتر وایە بڵێم خۆی ئامادە دەکات بۆ چوونە دەرەوە لەچوارچێوەکان، ئیدی گەر هاتوو ئەو چوارچێوەیەش ئەشق بێت. لەبەر ئەوە هەرگیز مەنفای نوسەر لەچوارچێوەی کێشەی کۆچ و کۆچبەراندا پێناسەناکرێت. بەقەد ئەوندەی نوسەر لەنێو زەوی مەنفادایە، ئەوەندە مەنفا میتافەرێکە (مەجازێکە) ئەوەندە ئۆبێکتیڤـی و هەبوویی نیە، تاوەکو ئێمە لەنێو شوێندا پێناسەی بکەین. ماوەیەک لەمەوبەر شاعیرێک کەهاوڕێیەکی ئازیزمە لەهەشتاکانەوە یەکتری دەناسین تەلفۆنی لەگەڵدا کردم، جوانترین قسەی ئەو دەستەواژیەک بوو گووتی : من لەمەنفای هەولێرە گیرم خواردووە… بەهەقەت وایە ئازیزم شوێنەکان تەنها مەنفای مەجازین، هەرگیز شاعیر لەگەڵ شوێندا ئاشت نابێتەوە، بەڵکو بەردەوام کێشەی سەختی هەیە لەگەڵیدا.
 لەئەزمونی خۆمەوە قسەبکەم، تاوەکو ئێستا من نازانم مەنفا کوێیە!!. کەلەنیشتمان بووم زیاتر هەستم بەنامۆ بوون دەکرد، هەستمدەکرد لەمەنفادام، لەبەر ئەوە کەهاتمە ئەو دیوو سنورەوە هیچ شتێک بەمن نامۆ نەبوو، مەنفا بەردەوامی هەبووە لەڕۆحمدا تاوەکو ئێستا، تەنانەت ئەو خووە سەیرەم هەیە تاوەکو ئێستا کاریگەری خراپی هەبووە بەسەر ژیانی ڕۆژانەمەوە، ئەویش ئەوەیە، هەر کارێک لەچوارچێوەی دەزگایەکی تایبەتیدا بێت، لەلام جۆرێکە لەمەنفا. یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنم ئەو ڕۆژەیە کەبیرلەوە دەکەمه‌وە کەی لێی قوتار دەبم، کەی دەبێت واز دەهێنم!. وەک ئەو سێوە وەهام چاوەڕێیی گەییوی خۆم دەکەم بۆ ئەوەی لەدرەخت بەرببمەوە، کەوازیش دەهێنم هەست بەبەتاڵایی دەکەم، بەپێمەلە لەنێو بۆشایدا. لەبەرئەوە هەمیشە من ودەزگاکان لەکێشمە کێشداین تاوەکو ئێستا، ئەوانەی کەلەکوردستان کاریان لەگەڵ مندا کردووە، هەر لەسیاسەتەوە بیگرە تاوەکو وەزیفە، ئەو جۆرە نائارامی و نیگەرانیە ڕۆحیەیان هەستپێکردووە. هەمیشە دوور بووم لەهەڵپە بۆ پلەباڵاکان، چونکە ترسم لەهەموو وەزیفە و پلەیەک هەبووە خودگەرایی من زەوتبکات. تەنانەت پێمووایە ئەوانەی لەئەشقیشدا دەژین و تەنها ئەشق دەکەن بەیەک بابەتی تێداژیاوی شیعری و ئەدەبی، بەشێکی زۆریان لەو خودگەرایە لەدەست دەدەن، کەنوسین پێویستی پێیەتی. هەر کاتێک هەستمکرد وەک (ڕۆبنسۆ کرۆزۆ) دەمەوێت لەسەر دوورگەیەکی ئەم دنیایەدا ماڵێک بۆ خۆم چێبکەم. ئەوا دەزانم ئەوە کۆتایی منە، چونکە من مەحکومم بەژیان لەنێو مەنفادا.
 بەڵام بابێمە سەر بەشێکی دیکەی پرسیارەکەت کەسەفەرە. دیارە هەموو کۆچێک سەفەرێکە بۆخۆی بەڵام سەفەرێکە لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە، لەزێدی خۆتەوە بۆ مەنفای شوێن. لەهاونیشتمانیەوە بۆ بێگانە، لەقسەکەرەو چالاکەوە بۆ گوێگر و لەنێوەندەوە بۆ کەنارەکان..لەکۆچدا یەک سەفەر دەکەی و ئاڕاستەی هیلاکیت بۆ یەک شوێنە کەتێدا بگیرسێتەوە. لەبەر ئەوە گرانە بڵێین کۆچ و سەفەر زۆر پێکەوە گرێدراون. چونکە کۆچ یەک سەفەرە و هیچی دیکە و کۆچبەر ئەو سەفەرە دەکات بۆ ئاسودەگی ، دەگەڕێت بەدووی شوێندا وەک ئاسوودەگی ڕۆژانەژیان، لەوانەیە ئەمە بۆ هەموو نوسەرێک وەک بونەورەێکی کۆمەڵایەتی ڕاست بێت، بەڵام شوێن هەمان بەهای لەخۆ نەگرتووە کەکۆچبەری ئاسایی بەدوویدا دەگەڕێت. شارەکان و بەندەرەکان و وێستگەی شەمەندەفەرکان هەمان تێپەڕبوون لەخۆناگرن کەلەبازنەی بیرکردنەوەی کۆچبەرێکدا دەسوڕێتەوە. لێرەوە ئەمەوێت بڵێم کەنوسەر وه‌ك (ماركۆ پۆلۆ) هەمیشە لەسەفەردایە، سەفەری نوسەر لەو هەستەوە سەرچاوەی هەڵگرتووە کەدەیەوێت لەمەنفایەکەوە بچێتە نێو مەنفایەکی دیکە. ئەمەش ئەو شەڕە بەدەوامەیەتی لەگەڵ شوێن و زەمەن و هەبوویی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوریدا. ئەمە ئەو ئیندیڤیدومەیە بەردەوام بەدووی مەنفاکانی خۆیدا دەگەڕێت و لەهیچیاندا ئۆقرە ناگرێت.
 لەگریکدا ئێمە بەرامبەر ئەفسانەی (ئۆدیسۆس) دەبینەوە، گەڕانێکە بەدووی بەختەوەری و چێژ و دۆزینەوەی دنیا کەبەهیچ شێوەیەک لەشوێنێکدا ئۆقرە ناگرێت، بیرت نەچێت (ئۆدیسۆس) لەشەڕی تەڕاودە (ترۆیا) بەشداری کرد، ئەو شەڕەی بەشێکی زۆری ئەفسانەی یۆنانی لەسەر بنیاتنراوە، ئەو جەنگاوەرێکی سەرکردە  بووە، بەڵام کێشەی ئۆدیسۆس لەدوای سەرکەوتنەوە دەستپێدەکات، لەدوای گەیشتن بەباڵایی کۆمەڵایەتی، بەمارشەکانی سەرکەوتن. لەوێوە خودێک هەیە نامۆیە بەو سەرکەوتنانە، ئیدی گەشتی ئۆدیسۆس،گەشتی بەردەوامی مرۆڤە بەنێو نادیاردا، حەزکردنە لەگەڕان بەدووی خودا لەنێو جیهانێکی فراواندا، هەرکاتێکیش ئۆدیسۆس هەست بکات گەیشتۆتە ترۆپکی چێژ، نامۆبوونی ئەو دەستپێدەکات،جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ نێو چەرمەسەری و شەڕی نێو دەریا و ئۆقیانوسە توڕەکان‌و هەژدیهاکانی. چیرۆکی ئۆدیسۆس گەڕانە بەدووی خودگەرایی، سەفەری بەردەوامی سوبێکتە بۆ ئازادبوون.
 لێرەوە نوسەر ئۆدیسۆسە، ئیکارۆسە کەلەگەڵ باوکیدا (دیدالۆس) به‌باڵی دروستکراوەوە لەشەقەی باڵدەدات بۆ گەڕانەوە بۆ ئەسینا، کەچی هەر دیدالۆسە بەخۆی و ئیکارۆسەوە ساڵانێک لە مەنفای دوورە ئەسینا بەسەر دەبەن. ئیکارۆس کوڕی مەنفاکانە گوێ لەباوکی ناگرێت کەپێیدەڵێت: نەزۆر نێزیک بەرەوە لەخۆر نەزۆر بەنزمی بەسەر دەریادا لەشەقەی باڵبدە،هەردووکیان تەڕی و خۆر باڵەکانت تێک و پێکدەشکێنن، مامناوەندی بفڕە لەنێوان خۆر و دەریادا. کەچی ئیکارۆس لەم میتۆسە (ئەفسانە) گریکیەدا لەشەقەی باڵدەدا ئەوەندە لەخۆر نێزیک دەبێتەوە تاوەکو مۆمی باڵەکان دەتوێنەوە و پەڕەکانی هەڵدەوەرێن و دەکەوێتە نێو دەریاوە..
 نوسەر هەڵگری هەردوو سوبێكته. هەڵگری دیدالۆسی باوکە، کەئاوسە بەبۆنی داهێنان و لەخۆبایی‌و تاوان‌و هەڵبژاردنی مەنفاکان و ئەقڵانیەت. لەهەمانکاتیشدا نوسەر ئیکارۆسە کەخومارە بەخودگەرایی خۆی، بەسەمای خۆی لەنێو چێژی ڕەهابووندا، نوسەر لەمەنفاکانی خۆیدا لەخۆرەکان نێزیک دەبێتەوە نەک لەبەر ئەوەی دەیەوێت هەڵگەڕێتەوە و هەڵگەڕانەوە تەنها ئامانج بێت، بەڵکو ئەوە جەوهەری ئەو سەفەرەیە کەنوسەر لەسەره‌تاوە تاکۆتایی تێیدا دەژی و ژیانێکی پڕکێشمەکێشمی بەدووخۆدا ڕادەکێشێت. مەنفای نوسەر پڕێتی لەسەفەری جۆراوجۆر، کەئەمیش میتافەری و مەجازیە وەک ئەوەی سەفەری هەقیقی بن.
 (فرانز کافکا) لە ڕۆمانی (کۆشک) دا جوانترین نمونەی ئەو گەڕانەی ئیندڤیدوالیەمان بۆ نمایش دەکات، لەگەڕانیدا، لەڕق و خۆشەویستی و حەز و دوورکەوتنەوە و نێزیکەوتنەوەی لەکۆشک، کۆشک ئەو مەنفایەیە کەفیگوری ڕۆمانەکەی(كا K ) بەدەوریدا دەخولێتەوە، مەبەستێتی بچێتە ناوە و لەهەمانکاتیشدا لەنێوەڕا قێزی لێدەکاتەوە، سەفەری کافکا لە کۆشکدا سەفەری شەڕ و ئاشتبوونەوەیەی بەردەوامە لەگەڵ مەنفادا.
  نوسەر و مەنفا و سەفەر ئەوەندەی مەجازین، ئەوەندە  هەقیقی نین، هەر کاتێکیش نوسەر هەستی بەماڵیبوونی خۆی کرد لەنێو شوێندا، ئیدی ئەوە کۆچکردوویەکە بەمانای وشە. مەرج نیە کۆچکردوو بیت لەوڵاتێکی دیکەدا لەوانەیە لەنێو دەزگایەکی حزبی یان لەناو  وەزیفە یان لەنێو ژیاندا بۆیەک ئەشق بەند بیت. ئیدی چیدی مەنفا بوونی نامێنێت مادامەکی سەفەری خود نابینین بەنێو خەیاڵ و گۆڕانی بەها هەبووەکاندا، ئیدی هەر کاتێک مەنفا لەخودی نوسەردا مرد، ئەوا نوسینیش دەمرێت.. نوسەرەکان هەمیشە لەنوسیندا دەژین، چونکە جیهان بۆ ئەوان مەنفایەکی بەردەوامی بێکۆتاییە…
 

Previous
Next

Leave a Reply