Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
نووسه‌ر و مه‌نفا .. دیدار له‌گه‌ڵ  ئازاد حه‌مه..ئا:توانا ئه‌مین‌

نووسه‌ر و مه‌نفا .. دیدار له‌گه‌ڵ ئازاد حه‌مه..ئا:توانا ئه‌مین‌

Closed
by January 15, 2008 گشتی

ئه‌گه‌ر ونبون به‌شیێکى گه‌وره‌ى هه‌موو سه‌فه‌رێک بێت، نوسه‌ر جودا له‌خه‌ڵکى تر چه‌ندێکى له‌و پشکه‌ به‌رده‌که‌وێت؟ به‌مانایه‌کى تر مه‌نفا بۆ نوسه‌ره‌کان چه‌ندێک شوێنى خۆدۆزینه‌وه‌و چه‌ندێکیش جێگاى وونبوونه‌ ؟
ئا: توانا ئەمین…
ئازاد حەمە….:

گۆڕانێک کە شایانی ووتنبێ لە رێگای ئەو مەنفاژیانەوە لە نووسینی ئەو نووسەرانەی روویان لە مەنفا کردوە دروستنەبووە.

 من لەرێگای ئەم نووسینە کورتەوە ناکارم تیۆریێ کۆمەڵایەتی تایبەت بە مەنفای تاکی نووسەری کورد، یان رۆشنبیرری کورد، بهێنمەپێشەوە چونکە نە ئەو شیاویە لێرە لەبەردەمدایە و نەش هەلومەرجی نووسینی ئەم باسە کورتە ئەوەی تیادەبێ. بەڵام لەبری ئەوە هەوڵی خستنەرووی هەندێ سەرنجی پووخت و سەرەکی لەسەر هەندێ لایەنی وورد و پەراوێزی تایبەت بە بابەتی مەنفا و نووسەری کورد دەدەم کە پێموابێ شایانی سەرنجداندەبێ. گومانیشی ناوێ ئەم بابەتە، واتە پێوەندی نێوان مەنفا و نووسەری کورد، لە نێوەندی رۆشنبیری کوردی خۆی وەک ناونیشانێ نوێ ناخاتەروو. چونکە ئەم بابەتە هیچ نەبێ لەم چەند ساڵانەی دوای تارادەیەک بووە بە جێی گفتووگۆ بۆیە ناکرێ وەک تێماێکی تازە و نەناسراو تەماشاکرێ. بەڵام گرفت و رووداوە تازە سیاسی و رۆشنبیریەکان دەتوانن بەرگێتر بە بەر ئەندێشەی ئەم بابەتەدا بکەن. واتە دۆزی سیاسی نوێی کوردی لەماوەی ئەم 17 سالەی ""پاش راپەین"" ،کە هەلو مەرجی نوێی رۆشنبیری و کۆمەلایەتی خستەوە ، دەکرێ وەک رووداوێ ببینرێ کە بار و ژینگەی "تر" ی لەگەڵ خۆیداهێنا. بۆیە لێرەوە دەشێ باس لە چەند رووێکی نوێ لە پەیوەندی نێوان ئەو دوو وشەیەی تەوەرەی بابەتی مەنفا و نووسەر پێکدێنن بکرێ. بۆیە بۆ روونکردنەوەپەیوەندی نێوان ئەم دوو وشەیە بەپێویستی دەزانم ئەم کورتە نووسینە، کە وەڵامێکە بۆ  رووکردنەوەی پرسیاری رۆژنامەوانێ لەسەر پێوەندی نێوان نووسەر و مەنفا، بەسەر چەند بۆچوونێ شیتەڵدەکەم.
سەرەتا دەمەوێ بڵێم هۆی ئەم شیتەڵکردنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دۆزی نووسەری کورد لە مەنفا، بەتایبەت "پاش رووداوی راپەرین"، ووردە ووردە ئاراستەی تری وەرگرت. بۆیە بۆلەمەولا ئەوانەی بیانەوێ قسە لە مەنفای نووسەری کورد بکەن پێویستە ئەو قسەکردنە بە قۆناغکەن. ئەمەش تەنیا لەبەرئەوەی"رووداوی راپەرین" هەلومەرجی رۆشنبیری و کۆمەلایەتی نوێی هێنایە پێشەوە یەک لەوانەش ئەوەبوو کە چوونە مەنفا بوو بە هیوا و خەون و هاتنەدیشی بەرنامەی بۆداڕێژرا. واتە مەنفابوون بوو بە ویست و ئارەزووکرا. بۆیە ئەوانەی بۆلەمەولا بیانەوێ ووتن لەسەر مەنفای تاکی نووسەری کورد بهێننەپێشەوە، دەتوانن شیاوی لەبەردەم ووتن لە دووجۆر لە ئاراستە دروستکەن کە یەکەمیان مەنفا و نووسەری کوردە پێش راپەرین و دووەمیشیان مەنفا و نووسەری کوردە پاش راپەرین.
پێشئەوەی بێشمە سەر ئەم کورتە نووسینە پیێمباشە ئاماژەبەوەبکەم کە من بەگشتی باس لە پێوەندی نێوان مەنفا و نووسەر ناکەم بەڵکو من باس لە مەنفای (تاکی، کەسی) نووسەری کورد دەکەم. لەوبارەیەشەوە و هەرلەم سەرەتایەوە دەمەوێ باس لەوەکەم مەنفای نووسەری کورد تایبەتێتی خۆی هەیە و یەک لەو تایبەتێتیەش ئەوەیە مەنفای تاکی نووسەری کورد چەندبارەییە(مولتیپلە). لێرە وشەی چەندبارە ئەوە دەگەێنێ کە ئەم تاکە لەلاێ نووسەرە و لەلاێتریش کوردە. راستە بەنووسەربوونەکە ستاتۆسی مەنفابوونەکە سەرلەبەردەگۆرێ بەڵام بەکوردبوونەکەش مانای دیاریکراوی خۆی هەیە چونکە ئەم بەکوردبوونە هەمیشە بیماری و ئێشێ لە تاکی کوردا بەرجەستەدەکا کە پاشماوە لەناو نوسەرایەتیەکە جێدێلێ. بۆیە تاکی نووسەر کە کورد دەبێ و ئەم کوردەش دەکەوێتە مەنفا(هەندەرانە)وە ئەم لایەنە هاوکێشەی پێوەندی نێوان نووسەر و مەنفا ناسانادەکا. جگەلەو دوو لایەنەش نابێ ئەوەمان لەبیرچێ تاکی کورد وەک گشت تاکێکی ئەم جیهانە ئالۆز و شەکەتە لەبەردەم چەندین پرسیار و ئەرکی سەیر سەیری کۆمەڵایەتی و رەوشتی و کولتووریدایە کە ئەمە کاری بەنووسەربوون و بەمەنفابوون ئالۆز و گومرادەکا. بۆیە دەمەوێ بڵێم مەنفای نووسەرێ کورد لە مەنفای نووسەرێکی لاتین ئەمەریکای یان ئەفەریقای جیایە. هۆی ئەمە زۆرە و لایخوارەوە و بەکورتی بەسەریاندەکەمەوە.
بۆئەو مەبەستەش لەوێوە دەستپێدەکەم کە مەنفا هەتابلێی تامێ تاڵی هەیە. ئەم تامەش بەپێی هەلو مەرجی مەنفابوونەکە لە دەما تادێ زیاد دەکا بەلام مەنفای نووسەری کورد بەتایبەت و ئەمجار گشت تاکی کوردیش بەگشتی هەر ئەمە نییە. ئەمە کە ئاکامە هۆ لەپشتیەوەیە. یەک لەو هۆیانە کە ناکرێ گاڵتەی پێکرێ ناکامڵی ناسنامەی سیاسی کەسی نووسەری کوردە. چونکە نووسەری کورد لە کەسی ئاسای کورد زیاتر لە هەندەران بەدەست پرسیاری: "خەڵکی کوێی؟" دەتلێتەوە. ئەم پرسیارە میتافیزیکیە کە تابڵێی ئازار هێنەرو رۆحشەکەتکەرە مێژووییە پێ لە برینیشی لەپشتەوەیە کە بۆ تاکی نوسەری کورد لە مەنفا دەبێ بە پرسیاری وجوودی (ئێگزیستێنتیالیستی) لەبیروەنەچوو. بەدڵنیاییەوە پرسیاری لەمشێوەیەش، واتە پرسیاری وجوودی، لەو پرسیارانەن برین لە خود دا دروستدەکەن و هەستیش ماندوودەکەن. هیچ دوورنارۆین گەر بەدەنگی بەرز لە شوێنێ گشتی لە کەسێ کورد بپرسرێ خەڵکی کوێی؟ لە وەڵامیش ئەم کەسە بڵێ کوردستانی عێراق یان لەدەمی بترازێ و بلێ عێراق ئەوا ئەم کەسە، جا نووسەر بی یان نووسەر نەبێ، یەکسەر گشت ئەو وێنانەی رۆژانە مێدیا لەسەر عێراق پەخشیدەکا لە روخساریا دەنەخشێنرێ. چونکە لەئێستادا ناوی عێراق لە رۆژئاوا بەچەندین ئاوەڵناوی سەیرسەیرەوە لکێنراوە (تەقینەوە یان خۆتەقانەوە، خەڵکفراندن ، رۆژئاواى یان نەیار سەربرین، تالانکردن و..هتد) کە کەسێ ناسنامەی خۆی وەک عێراقی نیشاندا لەو ئاوەڵناوانە دەربازی نابێ.
ئەمەش نموونەیەکى بچووکە لەسەرئەوەی نووسەری کورد لە مەنفا دووچاری کێشەی نوێ دەبێ. ئەم کێشانە کە فۆرمی جیا وەردەگرن تێگەیشتنیش لێیان لە نوسەرێکەوە بۆ ئەویتر وەک یەک نییە بەڵام هەندێ کێشەش هەن زۆر ئونێفێرسال و گشتین. بۆنموونە ئەو پرسیارە وجودیانەی لە مەنفا بەرۆکی نووسەر دەگرن کەسێتی دووچاری پەرتی دەکەن بەڵام ئەم پەرتیە لە کەسی نووسەری کوردا (زۆرجار مەبەستم لە نووسەری کورد، رۆشنبیری کوردیشە) چەندبارە و چەندجەمسەرە. چونکە ئەو پرسیارە وجوودیانە بەجۆرێ تر و لە فۆرمی تردا رووبەررووی تاکی کورد بەگشتی و ئەمجار نووسەری کوردیش بەتایبەت دەبنەوە. بەڵام نەگشت تاکی کورد ئاستی هوشیاری وەک یەک وایە و نەش ئەوەی پێیدەڵێن نووسەرانی کورد. زۆریش بەلاماوە مەبەستە خوێنەری ئەم چەند دێڕە سەرنجی ئەوەبکا ئاست و توانای هوشیاری نووسەرانی کورد لە مەنفا تاک شێوە و چووست نییە. بەڵام ئەم ناهاوشێوەی و ناچووستیە ناکرێ هەڵەلێکدرێتەوە. چونکە ئاست و توانای هوشیاری نووسەرانی کورد زێدە جۆراوجۆر و ناهاوشێوە نییە. نووسەرانی کورد لە هەندەران هەر هەموو چەند خەسڵەتێ کۆیاندەکاتەوە کە لایخوارەوە بەکورتی ئاماژەیپێدەدەم. هەر ئەو خەسڵەتانە زۆرجار لەگەڵ نووسەرانی ناوەوەش یەکیاندەخاتەوە هەڵبەتە یەک دوو خەسلەت نەبێ کە ئەوەش پەیوەندی بە ئەتمۆسفیری کولتووری و سیاسی رۆژئاواوە هەیە بۆنموونە مەسەلەی راسیزم(رەگەزپەستی) کە نووسەرانی ناوەوە نایژێن:
ئەوەی تێبینیمکردووە زۆربەی نووسەرانی کورد لە مەنفا ((هەڵبەتە نووسەرانی ناوەوەش)) سەرقالی نووسینی یان ئەدەبین یانیش سیاسی و رۆژنامەوانی و زۆرجاریش دیوارێ لەنێوان ئەمانەش نابینرێ. مەبەستم نووسەرانی کورد لە مەنفا بژین یان لە کوردستان بێکێشە و بەئاسانی دەکارن تێکستی ئەدەبی بنووسن جا ئەوە هۆنراوە بێ یان پەخشانەچیرۆک، رەخنەی سیاسی بێ یان نووسینی رۆژمانەوانی. لێرە پرسیارەکە ئەوەیە بۆ ئەم شیاویە لە گشت نووسەرانی کورد (چ هی مەنفا و چ هی ناوەوەی کوردستان) بەدیدەکرێ؟ ئەم پرسیارە پرسیارێتر بەرهەمدێنێ کەبەم شێوەیەیە: ئایا ئەمە(واتە ئەوەی کە گشت نووسەرانی کورد توانای نووسینی ئەدەبی و سیاسی شێوەرۆژنامەوانیان هەیە) لایەنێ پۆزەتیڤە؟ بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری یەکەم دەڵێم نەرێتی رۆشنبیریی کوردی واهەلکەوتووە نووسەرانی کورد پێنووسەکانیان زێدە تێکەڵنووس و هەمەچەشن نووس بێ. ئەم لایەنە ناشێ والێکدرێتەوە کە بەهرە و زانینی بەشێ زۆر لە نووسەرانی کورد ئێنسکلۆپیدیانە هەڵکەوتووە بەلکو دەشێ والێکدرێتەوە کە هەمەچەشن نووسین نەرێتی رۆشنبیری کوردییە و نووسینیش بەپێی ئەم نەرێتە لە بەرهەمهێنان بریتی نییە. بەڵام تایبەت بە پرسیاری دووەم بۆئەوەدەچم کە زۆر نووسین و بەردەوام نووسین شتی راست و پۆزەتیڤ نییە. بەڵام باری رۆشنبیری کوردی موخابن ئەم لایەنە زۆر گەشاوە و پۆزەتیڤ نیشان دەدا ئەمەش لەسەرێکیترەوە بەرهەمی تێنەگەیشتنی ئەم رۆشنبیرییە لە باری خۆی. بۆنموونە هۆی تەنیای و بێکاری و دوورە وڵاتی رەنگە مانای خۆی بۆئەم زۆر نووسینەی تاکی نووسەری کوردی جێنیشتووی مەنفا هەبێ بەڵام ئەم خەسڵەتە لە نووسەرانی ناوەوەش دەبینرێ. ئەی ئەمەیان چۆن؟ کەواتە هەڵەم نەکرد ووتم ئەم خەسڵەتە نەرێتێ رۆشنبیریە و نووسەرانی کوردیش لەهەرکوێ بژین بەئاسانی لەم نەرێتە نابنەوە. نووسینی کوردیش لەماوەی ئەو سەد ساڵەی رابردوو کە بەخۆی سەدساڵی گەشەی وتاری ناسیۆنالیزمی کوردی بووە خۆی وەک  بەشێ بنەرەتی لە کاری بەرخوردان و خەباتخوازی نیشانداوە ئەمەش بەجۆرێکیتر وایکردووە کردەی نووسین ببێبە پارچەیەک لە داکۆکی سیاسی و کۆمەلایەتی. هەلبەتە ئەدەبیش (وێژەش) لەمڕوەوە زۆرترین بەشی بەرکەوتووە و بۆئێمە ئەدەب لەماوەی ئەو سەدساڵەی تەمەنی وتاری ناسیۆنالیزمی کوردی بووە بە گشت رۆحی پۆلی رۆشنبیریشمان. بۆیە تائێستا ئەدەب لە نووسینەکانی نووسەرانی دەرەوە بێ یان ناوەوەی کوردستان زۆرترین بواری نووسین پێکدێنێ. ئەم لایەنەش (واتە بەئەدەبیبوونی رۆشنبیری کوردی) والەمن دەکا بەمتێزە بگەم:  وتاری رۆشنبیری نوێی کوردی جیاوازییەکى گەورەی لەگەڵ وتاری رۆشنبیری کلاسیکی کوردی نییە چونکە هەردوکیان نووسینیان لە ئەدەبا بەرجەستەکردووە. چوونە دەرەوەی نووسەرانی کوردیش، یان رووکردنیان لە رۆژئاوا، شتێکى بەرچاوی لە بوونیادی رۆشنبیری کوردی نەگۆڕیوە و دیوارێکیشی نەخستۆتە نێوان نووسینی نووسەرانی ناوەوە و دەرەوە. لەمەش گرنگتر بەمەنفابوونی نووسەر تێگەیشتنی بۆ نووسین نەگۆریووە و پرۆسەی نووسینی تاهەنووکەش تەنیا لە ئەدەب  بریتیکراوە. ئەوی وەک شاعیر چووەتە دەرەوە وەک شاعیر گەڕاوەتەوە یان هەر وەک شاعیر لە مەنفا ماوەتەوە و ئەوەش وەک رۆژنامەوان و نووسەرێکى تێکەڵنووس رووی لە هەندەران کردوە ئێستاش هەر ئەوەیە لەهەرکوێبێ.

خەسڵەتێکیتری نووسەرانی کورد لە مەنفا ئەوەیە نووسەرانی کورد لە رۆژئاوا، تاک و تەرا نەبێ، نە سەرقالی خوێندنی ئەکادیمن و نەش ئەوەندە حەوسەڵەی کارکردنیان هەیە. نووسەرانی ناوەوەش بەهەمان درمەوە دەتلێنەوە. بەشێ زۆری نووسەرانی ناوەوە یان کار ناکەن و بەیارمەتی ئەم حیزب و ئەو برادەر و دۆست کە لە ئەوروپاوە یارمەتیان بۆڕەوانەدەکەن دەژین یانیش کاردەکەن بەڵام زۆرجار لە کەرتێکى زۆر نابەرهەمهێنەر و بێ پیت کاردەکەن. بۆنموونە بەهەرجۆرێبێت خۆیان یان لە چاپخانەێ یان سەنتەرێکى کولتووری یانیش هەفتەنامەێ قایمدەکەن و بەهۆی جۆرە کارێکى گەندەڵاوی و بێ پیتەوە شتێ بەدەستدێنن کە تەنیا بەش ئەو ژیانە ناساغ و نا-رۆشنبیریەیان دەکا هەڵیانبژاردووە. بەڵام باری ژیان لەبەرئەوەی لە رۆژئاوا جیا و سەختە نووسەرانی کورد دەبێ کارکەن بەلام کارەکانیان هەمیشە لەتەک نوسینەکانیانا، لەگەل زەوق و بایەخەکانیانا یەکناگرێتەوە بۆیە نووسەرانی کورد لە رۆژئاوا ئەوەندە لە کارەکانیانا(لەئیشەکانیانا) زاڵ و بەردەوامنین و ئەمەش وادەکا بەشێ زۆریان کاتێ زۆریان لەبەردەستابێ بۆ نووسین. ئەمەش لەسەرێکیترەوە وادەکا رۆژ بە رۆژ نووسەری کورد لە مەنفا ، هەڵبەتە لە ناوەوەی کوردستانیش، زیادکا. بەخۆی ئەم لایەنە، واتە زۆربوونی نووسەری کورد ، جا لە هەندەران بێ یان لە کوردستان ، ئاماژەنیە لەسەر هاتنەدونیای بزووتنەوەیەکى رۆشنبیری تاک و بێوێنە بەڵکو بۆ من ئاماژەیە لەسەربڵا وبوونەوەی خوێندەواری و لەکەمدانی رێژەی نەخوێندەواری. لەبەرئەوەی ئەو هەموو نووسینانەی رۆژانە لەسەر ماڵپەى و رۆژنامەو هەفتەنامەکان بڵاودەکرێنەوە لەلایەک لەیەک دەچن و لەلاێکیتریش پێوانەکانی نووسینیان تیا بەدیناکرێ. چونکە نووسین لەمحاڵەتەدا ئامانجکیی راپەکردنی دیاردەێکی رۆشنبیری یان سیاسی-کۆمەلایەتی نیە بەڵکو ووتنە بەهەرجۆرێک بێ. گەر ئەمەش بێ مەرجی بوونە نووسین ئەوا بەشێکى زۆر لەوەی رۆژانە نووسەرانی هەندەران (هەڵبەتە هی ناوەوەش) دەینووسن دەشێ بە نا- نووسین ناوزەدکرێ.
یەکێ تر لەو لایەنانەی لەم نووسینە کورتە شایانی تێرامانە، کە پێوەندی نێوان نووسەری کورد و مەنفا لەپاش راپەڕینیشەوە رووندەکاتەوە، ئەوەیە نووسەری کوردی پێش راپەرین بەهۆی نەبوونی ئازادی رووی لە هەندەران دەکرد ئەمرۆ نووسەری کوردی پاش راپەرین لەبەرئەوە روو لە هەندەران ناکا.
خۆی راستە راپەرین ئازادی لەگەل خۆ هێنا بەڵام بەدەگمەن لەوەش گەیشتووە ئەم ئازادییە بێ سەروبەرە و گەندەڵکراوە. هەروەها لەبەرئەوەی ئازادی لە پاش راپەرین پرسیارە گەورەکە نیە هاتنەدەرەوە ویستی تری لەپشتەوەبووە و زۆربەی ئەو ویستانەش بووناوین، بۆیە ئەمرۆ نووسەری کورد گرفتی تری هەیە کە هەندێکیان پێوەندی بە گرفتی درامەتەوە هەیە ئەمە و لەگەڵ چەند وردە گرفتیێکی تر بۆنموونە بیەسەروبەری ئایندەی سیاسی، نەبوونی ژینگەیەکى دروست بۆ فێربوون و خۆگەروەردەکردن، ویستی دونیادیتن، فێربوونی زمانێکی بێگانە و…هتد. ئەمەش بەو مانایەدێ کە هاتنەدەرەوەی نووسەری کوردی پاش راپەرین هۆکاری تر لەپشتیەوەیە کە دەکرێ ناونرێ هۆکاری کەسی و تایبەتی. بەلام گرفتەکە لێرە ناوەستێ چونکە بەهاتنەدەرەوەکە ئەو نووسەرانە نە ئەو کێشانەیان لە کۆڵ دەبێتەوە و نەش بۆلەوەولا بێ کێشە دەژین. چونکە ئەم نووسەرانە بەخۆیان دەکەونە ناو فۆرمێکیتر لە کێشەی ژیانەوە کە بەشێ زۆری ئەو کێشانە، بەبێگومان، بووناویین ، و بەشەکەی تری کۆنە کێشەکەی کۆمەڵگەی کوردی جارانن. واتە کێشەکان ووردە وردە دوو جەمسەری دەبن. خۆیان لەلاێ دەکەونە ناو کێشەی نوێوە، کە کەمتر سیاسی و ئابووریێ راستەوخۆن، و لەلاێکیتریش ئەو کێشانەی پێشتر لە وڵات تیایژیاون، کە رۆژانە گۆڕانیان دێتەسەر و وەک خۆیان نامێنێتەوە، تێگەیشتنیشیان وەک جاران نابێ بۆیان. ئەم دوو لایەنە کە تێکرای تەمەنی نووسەرانی کورد لە مەنفا قۆرخ دەکا جەوهەری مانەوەکەشیان دیاردەکا. بۆیە بەشێکى زۆر لەو نووسەرانەی بەرگەی ئەو کێشە نوێیانەی لە هەندەران رووبەروویان دەبێتەوە ناگرن بەرەو کوردستان دەگەرێنەوە. خۆی گەرانەوەی نووسەری کورد (یان بەگشتی دەستەبژێری کورد) لە مەنفاوە بۆ کوردستان هەڵە نیە بەڵام رەفتارێکى فریشتانەش نیە. چونکە لە پاش راپەرینەوە گەلێ نووسەری (رۆشنبیری) کورد زۆرترین خەیاڵیان بەوەدا بگەنە ولاتێکى رۆژئاوای بەڵام پاشئەوەی هەندێ لەوانە گەیشتنە، یارمەتیدران بگەێنرێنە، وڵاتێ رۆژئاوایی ووردە ووردە مەیلی پەرانەوەیان لادروستبوو. بەلام نە ئەمە کێشەکەیە (واتە پەڕانەوە) و نەش ئەوانەی پەڕانەوە وێنەیەکى راستەقینەیان لەسەر دۆزی هەندەرانیەکان و ژیان لە هەندەران و توانای خۆیان دروستکرد. چونکە ئەو وێنانەی  ئەم نووسەرانە پێشتر لەسەر رۆژئاوا دروستیانکردبوو پاش گەڕانەوەیان هەڵیان وەشانەوە بەڵام لەبری ئەوانە وێنەی دروستیان لەسەر ژیانی رۆژئاوا دروستنەکرد و ئەوانەش کە جارێ نەگەراونەتەوە بەوە لەقەڵەمدا لە خۆشی ئەوروپا دەژین یان لە ئەوروپا گەنیون و فەوتاون.
هەروەک لایسەرەوەش ووتم لە گەرانەوە بۆ زێدی خۆ نازدارتر و هێژاتر نیە بەڵام ئەو نووسەرە کوردانەی پاش راپەرین هاتنە دەرەوە و زۆریشی نەخایان پەڕانەوە ئەوانە نە فریای ئەوە کەوتن لە رۆژئاوا بگەن و نەش ئەو شوێنەی جێیانهێشتبوو گۆرانی بنەمای بەسەرداهاتبوو.کەواتە دەکرێ بپرسین باشە ئەم گەڕانەوەیە بۆ؟ بەخۆی وەڵامی ئەمە بەو کێشانەوە پێوەندیدارە کە نووسەری کورد لە دەرەوەی زێدی خۆی (بابڵێین لە رۆژئاوا) دووچاریدەبێتەوە کەدواتر لایخوارەوە بەکورتی دێمەوەسەری. بەڵام لێرە ئەو پرسیارە بیردەخەمەوە کە بەمجۆرەیە: پاش ئەو گەرانەوەیە نووسەری(رۆشنبیری) کورد لە کوردستان لە کوێ خۆیدەبینێتەوە؟ بەدڵنیایەوە ئەو شوێنانەی خۆی تیادەدۆزێتەوە دیاریکراون. یان ئەوەتا بەکاسبیێکەوە خەریکدەبێ، ئەمە رێژەکەی تابلێی کەمە چونکە نووسەری کورد ئەوەندە حەوسەڵەی کەسابەتی نییە و زیاتر حەزی بەوەیە لە رۆژنامە، هەفتەنامە، گۆڤارێ، مەلبەندێکى رۆشنبیری، سەنتەرێکی لاوان یان منالان یاخودیش ئافرەتان خۆی ببینێتەوە، یانیش دەگەرێتەوە ناو رێکخستنەکەی جاران و لە مەلبەندێک، لە لقێک، لە سەندیکایەک خۆیدەبینێتەوە. ئەمە هەموو تەکنەلۆژیاکەی نووسەری کوردە کە پاش گەرانەوەی دەیەوێ نیشانیدا. دەلیلیشم لەسەرئەوە ئەوەیە کە زۆربەی ئەو نووسەرانەی (یان رۆشنبیر و سیاسییانەی) لەم ساڵانە گەرانەوە خۆیان یان لە مەلبەندی رۆشنبیری، راگەیاندن ، یانیش دەزگاێ گەروەردەی و سیاسیدا بینییەوە. زۆربەی هەرە زۆری ئەو کارانەش دەستگیریدەکەن نە پەیوەندی بە ئاستی خوێندنیانەوە هەیە نەش ئەو ئەزموونەی لە رۆژئاواوە لەگەڵ خۆیان هێناویانە. چونکە ئەوی ئەوان لەوماوەیە لە رۆژئاوا کردویانە پەیوەندی بە کارە نوێکانیانەوە نییە کە ئێستا بەدەستیانکەوتوە. چونکە زۆربەی نووسەر و رۆشنبیرانی کورد (بە سیاسیەکانیشەوە) لەو ماوەیەی لە مەنفا بوونە نە فریان خوێندنێک کەوتوون و نە توانیویشیانە لە نزیکەوە رۆژئاوا بناسن. رۆژئاوا ناسین واتە ئەوەی مرۆڤ هاورىء دۆستی جیاجیای رۆژئاوایی هەبێ و ئەمەش نابێ تا ئەم مرۆڤە زمانێک باش نەزانی و خوێندنێک مسۆگەرنەکا. چونکە تەنیا ئەو زمان و خوێندنە ستاتۆس بە پێوەندیەکان دەدا. پێوەندیش لەگەڵ خەڵکی رۆژئاوای ناشێ هەر بەوە دروستکرێ کە تۆ کوردی و لەدەست زوڵمی سەدام هەڵهاتووی، تۆ ئەنفالکراوی و بەگشتجۆرێک قەڵاچۆکراوی. رەنگە پێوەندی لەگەڵ غەیرە کورد لە رۆژئاوا سەرەتا ئاوادەستپێکا بەڵام ئەم فاکتانە بەس نین بۆ دامەزراندنی یەکترناسینی قووڵ و بەپیت. چونکە ئەگەر پێوەندی نووسەرێ کورد لەگەڵ رۆژئاواییەک تەنیا لەسەر ئەم فاکتانە دروستبێت ئەوا ئەم پەیوەندیە شتی هزری لێبەرناێ بەڵکو تەنیا پەیوەندیکى سۆزاوی (عاتیفی) و بەزیهاتنەوەی لێدروستدەبێ. ئەو پەیوەندیانەش کە رووی مرۆیی وەردەگرن تابلێی لە رۆژئاوا زۆرن و زۆر رێکەوتدەکرێن. بەبێگومانیش ئەم رووە رێگا بەوەنادا پەیوەندیەکە ئاراستەی تایبەتی لێبکەوێتەوە. واتە مرۆڤی نووسەر لەرێگای ئەم جۆرە پەیوەندیانەوە ناتوانی لەگەڵ کچێ رۆژئاوای خۆشەویستی بکا یان کارێ بەدەستبهێنێ یانیش نووسینێ بڵاوکاتەوە و پوبلێیکی بۆ ئەم نوسینە پەیداکا. بۆیە لەکۆتایدا نووسەری کورد لە مەنفا گەر زمان بەباشی نەزانێ و کارەکەی ستاتۆسێ کۆمەڵایەتی نەبێ خۆی لە گەراوێز دەبینێتەوە و ئەمەش وادەکا رۆژانە سەرقاڵی ئەو کارە بێ کە لە مەنفا دەستیکەوتوە جا ئەوە هەرچی بێ وەکیتر کاتەکانیتری لەبەردەم ئینتەرنێت و کەناڵە کوردی و عەرەبیەکان بەسەردەبا و کەمترین شت لە کوردستان روودا ئەم لێرەوە زۆرترین شتی لەبارەوە دەنووسێ. با لەمڕوەشەوە بپرسین بۆ؟ هۆی ئەمە بۆئەوەدەگەرێتەوە ئەو رۆشنبیرەی ئەم نووسەرە کوردەی مەنفا هەیەتی (ئەلبەتە ئەو توانایەش کە لە زمان هەیەتی) تەنیا بۆ دەموەردان لەو باسانە دەگونجێ کە لە زێدی خۆیا روودەن جا ئەوە یەکگرتنەوەی دوو ئیدارە سیاسیەکە بێ یان رەشەکوژی ئافرەت یانیش مادە 140 یان هەرباسێ کولتووری و سیاسی تری رۆژانە. دواتر دۆزی ژیانی ئەم کەسە لەناو ماڵ و خێزانی دیسانەوە هەر ئەوەندەی لێبەرهەمدێ کە ئەم رۆژانە بەوجۆرە تێگەیشتنی خۆی بەیانکا. چونکە لە هەزارا یەک لە نووسەری(رۆشنبیری) کورد لە مەنفا لەگەل ئافرەتێ ، خانمێ روناکبیری، بێگانە ناژی، هەروەها لە هەزارا یەک لە نووسەری کورد لە مەنفا دۆزێ وایبۆهە هەڵنەکەوتووە لە هەفتەیەکدا دووجار هاوڕێ یەکی رۆژئاوای خۆی ببینێ. یان هەر نەشیبووە بە نەرێت نووسەری کورد، تاک و تەرا نەبێ، رۆژئاوایەک بە قووڵی هاورێیبێت. ئەو رۆژئاوایەی من لێرە مەبەستمە ئەو رۆژئاوایەیە کە کەسێتی ستاتۆسێ کۆمەڵایەتی هەیە (جا ئەوە هونەرمەندێ بێ یان رۆژنامەوان) نەک ئەو رۆژئاوایەی کەسێکى کورد دوکانێکی لەگەڵ دەباتەرێوە یان لە یەک کۆمپانیای تاکسی پێکەوە کاردەکەن. ئەمانە و گەلێشتیتریش وادەکەن مرۆڤ  (کەسی نووسەری کوردم مەبەستە) لە ماڵەکەی خۆیا سەرقاڵی ژیانی کوردەواری خۆی بی. بۆیە نووسەری کوردی مەنفا کەمترین شت لە کوردستان روویدا (هەرەشەی هێرشی تورک بۆسەر کوردستان، هەرەشەی هەیئەی عولەمای سونە، ئەنفالچیەکان یان کوشتنی ئافرەت) ئەم لێرەوە زۆرترین شتی لەبارەوە دەنووسێ. ئەمەش زۆرجاروادەکا ئەو کەسە لەبەرئەوەی بەزەبری زۆرنووسین و بەردەوام بڵاوکردنەوە ناوی دروستکردوە کاتێک بۆیەکجارەکی دەگەرێتەوە کوردستان یان دەیکەن بە سەرنووسەری هەفتەنامەێ یان بەرپرسی سەنتەرێ یان……هتد. ئەمەش لەبەرئەوەی گوایە ئەم شارەزای کولتووری رۆژئاوایە،  بیرفراوانە، زمان زان و کۆمەڵگەی مەدەنی ناسە.
بەڵام ئایا وایە؟ ئایا راستە هەرکەسێ لە رۆژئاوا چەند ساڵێ ژیا ئەوا زمانێکى بەباشی فێربووە و لە کولتووری وڵاتانی رۆژئاواش بەچاکی بەئاگایە؟ بەراستی ئەم دیتنە ئەوەندە رەها نیە و ئەوی لە هەندران ژیا زمانزان و رۆژئاواناس نیە و ، رووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایش ئەوەی سەلماند کە ئەوە هێپۆتێزێکى (گریمانێ) هەتابڵێی هەڵە و نادروستە. ئەمەی من لێرە دەیڵێم گاڵتەکردن نییە بە نووسەری کورد بەڵکو قسەکردنە لەبارەی ئەو داماویەی نووسەری کورد لە مەنفا دەیژێ و خوێنەری کورد لێیبەئاگا نییە. چونکە بەشێ زۆر لە نووسەرانی کورد لە مەنفا بە کوردی دەنووسن، بەکوردی و ئەو زمانانە دەخوێننەوە کەپێشهاتنە مەنفا فێریبوونە، هەروەها نووسەرانی کورد لە مەنفا هەچ کارێکى کلتووریش ئەنجامدەدەن هەر لەناو یەکاو پێکەوە دەیکەن تاک و تەرا نەبێ یەک دوو بێگانە دەناسێ وەکیتر زۆربەی هەرە زۆری نووسەرانی کورد ساڵەهایە لە مەنفا لە کۆروکۆبوونەوە و تەعزیە و موناسەباتە سیاسی و نەتەوەیەکانا دەردەکەون و چالاکیدەکەن. من لێرەوە دەمەوێ بەو دیتنەبگەم کە تائێستا ژیانێکى رۆشنبیری تایبەت و جودا لەناو نوسەرانی کورد لە مەنفا چەکەرەی نەکردووە ئەمەش کە هۆکاری خۆی هەیە بەشێکی پەیوەندی بەو نەرێتە رۆشنبیریەوە هەیە پەروەردەی رۆشنبیری کوردی دەژێنێ. من لایخوارەوە نەختێ روونتر دەدوێم تا مەبەستەکەم بپێکم:

یەکەم: لایسەرەوە ئاماژەم بەوەکرد مەنفا رێگرە لەبەردەم یەکانگیری و یەکبوون چونکە تامی تاڵی ژیان لە مەنفا کارێکى وادەکا کەسێتی تاکی نووسەر پەرت و شەکەتبێ. تاکی نووسەر لە مەنفا نەک تەنیا لەویتر دووردەکەویتەوە بەڵکو رۆژئاوا، کە رۆحی مەنفابوونەکەی تاکی نووسەرە، ئەم تاکە دەخاتە ناو ژینگەێ ئەوتۆوە لەتەک خودیخۆیا دەیخاتە ناو دوبەرەکایەتییەوە و کەسێتیشی لەناوەراستەوە دەکا بە دوو لەتەوە. لەتێ رۆژئاوایانە بیردەکاتەوە و ئەویتر رۆژهەڵاتیانە. جەنگی ئەم دوانەش لەگەڵ زۆربوونی کێشەکانی کوردستان و ئاڵۆزی باری دەروونی و ئەندێشەی ئەم تاکە زیاد و نالەبار دەبێت.
دووەم: تاکی بێگانە ، نووسەر بێ یان مرۆڤیکێ ئاسای ، هەمیشە لەژێر کاریگەری ئەو گۆرانە کولتووریانە دەبێ شارستانی رۆژئاوا دێتەسەری. بۆنموونە پەناهەندەیەکى یان رۆشنبیرێکى کورد کە لە پاش هەرەسی 1975 وە هاتۆتە ئەمەریکا یان نەمسا و ئەڵمانیا هەمان ئەو تاکەی جاران نیە. هەر ئەو وڵاتەش ئەو بۆ 30 ساڵە لێیدەژی هەمان ئەو وڵاتە نیە پێشتر روویتێکردوە. بچکۆلەترین نموونەش لەسەر ئەوە ئەو گەشەیەی تەکنیکە کە لەم بیست ساڵەی دوای گۆڕانێکى ئەوەندە گەورەی کولتووری و دەروونی و کۆمەڵایەتی دروستکردوە نەک هەر نەیهێشتوە ئەو پەناهەندە یان رۆشنبیرە کوردە وەک جاران بمێنێتەوە بەڵکو پێش هەموو شتێک خودی تاکی ئەو کۆمەڵگەیەش ئەم لێیدەژی لەبنرا گۆریووە. ئەمە وادەکا تاک لە شوێنی خۆی نەمێنێتەوە و ستاتۆسی تاکیەتی بکەوێتەوە گەرووی گۆرانەوە، گۆرانی هەمیشە بەردەوام.
سێهەم: تاکی بێگانە ،نووسەر بێ یان نووسەر نەبێ، هەمیشە لەژێر کاریگەری دیاردەی راسیزم(رەگەزپەستی) دەبێ. ئەم دیاردەیە کە لەگەڵ گۆڕانی کولتووری رۆژئاوا و لەژێرزەبری تەکنیکی نوێ وەک خۆی نەماوەتەوە فۆرمی عەجیب عەجیبیشی وەرگرتووە. ئەو فۆرمانە کە ماندوکەر و زۆردەروونین مرۆڤ تابڵێی نارەحەت و بێ ئۆقرەدەکەن. چونکە راسیزمی سەردەمی جیهانیگیری و مولتی کولتورالیزم لە راسیزمی سەردەمی کۆلۆنیالیزم ترسناکترە. ئەوەش تەنیا لەبەرئەوەی راسیزمی سەردەمی نوێ تابڵێی ناوەرۆکێکى کولتووری و سایکلۆژیانەی هەیە. راسیزمیش کە ئەمە ناوەرۆکەکەی بێ کەمکەس بەرگەیدەکرێ یان  لە کاریگەرییە دوانەییەکانی دەربازیدەبێ.
چوارەم: سێسستەمی ئابووری رۆژئاوا بەجۆرێک نەشونمادەکا مرۆڤ دەکا بە بەشێک لە بازراى و گشت ئەوی بازاریش پێی مرۆی و رەوشتیە ئەم مرۆڤە دەبێ پەسەندیکا. بەڵام لەبەرئەوەی ئەم سێستەمە زانست و لۆژیکێکى رۆژئاوای لەگشتەوەیە بە زەحمەت بە نووسەری کورد شتەکانی ئەم بازارە بێبەهادەکرێن. ئەمەش وادەکا نووسەری کورد لە مەنفا تەنیا بە کێشەکانی کۆمەڵگەی خۆیەوە سەرقالبێ(کێشەی کەرکوک گەیشتە کوێ؟ بۆ وەزارەتەکان یەکناگرنەوە؟ بۆ ..؟ و بۆ….) و لەوبوارانەش خۆی ببینێتەوە کە لە نەرێتی رۆشنبیری کوردیەوە نزیکە.
پێنجەم: نووسەرانی کورد لەبەرئەوەی بە زمانێکى ناجیهانی دەنووسن و نووسینەکانیشیان کێشە ناوخۆیە سیاسیکانیان گفتووکۆدەکا ئەم نووسینانە تێکستی جیهانییان لێدروستبێ. بەڵام ئەوەی تێکستە ئەدەبی و رۆشنبیریەکانی نووسەرانی کورد ناتوانن پێشبرکێی تێکستە رۆژئاواییەکان بکەن ئەمە تەنیا پەیوەندی بەوەوە نیە ئەو تێکستانە بە زمانی لۆکاڵی دەنووسرێن یان بە زمانێتر بەڵکو گرفتە جەوهەریەکە ئەوەیە ئەو تێکستە کوردیە ئەدەبیانە لە چێژ و ئەزموونی نووسینی رۆژئاواوە تائەوپەری دوورن وشێوازی نووسین و هزراندنی ئەدەبی و روناکبیری رۆژئاوای دەمێکە ئەو قۆناغەی تێپەراندووە. دواتر ئاوڕدانەوەی روناکبیرانی رۆژئاوا لە تێکستە رۆشنبیری یان ئەدەبیەکانی ئەزموونە رۆشنبیرە غەیرە رۆژئاوایەکان گەر لەسەربنەمای بەزەی و سۆز بێ ئەم لایەنە کەم بردەکا بەلام گەر لەسەر بنەمای ئەوە بێ ئەوتێکستە چ ئەزموونێ تازەی هزری و رۆشنبیری خستۆتەوە و چەند تەکنیکێ تازەی لە دارشتن هێناوەکایەوە رەنگە ئەمەیان زۆرتر ماندارتربێ بۆ جیاکردنەوەی تێکستەکان لەیەک. بۆیە لە ئێستادا ئەوە بەدیناکەم کە چاپخانەکانی رۆژئاوا پێشبرکێ لەسەر وەرگێران و بڵاوکردنەوەی نووسینی نووسەرانی کورد( دانیشتووی مەنفا بێ یان کوردستان) بکەن.

بەلام گرنگترین خالێ لەرێگای ئەم نووسینە کورتەوە دەمەوێ پێیبگەم ئەمانەن:

یەکەم: روکردن لە مەنفا، کە بەخۆی رووکردنە لە رۆژئاوا، دادی بەشێ زۆر لە رۆشنبیرانی کورد نادەن و لەمروەشەوە بەڵگە زۆرن کە بەرچاوترینیان ئەوەیە بەرهەمی نووسەرانی هەندەران و نوسەرانی ناوەوە زۆرلەیکتر جیاوازنین. واتە گۆڕانێک کە شایانی ووتنبێ لە رێگای ئەو مەنفاژیانەوە لە نووسینی ئەو نووسەرانەی روویان لە مەنفا کردوە دروستنەبووە.
دووەم: گۆرانی بنەمای و ئۆنتۆلۆژی(کەینوونی) لە رۆشنبیری نوسەرانی کورد کە روویان لە مەنفا کردوە رووی نەداوە و لەمڕوەشەوە بەڵگە زۆرن. بۆنموونە ئەوی جنێوفرۆش و بێ بار و دۆگما و هزرداخراو بووە ئێستاش هەروەک خۆی وایە.
سێهەم: ئەگەرچی کاری وەرگێران لە زمانی کوردیەوە بۆ سەر زمانە گەورەکان بێئەندازە کەمە بەڵام زۆربوونیشی هیچ لە ئەسڵی کێشەکە ناگۆرێ چونکە مەسەلەکە زمان نیە بەلکو خودی ئەو ناوەرۆک و تەکنیکەیە تێکستەکانی لەسەر بوونیاندنراوە کە توانای پێشبرکێیان نیە.
چوارەم: بەهەڵەبەکاربردنی واتای نووسین لە مەنفاش لەکۆڵ نووسەری کورد نابێتەوە. یان نووسینی کوردی لە مەنفا لەئێستادا ناسنامەێکى ئەوتۆی رۆشنبیری نیە کە هیوابەخش بێ. تێکستی کوردی لە مەنفا کە تەنیا وەک تێکستی ئەدەبی خۆینیشاندەدا بەئەدەبوونەکەش نەیتوانیوە بیباتە پێشەوە چونکە تائێستا بێگانەکان کە لە رۆشنبیری کوردی (بەئەدەبەکەشەوە) دەوێن بەچاوێ سۆز و بەزیەوە لێیدەڕوانن. ئەمە بە باوەری من هەنگاوێکە بۆ کوشتنی نووسینی کوردی نوێ. بەڵام ئەم لایەنە رۆژئاوایەکان لێی بەرپرس نین بەڵکو خودی نووسەرانی کورد لێیبەرپرسن. چونکە نووسەرانی کورد تائێستاش بە نەفەسێک لە کروزانەوە و هەیوەشێرە دەنوسن و ئەمەش نەیتوانیوە ناوێ نێودەوڵەتی رۆشنبیری بۆ نوسینی کوردی تازە دروستکا. چونکە ئەمناوە تەنیا و تەنیا ئەو کاتە دروستدەبێ کە نووسینی کوردی ئەزموونبخاتەوە نەک خۆی بلێسێتەوە یان کاوێژکا.
بۆیە ، لەبەرئەو هۆ و بەڵگانە، لەئێستادا هیواییەکى گەورە بە نووسینی نووسەرانی هەندەران یان رۆشنبیرانی هەندەران ناشێبکرێ. هەڵبەتە تاک و تەرا لێرە و لەوێ نووسەر یان رۆشنبیری بەباک و پرلە ویست هەیە کە پرۆژەی گەورەگەورەی لەبنهەنگڵایە بەلام پەرتی سیاسی و کۆمەلایەتی ئەم لایەنە لاواز و ناکاریگەردەکا. ئەمەو سەختی ژیان لە هەندەران و دۆزی گەندەلاوی ئێستای سیاسی و ئابووری و هزری کوردیش لە کوردستان هۆیێ ترە کە وادەکا ئەو چەند کەسەی تایبەت و جیان ناکاریگەربن. 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.