نوێخوازیی و گرفتی پێناسه‌كانی
ده‌سپێكی قۆناغی نوێخوازیی و تازه‌گه‌ریی وه‌ك هه‌ندێك توێژه‌ره‌وه پێیان وایه له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی چاكسازیی ئایینی‌دا له ئه‌وروپا هاتۆته كایه‌وه ئه‌وده‌مه‌ی مارتن اۆسه‌ر رابه‌رایه‌تی كردووه له ساڵی 1517 دا، هه‌رچی چه‌مكی نوێخوازییه له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌م و هه‌ژده‌یه‌مدا ره‌هه‌ندی فه‌لسه‌فی و سیاسی به‌خۆوه بینیووه، واته سه‌روه‌ختی له‌دایكبوونی بیركردنه‌وه‌ی خودیی و ئه‌قڵانی، هه‌روه‌ها داڕشتنه‌وه‌ی بنه‌مای سه‌رمایه‌داری به بیروباوه‌ڕه عه‌لمانی و سیستمه دیموكراسسه‌كه‌یه‌وه یان ئه‌وه‌ی به لیبرالیزم و جیهانی ئازاده‌وه ناسراوه. هه‌روه‌ها پێگه‌یشتنی زانست و ته‌كنیكه‌كانی رۆژئاوا و به‌رپابوونی شۆڕشی ته‌كنۆلۆژی كه هه‌موو بوونه خاپووركردنی پێودانگی شارستانیانه و ئه‌و رۆشنبیرییه باوانه‌ی بڕوایان به جووڵه و گۆڕانه‌كان نه‌بوو، له سایه‌ی ئه‌م ره‌وشه كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌دا، له‌ناو جه‌رگه‌ی بزافی مه‌عریفییه‌وه به هه‌موو ئاراسته‌كانی ئیدی سیمای گشتگیری نوێگه‌ریی لای توێژه‌ره‌وان ده‌ستنیشان كرا وه‌ك ئه‌وه‌ی پیاده‌كردنی كۆمه‌ڵایه‌تی و میتۆدێكی هزریی و شێوه‌یه‌كی ژیانی نوێ بێت.
هه‌ریه‌ك له ماركس و دۆركایم و ماكس فیبه‌ر وه‌ها ته‌ماشای تازه‌گه‌ریی ده‌كه‌ن كه به‌رجه‌سته‌كردنی وێنه و شه‌قڵێكی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌واو بێت، یان سیماكانی شه‌قڵێكی پیشه‌سازییانه‌ی رێكخراو، كه هه‌ردووكیشیان له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی ئه‌قڵانی ده‌وه‌ستنه‌وه له هه‌موو ئاست و ئاراسته‌كاندا. ( ئالن ئۆین ) وه‌ها پێناسی ده‌كات كه جیاكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی نێوان جیهانی سروشته كه یاسا و رێساكانی هزرێكی ئه‌قڵانی ده‌یدۆزێته‌وه و به‌كاری ده‌بات له‌گه‌ڵ جیهانی خوددا كه هه‌موو بنه‌ماكانی پێناسه‌ی خێر و خۆشنودی تێیدا ونده‌بن. به‌ڵام ( ماكس فیبه‌ر ) وایده‌بینێ نوێخوازی جیاكردنه‌وه‌ی یه‌كێتی نێوان ئاسمان و زه‌مینه كه وه‌همی جیهان داده‌ماڵێ و جادووه‌كه‌ی پوچ ده‌كاته‌وه. رای ( بۆدلێر ) بۆ تازه‌گه‌ریی ئاماده‌گییه‌كی هه‌میشه‌ییه له چركه راگوزر و كاتییه‌كاندا.
فه‌رهه‌نگی ( وێبسته‌ر ) به‌م چه‌شنه هه‌ندێك له ناسنامه و واتاكانی ده‌خاته روو: پیاده‌كردن، به‌كارهێنان، یان ده‌ربڕینێكی تایبه‌ت و دانسقه بۆ زه‌مه‌نی نوێ، یاخود شێوه‌ی ژیان و گوزه‌ران و بیركردنه‌وه‌ی خاوه‌ن خه‌سڵه‌ت بۆ زه‌مه‌نی نوێ، فه‌لسه‌فه و پیاده‌كردنی هونه‌ری نوێ له‌خۆده‌گرێت به‌تایبه‌تیش گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی خودیی هۆشیار و به‌مه‌به‌ست به‌ره‌و رابردوو، یان گه‌ڕان به‌دوای فۆرمی تازه‌دا بۆ گه‌زارشتكردن له هه‌ر ژانرێكی هونه‌ریدا.
هه‌رچۆنێك بێت ئیشكالیه‌ت و ئاسته‌نگه‌كانی پێناسه‌كردنه‌كانمان، چه‌مكی تازه‌گه‌ریی لای توێژه‌ره‌وان شتێكه له‌و چه‌مكه سه‌ختانه‌ی نه‌توانرێت ته‌واوێ دیاری بكرێت، هۆكاری ئه‌وه‌ش بۆ وشه‌كه خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه یان بوونی گرفتێكی ده‌لالی و ئاماژه‌دان ( سیمنتیكا ) كه بۆ چه‌ند لایه‌نێك ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه، له‌وانه: هۆكاری هونه‌ریی، هۆكاری زمانه‌وانی، هۆكاری مه‌عریفی و وه‌سفئامێز.
هۆكاری هونه‌ریی: له‌ڕاستیدا ئه‌م چه‌مكه بۆ رێككه‌وتنی ده‌سته‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ناو له شتێك ده‌نێن، پێناسه‌كه وه‌سفكردنی واقیعێكه و لایه‌نی هونه‌ریی ئیشكالیه‌تێكی بۆ چه‌مكه‌كه دروستكردووه چونكه ته‌نها وه‌سفكردن به‌بێ دیسیپلینی واقیع و له‌به‌رچاوگرتنی گۆشه‌نیگاكان خۆی له‌خۆیدا شپرزه‌یی ده‌خاته‌وه چونكه وه‌سفكردنێكی پێشوه‌خته‌ی واقیعه و پێش پێودانگه‌كان ده‌كه‌وێت، سروشتی نوێخوازیش خاوه‌نی دوو خه‌سڵه‌ته كه ناجێگیریی و ناكامڵبوونن، ناجێگیر و ناسه‌قامگیره له‌به‌رئه‌وه‌ی نوێگه‌ریی ئاراسته‌ی مه‌عریفه‌یه‌كه كه به‌ره‌و سه‌ره‌وه ده‌ڕوات و كۆتایی نییه، گۆڕانی هه‌میشه‌یی و هه‌وڵدانێكی بێ پچڕانه. له دوو رووه‌وه نه‌گه‌یشتنه به كامڵبوون چونكه ئه‌گه‌ر بگاته دوا پله‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌وا له‌خۆیدا ده‌گاته كۆتایی خۆی، له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌ڕای هه‌مووان وه‌ك ( هابرماس ) وه‌سفی كردووه پڕۆژه‌یه‌كه هێشتاكه ته‌واو نه‌بووه، سه‌رباری ئه‌مانه‌ش ناسنامه و پێناسه‌كردنی به‌و شێوه‌یه ده‌بێت به چه‌ند به‌شێكه‌وه به‌پێی گۆشه‌نیگا و روانینی هه‌مه‌جۆر بۆ ئه‌و واقیعه‌ی ده‌بێته مایه‌ی وه‌سفكردن، یه‌كێك له‌وانه‌ش په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه به به‌ها و بایه‌خه‌وه. ( ئه‌رستۆ ) به‌مه ده‌ڵێت: گه‌یشتنه ئاست و پله بایه‌خ و به‌های شته‌كه ده‌گه‌یه‌نێت.
هۆكاری زمانه‌وانی: وشه‌كه له ریشه‌یه‌كی لاتینییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه ( mode ) و پاشان modernus كه به‌مانای هه‌نوكه‌یی و هاوده‌م و هاوچه‌رخ دێت و دژ به كۆن ده‌وه‌ستێته‌وه و ده‌كه‌وێته زه‌مه‌نی ئاخاوتنه‌وه، به‌وه‌ش چه‌مكه‌كانی دیموكراسی و سه‌ربه‌ستی و هه‌موو ئه‌و شتانه نابنه هاوچه‌رخ و هاوده‌م و زه‌مه‌نی قسه‌كه‌ره‌وه كه نوێخوازیی هه‌یه‌تی، ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی رۆشنگه‌ریی دوو سه‌د ساڵ به‌ربه‌ره‌كانێی هزری كڵێسا و دابونه‌ریته‌كانی ئه‌وروپای كردبێت به‌و پێودانگه‌ی ئیدی كۆنن و تازه نین، ئه‌وا ده‌كرێت ئه‌مڕۆ له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا سه‌ركۆنه‌ی بیروباوه‌ڕی رۆشنگه‌ریش بكرێت له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه كه نوێگه‌ریی نییه، په‌یوه‌ستبوونی نوێخوازیی به ریشه‌ی وشه‌كه‌وه وا ده‌كات سه‌خت بێت لێی جیابێته‌وه، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نها ئیشكالیه‌تێكی بۆ پێناسه‌كان دروستكردووه به‌ڵكو ئیشكالیه‌تی تێگه‌یشتن و پیاده‌كردنیشی خوڵقاندووه لای هه‌مووان كه په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه به پێناسه‌كردنی زمانه‌وانییه‌وه و ره‌هه‌ندی هزریی و مۆراڵیی به‌رهه‌م هێناوه، هه‌روه‌ها ئیشكالیه‌تی ناوه‌رۆكیش لای بیرمه‌ندان هه‌ربۆیه دواتر شتێك دێننه كایه‌وه به‌ناوی پۆست مۆدیرنه‌وه و جاڕی مه‌رگی مۆدێرنه‌یان راگه‌یاند، یان به‌پێی وته‌كه‌ی ( لیریس ) نوێخوازیی شتێكه زه‌مه‌ن تێیپه‌ڕاندووه و فه‌رامۆشكراوه و چیتر نوێخوازیی نوێ نییه.
هۆكاری مه‌عریفی: ئه‌مه سه‌رباری پێناسه‌كردنی مه‌به‌ست لێی مه‌عریفه نییه و یه‌كێتییه‌كی جێگیر ده‌گه‌یه‌نێت نه‌ك لێكدابڕاو، به‌ڵكو فره میتۆد و فره‌بابه‌تییه. ئه‌م جیاوازییه له مه‌عریفه‌دا فاكته‌ری ئیشكایه‌تن بۆ پێناسه‌كردنی، چونكه له هونه‌ردا به‌شێوه‌یه‌كه و له فه‌لسه‌فه و كۆمه‌ڵناسی و سیاسه‌ت و ئابووریشدا به‌شێوه‌یه‌كی تر لێكده‌درێته‌وه.
نوێخوازیی له هونه‌ردا به‌مانی تازه‌گه‌ریی دێت، تازه‌گه‌ریی له كۆبیزم و فۆڤیزم و سوریالیزمدا، هه‌رچی په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه به كۆمه‌ڵناسییه‌وه باس له تازه‌گه‌ریی پۆستڤیزم ده‌كات و ئابووریش له نوێگه‌ریی فۆردیزم، فه‌لسه‌فه نوێگه‌ریی عه‌لمانیه‌ت و ماتریالیزم دێنێته به‌ر باس و زانستیش باس له تازه‌گه‌ریی میكانیكی ده‌كات.
هۆكاری وه‌سفی و وه‌سفئامێز: ئه‌گه‌ر پێناسه‌كردنی به‌مشێوه‌یه جیاواز بێت له پێناسه‌یه‌كی دیكه ئه‌وا له‌ڕاستیدا له وه‌سفكردنی واقیعێك زیاتر تێناپه‌ڕێنێ و هه‌ڵبژاردنی په‌یڤێكی گونجاو پرۆسه‌ی تێگه‌یشتن و پێزانینی واقیع و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا پیاده ده‌كات، واته به هه‌ڵبژاردنی پێودانگه‌كه‌ی واقیع ده‌پێورێت و هه‌موو خه‌سڵه‌ت و سیماكانی تێگه‌یشتن له شته‌كان بۆئه‌وه‌یه له به‌هاكه‌ی نزیك ببینه‌وه، به‌ووه‌ش پێوانه‌ی راستی و هه‌ڵه‌ی هزر پێده‌زانین.
قسه‌كردن له‌باره‌ی نوێگه‌رییه‌وه به‌مانای ئاخاوتن ده‌رباره‌ی هزر، ئیدی رێباز و میتۆد بێت یان بیروباوه‌ڕ و لێكدانه‌وه، ئه‌گه‌ر وه‌سفی بیركردنه‌وه بكه‌ین له‌ڕووی ئاسته‌كانییه‌وه، یان توانستی گه‌ڕان و پشكنین، ئه‌وا بابه‌ته‌كه ده‌ستنیشانی ئه‌و بیركردنه‌وه و گه‌ڕانه ده‌كات، هه‌ر به‌وپێیه‌ش ده‌توانین بڵێین بیركردنه‌وه‌ی سه‌رپێیی و قووڵ و رۆشنگه‌ر و هه‌موو ئه‌مانه‌ش پێویسته له‌گه‌ڵ واقیعدا بگونجێنه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر وه‌سفی بیركردنه‌وه بكه‌ین وه‌ك بابه‌ت و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی، ده‌ڵێین بیركردنه‌وه‌ی سیاسی و یاسادانان و زانستی و ئه‌ده‌بیی و ..تاد و له‌گه‌ڵ واقیعدا ته‌با ده‌بێته‌وه، به میتۆد و به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌ش بۆ مۆراڵ و ئاكار ده‌ڵێین و له‌سه‌ر هه‌ق یان پوچ و ماقوڵ یان ناماقوڵ. به‌ڵام وه‌سفكردنی نوێخوازیی هزر له‌گه‌ڵ هیچ یه‌كێك له شێوه‌كاندا ته‌با نابێته‌وه ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ده‌ستنیشانكردنی بیركردنه‌وه‌كان كه سه‌باره‌ت به شته‌كانی واقیع پرۆسێسه ده‌كرێن.
وێڕای ئه‌مانه، له وه‌سفكردنی نوێخوازیدا ئه‌گه‌ر نوێخوازیی به بیروباوه‌ڕێكی نوێ له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین و بیكه‌ینه پێوه‌ری هه‌موو باشه و خراپه‌یه‌ك ئه‌وا زوڵم له هزر و بیرمه‌ندانیش ده‌كه‌ین، چونكه هزر به‌هاكه‌ی له‌ده‌ست ده‌دات و به‌خششی بیرمه‌ندانیش چ ره‌ونه‌قێكی نامێنێ له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌چه‌ی تازه‌دا كه هه‌موو شته كۆن و به‌سه‌رچووه‌كان ده‌خه‌نه‌وه پشت نوێگه‌رییه‌وه.
ئیشكالیه‌تی هونه‌ر و واقیع
هه‌ریه‌ك له ئه‌فلاتون و ئه‌رستۆ له‌نێوان هونه‌ر و واقیدا ده‌ستنیشانی گرفت و ئیشكالیه‌ته‌كانی ده‌كه‌ن، ئه‌فلاتون وایده‌بینێ هونه‌ر لاساییكردنه‌وه‌ی واقیعه و له كتێبی ده‌یه‌می كۆماردا ئه‌م دیالۆگه ده‌بینین: سوكرات: چه‌ندین شت هه‌ن وام لێده‌كه‌ن باوه‌ڕ به‌وه بكه‌م ئه‌م شاره‌ی دروستمان كردووه باشترین شار بێت، ئه‌وه‌ی زیاتریش پاڵپشتی ده‌كات ئه‌و دیاریكردنه تایبه‌ته‌یه سه‌باره‌ت به شیعر. گلوكۆن: مه‌به‌ستت چییه؟ سوكرات: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه هه‌رگیز شیعرێكی كۆپیكراو قبوڵ نه‌كه‌ین، وابزانم ئه‌مه‌ش باشتر ئاشكرا ده‌بێت پاش ئه‌وه‌ی ده‌روونه‌كانمان له‌یه‌كتر جودا كردۆته‌وه. گلوكۆن: مه‌به‌ستت چییه؟ سوكرات: ئه‌مه نهێنییه‌كه له‌نێوان من و تۆدا و به شاعیرانی تراژیدیا و هه‌موو ئه‌وانه‌ش مه‌ڵێ كه لاساییی ده‌كه‌نه‌وه، چونكه ئه‌قڵی ئایینپه‌روه‌ران تێكده‌دات وه‌ختێ گوێیان له‌و شیعرانه ده‌بێت.
له‌م دیالۆگه‌وه ئه‌وه ده‌ستگیر ده‌كه‌ین ئه‌فلاتون هه‌موو ئه‌و شتانه ره‌تده‌كاته‌وه كه به شیعری كۆپیكراو و لاساییكه‌ره‌وه ناویان دێت، پێویسته لێره‌دا بپرسین مه‌به‌ست له لاساییكردنه‌وه چییه؟ بۆچی ئه‌فلاتون رووبه‌ڕووی ده‌وه‌ستێته‌وه؟ له دیالۆگه‌كه‌دا سوكرات پرسیار ئاراسته‌ی گلوكۆن ده‌كات: ده‌توانیت به‌گشتی پێم بڵێی لاساییكردنه‌وه چییه؟ له‌ڕاستیدا من نایزانم، گلوكۆن له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: له‌و بڕوایه‌دایت من بیزانم؟ ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه گلوكۆن بوێر نییه ده‌ستنیشانی لاساییكردنه‌وه بكات و مه‌سه‌له‌كه بۆ سوكرات جێده‌هێڵێت خۆی وه‌ڵامی بداته‌وه. سوكرات نمونه له‌سه‌ر مێز و جێگه‌نوێن دێنێته‌وه كه دارتاش له نمونه‌وه دروستیان ده‌كات و ئه‌گه‌ر لێهاتوو نه‌بێت ناتوانێت ئه‌وه بخوڵقێنێ. ئه‌فلاتون له زمانی سوكراته‌وه ده‌ڵێت: ئه‌و دارتاشه ته‌نها به‌وه ناوه‌ستێته‌وه كه ئه‌و شتانه دروست بكات، به‌ڵكو هه‌موو بوونه‌وه‌رانیش ده‌خوڵقێنێ وه‌ك چۆن خودی خۆیشی و هه‌موو شته‌كانی تریش ده‌خوڵقێنێ، ئاسمان و زه‌موی و خواوه‌نده‌كان و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه له ئاسمان و دۆزه‌خی ژێر زه‌ویشدا هه‌ن.
كه‌واته خواوه‌ند یه‌كه‌مین پێخه‌فی باشی دروستكردووه ئینجا دارتاش دێت و له‌ڕێی لاساییكلاردنه‌وه‌وه پێخه‌فێكی له‌و جۆره دروست ده‌كات، پاشان نیگاركێش دێت و نیگاری پێخه‌فه‌كه ده‌كێشێت، به‌مه‌ش به سێ پله كاره‌كه‌ی زۆر له راستی دوورده‌كه‌وێته‌وه و لاسایی لاسایی ده‌كاته‌وه، شاعیریش هه‌روه‌كو نیگاركێش ته‌نها ده‌گاته رواڵه‌تی شته‌كان بێئه‌ووه‌ی رۆبچێته ناو گه‌وهه‌ر و سروشته‌كه‌یه‌وه، هونه‌ر به‌گشتی كۆپیكردنه‌وه‌ی رواڵه‌ته، ئه‌فلاتون ده‌ڵێت: كه هه‌موو ئه‌و شتانه دروست ده‌كات واته ته‌نها به‌شێكی بچووكی شته‌كانه و لێكچوویه‌تی، نمونه‌ی ئه‌مه نیگاركێش وێنه‌ی كاری پینه‌دۆزێك ده‌نه‌خشێنێ یان دارتاش و هه‌ر كه‌سێكی تر بێئه‌وه‌ی هیچ له پیشه‌كه‌یان بزانێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی لێهاتوو بێت ده‌توانێ وێنه‌ی دارتاشه‌كه دروست بكات و له‌دووره‌وه نمایشی بكات تاوه‌كو منداڵان و كه‌سه ئاساییه‌كان بخه‌ڵه‌تێنێ و وا بزانن شتێكی راسته‌قینه ده‌بینن. هونه‌ر ته‌نها لاسایی رواڵه‌ت ده‌كاته‌وه به‌پێچه‌وانه‌ی فه‌یله‌سوفه‌وه كه ده‌رك به ڕاستی ده‌كات و پێیده‌گات، ئه‌فلاتون پێی وایه به‌رهه‌می شاعیران خه‌سڵه‌تێكی لاوازی هه‌یه و دوای رواڵه‌ته‌كان ده‌كه‌وێت نه‌ك قووڵایی.
ده‌رباره‌ی ئه‌مه ده‌ڵێت: ئێمه له‌سه‌ر هه‌قین كاتێك رووبه‌ڕووی شاعیر ده‌بینه‌وه و له شوێنی نیگاركێش دایده‌نێین چونكه كارێكی كه‌م به‌ها ده‌به‌خشێت به‌به‌راورد به راستی، ئه‌گه‌ر ئه‌فلاتون دژ به هونه‌ر بوه‌ستێته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه به رواڵه‌ته‌وه نه‌ك راستی، ئه‌وا بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه شیعر به‌تایبه‌تی كاریگه‌رییه‌كی خراپ ده‌كاته سه‌ر سروشتی ئاده‌میزاد و نمونه‌ی زیانبه‌خش ده‌داته خه‌ڵكی، شاعیر كه‌سێتی خۆی له كه‌سێتیی ئه‌وانیتردا ونده‌كات و ره‌نگه شتێك له شه‌ڕانگێزی هه‌ڵگرتبێ مادامه‌كی به زمانی شه‌ڕانگێزان ده‌دوێ و گوزارشت له هه‌ڵوێسته‌كانیان ده‌كات، هۆیه‌كی دیكه كه ده‌توانین بیركردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتونی تێدا چڕ بكه‌ینه‌وه ئه‌وه‌یه كه شیعر وێنای خواوه‌ند و به‌شێوه‌یه‌كی نه‌شیاو ده‌كات و وه‌ها وه‌سفی خواوه‌نده‌كان ده‌كه‌ن كه ئه‌گه‌ر خه‌سڵه‌تی مرۆڤ بوونایه چ شكۆیه‌كیان بۆ نه‌ده‌مایه‌وه، پاشان شاعیران ناتوانن شارێكی شیاو دروست بكه‌ن كه یاسا و رێسای هه‌بێ و هاوسه‌نگی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌راهه‌م بكات، ئه‌وه ته‌نها ئه‌ركی فه‌لسه‌فه‌یه و ئه‌ركی فه‌یله‌سوفیش كه تاقه داهێنه‌ره ده‌توانێت ئه‌و شته به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نێ, هه‌ربۆیه شاعیران له كۆماره‌كه‌ی وه‌ده‌رده‌نێ و شیعر له پله‌یه‌كی كه‌متر له فه‌لسه‌فه هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ.
ئه‌رستۆ له كتێبی ( هونه‌ری شیعر )دا پێی وایه لاساییكردنه‌وه گه‌وهه‌ری كاری هونه‌رییه، چه‌مكی هونه‌ر لای یۆنانییه‌كان به‌مانای چالاكییه‌كی دروستكراو و خوڵقێنراوی سودمه‌ند دێت، یۆنانییه‌كان هونه‌ریان له شیعر و موزیك و گۆرانی و هونه‌ره‌كانی تردا قه‌تیس نه‌كردووه، به‌ڵكو هه‌موو پیشه‌كانی وه‌ك دارتاشی و ئاسنگه‌ریی و به‌رهه‌مهێنانی پیشه‌سازیی به هونه‌ریان له‌قه‌ڵه‌م داوه، واته دروستكردنی خانوو و جلوبه‌رگ و قاپ و قاچاغیش. هونه‌ری شیعر هاوشانی كتێبی ( وتاربێژی ) ئه‌رستۆ تیایاندا نایه‌وێت راستییه ره‌ها و جێگیره‌كان دابنێ ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستیه‌تی شاعیرێكی باش بخوڵقێنێ و بنه‌مای شیعرێكی دیاریكراو دابڕێژێ، هونه‌ر به‌و پێودانگه ده‌ڕژێته‌وه نێو به‌هایه‌كی پیشه‌سازیی و به‌رهه‌مهێنانه‌وه نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی زایه‌ڵه‌ی جوانیی سروشت بێت، رای وایه ئه‌ركی هونه‌رمه‌ند له‌وه‌دا كۆنابێته‌وه كه وێنه‌ی رووداوه دووباره‌كانی سروشتمان پێ ببه‌خشێ به‌ڵكو ئه‌ركه‌كه رێككردنه‌وه‌ی سروشت و گۆڕینی واقیع و ژیانه، راسته هونه‌رمه‌ند سروش له واقیعه‌وه وه‌رده‌گرێ یان له سروشت و ژیانه‌وه، به‌ڵام گومانی تێدا نییه كاری هونه‌ریی هه‌مان واقیع و هه‌مان سروشت و ژیان ناگه‌یه‌نێت.
ئه‌رستۆ بنه‌چه و گه‌وهه‌ری هونه‌ر به لاساییكردنه‌وه‌ی سروشت لێكده‌داته‌وه، ئه‌و كۆپیكردنه‌وه‌یه‌ش له سروشتی مرۆڤدا بوونی هه‌یه، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش منداڵ ده‌توانێت فێری زمان ببێ و لاسایی گه‌وره‌كان بكاته‌وه ئه‌گه‌ر نا هه‌رگیز فێری نه‌ده‌بوو، لاساییكردنه‌وه له‌گه‌ڵ مرۆدا دێته كایه‌وه و به‌و هۆیه‌وه یه‌كه‌مین زانییارییه‌كان وه‌رده‌گرێت. ئه‌رستۆ ده‌ڵێت: ره‌نگه شیعر له دوو هۆكاره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت كه هه‌ردووكیان سروشتین، یه‌كه‌م لاساییكردنه‌وه لای مرۆ شتێكی ره‌مه‌كییه و له منداڵییه‌وه تێیدا دیاریده‌دات، خه‌ڵكی چێژ له لاساییكردنه‌وه ده‌بینن، هۆكاری دووه‌میش ئه‌وه‌یه فێربوون چێژبه‌خشه نه‌ك ته‌نها بۆ فه‌یله‌سوفه‌كان به‌ڵكو بۆ هه‌موو خه‌ڵكی، ئێمه دڵخۆش ده‌بین به بینینی وێنه‌كان چونكه سود وه‌رده‌گرین له بینینیان و لێیان تێده‌گه‌ین. لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه شیعر لای ئه‌رستۆ له هۆكارێكی سروشتییه‌وه دێته ئاراوه چونكه خولیای لاساییكردنه‌وه له رۆڤدا بوونی هه‌یه و هه‌ر ئه‌وه‌شه وای لێده‌كات له ئاژه‌ڵان جیابكرێته‌وه، پاشان هه‌ستكردن به چێژ و خۆشنودی به‌رامبه‌ر به لاساییكردنه‌وه‌ش له‌لای مرۆڤ. په‌یدابوونی شیعر دیسانه‌وه مه‌یلێكی سروشتی مرۆڤه، واته مه‌یلی ئاواز و ریتم كه له شیعردا بوونیان هه‌یه، لێره‌وه شیعر وه‌ك شتێكی سروشتی و لاساییكردنه‌وه له‌لای مرۆ سه‌ریهه‌ڵداوه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌و مه‌یله‌ی مرۆڤیش كه بۆ ئاواز و ریتمه‌كان هه‌یه‌تی. ئه‌رستۆ ده‌ڵێت: ره‌مه‌كی لاساییكردنه‌وه شتێكی سروشتییه تیاماندا هه‌روه‌ك ئاواز و ریتمه‌كان و شێوازی به‌كارهێنانیان وایكردووه له‌گه‌ڵ مه‌یل و خولیاكانیدا بۆ رووداوه‌كان گوزارشتی خودیی هه‌بێ و له‌وێشه‌وه كۆمیدیا و مه‌رگه‌سات هاتوونه‌ته كایه‌وه كه قۆناغێكی گه‌شه‌سه‌ندووه له شیعردا.
ئامانجی هونه‌ری لاساییكه‌ره‌وه چێژبه‌خشینه به ئاده‌میزاد، لای ئه‌رستۆ چێژ به‌مانا رۆحییه‌كه‌ی دێت نه‌ك له‌ڕووی هه‌سته‌وه، مه‌به‌ستی له چێژی باڵایه كه خۆشنودی و چێژی ستاتیكی ده‌ستگیر ده‌كرێت كه سه‌رچاوه‌كه‌ی له هه‌ستكردن و پێزانیندایه نه‌ك چێژێك بێت له جه‌سته‌دا. ئه‌رستۆ سه‌باره‌ت به هونه‌ری لاساییكه‌ره‌وه‌ی مه‌رگه‌ساتدا پێی وایه پاكبوونه‌وه‌یه له كاردانه‌وه‌ی ترس و به‌زه‌یی و میهره‌بانیدا، لێره‌وه‌یه ئه‌ركی هونه‌ر لای ئه‌رستۆ ده‌بێته پاكژكردنه‌وه‌ی كاردانه‌وه و هه‌ڵچوونه مرۆییه‌كان و وازهێَنان له دژكرده‌وه‌ی توند كه ده‌روونی مرۆ ده‌گرێته‌وه.
له‌م ئه‌ركه‌دا ئه‌رستۆ بایه‌خێكی شیاو ده‌دات به هونه‌ر و شیعر، ئه‌گه‌ر ئه‌فلاتون شاعیرانی وه‌لانابێ و له كۆماره‌كه‌یدا جێگه‌یان نه‌كاته‌وه، ئه‌وا شكۆی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و به هۆكارێكی فێركاریی لێكده‌داته‌وه هه‌روه‌ك فه‌لسه‌فه. ره‌گه‌زه‌كانی خوڵقاندن و ئه‌فراندن دوو شتی زۆر پێویستن بۆ هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك، ئیدی شاعیرێك بابه‌تێكی ئاست بڵند و ئایدیاڵی بكاته كه‌ره‌سه یان واقیعی، له گۆشه‌نیگای داهێنانه‌وه پرۆسه‌ی ده‌كات چونكه وێناكردنه زه‌ینییه‌كانی ده‌رده‌بڕێ نه‌ك ئه‌وانه‌ی له جیهانی ده‌ره‌كیدا هه‌ن، به‌وه‌ش چیتر لاساییكردنه‌وه رۆڵی نامێنێ و له لاساییكردنه‌وه‌ی ئاسایی جیاده‌كرێته‌وه. به‌م پێودانگه هه‌موو ئه‌و كارانه ده‌ستنیشان ده‌كرێن كه ده‌رژێنه نێو بۆته‌ی هونه‌ره‌وه یان به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌رستۆ ئه‌ركی شاعیر له ئه‌رك و رۆڵی مێژوونووس جیاده‌كاته‌وه وه‌ختێ ده‌ڵێت: وتمان ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی شاعیر ئه‌وه نییه كه به راسته‌قینه هه‌ن و روویانداوه له واقیعدا، به‌ڵكو به‌و شێوه‌یه‌یه كه ره‌نگه رووبدات، چ مێژوونووس و چ شاعیر سه‌ره‌تا وه‌ك یه‌كن و ئه‌میان به په‌خشان ده‌یگێڕێته‌وه و ئه‌ویتریان به شیعر، له‌وه‌دا وه‌ك یه‌ك نابن كه یه‌كه‌میان به‌و چه‌شنه ده‌یگێڕێته‌وه وه‌ك له واقیعدا بوونی هه‌بووه و ئه‌ویتریان وه‌ها ده‌یگێڕێته‌وه كه ده‌شێت رووبدات. شیعر پێگه‌ی مه‌زنتری هه‌یه وه‌ك له مێژوو، شیعر گشتی ده‌گێڕێته‌وه و مێژووش تایبه‌تی و به‌شه‌كان، هه‌موو ئه‌مه‌ش پیشه‌ی لاساییكردنه‌وه تێده‌په‌ڕێنێ و كۆپیكردنه‌وه ده‌كاته لاسایی نمونه‌یه‌ك كه شاعیر وێنای ده‌كات نه‌ك وه‌ك چۆن هه‌یه له واقیعدا، ره‌گه‌زی خه‌یاڵ رۆڵێكی گرنگ ده‌بینێت له پرۆسێسه‌ی لاساییكردنه‌وه‌ی شاعیردا، شاعیر راستییه‌كی نوێ له‌هه‌مبه‌ر واقیعه‌كه ده‌خاته روو كه له خودی واقیعه‌كه باڵاتره، ئه‌مه‌ش له‌میانی خه‌مڵاندن و پێكهێنانی كه‌ره‌سه‌ی لاساییكردنه‌وه‌كه‌دا ده‌كات له‌نێوان به‌ش و یه‌كه‌كان و لابردنی ئه‌و شتانه‌ی پێویست نین. ئه‌و كاره هونه‌رییه‌ی هونه‌رمه‌ندی لاساییكه‌ره‌وه ده‌یخوڵقێنێ كارێكی واقیعیانه نییه به‌مانایه‌كی ته‌واو، به‌ڵكو شێوه‌یه‌كی لێكچووی ئه‌و شتانه‌یه كه له سروشت و واقیعدا بوونیان هه‌یه، ئه‌و كاره‌كنه‌ر و كه‌سێتییانه‌ی كه ( سۆفۆكلیس ) له شانۆیی و ( هۆمیرۆس ) له داستانه‌كانیدا وه‌سفیان كردوون هه‌مان ئه‌و كاره‌كته‌ر و كه‌سێتییانه‌ی نێو واقیع و ئه‌و مێژووه‌دا نین كه راسته‌قینه هه‌ببون، به‌ڵكو كاراكته‌ر و واقیعگه‌لێكن به‌وپێیه‌ی داهێنه‌ره‌كانیان به‌رجه‌سته‌یان كردوون له زه‌ین و بۆچوونی خۆیاندا.
لاساییكردنه‌وه له هونه‌ردا په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه به هه‌موو ئه‌وانه‌ی به واقیع ناسراون، یان وه‌ك نمونه‌یه‌ك كه پێویسته هه‌بن، یاخود هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی خه‌ڵكی له‌باره‌یه‌وه ده‌دوێن. هونه‌ری راسته‌قینه به پێودانگی ئه‌رستۆ گوزارشتێكی باڵا و داهێنه‌رانه‌یه له‌و راستییانه‌ی ناچنه بازنه‌ی هه‌بووه‌وه، واته هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له واقیعدا شیاون و هه‌ن، لێره‌وه ئه‌رستۆ هونه‌ر ده‌خاته خزمه‌تی راستییه‌وه و وا له هونه‌رمه‌ندی لێهاتوو ده‌خوازێت كه هه‌موو وزه و توانستی ئه‌ندێشمه‌ندیی داهێنه‌رانه‌ی بۆ گوزارشتكردن له راستیی شته‌كان به‌كاربهێنێ، هونه‌ر وه‌كو فه‌لسه‌فه ده‌توانێت بگاته راستی له‌میانی خه‌یاڵ و وێناكردنه‌وه وه‌ك چۆن فه‌لسه‌فه له‌ڕێی داماڵین و گشتاندنه‌وه كه په‌یوه‌ستن به ئه‌قڵه‌وه پێی ده‌گات.
لێره‌دا پێویسته بپه‌ڕینه‌وه و ئه‌و پرسیاره بكه‌ین كه بۆچی ئه‌مڕۆ هونه‌رمه‌ندان گرنگی ناده‌ن به شێوه و فۆرم له هونه‌ری هاوچه‌رخدا؟َ له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا ده‌بێت به‌ره‌و ئازادییه‌كانی هونه‌رمه‌ند و چه‌مكی هونه‌ری نوێ بگه‌ڕێینه‌وه كه سه‌رهه‌ڵدانی قۆناغێكی هونه‌رییه و وه‌رچه‌رخانی دیدگا و پێودانگه هاوچه‌رخه‌كانه. پاش بزوتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی هونه‌ریی هاوچه‌رخ كه له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مه‌وه ده‌ستیپێكردووه و زۆرینه‌ی هونه‌رمه‌ندانی جیهانی پیاده‌ی ده‌كه‌ن، گرنگترین خه‌سڵه‌تی به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌ستی و ئازادی بوو و گه‌وهه‌ره‌كه‌شی ناوه‌رۆك و بیرۆكه بوو كه نه‌ك ته‌نها داماڵین و رووتكاریی له فۆرمدا به‌رقه‌رار كرد، به‌ڵكو ناوه‌رۆك و بیرۆكه‌كانیشی گرته‌وه، ئه‌مه‌ش بۆ چێژوه‌رگرتنی ئه‌و جه‌ماوه‌ره ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هونه‌ری نوێیان وه‌ك زمانی سه‌رده‌م قبوڵ كرد، واته هه‌م هونه‌ری نوێ ئه‌و به‌شدارییه بێ مه‌رجه‌ی له هونه‌ردۆستان ویست و هه‌م هونه‌ردۆستانیش ئامێزیان بۆ ئه‌و شێوازه نوێیه‌ی هونه‌ر كرده‌وه، به‌وه‌ش رێباز و ته‌وژمه هونه‌رییه‌كان بنه‌مای نوێ و پێودانگی تازه‌یان بۆ چه‌مكی ستاتیكا داڕشته‌وه له كاره هونه‌رییه‌كاندا، به‌مانای ده‌ستخستنی ئازادی و به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌زموونی هونه‌ریی له به‌خششه‌كاندا، هونه‌ر بازێكی ئه‌وتۆی دا به‌ره‌و گۆڕینی بایه‌خدانه‌كان له فۆرمه‌وه رووه‌و ناوه‌رۆك و له‌وێشه‌وه ئیدی ئه‌زموونی تایبه‌تی هونه‌رمه‌ندان و ده‌ربڕینی ناوه‌كیی هونه‌رمه‌ند بووه گرنگترین پێكهاته‌ی كاری هونه‌ریی.
ئه‌گه‌رچی ناوه‌رۆكه‌كان پێویسته به‌رجه‌سته بن له كاره هونه‌رییه‌كاندا، سه‌رباری ئه‌مه‌ش ئه‌زموونی هونه‌رمه‌ندان چیتر وابه‌سته‌ی لاساییكردنه‌وه‌ی واقیع نه‌ده‌بوونه‌وه هێنده‌ی ده‌رژانه ناو روانینی هونه‌رمه‌ندانه‌وه تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی شته‌كان به‌ره‌و سه‌مه‌ره‌یی و ناواقیعی په‌ل بكوتن. هونه‌رمه‌ندان وازیان له ریالیزمی سروشتی هێنا و شته رواڵه‌تییه‌كانیان فه‌رامۆش كرد بۆئه‌وه‌ی قووڵتر رۆبچنه نێو ده‌روونی مرۆڤایه‌تی و گه‌ڕان و پشكنین به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نن، بگه‌ڕێن به‌دوای شتی په‌نهان و نادیاره‌كاندا كه واقیع نایاندۆزێته‌وه و په‌یان پێنابات، گه‌وره‌ترین ئیشكالیه‌تی هونه‌ری نوێ هه‌وڵه‌كانی بوو بۆ وه‌سفكردنی نامه‌ئلوف و ناوه‌سفكراو و دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌یه‌ك بۆ گوزارشتكردن ده‌رباره‌یان.
هونه‌ری هاوچه‌رخ خاوه‌نی زمانی خۆیه‌تی و به‌و زمانه گوزارشت له شته‌كان ده‌كات، زمانێكه رۆده‌چێته نێو نائاگاییه‌وه و وێنای ده‌كات، ئه‌وه‌ش به ره‌نگڕێژكردنی بیرۆكه‌كانی نائاگایی و بڕوامه‌ندیی به توانستی ئه‌وتۆی خه‌ونه‌كان، چیتر ئه‌و زمانه بنه‌ماكانی نیگاركێشانی باو پیاده ناكاته‌وه و زیاتر به‌ره‌و ته‌مومژ و ئاڵۆزیی ده‌ڕوات، ته‌مومژ لێره‌دا به‌و مانایه‌یه كه ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌كی هونه‌ریی بۆ دۆزینه‌وه‌ی هێما و سیمبۆلی شێوه‌كاریی ناكۆتا و هه‌ڵگری ناوه‌رۆكی هزرییه كه وا ده‌خوازێت وه‌ربگێڕدرێن و له ناوه‌رۆكه‌كانیان قاڵ بێت. تابلۆی هونه‌ریی ده‌بێته مایه‌ی سه‌رنجمان بێئه‌وه‌ی پێویست بكات لێی تێبگه‌ین، چونكه به زمانێك نه‌خشێنراوه گوزارشت له شته‌كان ده‌كات بێئه‌وه‌ی تێ‌یان بگه‌ین، به‌ڵكو ده‌لاله‌ت و ئاماژه‌دانه‌كانی هونه‌رمه‌نده كه ده‌یه‌وێت به راستگۆیی به‌رجه‌سته‌یان بكات، هه‌موو ئه‌و ئاماژانه‌ش دیسانه‌وه به‌ر ئاماژه و هێماكانی ئێمه ده‌كه‌ونه‌وه كه له ئه‌زموونماندا كه‌ڵه‌كه بوون، پێده‌چێت تێگه‌یشتنه‌كان هه‌ندێك جاریش ئه‌سته‌م بن كه ئه‌وه‌ش لایه‌نێكی جوانه له هونه‌ری هاوچه‌رخدا. پشت نه‌به‌ستن به ئاستی روونی و ئاشكرایی هێماكان و زمانی هونه‌ریی و په‌یامه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌گیرسێته‌وه كه خاوه‌ن په‌یامه‌كه هه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ وه‌رگره‌كانیدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی رایه‌ڵێكی هاوبه‌ش هه‌یه له‌نێوان هونه‌رمه‌ند و وه‌رگردا و په‌یوه‌ست ده‌بێته‌وه به ئه‌زموونی كه‌ڵه‌كه‌بووی هه‌ردووكیانه‌وه بۆ تێگه‌یشتن له واتای هێما و سیمبۆڵه‌كان.
هه‌ندێك له چێژوه‌رگران و هونه‌ردۆستان وه‌ها تێده‌گه‌ن كه بایه‌خ نه‌دان به فۆرم له كاری هونه‌ریدا، یاخود ساده‌كردنه‌وه‌ی شێوه‌كان و په‌ڕینه‌وه بۆ ئه‌بستراكت به‌مانای ئه‌و شتانه‌ی ده‌چنه پشت لێكدانه‌وه و دیراسه‌كردنه‌وه كه نه‌بوونی ته‌كنیك تێیاندا هه‌یه، وه‌لێ به‌پێچه‌وانه‌وه به‌ڕای توێژه‌ره‌وان و پسپۆڕان، یان لای هونه‌رمه‌ندانی سه‌ر به ره‌وتی هونه‌ری هاوچه‌رخ، دۆزینه‌وه و پێشكه‌شكردنی فۆرمی نوێ له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌زموونی كه‌ڵه‌كه‌بوو ده‌گه‌ڕێته‌وه كه زیار ئه‌ركێكی سه‌ختتری هه‌یه وه‌ك له كۆپیكردنه‌وه‌ی واقیع، هونه‌رمه‌ندی هاوچه‌رخ له‌میانی كاره‌كانیدا جیهانه تایبه‌تییه‌كه‌ی ده‌خوڵقێنێ و ده‌یه‌وێت ناوه‌رۆكه هزرییه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێت، ده‌شێت كارێكی ته‌واو واقیعی هه‌ڵگری په‌یامێكی گشتی بێت لێ هه‌ڵگری ره‌هه‌ندێكی فه‌لسه‌فی و هزریی نابێت به‌به‌راورد به كاری نوێ و هاوچه‌رخ كه زیاتر له‌سه‌ر بیرۆكه و ناوه‌رۆك ده‌وه‌ستێته‌وه. له‌م جۆره كارانه‌دا ده‌كرێت وه‌رگر و بینه‌ر رۆبچنه نێو جیهانه‌كانه‌وه و شتی نوێ بدۆزێته‌وه له خه‌یاڵی هونه‌رمه‌نددا، واته سروشت و جیهانێك ده‌بینێته‌وه كه هه‌رگیز سروشت و جیهانه راسته‌قینه و هه‌ستپێكراوه واقیعییه‌كه نییه، هه‌ندێ جاریش به مه‌به‌سته‌وه تێكه‌ڵاوبوونی زه‌مه‌ن و شوێن به كاره هونه‌رییه‌كانه‌وه دیاریده‌ده‌ن و ده‌بنه‌وه ره‌گه‌زێكی دیكه‌ی ستاتیكا.
ئه‌گه‌ر له‌وه بكۆڵینه‌وه كه ئه‌ركی سه‌ره‌كی هونه‌رمه‌ند چییه له هاوكێشه‌كه‌دا، ده‌توانین له دۆزینه‌وه‌ی لۆژیكێكی نوێ‌دا پێناسه‌ی بۆ بكه‌ین كه وا ده‌خوازێت به‌رده‌وام هونه‌رمه‌ندان ئاسۆیان فراوانتر بكه‌ن بۆ به‌خشینی ئه‌و لۆژیكه‌ی یه‌كه‌م و دواجار لۆژیكی جیهانی ناوه‌كیی كاری هونه‌رییه. هونه‌ری هاوچه‌رخ سنووری نییه و نغرۆی جیهانی بینراو و مادی و ناوه‌كیی ده‌بێته‌وه به‌شێوه‌یه‌كی ئازادانه كه هه‌ڵوێست و دیدگای هونه‌رمه‌نده‌كانه له‌ڕاستیدا، چونكه هه‌ڵوێستێكه گوزارشت له هه‌ڵبژاردنی هزریی و ستاتیكی خودیی ده‌كات. ئه‌و پرسیاره‌ی لێره‌دا پێویسته ئاراسته‌ی بكه‌ین ئه‌وه‌یه بپرسین بۆچی هونه‌رمه‌ندان رووده‌كه‌نه تێكشكاندنی هه‌موو بنه‌ماكانی ته‌كنیك و شێوازه‌كان له‌كاتێكدا له په‌یمانگه و كۆلیژه‌كانی هونه‌ردا ده‌یخوێنن؟! زۆرینه‌ی هونه‌رمه‌ندانی هاوچه‌رخ به‌ره‌و تێپه‌ڕاندنی بنه‌ما ئه‌كادیمییه‌كان ده‌ڕۆن ئه‌وه‌ش به‌وپێیه‌ی ئه‌و لادان و تێپه‌ڕاندنه نه‌بێته زیان بۆ پێكهاته‌ی هونه‌ریی، مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندی به تێكشكاندنه‌وه نییه ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی هه‌یه به‌وه‌وه كه هونه‌رمه‌ندان ده‌چنه ژێر چه‌تری هاوچه‌رخییه‌وه، هه‌ریه‌كه‌شیان ده‌یه‌وێت ستایل و شێواز و رێچكه‌ی هونه‌ریی خۆی ده‌ستنیشان بكات. بنه‌ما ئه‌كادیمییه‌كان بۆ هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك پێویسته و هونه‌رمه‌ندانی هاوچه‌رخ له سه‌ره‌تادا پیاده‌ی ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش بۆخاتری پێزانینی مه‌عریفه‌ی بنه‌مای خه‌مڵاندن و پێكهاته‌كان، یان پێكهاته‌ی ره‌نگه‌كان و خوێندنه‌وه‌ی كاری هونه‌ریی و چۆنێتی به‌رجه‌سته‌كردنی بیرۆكه‌كانی له كاری هونه‌ریدا، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك به‌پێی ئه‌زموون په‌یوه‌ندی نێوان هونه‌رمه‌ند و كاری هونه‌ریی دێته كایه‌وه، هونه‌رمه‌ند دێت و ئه‌زموونه ئه‌كادیمییه‌كانی ئاوێته‌ی به‌هره سه‌ره‌تاییه‌كانی خۆی ده‌كاته‌وه تاوه‌كو هونه‌رێكی سه‌قامگیر و هاوسه‌نگ ده‌ستگیر بكات، واته گه‌ڕانه‌وه له‌پاش ئه‌زموونه‌وه به‌ره‌و خود و لێكدانه‌وه تایبه‌تییه‌كان، گه‌ڕانه‌وه بۆ دیدگا زۆر تایبه‌تییه‌كان كه هونه‌ری نوێ زیاتر جه‌ختیان لێده‌كاته‌وه، هونه‌رمه‌ند ئیدی ده‌كه‌وێته دیالۆگ له‌گه‌ڵ ماتریالدا. هونه‌ری نوێ ئه‌وه‌نده‌ی وابه‌سته‌بوونه به ماتریاله‌وه، واتا و مانا ده‌بنه‌وه به‌رهه‌می ئه‌و كاركردنه‌ی ماتریال و په‌یوه‌ندییه‌كانی به هونه‌رمه‌نده‌وه، هه‌ربۆیه هونه‌ری نوێ ناخوازێت وه‌رگره‌كه‌ی كه‌سێكی پڕ مه‌عریفه بێت ئه‌وه‌نده‌ی له هه‌سته‌كانیدا به‌شداربوونێكی راسته‌وخۆی هه‌بێت له‌گه‌ڵ كاره هونه‌رییه‌كه‌دا.
پرسیارێكی دیكه‌ی پێویست ئه‌وه‌یه بڵێین ئایا فۆرم و شێوه‌ی كاری هونه‌ریی گرنگی و بایه‌خێكی ده‌بێت لای وه‌رگر؟ یان ئه‌مه وا له هونه‌ر ده‌كات له ستاتیكا دووربكه‌وێته‌وه كه له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌سڵه‌تی هونه‌ره و هه‌وڵدانی كاری هونه‌رییه تاوه‌كو پێی بگات؟! بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره ده‌بێت بۆ گۆشه‌نیگاكانی هونه‌ری هاوچه‌رخ په‌ل بكوتین كه روانینێكه بۆ جیهانێكی پڕ له شتی په‌رته‌وازه كه بایه‌خیان نادیاره، هونه‌رمه‌ند له‌وه‌دا نایه‌وێت شتی دیكه‌یان بۆ ئیزافه بكات ئه‌وه‌نده‌ی له خۆیاندا بوونی هه‌یه و ده‌ركیان پێنه‌كراوه، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هونه‌رمه‌نده دۆزینه‌وه‌یانه و نمایشكردنیانه كه چ جۆره په‌یوه‌ندییه‌كیان به شته‌كانی تره‌وه هه‌یه، گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌دا خۆی له‌خۆیدا ئه‌زموونی ده‌رككردنه راسته‌وخۆكان تێده‌په‌ڕێنن، له هونه‌ری هاوچه‌رخدا چێژوه‌رگر به‌شێكی دانه‌بڕاوه له كاری هونه‌ریی، چونكه ئه‌ركی ئه‌م هونه‌ره نوێیه به‌خشینی پێزانینه‌كانی هونه‌رمه‌نده به وه‌رگر، واته هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی هونه‌رمه‌ند هه‌ستیان پێده‌كات بگه‌نه بینه‌ران و وه‌رگران تا ئه‌وانیش به‌شدار ببنه‌وه و هه‌ست به‌و شتانه بكه‌ن كه تێیدا ده‌ژین و هه‌رگیز به خه‌یاڵیاندا نه‌هاتووه، بۆ نمونه په‌یوه‌ندی نێوان شته‌كان و مرۆڤ كه به‌شێكه له سروشتی ئه‌و شتانه و كاریگه‌ریشیان له‌سه‌ر یه‌كتری، ئه‌مه‌ش ئاوێته‌كردنه‌وی هونه‌ره به ژیانه‌وه و زیاتر دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه تۆكمه‌یه‌ی نێوان هونه‌ر و ژیانه، له هونه‌ری نوێ‌دا سه‌رنج ده‌ده‌ین هونه‌ر په‌ڕینه‌وه‌یه له چه‌مكه جێگیر و چه‌سپاوه‌كانه‌وه بۆ چه‌مكی ناجێگیر و گۆڕدراو، ئه‌وه‌ی هونه‌ری هاوچه‌رخ هه‌وڵی بۆ ده‌دات به‌شدارییه‌كی كارای وه‌رگره و گواستنه‌وه‌ی نمایشه‌كانه له‌نێو هۆڵه‌كانه‌وه به‌ره‌و جه‌رگه‌ی جیهان، چوارچێوه‌ی تابلۆكان لێره‌وه بوون و گه‌ردوونن نه‌ك چوارچێوه تایبه‌تییه‌كان و هونه‌رمه‌ند ئه‌زموونی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ سروشت و جیهاندا پیاده ده‌كات.
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به لاساییكردنه‌وه‌ی سروشته‌وه هه‌یه له كاری هونه‌ریدا، هونه‌رمه‌ند ئه‌ركێكی نوێی له ئه‌ستۆ گرتووه و ته‌نها به كارامه‌یی و ده‌ستڕه‌نگینی ناوه‌ستێته‌وه به‌ڵكو بیرۆكه و ته‌كنیكی جۆراوجۆر پیاده ده‌كاته‌وه سه‌رباری بایه‌خدان به ئه‌زموونگه‌ریی و ستایلی تایبه‌تی خودیی، ئه‌زموونی هونه‌ری نوێ پشت ئه‌ستووره به گوتار و هه‌وڵی گۆڕینی روانین و دیدگاكان ده‌دات. نوێخوازیی به سروشته ره‌خنه‌ئامێزه‌كه‌ی به‌وه قایل نابێت كه هونه‌ر نمایشی سیستمێكی ستاتیكی جیهان بێت له بارێكی جێگیردا، به‌ڵكو ویسته نوێیه‌كان ئه‌زموون ده‌كات و سه‌رله‌نوێ روانینه‌كان بۆ جیهان داده‌مه‌زرێنێته‌وه.
ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر باسی نوێخوازیی و ئه‌زموونی ستاتیكی، ئه‌وا پێویسته بڵێین كه نوێگه‌ریی هونه‌ری نه‌خستۆته نێو ئێشكالیه‌تی هزره‌وه ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌زموونی هونه‌ریی به‌ره‌و بیركردنه‌وه بردووه، هونه‌رمه‌ندان دڵنیان له‌وه‌ی كه ئه‌زموونێكی ته‌مومژاوییان هه‌یه و مه‌ئلوفه‌كان تێده‌په‌ڕێنن و ویستیانه پردی پێكگه‌یشتن له‌گه‌ڵ وه‌رگردا دروست بكه‌ن تاوه‌كو له گۆشه‌گیرییان بێنه ده‌ره‌وه، ئه‌وه‌ش له‌میانی سازدانی دیالۆگ و به‌شداربوونه‌وه‌ی وه‌رگر له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی داهێنه‌رانه‌یاندا. وه‌شاندن و گه‌یاندنی گوتاره‌كان لای هونه‌رمه‌ند به‌و شێوه‌یه‌ی لێهاتووه كه هاوسه‌نگ بێته‌وه له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه خودییه‌كان و شێوازه‌كانیاندا، كاری هونه‌ریی ده‌ستكه‌وتێكی خێرا و هه‌ڕه‌مه‌كی ناگه‌یه‌نێت به‌ڵكو پیاده‌كردن و پرۆسێسه‌ی هزر و لێكدانه‌وه و گه‌یاندنه، به‌رهه‌می سه‌رنجدان و رامان و ئه‌زموونه هاوشانی هه‌ڵوێسته له‌هه‌مبه‌ر سه‌رده‌م و ژیانی هاوده‌مدا، ئه‌و وه‌ئاگاهاتنه‌وه و پێزانینه‌ش لای هونه‌رمه‌ند ته‌نها پشت نابه‌ستێته‌وه به روانینه تایبه‌تییه‌كان و ئه‌زموونی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵكو دیسانه‌وه ره‌هه‌ندی تیۆریی ده‌بێته‌وه پاڵپشتی ئه‌زموونه هونه‌رییه‌كه و گه‌یشتن به رۆشنبیرییه‌ك.
مێژووی هونه‌ر ده‌كرێت بڵێین مێژووی گوتاری هونه‌رمه‌ندان و كۆمه‌ڵه و رێبازه هونه‌رییه‌كانه، بۆ نمونه ( ماتیس ) ساڵی 1908 سه‌رنج و تێبینییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ده‌نووسێت له‌هه‌مبه‌ر ستاتیكای فۆڤیزمییه‌كان و ئه‌و دۆخه‌ی هاتۆته پێشه‌وه له‌دوای سه‌رنجخوا نوێیه‌كاندا ( الانگباعیه الجدیده )، یاخود له‌لای ( كاندینسكی ) كه ده‌رباره‌ی ئه‌بستراكت تێزه تیۆریی و نووسینه‌كانی ده‌خاته روو. هه‌روه‌ها نووسینه‌كانی ( پۆل كلی ) وه‌ك داڕشتنه‌وه‌ی تیۆرێكی قووڵ و هه‌مه‌لایه‌ن ده‌رباره‌ی ئه‌زموونگه‌ریی هونه‌ر، چه‌ندان و چه‌ندان وه‌شاندن و بیروڕای هونه‌رمه‌ندان و كۆمه‌ڵه هونه‌رییه‌كانی تریش كه هه‌موو بوونیان هه‌یه. هونه‌ری نوێ و هاوچه‌رخی ئه‌وروپی مێژوو و دیرۆكی گوتاری ستاتیكییه كه هاوشانی بینین و روانینه تایبه‌تییه‌كان ده‌بێته‌وه.
ته‌ها ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ
——————————–
سه‌رچاوه‌كان:
1- الحداپه و أزمه الخگ الانسانی، حامد السعیدی، گۆڤاری ( النبأ ) ژ 63، 2001.
2- الحداپه و الحداپیه، د. نایف العجلونی، گۆڤاری أبحات الیرموك ژ 2، 1996.
3- معجم مصگلحات الاجتماعیه، د. احمد زكی بدوی، مكتبه لبنان.
4- الحداپه و اشكالیه التعریف، یاسین بن علی 1993.
5- صدی الحداپه، رچوان جودت، مركز ایپقافی العربی، لبنان 2003.