Skip to Content

Friday, August 7th, 2020

نیوه‌ی خه‌ڵکی کوردستان به‌شداری سیناریۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی نه‌کردووه‌ !

Be First!
by July 29, 2009 گشتی

 

سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌

ڕۆژی 25/7 پرۆسه‌ی گاڵته‌ جاڕی هه‌ڵبژاردن ته‌واو بوو . به‌ڵام ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌که‌ی دواخرا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ هۆی هه‌راسان کردنی ئۆپۆزسیۆن. چونکه‌ ئۆپۆزسیونه‌کان سه‌رجه‌م ناڕازاین له‌ چۆنیه‌تی به‌رێوه‌بردنی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ی په‌رله‌مان  وسه‌رۆکی هه‌رێم ، وه‌ پێیان وایه‌ لیستی کوردستانی ( لیستی یه‌کێتی و پارتی ) ته‌زویرێکی زۆری ئه‌نجام داوه‌ و ساخته‌ کاری  زۆریان کردوه‌ . سه‌رجه‌م هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆن له‌م باره‌وه‌ به‌یاننامه‌یان ده‌رکردوه‌ و جگه‌ له‌وه‌ی ئیدانه‌ی ئه‌مه‌ ده‌که‌ن و ئه‌نجامی  ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ قبول ناکه‌ن له‌ هه‌مان کاتدا به‌شێکیان داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌که‌ن .
کۆمۆسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌ڵێ: زیاتر له‌ نیو ملیۆن له‌و که‌سانه‌ که‌ ناویان له‌ لیستی ده‌نگده‌راندا بووه‌ ، نه‌ هاتوون و به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان نه‌ کردوه‌ . وه‌ چاودێرانی نێو ده‌وڵه‌تیش ده‌ڵین : ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ لێشاو کادر و ئه‌ندماکانیان ناردووه‌ بۆ‌ ناو بنکه‌کانی هه‌ڵبژاردن له‌ جیاتی ئه‌و که‌سانه‌ی نه‌هاتوون بۆ ده‌نگدان ده‌نگیان داوه‌ ، که‌سی وا بووه‌ 15 جار ده‌نگی داوه‌ کۆمسیونیش رێگه‌ی پێ داون و بێلایه‌ن نه‌بووه‌ له‌و باره‌وه‌، به‌هۆی کوژانه‌وه‌ی مۆره‌که‌ توانیویانه‌ ئه‌م کاره‌ ئه‌نجام بده‌ن،  به‌ بیانووی جۆراو جۆر چاودێرانی لیسته‌کانی تر ده‌رکراون تا ئاگایان له‌م‌ ته‌زویره‌ نه‌بێ . که‌وایه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ نیو ملیۆن له‌ دنگده‌رانی ناونوس کراو نه‌چوون بۆ ده‌نگدان و له‌ به‌ر  ئه‌وه‌ی هه‌زاران که‌س له‌ جیاتی که‌سانی تر ده‌نگیان داوه‌ و له‌ به‌رئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی زۆر هه‌ر ناویان نیه‌ له‌ لیستی ده‌نگده‌ران وه‌ نه‌ڕۆشتوون ناونوس بکه‌ن ، ‌ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ نیشان ئه‌دا که‌ رێژه‌ی به‌شداری نه‌کردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا زیاتر له‌ 1 ملیۆن بووه‌ . ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ده‌نگده‌ران له‌  کوردستان زیاتر له‌ 2 ملیۆن بوو‌ به‌ پێ ی سه‌رچاوه‌کانی کۆمۆسیۆن ، که‌وایه‌ زیاتر له‌ نیوه‌یان نه‌چوونه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ،بۆیه‌ ده‌کرێ بڵێین نیوه‌ی خه‌ڵکی کورسستان به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان نه‌کردووه‌. ئه‌وه‌شی به‌شداری کردوه‌ به‌شێکی خۆش خه‌یاڵ بووه‌ به‌ گۆڕینی بارو دۆخه‌که‌ و به‌ نه‌مانی گه‌نده‌ڵی و به‌ نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی خێڵه‌کیانه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی و به‌نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی میلیشیات و به‌دی ‌‌هێنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی و مۆدێرن له‌ ژێر چه‌تره‌ ڕه‌شه‌که‌ی نه‌وشیرواندا، یا له‌ ژێر باڵه‌ تاوانباره‌کانی ئیسلامی سیاسی و حیزبه‌ قه‌ومیه‌ عه‌شایه‌ریه‌کانی تردا . به‌شێکی تری ئه‌و خه‌ڵکه‌ی به‌شدار بوون له‌ ترسی نان بڕین ده‌نگیان داوه‌ ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێ شوێن پێیان ووتوون  سه‌ندوقکان کامێرایان تیایه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگ نه‌ده‌ن و لیستی کوردستانی هه‌ڵنه‌بژێرن ئه‌وا نانبڕاویان ده‌که‌ن  .  ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ راستی بن و هه‌ڵبژاردن به‌م جۆره‌ ئه‌نجام دراوه‌ ئیتر ئه‌مه‌ که‌ی هه‌ڵبژاردنێکی شارستانیانه‌ بووه‌ ،وه‌ک ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران بێ شه‌رمانه‌ ئه‌م ئیدیعایه‌ ده‌که‌ن له‌ به‌رده‌م کۆنگره‌ رۆژنامه‌ نوسیه‌کاندا،وه‌ به‌ شان و باڵی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا هه‌ڵده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێ رای گشتی و خه‌لکی کوردستان فریو بده‌ن له‌م باره‌وه‌ ، هه‌روه‌ک ته‌زویر وساخته‌کانیان و هه‌روه‌ک وه‌عده‌ به‌ڵێنه‌ درۆکانی چه‌ندین ساڵه‌یان ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ شارستانی و سه‌رکه‌وتوو له‌ قه‌له‌م بده‌ن ،(خوویه‌ک بگری به‌ ژیری ته‌رکی ناکه‌ی به‌ پیری ) ئه‌م په‌نده‌ ته‌نها له‌وان ده‌وه‌شێته‌وه‌ ده‌نا زۆر که‌س ده‌توانێ خووی سه‌رده‌می ژیری بگۆڕێ به‌ خوویه‌کی پێشکه‌وتوو ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رده‌می پیریشدا بێ . درۆ کردن و به‌ڵیندان و فریودان پیشه‌ی سه‌رانی ناسیۆنالیستی بووه‌ هه‌ر له‌ کاتی ژیریانه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ .
 ئه‌گه‌ر ئه‌م فاکتانه‌ به‌س نین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌لبژاردنانه‌ به‌ گاڵته‌ جاری و سیناریۆ  ناو زه‌د بکرێ با سه‌یری چه‌ند دیارده‌یه‌کی تری کوردستان بکه‌ین له‌ سه‌رو به‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌کان .
له‌ سلێمانی پێش هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان لیسته‌ چه‌قۆ کێشه‌کاندا شه‌ڕه‌ چه‌قۆ ده‌ستی پێ کردو زیاتر له‌ 37 که‌س بریندار بوون ، چه‌ندین سه‌رکرده‌ی مافیا ئاسای یه‌کێتی داده‌به‌زینه‌ سه‌ر جاده‌کان به‌ شه‌لم کوێرم ناپارێزم خه‌ڵکیان ده‌دایه‌ به‌ر شه‌ق  و زلله‌و قۆناخه‌ تفه‌نگ ، یه‌کێ له‌و که‌سانه‌ شۆفێرێکی ته‌کسی بوو له‌ سه‌ر جاده‌ی تووی مه‌لیک و برینداریان کرد . له‌ نێوان ئه‌م لیستانه‌دا پروپاگه‌نده‌کان زۆر تر جنێوی لۆمپنانه‌ بوو به‌ یه‌کتر ،وێنه‌و پۆسته‌ر ولافیته‌ی یه‌کیان ده‌دڕاند‌ . هه‌ر له‌کاتی هه‌لبژاردنه‌کاندا بوو له‌ سلێمانی ته‌قه‌ له‌ نێوان پۆلیس و میلیشای ده‌سه‌ڵاتداردا رووی داو سه‌ره‌نجام ژماره‌یه‌ک برینداری  لێکه‌وته‌وه . له‌ دوای هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌ولێرو دهۆک پاراستن و رێکخستنه‌کانی پارتی لایه‌نگرانی خۆیان ده‌نێرن تا په‌لاماری بنکه‌و ئۆفیسه‌کانی ئۆپۆزسیۆن بده‌ن و ته‌قه‌یان لێ بکه‌ن وه‌ هه‌ڵبکوتنه‌ سه‌ر ماڵی ئه‌ندامانی ئۆپۆزسیۆن. له‌ هه‌ولێر به‌ هۆی ته‌قه‌ کردنی خۆشی که‌سێک ده‌کوژرێ و 15 که‌سی تر بریندار ده‌کرێ .له‌ دوا ساته‌کانی هه‌لبژاردندا رێکخستنه‌کنی پارتی هه‌زاران که‌س ده‌نێرێ بۆ سندوقه‌کانی هه‌لبژاردن بۆ ته‌زویر کردن که‌ پێ ده‌چێ بڕی پاره‌شی پێدابن .قسه‌ که‌رێکی لیستی کوردستانی ده‌ڵێ : هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی لیستی کوردستانی (یه‌کێتی و پارتی) و مه‌سعود بارزانی براوه‌ بوون ( به‌هۆی ته‌زویر ساخته‌کاریه‌وه‌ ) ه هه‌مان ده‌سه‌لات و حکومه‌ت ته‌شکیل ده‌کرێته‌وه‌و له‌ هه‌ردوو حیزبی ناسیۆنالیستی یه‌کێتی وپارتی . 
ئه‌مه‌یه‌ ته‌جروبه‌ی دیموکراسی و شارستانی بوونی هه‌لبژاردنه‌کانی کوردستان که‌ سه‌رانی ناسیۆنالیزم رۆژانه‌ ده‌یڵینه‌وه‌ . له‌ راستیدا ئه‌مه‌‌ گه‌مه‌یه‌که‌ به‌ خه‌ڵک کراوه‌ ! ئه‌مه‌  سیناریۆ سازکردن و به‌ کار هێنانی سندوقه‌کان و ده‌نگی خه‌لک بوو بۆ درێژ کردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی دزی و ڕاوو ڕووت و گه‌نده‌ڵیه‌کان به‌ سه‌ر خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ ،بۆ درێژه‌ پێدانه‌وه‌ی هه‌ژاری و بێکاری‌ ،بۆ درێژه‌ پێدانه‌وه‌ی کوشتنی ژنان و بێ مافیه‌کانی گه‌نجان ولاوان ،بۆ درێژه‌ دان به‌ سه‌رکوت و به‌ر ته‌سک کردنه‌وه‌ی ئازادی سیاسی و بیروباوه‌ر و را ده‌ربڕین .
ئه‌وه‌ی له‌م رۆژانه‌دا له‌ کوردستان گوزه‌را یه‌ک راستیمان پێ ده‌ڵێته‌وه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ هیچ جۆرێک ناکرێ و ئیمکانی نیه‌ هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌کدا بوونی هه‌بێ که‌ ئه‌حزابی قه‌ومی میلشیایی  ده‌سه‌ڵاتیان به‌ ده‌سته‌وه‌ بێ  ، هه‌رچی ئیمکاناتی ئابوری کۆمه‌ڵگابێ له‌ بن ده‌ستی خۆیاندا بێ به‌ کاری بهێنن بۆ پروپاگه‌نده‌ی هه‌لبژاردن ، وه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌ ده‌یان داموده‌زگای سه‌ته‌لایت و ته‌له‌فزیۆن و رادیۆ رۆژنامه‌ی بۆ بخه‌نه‌ کار و ده‌ست بکه‌ن به‌ پاره‌ به‌خشینه‌وه‌ و ده‌نگ کڕین و هه‌ڵبژاردن بکه‌نه‌ بزنیس و قازانجی لێوه‌ بکه‌ن . وه‌ ناکرێ و ئیمکانی نیه‌ له‌ ژێر سایه‌ی حوکمی میلیشیاو ترس و تۆقاندن و فه‌زای راونان وخه‌ڵک فڕاندندا هه‌ڵبژاردنی ئازادنه‌ ئه‌نجام بدرێ ، ناکرێ و نابێ له‌ کاتی نه‌بوونی مافی هاووڵاتی یه‌کساندا هه‌ڵبژاردنی ئازادنه‌ ئه‌نجام بدرێ ، ناکرێ و نابێ له‌ سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوری عێراقی ئه‌و ده‌ستوره‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانیش کاری له‌ سه‌ر ده‌که‌ن و ده‌نگیان بۆ داوه‌،  هه‌ڵبژاردن ئازادانه‌ بێ وپه‌رله‌مانیش کارتۆنی نه‌بێ  .
ئه‌وه‌ی له‌ کوردستاندا گوزه‌را هه‌موو شت بوو ته‌نها هه‌ڵبژاردن نه‌بێ ، هه‌لبژاردن به‌ مانا زانستیه‌که‌ی ، هه‌لبژاردنی ئازاد وه‌ بۆ په‌رله‌مانێکی ڕاسته‌قینه‌ ،ئه‌وه‌ی ڕووی دا له‌ کوردستاندا نۆمایشی  فیلمێکی ناسیۆنالیزمی کورد بوو بۆ نوێ کردنه‌وی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بۆ ماوه‌ی 4 ساڵی تر. له‌ هه‌مان کاتدا نیشاندانی واقعیه‌تێکی تر بوو ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو که‌ خه‌لک له‌ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی یه‌كێتی و پارتی ناڕازین جا ئه‌گه‌رچی به‌شێکی ئه‌م خه‌لکه‌  ناره‌زایه‌تیان به‌ ناوی (گۆڕان) وه‌ نیشاندا .
ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا ده‌گوزه‌رێ کێشمه‌کێشی خه‌لکی کوردستان ده‌بێ له‌ گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناسیۆنالیستی کوردا له‌ پێناو گۆڕانی ڕیشه‌یی به‌ دوور له‌ هه‌ر خۆشخه‌یاڵیه‌ک به‌ هیچ باڵێکی تری ناسیونالیست. ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا ده‌گوزه‌رێ هاتنه‌ مه‌یدانی ئیراده‌ی خه‌لکه‌ بۆ سه‌ندنی خواسته‌ به‌رهه‌قه‌کانیان ، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چه‌پ خۆی به‌ ئه‌کتیڤی ئه‌م مه‌یدانه‌ دا ئه‌نێ و هه‌وڵ ده‌دا ریزه‌کانی خه‌لک له‌م پێناوه‌دا یه‌کگرتوو بکا .  وه‌ نه‌ک ته‌نیا خوازیاری ئه‌وه‌ ده‌بێ که‌ خه‌لک به‌ مافه‌ سه‌ره‌تاکانی بگا به‌لکو خوزیاری ئه‌وه‌ ده‌بێ ریزه‌کانی خه‌لک یه‌ک پارچه‌ بکا له‌ پێناو به‌ دی ‌هێنانی دونیایه‌کی باشترو دامه‌زراندنی سۆشیالیزم .
serdarabdulla@hotmail.com
28/7/2009

 

Previous
Next

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *

*