Skip to Content

Monday, March 8th, 2021

نیگارەكانی بەرد……ناڵە حەسەن

Comment
by November 22, 2008 ئەدەب

نیگارەكانی بەرد……ناڵە حەسەن


 

 

1
 
 مەم و زین
 كتێبێك بوو لە بەرد          
 مێژووی بەرد و
 مرۆڤەكانی چەرخی بەردینمان
 بۆ دەگێڕێتەوە
 
 2
 
 ئەدیسۆن
 چاوی بە جوانیەكانی بەرد هەڵنەدەهات
 بۆیە چرا بەردینیەكانی
 نێو ماڵ و باخچە و ڕۆحی بەردی
 كوژاندەوە
 
 3
 
 پیكاسۆ
 عاشقی نەخشە بەردینیەكانی ئەفەریقا بوو
 بۆیە بوو بە تاقە نیگاركێشی سەدەی بیستەم
 
 4
 
 ماركس
 فەیلەسوفێك بوو
 هەمیشە فرمێسكەكانی بەردی دەنووسیەوە
 بۆیە كە مرد لە گۆرستانی ( هایگەیت )
 پەیكەرێكیان لە بەرد بۆ دروست كرد
 
 5
 
 خوداكانی یۆنان
 دوای مردنی نەرسیسەس
 یەك بەدوای یەك هەموویان بوون بە بەرد
 
 6
 
 مرۆڤە بەردینیەكانی بەهەشت
 دڵیان تەڕو ڕۆحیان فێنك و
 جەستەیان ڕەنگاوڕەنگە
 وەك بەردەكانی نێو ئاو
 
 7
 
 ئەهرامەكانی میسر
 كۆمەڵە نیگارێكن پڕاوپڕن
 لە كۆدەكانی بە نەمربوونی بەرد
 ئەوە قسەی یەكێك لە خودایە بەردینیەكان بوو
 
 8
 
 بەر لە زوحاك ماری حەوتسەر هەبوو
 مرۆڤیان قووت دەدا
 لە ئەشكەوتەكانی ئەم سەردەمەشدا
 
 ماری دووسەر هەیە
 مرۆڤەكان لە بەردەمیان دەچەمێنەوە و
 دەبن بە بەرد
 
 9
 
 بتهۆڤن
 بۆ سەمای بەرد
 مۆسیقای دەژەنی
 بۆیە بوو بە بەشێك لە مێژووی بەرد
 
 10
 
 مكیاڤیلی
 لەسەر شمشێرە بەردینیەكان
 بیردۆزەكانی شەڕ و
 ماناكانی شەڕی ڕەسم كرد
 
 11
 
 گالیلۆش
 بە تەلیسكۆپێكی بەردینەوە
 لە بازنەكانی سووڕانەوەی
 زەوی و خۆر و مانگ و
 هەموو ئەستێرەكانی تری دەڕوانی
 
 12
 
 منیش , ژنەكانی بەرد
 فێرە عەشقیان كردم
 مەمكەكانی بەرد
 فێرە شیعریان كردم
 تاڤگەكانی بەرد
 فێرە گۆرانیان كردم
 قەڵەمەكانی بەرد
 فێرە یاخیبوونیان كردم
 
 13
 
 منیش , لە نێو لاوكەكانی بەرد
 ڕابوردووی خۆم دەبینم
 لە نێو ڕابوردووی خۆم
 زەردەخەنەكانی بەرد دەبینم
 لە نێو زەردەخەنەكانی بەردیش
 مردنی خۆم دەبینم .
 
 14
 
 ئەو دەمانەی
 دڵم پڕ دەبێت لە مەراق و
 بەقەد بەرینایی دەریاچەكانی عەشق
 هیچ تروسكاییەك نابینم
 حەزدەكەم وەكو " چیخۆف "
 قسە بۆ ئەسپێكی بەردین بكەم
 لە نێو وەرزەكانی فڕینیشم
 خۆم بە كۆڵارە بەردینیەكان هەڵبواسم
 
 15
 
 من هەمیشە
  خەون بەو ڕۆژەوە دەبینم
 بگەڕێمەوە نێو پەرستگە بەردینیەكان
 بە دیار پەیكەرەكانی عەشق
 سەماكانمان دابەستینەوە
 بە ڕەهایی پێكە شەڕابیەكانی خۆشەویستی هەڵبدەین
 هەر لەوێدا
 لە جوانیە بەنەفسەجیەكانی ژیان و
 لە بەها پیرۆزەكانی بەردیش ڕابمێنین !
 
                                                       سەرەتای جۆزەردانی 2008
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply