نیگایه‌ك به‌سه بۆ مرد ن
ژیان پیاسه‌یه‌كه لێوڕێژ له ئاوابوون
له‌ده‌ستپێكترین سه‌ره‌تاوه, ناڵه ناڵه‌كانی ناڵه حه‌سه‌ن
درێژترن له هه‌ناسه‌ی مه‌رگ و ژیان
نیگاكه‌ت پیاسه به شه‌قامه نارنجیه‌كانی مردن ده‌كا و
باوه‌ش به فانتازیای ئاوابوون ده‌نێ
ده‌ڵێ: (تۆمنی، منیش تۆم)
به‌م شرۆڤه‌یه‌ش پێده‌كه‌نێ
چۆن ((ئه‌و)) له پیاسه‌یه‌كی شه‌ڵاڵا له ئاوابوونه و
من. له‌ژێر دار سنۆبه‌ری فیرده‌وسییه‌كانی شیعر
ئیدی تۆ پڕ جیاواز و
من جیاواز تر
دوو جیاوازی دوو ستوونی ئاسۆیی درێژی پڕ له جیاوازی.
ناوه‌ڕۆك:
ئه‌وه‌ی له شیعره‌كانی ((ناڵه حه‌سه‌ن))دا، خوێنه‌ر سه‌راسیمه‌ی جوانیه‌كان ده‌كات، ئه‌وه‌یه كه ئه‌و له دیدگایه‌كی پڕ له جوانبینیی كۆمه‌ڵگاكه‌ی ده‌ڕوانێـت، وه‌لێ چ روانینێك؟، له خودی خۆی و ده‌وروبه‌ر و …هتد. گه‌ر شیعر كچێكی چاو ئه‌فسانه و زولف تاڤگه‌یه‌كی جوانكیلانه و باڵا چنار و ماسی بێ و شه‌لاڵ بێت له جوانی و رۆمانسییه‌ت، ئه‌ووه‌ك شاعیرانی تری پێش خۆی نه‌هاتووه، به ماچێك ده‌ستبه‌رداری بێـت، له زۆربه‌ی شیعره‌كانیدا كه‌مه‌ری ئه‌و كچه شیعره ده‌گرێ و هه‌ندێك جاریش تانه‌یگه‌وزێنێ, ده‌ست به‌رداری نابێت, بۆیه من وای ده‌بینم شیعر له دیدگای ئه‌و شاعیره‌وه عه‌شقه و عه‌شقێكه تا سه‌ر ئێسقان چۆن به‌شێوه‌یه‌كی تر خۆی ئاوێزانی باڵای زراڤی شیعر ده‌كات. كه خوێنه‌ر له پیاسه‌كردنی به‌نێو شیعره‌كانیدا چاوی به (بووكی چاوه‌ڕوانی و مردنی ئاسك و چاره‌نووسی مرۆڤ و سه‌فه‌ری باڵنده‌كان و یاخیبوونی فریشته و فرمێسكی به‌رده‌كانی كه‌نار ده‌ریا و.. هتد) ده‌بێت ئه‌وه‌ته ئه‌و ده‌روێشانه حاڵا ده‌گرێ و له خه‌ڵوه‌تگای شیعره‌كانیه‌وه به ده‌می نووسینه‌وه بۆچونه‌كانی ده‌وه‌شێنێت:
كوكوختیه‌كانی دۆزه‌خیش فێره فڕین ده‌كه‌م
به‌ڵام هه‌یهات و واوه‌یلایه بۆ خۆم
ئه‌ی كێلگه‌ته‌ڕه‌هه‌میشه‌سه‌وزه‌كه‌ی دلم
ئێستا، پردی سیراتی ئه‌فسانه‌كانی رۆحم
گه‌لێك له موو باریكتره. (شیعری لاوكی ته‌نیایی).ل 5
ئه‌وه‌ی له ئه‌ده‌بدا، له ژانره‌كانیتر به كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی جوانكیلانه جیا ده‌كرێته‌وه، به‌بێ به‌د گومانی:شیعره، بۆیه ڕاڤه‌كردنی ده‌قێكی بارگاویكراو به سه‌مفۆنیا و مۆسیقا و مۆنۆلۆگ , گه‌لێك زه‌حمه‌تتره له‌وه‌ی چه‌ند شیعرێك ناسك و ساكار شرۆڤه بكه‌ی. ئه‌وه‌ی له‌م ده‌قانه‌دا به‌رچاو ده‌كه‌ون, زمانێكی ناو ئاخنه له‌نێو زماندا له ده‌قه‌كانیدا، چۆن ته‌كنیكی زمان له نووسیندا به‌تایبه‌ت شیعر ته‌كنیكێكی بنیاتنه‌رانه‌یه، بۆیه به دڵنیاییه‌وه زمانی نووسین جیاوازه له‌گه‌ڵا زمانی بازار و شه‌قام و دیوه‌خان، شاعیر له ده‌قه شیعرییه‌كانیدا، ته‌واو سنووره‌كانی ده‌بڕێت، ته‌نانه‌ت باوه‌ڕیشی به سنووره كلاسیكییه‌كان و بۆچوونه كارتۆنییه‌كان و جوانییه ده‌ست كرده‌كان نییه، ئه‌وه‌ته گه‌وره شاعیری عه‌ره‌ب نزار قه‌بانی ده‌ڵێت: (ده‌رچوون له یاسا، ئه‌مه قه‌ده‌ری چامه شیعری باشه,چامه شیعرێكی خاوه‌ن ئاست نزمه، كه له‌گه‌ڵا سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی دژ به یه‌كبوون نه‌بێت و پێكدادان له نێوانیاندا دروست نه‌بێت).
ئه‌وه منم / باران له ته‌نهاییم ئاو ده‌خواته‌وه
كانیه‌كانی مردنیش چاو هه‌ڵدێنن
له حه‌ژمه‌ت ئه‌م ڕۆیشتنه‌ت … (هه‌مان شیعر)ل9
له كرۆكی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌كانی ناڵه حه‌سه‌ندا، ژانی چاوه‌ڕوانی و سه‌فه‌ر و بگه‌ڕێوه و خه‌می دووری زیاتر له‌م بازنه‌یه‌دا، ده‌خولێنه‌وه، دیاره ئه‌مانه په‌یوه‌ستن به ژیانی خودی شاعیره‌وه… كه كۆمه‌ڵێك باگراوه‌ندی جوان خۆی له‌و دیوی شیعره‌كانه‌وه مه‌لاس داوه، كه ئه‌مه‌ش, وا له شیعره‌كه ده‌كات زیاتر خه‌مناك و له‌زه‌تدارتربێت له‌لای كه‌سی خوێنه‌ر، بۆیه‌ش من له زۆرێك له ده‌قه‌كانیدا چه‌ندین جار خوێندوومه‌ته‌وه و حه‌قی ئه‌وه‌م به‌ده‌ست نه‌هێناوه كه ویسته‌كانی ئه‌و پێكاویه‌تی، بۆیه من به عه‌شقه‌وه ئه‌م كتێبه شیعره شه‌وانه له‌ته‌ك خۆم داده‌نێم. تا ئه‌و چركه‌یه‌ی خه‌و ده‌مباته‌وه بۆ شارستانیه‌تی بێ ئاگایی، به عه‌شقه‌وه عاشقانه به‌نێو كۆڵانه‌كانیدا گوزه‌ر ده‌كه‌م، لێره‌دا مه‌به‌ستی پێكانی ورووژاندنم ستایش كردنی نووسه‌ری (نیگایه‌ك به‌سه بۆ مردن) نییه، وه‌لێ ده‌قی جوان هێزێكی موگناتیزی هه‌یه و ناخی من ده‌بزوێنێت و بۆ لای خۆی په‌لكێشی ده‌كات، به‌و مانایه‌ش نا:خوانه‌خواسته بكه‌ومه ژێر كاریگه‌ری. چامه شیعری جوان و لێوڕێژ له بنه‌ماكانی شیعر بوون و له‌سه‌ر باڵی نۆستالیژیا دیالۆگ له‌گه‌ڵا فریشته‌كانی فانتازیای به‌هه‌شت یاخود ئاسمان بكات، باوه‌ڕ ناكه‌م به جارێك خوێندنه‌وه فه‌زاكانی ته‌سلیم به‌خوێنه‌ر بكات.
جه‌سته‌ی خۆم و ئاوێنه شكاوه‌كان وگه‌لاًوه‌ریوه‌كانم
كۆكرده‌وه.. شل شل/
مرواریه ره‌نگ هه‌نارییه‌كانی سه‌رسنگی شاژنه شلێرییه‌كانی
نێو عیشوه نازی په‌لكه زێڕینه‌شم/ كۆكرده‌وه..! (ئاوێنه‌كانی چاره‌نووس)ل 26-27
ئه‌گه‌ر ورده‌كاری ڕۆژانه‌ی فاكته‌ر و پالنه‌رێكی چاك بێت، بۆ شیعر، ئه‌وه شاعیر ده‌بێت بزانێ زمانی ئاخاوتن و نووسین چییه؟ نووسه‌ری نوێخواز ده‌بێت شاره‌زاییه‌كی باشی هه‌بێت له مێژووی ئه‌ده‌بیاتی به‌ر له‌خۆی، ئه‌وه‌ته هۆنه‌ری ((نیگایه‌ك به‌سه بۆ مردن)) له پێناو شیعر و ژیان و عه‌شق قوربانی ده‌دات، بۆیه‌ش جه‌سته‌ی خۆی و ئاوێنه شكاوه‌كان و گه‌ڵاكانی شه‌قام كۆده‌كاته‌وه دیاریه مرواریه‌كانی گه‌رده‌نی شاژنه گوڵه‌كانیش له‌م ناوه‌دا ده‌كاته مانشێتی پووچبوون، بۆیه شیعر ژیانه و ژیان عه‌شقه و عه‌شق شیعره و شیعر عه‌شقه و … هتد)
شاعیر ده‌بێت جیا له‌وه‌ی كه له‌مێژووی ئه‌ده‌بیاتی گه‌له‌كه‌ی بگات، ده‌بێت زانیاری له مێژووی ئه‌ده‌بیاتی وڵاتانی تریش هه‌بێت، وه‌لێ به‌داخه‌وه شاعیرۆكه‌ی واهه‌یه جیا له‌وه‌ی له مێژووی ئه‌ده‌بیات ناگات، به‌ڵكو له مێژووی ئه‌ده‌بی خۆشی بێ ئاگایه، سه‌یرتر ئه‌وه‌یه شاعیری وا هه‌یه باوه‌ڕی به خوێندنه‌وه نییه، چونكه لای وایه شه‌یتانی شیعر هه‌ڵه‌ی دزینی پێده‌كات. (ناڵه حه‌سه‌ن)ی شاعیر له شیعری ((خه‌ونه‌كانی مردن))دا، ته‌واو په‌رده له‌سه‌ر نهێنیه‌كانی مردن هه‌ڵده‌داته‌وه، بۆیه‌ش زیاتر له ڕۆمانه شیعرێكی چڕ‌وپڕ و لێوڕێژ له یاداشتنامه‌ی مه‌رگ ده‌چێت، بۆیه شاعیر ده‌گه‌ڕێته‌وه كۆڵانه‌كانی منداڵی و یاریكردن و پێكه‌نین و دواتر جێژوانی یاری پڕ له ترس و تاسه و دڵه‌ڕاوكێ. شاعیر زیاتر هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر چه‌مكی (مردن و مه‌رگ) ده‌كاته‌وه، له‌نێو فه‌زاكه‌یدا كه چڕیویه‌تی (( ئه‌لبوومه‌كانی منی مردوو )) ده‌توانم حه‌ق به‌وه بده‌م و پێداگیری له‌مه‌ڕ ئه‌وه بكه‌م، كه (ناڵه حه‌سه‌ن) ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی له چاو به‌رهه‌مه‌كانی تری چڕ و پڕتره و جوداوازه و كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی خۆی تێدایه، له زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی شیعربوون و شیعرییه‌ت، به‌راورد له‌گه‌ڵا كتێبه شیعری (( ڕه‌نگه ئیرۆسیه‌كانی ئاگرم ))دا شاعیر له‌م كتێبه‌ی و به‌رهه‌مه‌كانی پێشووتریدا وا هه‌ست ده‌كرێت، شاعیر زیاتر له‌نێو ته‌م و مژێكی چڕی شیعریدایه و له‌نێو بازنه‌ی مۆنۆلۆگێكی, تایبه‌تمه‌ندیشدا ده‌خولێته‌وه، بۆیه زۆربه‌ی ده‌قه‌كانی شاعیر له‌نێو فه‌زایه‌كی شێواوی خودی ڕۆژهه‌ڵاتیدا ده‌خولێنه‌وه، كه ئه‌مه‌ش كه‌لتوری ڕۆژهه‌ڵاتی و سیاسه‌تی ته‌پاندنی (خود) ده‌وریًكی كاریگه‌ری گێراوه له‌م ته‌وه‌ره‌یه‌دا، ده‌كرێت ئه‌مه له شوێنی خۆی لێدوانی زیاتریله‌سه‌ر بكرێت. وه‌لێ كه كتێبه شیعری ((نیگایه‌ك به‌سه بۆ مردن))دا ئه‌م سنوورانه‌ی به‌زاندووه به حوكمی شاره‌زابوون له كه‌لتووری وڵاتان و سه‌فه‌ركردن به‌نێو جیاوازییه‌كانی سروشت، بۆیه شاعیر له‌م ئه‌زموونه شیعرییه‌یدا نوێكاری و جوانبینی و واتاسازییه‌كی چاكی كردووه و شه‌نگی و شه‌نگوڵی به شیعره‌كان به‌خشیوه ده‌توانم وه‌ها ناوزه‌دی بكه‌م كه ئه‌فراندنی له فه‌زاكانی نێو ده‌قه‌كانیدا كردووه.
ئێمه هاتووین تا ته‌مه‌نی گه‌نجیتیمان
هه‌گبه‌ی پڕ له خه‌ونه ئاڵه‌كانمان
ببه‌خشین….
به/ ئه‌فسانه قه‌ده‌رییه‌كانی گه‌رده‌لول و
به/ گه‌رده‌لووله ئه‌فسانییه‌كانی قه‌ده‌ر و
به/ قه‌ده‌ره گه‌رده‌لووله ئه‌فسانه‌ییه‌كان (شیعری فیرده‌وسی شه‌وه یه‌ڵداییه‌كانی لم)ل42
له زۆرێك وتاره‌كاندا ئه‌مه‌م ورووژاندوه، جا نازانم تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌سه‌ر هێلًی ڕاستدام و پیاسه‌ی به‌سه‌ر ده‌كه‌م، وه‌لێ كارم به‌وه‌ش نییه! چۆن هه‌موو تاكێك ئازاده تاسه‌ر ئێسقان له ده‌ربڕینی بیروڕا، به وشه سه‌مفۆنیای شیعر و تێكئاڵانی نۆستالیژیای له‌گۆڕه‌پانی شیعر ده‌ره‌نجامی باشی لێ دێته بوون، زۆر جار گه‌مه كردن به وشه‌كان و ناوئاخنی فانتازیا ئامێز له كرۆكی شیعر دێنێته وجوود، ئه‌وه‌ته شاعیری (نیگایه‌ك به‌سه بۆ مردن) له‌م شیعره‌دا به وشه‌كانی (ئه‌فسانه – قه‌ده‌ر – گه‌رده‌لوول) فه‌زایه‌كی چه‌نده جوان له شیعره‌كه‌دا دروست ده‌كات، كه‌له‌هه‌ر دیده نیگایه‌ك و شه‌قامێكی كریستاڵیت پێ نیشان ده‌دات، كه‌وایه گه‌مه كردن به وشه پاڵنه‌رێكی سه‌رسه‌ختی پته‌وكردنی شیعره، شیعر یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی گه‌مه‌كردنه به وشه، وه‌لێ (ئه‌و) توانایه‌كی له ڕاده‌به‌ری هه‌یه له‌م ڕووه‌وه چۆن له ته‌واوی چامه شیعره‌كانی ئێستا و ڕابردوودا ئه‌م حه‌قه په‌نگی داوه‌ته‌وه و به‌سه‌ر پێده‌شتی (ناڵه)دا بارانی گه‌مه‌كردن و ته‌كنیكی وشه‌كان ده‌بارێت تا ته‌ڕ ته‌ڕ بارانی به‌رائه‌ت شیعر ده‌شواته‌وه، وه‌لێ به‌و مانایه نا كه گه‌مه كردن و ته‌كنیكه‌كان له‌سه‌ر لێشێواوی خوێنه‌ر و گاڵته‌كردن به ئه‌قڵیان بێت.
ڕه‌نگه من ته‌وه‌زه‌لترین نووسه‌ر بم
كه نه‌متوانیبێ تێنوێتی خوێنه‌ره‌كانی خۆمم شكاندبێ
ڕه‌نگه هه‌موو شیعره‌كانی خۆم
ته‌نیا بۆ دامركانه‌وه‌ی حه‌ز
سێكساوییه‌كانی خۆم نووسیبێ! (شیعری گومان)ل54
ئه‌وه‌ی له‌م دێره شیعرانه‌دا سه‌رنج راده‌كێشێت ئه‌وه‌یه شاعیر چه‌شنی زۆربه‌ی شاعیرانی تر نه‌هاتووه خۆی ستایش بكات و به‌شان و باڵای خۆی و شیعری ئه‌و كه‌م ئه‌زموونه‌ی هه‌یه‌تیدا هه‌ڵبڵێت، ئه‌و هێشتا به‌شه‌رمه‌وه له ده‌رگای شیعره‌وه له خوێنه‌ره‌كانی ده‌ڕوانێت و خوێنه‌ر به هه‌ڵه‌مووتی شیعر ناوزه‌د ده‌كات و نایه‌وێ شیعر له‌م لوتكه‌ی له‌خۆباییبوون هه‌ڵدێرێت، چۆن شاعیری وا هه‌یه، كه پێت گوت شیعرت له جوانیدا شیفایه: ده‌ڵێت كه‌وایه ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی به‌كاربهێنرێت.
من ئه‌وه‌ی له شیعره‌كانی ناڵه‌ی شاعیردا به وردی به‌دی ده‌كه‌م، ئه‌و له كه‌ناری ژیان دۆستیه‌وه له ده‌ریای مه‌رگ دۆستی ده‌ڕوانێت و له‌گه‌لێك حاله‌تیش به پێچه‌وانه‌وه، شاعیر ڕه‌شبین نییه,وه‌لێ…!
بۆیه من هه‌میشه به گومانم
له بوونی خۆم
له شیعره‌كانم
له بینینه‌كانم
له خه‌ونه‌كانم
له ئا له‌ومرۆڤه‌ی خۆشم ده‌وێ.(هه‌مان شیعر)ل54
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه گومان ده‌مانگه‌یه‌نێته كرۆكی راستیه جوانیه‌كان چۆن گومان به‌شێكه له واقیع و راسته‌قینه‌ش سه‌ره‌تای گومانێكی پڕ پڕ له خه‌ت خه‌تۆكه‌ی ڕاڕایی بوو، شاعیر له شیعری (گومان) دا پیاسه به شاره‌كانی ڕاڕایی به‌دگومانیدا ده‌كات، له گومانبوونی ماڵه‌كانی گومان ده‌ڕوانێت، گومان له بوونی خۆی و بینینی شته‌كانیش ده‌كات، ته‌نانه‌ت گومانی له شیعره‌كانیدا هه‌یه.
جیا له‌وه‌ی كه خه‌ون: گومانه، گومانیش: خه‌ونه، وه‌لێ ئه‌وه‌شی ڕه‌نگتر كردووه، ئاینده‌شی به گومانێكی گه‌وره موتوربه كردووه, ئاینده‌ش به گومانه‌وه جوانه، ئه‌و كه‌سه‌ی به گومانه‌وه خۆشت بوێ…………؟!
ناڵه‌ی شاعیر له پیاسه‌كانیدا به‌رده‌وام ده‌بێت به‌سه‌ر ته‌رمی گه‌مانه‌كان بۆ گه‌یشتن به دوا وێستگه‌ی گومان بوون هه‌نگاو به گومان هه‌ڵدێنێ تا مه‌مله‌كه‌تی ئه‌به‌دیه‌ت ڕێبوارێكی به گومانه بۆ گومان!
دێمه‌وه/
خۆم له جوانیه‌كانی گه‌ڵاو
ڤینۆسیه‌تی به‌فر وه‌رده‌ده‌م
له‌نێوخۆله‌مێشی خه‌ونه‌كانم ده‌گه‌وزێم
له‌نێو شه‌پۆله شاگه‌شكه‌ییه‌كانی مه‌ست بوون
تا ئه‌به‌د ناڕۆمه‌وه…..! (شیعری نیشتیمانه سپیه‌كه‌ی نێو خه‌ونه‌كانی دایك)ل88
دواماهی و ئه‌نجام
خه‌می غوربه‌ت سه‌خترین تاڵاوه بۆ خودی شاعیر، ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌م خه‌مه له تاراوگه‌یه‌كی ئاگرباران و خه‌م هه‌ڵقوڵان بۆ شاعیرێكی وه‌ك (ناڵه) ئاخۆ ده‌بێت چه‌نده دژوار بێت؟، شاعیر له‌به‌ر ناسۆری ڕۆژگار و برینی سه‌ختی ڕۆح و خه‌می غوربه‌ت دۆش داماوه له ده‌روازه‌ی خۆزگه سووتاوه‌كانیدا، وه‌لێ ئه‌و ئاماده‌یه له‌نێو ئه‌و هه‌موو تاڵاوانه‌ی تاراوگه و مه‌نزڵگای خۆزگه سووتاوه‌كان و وێستگه‌ی حه‌زه سه‌ر بڕاوه‌كانی نیشتمانی دایك تا جاودانی له‌نێو ئه‌م مه‌ست بوونه‌دا بمێنێته‌وه و هه‌رگیز نه‌گه‌ڕێـته‌وه نێو ئازاری نه‌بڕاوه و گریانی شه‌وانی بێ نازبوون و خه‌می غوربه‌تێكی به‌زۆر ڕاپیچراو و ناسۆرییه‌كانی تاراوگه‌یه‌كی ره‌زا گران، كه‌وایه شاعیر له پێناو عه‌شقی خاك و وڵاته‌كه‌ی ده‌ستبه‌رداری ته‌واوی خولیاكانی ده‌بێت، ئه‌مه‌ی له‌م كتێبه‌دا سه‌راسیمای جوانیه‌كانمان ده‌كات شاعیر به‌شێوه‌یه‌كی جیا له ئه‌زموونه‌كانی پێشووتری له نێو گه‌رده‌كانی شیعرییه‌تدا تواوه‌ته‌وه و زێتر ورده‌كاری لیبراڵا و نوێكاری له ته‌كنیكه‌كانیدا كردووه، سه‌ره‌رای شه‌ڕ له‌گه‌ڵا خودی خۆی تاكو شه‌ونمی ژیان دۆستی و عیشق و به‌رائه‌ت له شیعره‌كانی بتكێت.په‌راوێزو سه‌رچاوه؛
– نالًه‌حه‌سه‌ن,نیگایه‌ك به‌سه بۆ مردن / شیعر، چاپی یه‌كه‌م 2007هه‌ولێر , ناوی چاپخانه‌كه‌ی له‌سه‌ر نه‌نوسراوه.