Skip to Content

Saturday, September 19th, 2020

نیگایەكەى تەڕِ لە بنارى غوربەتێكى وشكدا

Be First!

 حەمەسەعید كەلارى………

 بێزاریى تەنیایم ئەخواتەوە
 بە كۆڵانە چۆڵەكانى بەختەوەریدا تێئەپەڕم
 ئەڕۆم و پێ ئەخەمە بان
 بزمارە چەقبەستووەكانى سەر نیگا لێڵەكان
 ڕۆح چاوساغى جەستەمە،
 دەلیلێكە  
 پەلم ئەگرىَ  و ئەمبا و ئەمبا
 تا ئەگەمە دامێنى كانییەكى سازگار
 لەوىَ پشوویەك ئەدەم و
 ویردى عەشق بە گوێى ئاوا  ئەچپێنم
 كە ژەهرە نیگایەك كانیى ڕائەچڵەكێنىَ
 تەماشایەكى چاوەزار
 بە قژى شۆڕەبییەكا هەڵئەواسم
 قژ مەوجىَ زەردە خەنە ئەگرىَ و
 چاو دێتە گۆ،
 كىَ لە چاوى  كانیى ئەگا
 كاتىَ مات و مەلوول
 لە گۆشەیەكى ئەندێشەما
 دەسكەنەى پرچى ساتە خنكاوەكان ئەكات و
 ڕۆژە  تەماوییەكان لە ڕۆژژمێرى هەڵوەرینا
 تۆمار ئەكا؟
 ڕۆحى من
 كزەباى هەناسە شەرماوییەكان هەڵئەمژىَ و
 پیاڵەیە ترس ئەیخواتەوە
 كە خۆر دێتە سووتان
 لە سێبەرى كانیدا ڕائەكشێم و
 عەشقى  ئەو دوو هەسێرە ئەنووسمەوە
 كە شەو بە فرسەت ئەزانن و
 لە باڵاى یەكترا ئەتوێنەوە
 ئێشك لەو گوڵەباخە ئەگرم
 كە لە پشت گەڵایەكى  میهرەبانەوە
 بۆ تەنیایى ئەدوێ و
 گۆناى تەڕ ئەكا شەونمى نیگەرانیى
 من………..
 باس لە شێتیى ئەو كەنارییە ڕۆحسووكە ئەكەم
 كە هەموو بەیانیانێ
 چریكەى تێكەڵ بە تاڵە زیوینەكانى خۆر ئەبىَ و
 وەك فوارە
 ئەڕژێتە سەر چڵەپۆپەى سنەوبەرێك و
  با  ئەیبا
 *
 سڵاو
 ئەى كانییە هەڵقوڵاوەكەى بنارى غوربەت
 سڵاو
 ئەڵێم: دارژاڵە چوزانىَ وەك شۆڕەبى
 باوەشێنى ڕۆحى شەكەتى ڕێبوارە ماندووەكان بكا؟؟
 بە ڕاست
 لە قەدیفە قەترانییەكەى چاوى تۆ
 چوَن ئەم هەموو پرسیارە  هەڵئەقوڵىَ؟
 ئەى گەر ئێمە نەبین
 كىَ لە نازى گوڵە نازناز حاڵى ئەبێ
 كە لە چێشتەنگاوى دڵەڕاوكێى هەنگێكدا
 زەردە خەنەیەك ئەزێتە سەر لێوى تەڕى؟
   *
 من  ئەزانم
 چ سڕێكە
  بەرلەوەى خونچەیەكى باخى عەشق دەم بكاتەوە
 گەردى سەفەر بتەكێنىَ و
 عەترى گەیشتن بە مەنزڵ بڕژێنىَ
 قەلەڕەشێك ئەقڕێنێ و
 كوندەپەپوویەك ئەخوێنىَ و
 گەورە گوڵێك چاودائەخا
 لەوانەشە پەڕەى شەرمى هەڵوەرێنىَ
 لە وەش حاڵیم
 كەس بە قەد من
 گوڵە شەوبۆى خۆشناوێ
 چونكە لە تەك سەفەرى هەر ڕۆژێكى بەهارا
  گوڵاو پرژێنمان  ئەكا،
 من ئیعتراف ئەكەم كە
 گوڵە شەوبۆ
  ئیمامێكە لە سەر دەستى
 تۆبە ئەكەم و
 دەسنوێژ بە شەونمى سەر پەڕەى ئەو گوڵە ئەشۆم
  كە لە پە پوولەكان بەو لاوە كەس بۆنى پێوە نەكردەووە
 پێنج فەرزەى عەشق
  " تەیەموم " بە گریان و تریقانەوەى ئەو ساوایە ئەكەم
  كە بێجگە لە كۆشى گەرم و مژینى مەمكى دایكى
 هیچ ئایەتێكى ترى لە بەر نییە
 پێنج فەرزەى خوا
 سوژدە ئەبەم
 سوژدە بۆ
  كانییە هەڵقوڵاوەكەى بنارى  غوربەت .
                       *
 

Previous
Next

Leave a Reply