Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
نەبوونى ستراتیژ، سەرلێشێواى سیاسى لێدەكەوێتەوە!!…زمناكۆ عزیز

نەبوونى ستراتیژ، سەرلێشێواى سیاسى لێدەكەوێتەوە!!…زمناكۆ عزیز

Closed
by September 16, 2008 گشتی

 نەبوونى ستراتیژ، سەرلێشێواى سیاسى لێدەكەوێتەوە!!
 زمناكۆ عزیز

 
 حكومەتى عێراق بڕیاریداوە كە چەندین جۆرە چەكى قورسو پێشكەوتوو ولەناویشیاندا 36 فڕۆكەى جۆرى F16 بكڕێت بۆ سوپاكەى، كەچى سەرۆكى "پەرلەمانى كوردستان" لەكردنەوەى خولى تازەى پەرلەمانداو لە ئیفتتاحیەو درێژەى قسەكانیدا نیگەرانى خۆى نیشاندا لەوبارەیەوە. ئەو پێیوابوو كە كڕینى ئەو چەكانە بۆ هێرش كردنە سەر كوردستان بەكارئەهێنرێت. بۆیە داواى لەئەمریكاو وڵاتانیتر كرد كە مەرج دابنێن لەسەر فرۆشتنى چەك بەعێراق، مەرجەكەش ئەوەیە كە ئەوچەكانە بۆ هێرشكردنەسەر كوردستان بەكارنەهێنن!! سەرۆكى دیوانى سەرۆكایەتى هەرێمیش بەنیگەرانیەوە ئەپرسێ كە بۆچى عێراق ئەو چەكانە ئەكڕێتو پلانى بۆ بەكارهێنانیان چیە؟ ئەوەیشى كە مایەى پێكەنینە لەمبارەیەوە ئەوەیە كە ووتەبێژى فەرماندەیى هێزەكانى پاراستنى هەرێم، لە ژمارە(456)ى هاوڵاتیدا ئەو ووتە ڕەسمیانەى ناو پەرلەمان بە قسەى شەخسى سەرۆك پەرلەمان ناوئەباتو ئەڵێت "ئەو لێدوانە تەنیا قسەى شەخسى كاك عەدنان موفتى خۆیەتى" وەك ئەوەى بڵێیت بەڕێزى ووتەبێژ، دەسەڵاتو بەرپرسیاریەتیەكەى زیاتر بێت لە سەرۆكى" پەرلەمانى هەرێم".
 یەكێتىو پارتى لەسەروبەندى لێدان لەعێراق لە ساڵى 2003وە تاوەكو ئێستا، لەهەمووكات زیاتر بێبەرنامەو نەخشەبوونو خۆشیان نەیانزانیوە كە ملى ئایندەى سیاسى كوردستانیان بەرەو كوآ ڕاكێشاوە؟ تاوەكو ئێستاش خۆیان ڕۆشن نین لە سەر ئەوەى كە ئایا پاش 17سالأ حاكمیەت، جارێكیتر كوردستان ئەبێتەوە مەیدانى جەنگو خەڵكەكەى توشى بەڵایەكترى وەك ئەنفالو كوشتار نابێتەوە؟ ئایا ئێمە بەشێكین لە عێراقو هاوڵاتى یەكسانو خاوەنى مافى یەكسانین لەگەلأ پێكهاتەكانیتردا، یان لەهەر هاوسەنگى هێزێكى نوێدا جارێكیتر خەڵكەكەى ئەبنەوە هاوڵاتى پلەدوو؟ بەكام بەرنامەو نەخشەوە چوونە پاى پشتیوانى لەم حكومەتە لەرزۆكانەى بەغدا تا لەسەر پێى خۆیان بوەستن، كەچى ئێستا بوونەتە بەڵاو هەڕەشەى جەنگو كوشتارو ماڵوێرانى لەخەڵكى كوردستان ئەكەن؟ ڕێككەوتنى ستراتیژیتان لەگەلأ حزبە شیعەكان كرد، ڕێكەوتنى ئاشكراو هەندێكیش نهێنیتان لەگەلأ حزبە سوونیەكان هەیە، پێمان ناڵێن ماناى چیە كە ئاكامى ئەو پەیوەندیانەتان ماددەى (24)ى ڕۆژى 22ى تەمموزى ڕابردووى لێدەكەوێتەوە؟ ئەوان "بێبار"ن یان خۆتان "لێنەزان"؟ بۆچى خەڵكى كوردستان بە دەیان شتى لاوەكى وەك مەسەلەى بودجەو یاساى نەوتو ماددە بێكەڵكو بێئعتبارەكانى دەستور بۆچەندین مانگو سالأ سەرقالأ ئەكەن، كەچى ناتوانن بەخەڵكى بڵێن كە: ئەمانەوآ كوردستان بەو شێوەیەى لێبكەین؟ من ئەپرسم ئەتانەوآ كوردستان چى لێبكەن؟ ئایندەى كوردستان لە دوو ساڵى داهاتوودا چۆن ئەبێتو چۆن ئەیبینن؟ گومانم نیە لەوەى كە نازانن، ئەوەندە نەبێت كە ئەمریكا پێیووتون. ئەگەر لەگەلأ ناوەند شەریكن، ئیتر بۆ شەڕتان هەیە لەسەر هەموو شتێكو لەسەر هیچ مەسەلەیەكى درێژخایەن كۆك نین(بەبآ فشارى ئەمریكا)؟ ئەگەریش دوژمنتانن ئیتر تاكەى ئەتانەوآ لەگەڵیان هەڵبكەن؟ ئاخر ئەم سەوداو مامەڵانەتان بەزیانى گەورە لەخەڵك كۆتایى هاتووە.
 دەسەڵاتدارانى كوردستان بە بێدەنگیەكەى (هەردوو سەرۆك تاڵەبانىو بارزانى) لەپەیوەند بەو كێشانەى كە لەگەلأ سوپا هاتە پێشەوە، تادەگاتە لێدوانەكانى دەسەڵاتدارانیان لە سەرۆكى حكومەتو پەرلەمانەوەو تاوەكو ووتەبێژى هێزەكانى حەرەس حدود، بەڵگەى بێبەرنامەیىو شڵەژانى سیاسیان لەخۆنیشانداوە، ئەم سەرلێشێواویە سیاسیەش لەئاكامى نەبوونى ستراتیژێكى ڕۆشنو نوسراو دروستەوەیە كە سەرەنجام نەخشەى ئایندەى كوردستانى كێشاوەو ئەزانآ بەرەو كۆى ئەڕواتو هەلومەرجى سیاسى ئەم جغرافیایە بەرەو كۆى هەنگاو هەڵئەگرێت. ئەو بێبەرنامەییەش وا دەكات كە هەركەسەو بەپێى ئیجتهادى خۆى قسەو حەرەكەت ئەكات، ئەگینا لەكوێى دنیادا بووە كە لەسەر كێشەیەكى چارەنوسسازى وەك مەسەلەى كورد سەرۆكى دوو حزبى دەسەڵاتدار كە پشكى17%ى داهاتى عێراقیان هەیە، وورتەیەكیان لێوە نەیەت؟ ئەگەر بەهۆى سەرلێشێواوىو بێبەرنامەییەوە نەبێت، چ شتێكیتر وادەكات ووتەى ووتەبێژى هێزێكى چەكدار، قسەكانى خۆى لە قسەى ناو پەرلەمانى سەرۆك پەرلەمان ڕەسمیتر بزانێتو بە ڕاگەیاندنەكانیشى بدات؟
 خەڵك بۆ دەربازبوون لەم بێئاسۆییەى كوردستانو لەو زەلكاوەى كە لەناوەند خوڵقاوە، ڕێگەچارەیان تەنها جیابوونەوەى كوردستانو پێكهێنانى دەوڵەتى سەربەخۆیە. چونكە ئەگەر بەشێك بین لەعێراق ئەوا هەر لەحزە لەگەلأ جێگیربوونى دەسەڵاتى ناوەند هەڕەشە بۆسەر كوردستان زیاد ئەكاتو، دوورنیە كە تاڵاوى دەورانى بەعس بەشێوازێكى نوآو كاراكتەرى نوآوە نەكرێتەوە بە قوڕگى خەڵكداو چەندینیتر تیایدا ئەبنەوە قوربانى. كە بۆ جیابوونەوەى كوردستان ئەگەر قوربانى گەورەیشى بوێت، ئەوا تەنها یەكجارەو ئیتر مەلەفى كوشتارى خەڵك لەلایەن حكومەتى ناوەندییەوە بۆ هەتاهەتایە دائەخرێت.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.