Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
نەتەوەی کورد قوربانی تیرۆری نێونەتەوەییە!

نەتەوەی کورد قوربانی تیرۆری نێونەتەوەییە!

Closed
by January 20, 2013 گشتی

 

 

 

نەتەوەی کورد و پێناسەی تیرۆر:

تیرۆر بە هەر جۆرە کردەوەیەکی ترسهێنەر و تۆقێنەر کە ژیانی خەڵکی سڤیل و مەدەنی بکاتە ئامانج و بخاتە مەترسی دەوترێت. نەتەوەی کورد هەمیشە ژیانی لە ژێرمەترسی تیرۆردا بووە ودەیان و سەدان هاوڵاتی کورد لە ژێر ناوی تیرۆر وکورد بووندا کوژراون. ئەوەی کە لەو پێوەندیەدا بۆئێمە گرینگە و پێداچونەوەی دەبێ بۆ بکەین ئەوەیە کە بۆچی زۆربەی وڵاتانی جیهان لە ئاست تیرۆر وکوشتنی خەڵکی سڤیلی کورد بێدەنگی هەڵدەبژێرن.

لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە گەڵێک هۆکاری ڕون و ناڕون بکەین کە کاریگەری لە سەر هەڵوێستی وڵاتە دەرەکیەکان هەیە، کاریگەرترین هۆکارئەوەیە کە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە دەپارێزن و ئەوانیش لە ئاست ئەو زوڵم و ستەمە کە لە کورد دەکرێت بێدەنگ دەبن، هاوکات یارمەتی چەک وچۆڵیشیان پێدەکەن و بەم شێوەیە کێشە ئابوریەکانیان چارەسەر دەبێت.

 بەداخەوە ئەم وڵاتانە خۆیان بە پارێزەری مافی مرۆڤ دەزانن، زۆر جار لەو پێوەندیەدا دروشمی زەق و بەرچاو بەرز دەکەنەوە، هاوکات لە هەمبەر مافە سەرەتایەکانی نەتەوەی کورد نەک هەر بێدەنگ دەبن، بگرە بە هەمو شێوەیەک یارمەتی نەیارانی کورد دەدەن بۆ ئەوە کە ئەو نەتەوەیە زێتر بچەوسێتەوە و هەموو جۆرە پێداویستی پێویست بۆ بەرەنگار بونەوەی تەفگەرکەمان دابین دەکەن.

تیرۆری سەرکردەکانی کورد:

لە سەدەکانی ڕابردوو دەیان کردەوەی تیرۆرستی و کۆمەڵکوژی دژ بە نەتەوەی کورد ئەنجام دراون، کە ئەگەرهەرکام لەو کردەوە و کۆمەڵکوژیە دژ بە نەتەوەیەکی دیکە ئەنجام بدرایە وەک کۆمەڵکوژی نێونەتەوەیی دەهاتە ئەژمار وهەوڵ بۆ قەرەبوکردنەوەی دەدرا.

زۆربەی هەرە زۆری سەرکردەکانی کورد لە مێژوودا بە شێوەی گوماناوی تیرۆر کراون و گیانیان لە دەستداوە. بەڵام لە مێژووی نوێ و بەتایبەت لە سەروبەندی کۆتایەکانی شەڕی سارد و شەڕی نێوان ئێران ـ عێراق تیرۆری سەرکردەکانی کورد دیسان سەری هەڵدایەوە.

هەر وەک ئاگادارن کە لە ڕۆژی ٩ی ١ی ٢٠١٣ سێ ژنە چالاکوان و خەباتگێڕی کورد بەڕێزان سەکینە جانسز یەکێ لە دامەزرێنەرانی پ.ک.ک. و هەروەها فیداڵ دۆغان و لەیلا سۆیلەمەز لە شاری پاریس پێتەختی فەرەنسا بە شێوەیەکی گوماناوی تیرۆر کران.

ئەو تیرۆرکردنەش دەنگدانەوەیەکی گەورەی ساز کرد و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی سەد هەزار کەسی کوردانی ئەورووپا و نێوخۆی وڵاتی بە دوای خۆیدا هێنا و میدیاکانی جیهانیش گرنگی و بایخیان پێدا. هەنوکە دە ڕۆژ بە سەر ڕودانی تیرۆرکردنەکەدا تێپەڕدەبێت کە چی تاکو ئیستا هیچ زانیاریەکی ئەوتۆ کە شیاوی باسکردن بیت بە دەست نەهاتووە.

 زۆر کەس و لایەن قامک بۆ حکومەتی فەرەنسا ڕادەکێشن و پێیان وایە کە فەرەنساش هاوکاری ئەو تیرۆرکردنەی کردووە. چونکە ئەو سێ چالاکوانە کوردە لە یەکێ لە قەڵەباڵغترین شەقامەکانی ئەو وڵاتەدا و لە ژێر چاوی کامێرای جاسوسی فەرەنسا تیرۆر کراون. فەرنساش وەک وڵاتانی دیکەی ئەورووپای و ئەمریکا پ.ک.ک بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی پێناسە دەکەن، هاوکات ئەم وڵاتە بە یەکێ لە دۆستەکانی کورد بە ئەژمار دێت و سۆسیالیستەکان کە دۆستی کوردن حکومەتی ئیستای ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبن، بۆیە ئەمە تاکو هەنوکە وەک گۆمانێک لێی دەڕوانن.

ئاکەپە و چارەسەری پرسی کورد:

لە چەند ساڵی ڕابردوو بەتاییبەت لەو کاتەوە کە پارتی داد و گەشە پێدان حکومەتی لە تورکیە بەدەستەوە گرتووە دروشمی چارەسەری پرسی کورد لە میدیاکانی ناوچەکە بایخی زۆری پێدەدرێت و سەرکردەکانی ئەم پارتەش و لە سەرەوەی هەموانەوە ئەردۆغان چەندین جار بە ڕونی لە سەر چارەسەری پرسی کورد قسەی کردووە. 

لە ژێر سێبەری سیاسی ئەم پارتەدا بارودۆخی سیاسی تورکیە ئاڵوگۆڕی بە سەردا هاتووە و هەوڵەکان بۆ سەر لە نوێ نوسینەوەی یاسای بنەڕەتی تورکیە مشتومڕی زۆری لێکەوتووەتەوە. هەروەها گوشاری تورکە فاشیستە سکولارەکان نەیتوانیوە بەربەست لە سەر ڕێی سیاسەتەکانی ئوردۆغان پێک بهێنێت.

 لەو پێوەندیەدا پرسی کوردیش بەرەوە کرانەوە ڕۆیشتووە و هەنوکە کوردەکان لە پاش پتر لە هەشتا ساڵ دەتوانن لە ناو ماڵ و لە ناو شار بە زمانی کورد قسە بکەن. بەڵام ئەمە وەک تاکتیک و سیاسەتی ڕۆژی ئاکەپە چاوی لێدەکرێت و چالاکوانانی باکوور پێیان وایە کە ئوردۆغان چارەسەری پرسی کوردی پێ نییە و ئەو توانایەشی تێدا نابیندرێ کە پرسی کورد بەرو چارەسەری بنەڕەتی ببات، هاوکات پارتی داد و گەشە پێدان بەوە تۆمەتبار دەکەن کە پرسی کورد ئاڵۆزتر دەکات و باوەڕی بە پرسی کورد وەک پرسێکی سیاسی نییە و پرسەکە زێتر بە پرسێکی ئابوری و پێکهێنانی چاکسازی لە ژیان و گوزەرانی خەڵکدا دەبینێت.

کات و ساتی تیرۆرەکان:

هەروەک لە میدیاکان بڵاو کرایەوە و پ.ک.ک. پشت ڕاستی کردەوە کە، هەوڵەکان بۆ گەیشتنە ڕێگە چارەی گونجاو بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیە دەستی پێکردووە. هەر لەو پێوەندیەدا دوو نوێنەری کورد لە پارلەمانی تورکیە بە مەبەستی چارەسەری ئەم پرسە سەردانی بەڕێزعەبدووڵا ئۆجەلانیان لە دورگەی ئیمڕاڵی کرد.

کۆبونەوە و گفتوگۆکان تا ئەو کاتە بەردەوام بون کە هەواڵی تیرۆری ئەم سێ چالاکوانە کوردەی باکور و یەکێ لە دامەزرێنەرانی پ.ک.ک.ە بڵاو کرایەوە.

زۆر کەس و لایەنی نەیاری چارەسەری پرسی کورد لە تورکیە ئەمە بە کاری خودی  پ.ک.ک. دەزانن و وەک ڕوداوێکی ئاسایی چاوی لێدەکەن. هەروەها پێیان وایە کە کێشە نێوخۆیەکانی پ.ک.ک هۆکاری ئەم ڕوداوە بونە. بەڵام ئەم تیرۆر کردنە لەم کات و ساتە ناسکەدا بۆ زۆر کەس پرسیار خوڵقێنەرە. 

ئەگەر پێداچونەوەیەک بە تیرۆری سەرکردەکانی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان لە لاپەڕەکانی مێژوودا بکەین ئەوا بۆمان رون دەبێتەوە کە تیرۆرەکان لە کاتی گفتۆگۆ یان لە کات و ساتی دۆزینەوەی ڕێگا چارەی سیاسی پرسە کە ڕویداوە. بە بۆچونی من ئەم تیرۆرەش دەچێتە ئەم خانەیە. تیرۆری دوکتۆرعەبدوڵڕەحمانی قاسملو و هەروەها دوکتۆر سەعیدی شەرەفکەندی و سمکۆی شکاک و بگرە دەیانی دیکەش کە لە کاتی دیالۆگ و گفتۆگۆ بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگا چارەی پرسی کورد ڕویداوە. 

ئەنجام و کۆی وتار:

لە وڵاتێکی وەک تورکیە دەیان لایەنی دژ بە چارەسەری پرسی کورد بونیان هەیە و چارەسەری پرسی سیاسی نەتەوەی کورد بە قازانج و بەرژەوەندی خۆیان نازانن. بۆ نمونە، سیستمی جاسوسی و ئەرتەشی ئەو وڵاتە ساڵانە دەیان میلیارد دۆلار لە حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتە بە مەبەستی بنبڕ کردنی چالاکییەکانی پ.ک.ک. وەر دەگرن. ئەگەر پرسی سیاسی کورد چارەسەر بکرێت و پ.ک.ک. چالاکیەکانی خۆی ڕابگرێت، ئەو کات ئەو ڕێزەی کە لە ئەرتەش و دەزگای جاسوسی ئەو وڵاتە دەگیردرێت کۆتایی پێدەێت و ئیتر ئەو هەمو بوجە سەرفی ئەو لایەنانە ناکرێت. 

لێرەدا دەبینین کە ئەرتەش و سیستمی جاسوسی تورک واتا میت دژی هەر جۆرە کەم کردنەوەی بۆجە و کەم ڕەنگ کردنەوەیەی دەسەڵاتیانن. (هاوکات ئەگەر بە ڕاستی ئامانج لە تەوەری گفتوگۆکان چارەسەری بێت ئەوا دەبێتە هۆی بەهێز بونی ئاکەپە (پارتە ئیسلامیەکە)، ئەوەش سکولارەکان و ئەرتەش بە تەواوەتی دژ بە هەر جۆرە بەهێز بونێکی ئەم پارتە ڕادەوەستن.

ئەوە زۆر ڕون و ئاشکرایە کە لایەن گەلێک لە تورکیە دژی چارەسەری پرسی کوردن، تیرۆرکردنی ئورزاڵ سەرۆکۆماری ئەو کاتی تورکیە هەر لە ژێر تۆمەتی چارەسەری ئەم پرسە ئاڵۆزە دا بوو. لە لایەکی دیکەش ئەوە تەنیا لە توانای ئەرتەش و میت دایە کە لە ناو قوڵایی خاکی وڵاتێکی دیکە کاری تیرۆرستی ئەنجام بدات و نەیارەکانیان تیرۆر بکەن. بەڵام ئەمجارە یەکێ لەگرینگترین و چالاکترین کەسایەتی ناو پ.ک.ک. تیرۆر کراوە کە لەوانەیە کاریگەری لە سەر ئابووری و چالاکی پ.ک.ک. دا بنێت، ئەگەر لەم نیگایەوە چاو لە ڕوداوەکە بکەین، ئەوا بێگۆمان تیرۆرکردنەکە جیاواز دێتە بەرچاو و شک و گومان بۆ کەس ولایەنێکی دیکە دەچێت.

شتێکی دیکە کە پێویستە ئاماژەی پێبکەین ئەمەیە کە حکومەتی ئوردۆغان باوەڕی بە چارەسەری پرسی کورد نەبووە و هەر کات چارەسەری ئەم پرسەی هێناوەتە گۆڕێ، بە پێچەوانە دەیان لە چالاکوانان و سیاسەتوانانی کورد دەست بە سەر کردووە و خستوەتە نێو کونجی بەندیخانەکانەوە. بۆیە ئەم گومانەش هەیە کە حکومەتی تورکیە بە یارمەتی ئەورووپا و ئەمریکا بەم کارە هەستابن. تیرۆر کردنی ئەو بازرگانەش لە ڕوسیا ئەوەمان پێ دەڵیت کە پلانێکی نێو نەتەوەی دژ بە تەڤگەری ڕزگاریخوازی کورد لە باکور بەڕێوەیە.

 پێم خۆشە لە کۆتای ئەم وتارەدا ئەوەش ڕون بکەمەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕژیمی سوریە لە دۆخێکی ئاسایی دا نین کە لە ئاست چارەسەری پرسی کورد لە باکورهەڵوێست وەر بگرن. هەروەها ئەو گومانەشم پێ هەڵەیە کە دەڵێن پ.ک.ک. تیرۆرەکەی ئەنجام داوە. ئەگەر پ.ک.ک. هەڵەیەکی ئەوەندە گەورەی کردەبێت، ئەوا خۆی گۆڕ بۆ خۆی هەڵکەندووە.

 

 

لە نوسینی: ئاریتما موحەممەدی

Aritma Mohammadi

ئیمایل: aritma86@gmail.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.