Skip to Content

Wednesday, May 19th, 2021

نەشارەزایی کولتووری و لەبارچوونی داد

Be First!
by January 12, 2013 گشتی

 

 

 

 

“ئەگەر سەد تاوانبار بە ئازادی بسوڕێنەوە ئەوە لەوە باشترە کە یەك بێ تاوان لە پشت شیشی پۆڵاینی زیندانەوە بەبێ تاوان بەند بکرێت” دادوەرێکی ئینگلیز

 

لەبارچوونی داد (Miscarriage of Justice) کاتێك ڕوو دەدات کە گومانلێکراوێك لە دادگادا بە تاوانبار دەردەچێت لە کاتێکدا کە ئەو لە ڕاستیدا ئەو تاوانەی ئەنجام نەداوە. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چەندەها هۆی لێك جیاواز لە سیستمە دادوەرییە جیاوازەکاندا: لەو وڵاتانەدا کە لە ڕێگای ئەشکەنجەوە تۆمەتبار ناچار دەکرێت دان بە تاواندا بنێت ئەوە زۆر باوە و چەندەها جار کەسانێك کە بەهیچ جۆرێك تاوانێکیان ئەنجام نەداوە لە ترسی ئەشکەنجە و لێدان ئەو تاوانە لەسەر خۆیان ساخ دەکەنەوە و چەندەها کەس لەسەر تاوانێك زیندانی دەکرێن و تەنانەت لەداریش دەدرێن کە هەر ئاگایشیان لێی نییە. لەو وڵاتانەشدا کە ئەشکەنجە و لێدان نییە و دادگا پشت بە بەڵگەیەك نابەستێت کە لەژێر ئەشکەنجەدا لە کەسێك وەرگیرابن هێشتا هەر لەبارچوونی داد ڕوو دەدات. لەبارچوونی داد هۆی سەرەکی نەهێشتنی سزای لە سێدارەدان بووە لە زۆر وڵاتدا، چونکە ئەگەر دواتر دەربکەوێت ئەوکەسە ئەو تاوانەی ئەنجام نەداوە ناکرێت جارێکی دیکە زندو بکرێتەوە و داوای لێبوردنی لێ بکرێت یان بژاردنەوەی پێ ببەخشرێت! 

لە وڵاتانی دیموکراسیدا هۆکاری لەبارچوونی داد دەگەڕێتەوە بۆ چەندەها هۆ و ئەوە بابەتێکی دوورودرێژە، بەڵام ئەوەی مەبەستی ئەم بابەتە کورتەیە هۆکاری نەشارەزایی کولتووری هەندێك لە گەنجانی کوردە سەبارت بە کولتووری خۆرئاوا و ماف و ئەرکی خۆیان لە وڵاتێکی وەك بەریتانیادا. نەشارەزایی یاسایی شتێکی ئاساییە بۆ هەموو کەس بێجگە لەوانەی کە لە یاسادا و بە تایبەت لەو بەشەی یاسادا کە تێیدا تۆمەتبارن شارەزان. بەڵام نەشارەزایی کولتووری کێشەیەی ترە و کەم کەس لەوانەی کە سەروساختیان لەگەڵ سیستمی دادوەری و پۆلیس هەیە بیری لێ دەکەنەوە یان هەر ئەندێشەشیان بەلای شتی وەهادا دەڕوات و کەم جاریش کەسی تۆمەتبارکراو دەرك بەوە دەکات کە نەشارەزایی ئەو لە کولتووری ئەو وڵاتەدا کێشەی بۆ دروستکردووە. 

لێرەدا من بابەتەکەم زیاتر سنووردار دەکەمەوە و چەق دەبەستمە سەر چەند خاڵێکی تایبەت و باسی نەشارەزای هەندێك لە گەنجانی کورد دەکەم لە کولتوور و یاسای بەریتانیا و کاریگەری ئەوە لەسەر ئەگەری ڕوودانی لەبارچوونی داد لەو تۆمەتانەدا کە پەیوەندیان بە سێكس و پەیوەندی سێکسییەوە هەیە لەنێوان دوو کەسدا. 

گەنجانی کورد شارەزای کولتووری کوردین، لە کولتووری کوردیدا پەیوەندی سێکسی تەنها لەنێوان دوو کەسدا شیاوە کە پەیوەندی هاوسەرێتییان پێك هێنابێت بە فەرمی و شەرعی و بە ئاشکرا بووبن بە ژن و مێرد. ئەمە بنچینەی کولتووری پەسەندە لەلایەنی کۆمەڵایەتی و ئاینییەوە لەو کۆمەڵگایەدا؛ ئەگەرچی لەوەتەی مرۆڤ هەیە لادان لە داب و نەریتە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان هەر ڕووی داوە و هەمیشە کەسانێك هەبوون کە بە خۆشی  بووبێت یان بە هاندان و فریودان یاخوود بە زۆر و بە دەستدرێژی ئەو کارەیان لەگەڵ کەسانێك ئەنجام داوە کە هاوسەریان نەبوون. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوە نییە کەبڵێین کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی خاوێن و بێ کەم و کوڕییە و خەڵکی تر بەرەڵلان؛ بەڵکو دەستنیشاکردنی هێڵی سەرەکی ئەو کۆمەڵگایەیە لە هەمبەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. لە کۆمەڵگای کوردیدا هەر کەس پەیوەندی سێکسی لەگەڵ کەسێکی تر ئەنجام بدات کە هاوسەری نەبێت، ئیتر زۆر گرنگ نییە بە ڕەزامەندی ئەو کەسە بێت یان بەبێ ڕەزامەندی، هەر بە نەشیاو دادەنرێت و کەسوکاری نزیك و دووری کچەکە  و تەنانەت کەسانی دیکەش وەك دراوسێ و خەڵکی گوند یان گەڕەك دەتوانن هەڵبدەنێ و پەلاماری هەردووکیان یان یەکێکیان بدەن و زۆرجار ئەوە بە کوشتن کۆتایی دێت. ورد و درشتی کۆمەڵگای کوردی ئەو هێڵە سوورە و دەرەنجامەکانی بەزاندنیشی دەزانن. بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەوان نازانن لە کۆمەڵگای دیکەشدا هێڵی سوور هەیە و بەزاندنیان دەرەنجامی سەختی لێ دەکەوێتەوە. 

بەو جۆرە هەر کۆمەڵگایە بەگوێرەی داب و نەریت و کولتووری خۆی ڕێگای تایبەت و یاسا و ڕێسای تایبەتی داناوە، ئیتر لەسەر بنەمای ئاین بێت یان داب و نەریت، یان تێكەڵەیەك لە هەردووکیان، یاخوود بەگوێرەی یاسا، بۆ ڕێکخستنی ئەو پەیوەندییە. لە وڵاتانی دیموکراسیدا تاکەکەسەکان ئازادن لە پەیڕەوکردنی ئاین و داب و نەریت بۆ پێکەوەنانی خێزان یان بەستنی پەیوەندی سۆزداری؛ بەڵام نابێت ئەوە هیچ کاتێك وە بە هیچ جۆرێك لە گەڵ یاسای وڵاتدا لە ململانێدا بێت. ئەگەر ئەو جۆرە ململانێیە ڕووبدات ئەوا هەژموون و سەروەری هەر بۆ یاسا دەبێت. 

کێشەکە لەوەدایە کە گەنجێکی کورد ڕەنگە بۆچوون و چاوەڕوانییەکی تایبەتی هەبێت سەبارەت بەو پەیوەندییە لە خۆرئاوا و تێگەیشتنی ئەو ئەوە بێت کە: لە ئەوروپا نە باوك و نە براو نە ئامۆزا و نە خاڵۆزا ناتوانن هیچ بڵێن ئەگەر تۆببیت بە هاوڕێی کچ یان خوشك یان خزمەکەیان و لەگەڵیشی بخەویت، ئەمە تا ئێرا ڕاستە، بەڵام ڕەنگە ئاگای لە هێڵە سوورەکانی ئەو کۆمەڵگایە نەبێت سەبارەت بەو جۆرە پەیوەندیانە لەمەڕ تەمەن و ڕەزامەندی کەسی بەرانبەر. نەك هەر ئاگای لێی نەبێت بەڵکو ڕەنگە بۆچوونێکی هەڵەی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبێت کە ئەو کۆمەڵگایە بە بەرەڵا و بێ سەر و بەر بزانێت و بە مافی خۆی بزانێت کە هەر کات ویستی لەگەڵ هەر کەس ویستی جووت ببێت و نەزانێت چ جۆرە ئاستەنگی و سنوورێك بۆ ئەوە دانراوە یان هەر گوێ بە ئارەزوو، ویست یان تەمەنی کەسی بەرانبەریش نەدات. 

لە بەریتانیا  هیچ کەسێك بۆی نییە کاری سێکسی لەگەڵ کەسێكی تر ئەنجام بدات بەبێ ڕەزامەندی تەواو و ڕوونی کەسی بەرانبەر. ئەمە لێرەدا ڕوونە سەبارەت بە ڕەزامەندی بێ قەید و شەرت، بەڵام ڕەزامەندی لەم کەسانەی خوارەوە وەرناگیرێت و ڕەزامەندی ئەم جۆرە کەسانە، یان لەم جۆرە ڕەوشانەدا، بە هیچ جۆرێك بە ڕەزامەندی دانانرێت بۆ ئەو مەبەستە و پشتیان پێ نابەسترێت:

1- مناڵ و گەنجی خوار تەمەنی یاسایی بۆ ڕەزامەندی سێکسی کە ئێستا لە بەریتانیا 16 ساڵە. 

2- کەسانێك کە بەهۆی کەمئەندامی جەستەیی یان دەروونییەوە نەتوانن خۆیان بڕیار لەسەر باری ژیانی خۆیان بدەن.

3- کەسانێك کە تەواو سەرخۆشن یان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە بێهۆشن و ناتوانن بڕیاری هۆشیارانە بدەن.

وە هەروەها: 

أ‌- هەر کات وە لە هەر قۆناغێکدا کەسی بەرانبەر وتی نەخێر، ڕاوەستە یان نامەوێت ئیتر ئەو ڕەزامەندییە هەڵدەوەشێتەوە بەبێ گوێدان بەوەی کە پێشتر کراوە وەك یاری، دەستبازی، ماچ و مۆچ، خواردنەوە، سەما و هەڵپەڕین، پیاسە و پێکەوە گەڕان، پێکەنین و نیگای دۆستانە یان هەر ئاماژەیەکی دیکە کە کەسی بەرانبەر دەشێت وەك ڕەزامەندی بۆ ئەو کارە شرۆڤەی بکات. 

ب‌- ئەو ڕەزامەندی وەرگرتنە بە هەمان شێوە بەسەر ژن و مێردیشدا دەچەسپێت.

ج‌- ئەو ڕەزامەندییە و سنوورەکانی ئەو ڕەزامەندییە لە پەیوەندیدا بە خاڵی أ  وە خاڵەکانی 1، 2 وە 3 لە سەرەوە لەشفرۆشەکانیش دەگرێتەوە.  

لێرەدا هێڵی سوری ئەو کۆمەڵگایە، وە یاسای ئەو کۆمەڵگایە، لەنێوان ڕەزامەندی و ناڕازیبووندایە کە یەکەمیان بەتەواوی شیاوە تەنها لەگەڵ ئەو کەسانە نەبێت کە ناتوانن خۆیان ڕەزامەندی بۆ ئەو کارە بدەن وەك لەسەرەوە ڕیزبەندی کراون و دووەمیان سزای قورسی لەسەرە. 

لێرەدا پێدەچێت گەنجێك کە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری سێکسی بەبێ ڕەزامەندی کەسی بەرانبەر یەکەم شت کە بیری لێ دەکاتەوە نکولی کردن بێت لە ڕوودانی هیچ کارێکی سێکسی. ڕەنگە سەخت بێت بۆ ئەو کەسە کە جیاوازی بکات لەنێوان چی لە یاسادا ڕێگای پێ دراوە و چی ڕێگای پێ نەدراوە، یان ڕەنگە بە گوێرەی پەروەردە و کولتووری خۆی، کە ئەو کارە بە ناشەرعی و عەیبە دادەنرێت، بەبێ سێ و دوو خۆی بە تاوانبار بزانێت و نەزانێت کە مافی یاسایی خۆی چییە و شایانی سزایە یان نا بەگوێرەی یاسای ئەو وڵاتە. 

هەموو کەسێك کە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەکرێت چەند مافێکی هەیە و ئەوان ئەرکی سەرشانیانە ئەو مافانەی بە زمانی خۆی بۆ ڕوون بکەنەوە. یەکەم ماف ئەوەیە کە ئەو دەتوانێت ڕێنمای یاسایی بە خۆڕایی لە پارێزەرێکی بێلایەن وەربگرێت. لێرەدا زۆر کەس ئەوە ڕەت دەکەنەوە بە بیانوی ئەوەی کە ئەگەر داوای پارێزەر بکەن ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوان تاوانبارن لە کاتێكدا کە خۆیان بە بێتاوان دەزانن. هەندێك دەڵێن ئەو پارێزەرە هەر سەر بە پۆلیسە و ئەوە درۆیە و دەیەوێت قسەیان لێ دەربهێنێت و گەلێك لێکدانەوەی بێ بنەمای دیکە. ئەگەر چی لە سەرتاپای جیهاندا وەها دادەنرێت کە پارێزەر بەرگری لە نەفەرەکەی دەکات، بە هەق بێت یان بە ناهەق، وە درۆ و فرت و فێڵی بۆ دەهۆنێتەوە؛ بەڵام لە بنەڕەتدا ئەرکی پارێزەر ڕێنمایی نەفەرەکەیەتی لەباری یاساییەوە و ئاراستەکردنێتی بۆ سەر هێڵی ڕاستی بەرگری لەخۆکردن لەسەر بنەمای یاسایی و بەگوێرەی ڕاستییەکانی ڕووداوەکە. 

ئێستا لەسەرتاسەری جهاندا هەموو چاوەکان لەسەر مافی ئافرەتن و ئەمەش هەتا ئێرا زۆر ڕەوا و لەجێگای خۆیدایە. چونکە کەم نین ئەو پیاوانەی کە هێزی جەستەیی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ کۆنترۆڵکردن و دەستدرێژیکردن بۆ سەر ژنان و بە مافی سروشتی خۆیشیانی دەزانن. بەڵام ئەی کاتێك کە ئافرەتانێك، ئیتر با ڕێژەکەشیان یەك لە هەزاران بێت،  ئەو هەلە بۆ مەبەستی خراپ بەکاردەهێنن و بە ناهەق کەسانێك بەو تۆمەتانە تۆمەتبار دەکەن؛ لێرەدایە کە لەبارچوونی داد ڕوو دەدات. لە ڕاپرسییەکدا لە بەریتانیا پرسیار لە کۆمەڵێك خوێندکاری پیاو کرا کە ئەگەر بە تاوانێکی سەخت تۆمەتبار بکرێن پێیانخۆشە ئەوە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست بێت یان ڕەیپ، زۆربەی هەرە زۆریان کوشتنی بە ئەنقەستیان هەڵبژارد کە گەورەترین تاوانە. تۆمەتباربوون بە تاوانی ڕەیپ و تاوانە سێکسییەکان بە شێوەیەکی گشتی زۆر سەختە نەك هەر لەبەر سزا یاساییە قورسەکەی بەڵکو ئابڕوچوونە کۆمەڵاتییەکەشی، وە ئەگەر ئەوە بە ناهەق بێت ئەوا قوربانی ئەو تۆمەتباربوونە ئەوەندەی قوربانی ئەو جۆرە تاوانە زوڵم لێ کراوە.

ئەگەر کەسێك بەناهەق بەو جۆرە تاوانانە تۆمەتبار بکرێت ئەوا ئەو کەسە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا دەبێت. لێرەدا ئەگەر ئەو کەسە ڕێنمایی لە پارێزەرێك وەربگرێت ڕەنگە زۆر لە کێشەکەی بگۆڕێت. بۆ نمونە، ئەگەرئەو بۆ پارێزەرەکە ڕوون بکاتەوە: بەڵێ ئەو کارە ڕوویداوە بەڵام ئەو کەسە لەکاتی ئەنجامدانی کارەکەدا ڕەزامەندی تەواوی هەبووە بەڵام دواتر لەسەر شتێکی تر تووڕە بووە و ئەوەی کردووە بە بیانوو، وە چەندەها نموونەی تری لەو جۆرە. لێرەدا، ئەگەر بەو جۆرە بووبێت ئەوا وەرگرتنی ڕێنمایی یاسایی ئەگەری ڕوودانی لەبارچوونێكی داد پووچەڵ دەکاتەوە. چونکە ئەگەر ئەو کەسە هەر بەردەوام بێت لەسەر نکولیکردن و بەڵگەی تاقیگە و فۆڕینسیکش ڕوودانی ئەو کارە بسەلمێنێت ئەوا زۆر نزیکە بە فەرمی بە تۆمەتی ڕەیپ- اغتصاب (Rape) تۆمەتبار ببێت کە دووەم تاوانی قورسە دوای کوشتنی مرۆڤ بە ئەنقەست لە کاتێکدا کە ئەو تاوانە ڕووی نەداوە.

چونکە ئەوەندە تاوان بەرانبەر ڕەگەزی مێینە ڕوو دەدات لەلایەن نێرینەوە بەهۆی باڵادەستی جەستەیی یان کۆمەڵایەتی یان دارایی یان سیاسی پیاوانەوە هەموو چاوەکان لەسەر قوربانی تاوانەکەن، لێرەدا مەترسی لەبارچوونی داد سەرهەڵدەدات کە خۆی لە بە ناهەق تاوانبارکردنی پیاوێکدا دەبینێتەوە بەو تاوانانە. هەر ئەو چەق بەستنە سەر ڕەگەزی مێیینە وەهای لە زۆر کەس کردووە کە لەلایەن ڕەگەزی مێینەوە بە ئاسانی تۆمەتیان بدرێتە پاڵ یاخود ئیستیغلال بکرێن و زۆر جار ئازاریش بدرێن. هەندێك جار ئەو کەسانە وا دەزانن ئافرەتان دەتوانن هەموو شتێك لە پیاو بکەن و پیاو بۆی نییە بەرگری لەخۆی بکات. مەسەلەی بەرگری لەخۆکردن لە یاسادا ڕێگای پێ دراوە، بەڵام من ناتوانم بچمە ناو وردەکارییەکانی ئەو مەسەلەیەوە، تەنها ئەوە نەبێت کە بەرگری لەخۆکردن نابێت ببێت بە بیانوو بۆ پەلامارێکی سەختتر لەوەی کە کراوەتە سەری وە دەبێت هۆکاری گونجاو و ڕەوا بەکار بێت نەك کەسێك کە شانی بەر شانی کەسێك دەکەوێت ببێتە بیانوی چەقۆ لێدان! ئەوەی گرنگە بۆ مەبەستی ئەم بابەتە ئەوەیە کە پیاویش هەر وەك ئافرەت بۆی هەیە بەرگری لەخۆی بکات چ بە گوفتار بێت یان بە کردار وە هیچ کەسێك، ژن بێت یان پیاو، مافی ئەوەی نییە بە ناهەق کەسێکی دیکە تۆمەتبار بکات یان بۆ مەبەستی خراپ کەڵك لە باری کۆمەڵایەتی یان جەستەیی خۆی وەربگرێت لە پێناوی وروژاندنی هاوسۆزی پۆلیس و دادگا و دەزگا دادوەرییەکانی تر. 

لە کۆتاییدا دەبێت بوترێت کە مەبەست لەم بابەتە ڕوونکردنەوەی لایەنی یاسایی کێشەیەکە کە بەهۆی نەشارەزایی کولتوورییەوە ڕوو دەدات وە هیچ پەیوەندی بە لایەنی ئەدگاری ئەو پەیوەندیانەوە نییە و ئاشکراشە کە لەسەر بنەمای کۆمەڵایەتی و تەندروستی باشترین پەیوەندی ئەو پەیوەندییەیە کە لەنێوان دوو کەسدا بەردەوام دەبێت، لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێزی بەرانبەر، نەك لەنێوان کەسێك و کەسانێکی زۆردا وە من لەو باوەڕەدام کە لەو بارەیەوە هیچ کولتوور و کۆمەڵگایەك بێ کەموکوڕی نییە و تاکەکەسەکان خۆیان بەرپرسیارن لە ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵایەتی و تەندروستی خۆیان بەو جۆرەی کە بە گونجاوی دەزانن. 

 

parsendow@gmail.com

   عەتا مەلا کەریم 

 

Previous
Next

Leave a Reply