Skip to Content

Sunday, May 9th, 2021

نەقڵیات ….. نەوزاد بەندى

Be First!
by January 26, 2013 چیرۆک

 

 

 

ساڵى 1971 ..باوکم بە قاتێکى ڕەش و بۆینباخێکى مارۆنى و کراسێکى سپیەوە ، دەستى گرتبوم ..تەمەنى من : پێنج ساڵان ، جل و بەرگ :  فانیلە و شۆرت ..ڕقى دنیام لەو جلانە ئەبۆوە ، بە لاچاوێکەوە تەماشاى جلەکانى باوکم ئەکرد ..ئەو جلە پۆشتانە ، کە بۆینباخەکەى لە ژێر هێلەکەکەیدا ئەبریسکایەوە ..کەچى منیش بەم شۆرتانەوە ، سەر ئەژنۆکانم وردە برینى کۆن و نوێى پێوە بوو ..تۆ ئەژنۆت بەدەرەوە بێ ، لەئاسانترین کەوتندا ، بریندار ئەبێ ..ئەبێ کەى گەورە بم و چاکەت و پانتۆڵى ئاوا بپۆشم .. چاکەتى سەراوینى ڕەش یان نیللى ، قۆپچەى ئاڵتونییان پێوە بێ ، وەکو ئەوەى عەلى عەزیزى گۆرانیبێژ ، ئەوەى کە گۆرانى : ئەى شەوەکەى بێ تروسکەى دڵتەنگى ئەوت ..

ئێرەییم بە باوکم ئەبرد .. ئەو هەموو پیاوە گەورەیە ئەناسێ ..لەو گیرفانە بەرزانەیدا ، کە تەنانەت بە پەیژەیش من دەستم نایانگاتێ ، پارەى سوور و شینى واى دانابوو ، کە قەت بڕوام نەدەکرد ببمە خاوەنى یەکێک لەو کاغەزە سیحراویانە ..لە دوورەوە بۆنیان ئەگەیشتە لووتم ، بۆنێک بوو تێکەڵ لەگەڵ عارەقە و تەپ و تۆز و مێخەک و ئیسپرتۆ ..نەخێر ئەوانە کاغەزى ئاسایى نین ..ئەگەر کاغەزى ئاسایى بوونایە ، ڕۆژانى ڕەشەبا ئەو هەموو کاغەزەى لە کەلاوەکەى بەرامبەر ماڵماندا مۆڵ ئەبوون ، هیچ پێویستمان بە ئیش و کار نەدەبوو ، ئەوانەمان سەفتە ئەکرد و ئەمانخستنە باخەڵمانەوە ..نا .. نەخێر .. ئەوانەى ناو تەنکەى باخەڵى باوکم ، کاغەزى ئاسایى نین ..

باوکم دەرمانێکى دژە کڕێشى لە قژى دەدا ناوى سیبۆرین بوو ..کۆمپانیاى سوارچکۆف بەرهەمى ئەهێنا ، نازانم ..بەڵام وێنەى کەللە سەرە ڕەشەکەى لۆگۆى کۆمپانیاى سوارچکۆفى پێوە بوو ، بۆیە ئەڵێم پێدەچێ ئەو سیبۆرینە بەرهەمى کۆمپانیاى سوارچکۆف بوو بێ ..بۆنى ئەو دەرمانە تیژ بوو ، وەکو بۆنى سرکە یان هەر بۆنێکى تیژ کە کەمێک گوڵاویشى تێکەڵکرابێ ..لە بۆنکردنى پەشیمانیش بویت و پەشیمانیش نەبووى ..

( بابە ! ئەگەر کاغەز ئەوەندە بەنرخ بێ ، پارەى لێدروست بکرێ ، بۆچى هەرچى کاغەزە نایکەن بە پارە ؟؟بۆچى ئەو هەموو کاغەزە ئەکەن بە کیسى چیمەنتۆ و مقەباى هێلکە ؟؟ )

ئەمزانى باوکم وەڵامى ئەو پرسیارەى نەئەزانى ، بۆیە خۆى لێ نەبان ئەکرد .. ئەو بە پرسیارێکى تر خۆى لەو پرسیارەم لادەدا : ( ئاخر تۆ قەڵەم پاندانى مرەکەبت بۆچیە ؟؟تۆ هێشتا ئەلف و دەنوکى حاجى لەقلەق لە یەکتر جیا ناکەیتەوە .. )

( حەزم لێیەتى و هەر ئەمەوێ .. )

ئەیزانى ئەیکەمە سەر کێشى و پاندانە پارکەرەکانى لە بنى بیریشدا بیشارێتەوە ، ئەدۆزمەوە و شتیان پێدەنووسم .. چەند جارێک لێدانم خواردبوو ..زللەى وا ، شڵپەى ئەهات ، بەڵام ورتەم لێوە نەئەهات ..ئەمزانى ئەو هەست بە پەشیمانى ئەکات ، بۆیە ئەیویست هۆکارى گونجاو بدۆزێتەوە تاکو شەرعیەت بە زللەکانى ببەخشێ : ( ئەها .. بڕوانە ! نوکى پارکەرەکەت زبر کردووە .. ئەها ! .. باش نانوسێ .. لەو شارەدا هەر من و چەند کەسێک پارکەرى بیست و یەکمان هەیە .. فەرموو ! تۆیش خەسارت کرد ! )

-( ڕەفیق حیلمیت ؟؟ ) دایکم واى پێ ئەوت : ( خۆ ڕەفیق حیلمى نیت ، ئەم هەموو قەڵەمە چیە لە خۆت کۆکردۆتەوە و .. مناڵەکانى لەسەر فەلاقە ئەکەى ..مامۆستایەکى ئیبتیدائى بوى یان نەبووى ..تا ئێوارە هەر تەباشیرەکەیە ، کە ئەگەڕێیتەوە لە وەستاى گەچ ئەچى ) جا سەیرێکى پشت ملمى ئەکرد : ( هێشتا جێگا گوێزانەکانى سەى کەریم چاک نەبونەتەوە ، بە شەپازلە کوڕەکەى وڕ کرد ! ..)

ئەو نەیدەزانى باوکم عاشقى قەڵەمە .. قەت لە دڵى دەرنەئەچو  کاتى گواستنەوەى ماڵ ، حەماڵەکان قەڵەمێکى پارکەریان لێ دزیبوو ..ئەیوت : ( بەخوا قەڵەمێک بو ، بتخستایەتە سەر کاغەز ، خۆى شتى ئەنوسى ..هیچى نەدەویست ..نازانم ئەو سەگبابانە قەڵەمى پارکەریان بۆچیە .. خۆ سوێندیشم دان ، فایدەى نەبوو .. دز بە هەرچى قورئانە سوێندت بۆ ئەخوا و .. بە خەیاڵیشیدا نایەت .. )

( دەستەکانیان خۆش بێ ..) 

ئیتر بەردەوام دایک و باوکم شەڕیان ئەکرد ..گرنگ نەبوو لەبەرچى و لەسەر چى شەڕ بکەن ، بەڵکو گرنگ ئەوە بوو ئەو ڕق و کینەیەى کە بەرامبەر یەکترى لە ناخیاندا عەمباریان کردبوو ، لێى سەرف بکەن بۆ ئەوەى ئێکسپایەر نەبن ..

ئەوان تەنانەت شتێکیش لە بەزەیى و گریان تێ نەدەگەیشتن .. کە عەلى عەزیز بە ڕێکەوت لە تەلەفزیۆنى کەرکوک بەشى کوردى دەردەکەوت و گۆرانى : ئەى شەوەکەى بێ تروسکەى دڵتەنگى ، ئەووت ، هەردووکیان پێکەوە ئەیانوت : کزى کە ، یان هەر بیکوژێنەرەوە ، ئەمە کەى گۆرانییە ئەم دەمڕووتە ئەیڵێ ..

کەسێک سمێڵى بتاشیایە پێیان ئەوت : دەمڕووت …لەگەڵ ئەوەیشدا من شەو نەبوو خەون بە وڵاتى دەمڕووتانەوە نەبینم ..خەونم بەوەوە ئەبینى لە وڵاتێکى پێشکەوتوى دەمڕووتدا ، لە شەقامى پاک و خاوێندا ، لەگەڵ کچێکى قژ زەرد ، بچین بۆ قوتابخانە .. لە ناو ئۆتۆبوسى تازە و ڕەنگا و ڕەنگ ..بەڵام لە ژاوە –ژاوى ئەوان هوشیار ئەبوومەوە ، هەڵئەستام ، بۆنى چاى کوڵاو و ماست و مەعجونى ڕیش تاشینى باوکم ئەهاتن بە گژما ..وێنەى دوو تیمساح لە بەرگى گوێزانەکانیدا هەبوون ، یەکێکیان ڕەش و ئەوەى تریان سوور ، لە ناوەڕاستدا گوێزانێک کردبوونى بە دوو لەتەوە .. ئەوەیە گوێزان ..لەندەنى بوو ..

( تۆ نەخوێنەوارى ، چووزانى قەڵەم چیە ؟؟ ڕێزى زێڕ لاى زێڕینگەرانە .. تۆ مامۆستا و وەستاى گەچکارى لە یەکتر جیانەکەیتەوە ، موستەحەقى ژیان نیت ! ) باوکم بەو جۆرە وەڵامى دایکمى ئەدایەوە : ( ڕووى بابى ئەوە ڕەش بێ تۆى بۆ دۆزیمەوە ! )

لەبەردەم ئۆرزدى باکدا خۆم لە دەستى باوکم ڕاپسکاند ، بۆ ئەوەى بۆ تاوێ تەماشاى ئەو ئۆکۆردیۆنە گەورەیە بکەم کە لە جامخانە زەلامەکانى ئۆرزدیباکدا دانرا بوون .. بە ڕاستى ئۆکۆردیۆنێکى جوان بوو ..ئەو هەموو دوگمەیەى پێوە بوو .. دوگمەى درێژ .. خڕ .. سپى ..ڕەش ..لە سەرەوە بۆ خوارەوە .. لە چەپەوە بۆ ڕاست ..ئەمە چ توحفەیەکە ؟ دانەیەکم لەو ئۆکۆردیۆنە هەبێ ، هیچم ناوێ .. نە ئەخۆم و نە ئەخەوم ، بەردەوام خەریکى ئەبم تا وەک ولیەم یوحەنا فێرى ئەبم ..

-(دیسان بەزمەکەیە ! )

باوکم واى وت .. هەر کاتێ بەلاى ئۆرزدیباکدا بڕۆیشتینایە من بەرامبەر ئۆکۆردیۆنەکە ڕائەوەستام ..( هەم بە باڵا و هەم بە کێش ، لە خۆت قورسترە ..تەنانەت لە تیپى مۆسیقایشدا ئەوانەى ئۆکۆردیۆن ئەژەنن خەڵکانێکى تێکسمڕاون ، ئەگینا خۆ هەموو کەسێک دەرەقەتى نایەت ..)

دایکم وەڵامى ئەدایەوە : ( ڕاستە نەخوێنەوارم ، بەڵام کاتى خۆى بە کچیان نەدەخوێند .. جەنابیشت وە نەبێ لە جامیعە خوێندبێتت ..فەقێیەکى گەڕ بووى ، لەم حوجرە و لەو حوجرە ، بە حێزەلحا ، حونجەت کردووە ..مێزەرەکەت یەکپارچە ڕشک و ئەسپێ بووە .. دوایى لەبەر بێ توتنى کردیانن بە مامۆستاى مەکتەب ..بڕوانە سەر و مێزەرەکەت لە جنسیە عێراقیەکەتا ..زۆر لە خۆت مەگۆڕێ … )

باوکم دەستى ڕاکێشام و لە جامخانەى ئۆرزدیباک دوورى خستمەوە .. جا گەیشتینە دامەزراوەیەکى تر ، ناوى ئەجهیزەتولدەقیقە بوو .. یەکپارچە کەل و پەلى خوێندگا بوو ، باوکم عاشقى ئەم دامەزراوەیە بوو .. جۆرەها قەڵەمى خەتخۆشى و پارکەر و لامى و شیڤەرى تێدا دانرا بوون ..قەڵەمى وا ئاوى چاوى ئەبرد ..

هەوڵم ئەدا لەسەر نوکى پێ ڕاوەستم بۆ ئەوەى بە تەواوەتى ئەو هەموو شتە جوانەى ناو مێزەکان ببینم ..برا گەورەکەم ئەیوت : کە گەورەبووم پێشانگایەک ئەکەمەوە لە هەموو جۆرەکانى قەلەم و چەرخ و جگەرەى تیا دادەنێم .. ئەو برایەم زیاتر لە پەنجا جۆر شقارتەى هەبوو ..

( پاندانێکى چینیمان بدەرێ )

ئەو ئێوارەیە ئیتر دنیایەکى تازە لە ماڵى ئێمەدا دروست بو ..دنیاى قەڵەمى حیبر ..دایکم وتى : ( هەر ئەمەمان کە بوو ..ئەچیتە هەر جێگایەک پەڵەى مرەکەبە ..لێت ناگرم ، بەچکەى قاز ، مەلەوانە .. )

هەتا ئەم دواییە ئینجا تێگەیشتم بۆچى بێچوى قاز مەلەوانە و .. ئەو قسەیە ماناى چى …

ئێستا باوکم تاقەتى قەڵەمى پارکەرى نەماوە .. 

 1974 چوو بۆ ئێران

 1977 بەشدارى لە سەرژمێرى عێراقدا کرد

 1978 سەردانێکى وڵاتەکانى ئەوروپاى ڕۆژهەڵاتى کرد

 1979 دوو مانگ کردیانە ژوورەوە

 1982 لە ڕوداوێکى هات و چۆدا ڕزگارى بوو

1986 ویستى ڕابکات بۆ هەندەران ، سەرکەوتو نەبو

1988 کتێبخانەکەى سووتا

1990 جارێکى تر سێ مانگ کرایە ژوورەوە

 1991 بۆ یەکەمجار پێڵاوى لاستیکى لەپێکرد 

1998 بۆ یەکەمجار شیعرێکى نوسى و دواى پێنج خولەک ، سوتاندى

ساڵى 2006  بە زۆر خانەنشینکرا ( بە هۆى تەمەنیەوە)

ساڵى 2010 بە تەنیا سەفەرێکى ئێرانى کرد

ساڵى 1011 سەفەرێکى تورکیاى کرد

ساڵى 2012 کتێبێکى بە چاپ گەیاند دەربارەى یادگاریەکانى خۆى

 

 

Previous
Next

Leave a Reply