Skip to Content

Monday, September 21st, 2020

نەورۆز

Comment
by April 10, 2008 ئەدەب

  سدیق عەلی…….

  (1)
 دەرگا دەكوتن
 دەستیان شل بووە لە كوتانی سینگی زبرو
 مەچەكیان كفت بووە لە ئامێزی ئەژنۆی دژوێن
 سێ چوار دەستی شەرمنن
 كۆمەڵێك پەنجەی دڵشكاون
 هێندەی پەلەی گۆڵە هەورێكی زۆڵ
 هێندەی تاڵوكەی كەوتنە خوارەوەی قەیسیەك
 بە پەلە دەرگا دەكوتن
 ئەوان گەڵای هەڵوەریوی نێرگزێكی قامیشلون
 
 (2)
 دەستێكیان پڕیەتی لە سەمونی گەرمو
 ئەوەی تریان لە وێنەی ئاپۆ
 باخەڵیان پڕیەتی لە چكلێتی تاڵو جگەرەی شیرین
 ماڵ بە ماڵ هاوار دەبەشنەوەو
 تایە تایە لەژێر پانزێرەكاندا رادەكشێن
 ئەوان گڕی داگیرساوی نەورۆزێكی دیار بەكرن
 
 (3)
 
 دەرگا توند توند دەكوتنو
 پەنجەرەكان دەخەنە سەر گازەرای نیشتمان
 كۆڵان پڕ دەكەن لە عەتری بریندارو
 بازاڕەكان لە تابوتی ترس
 خوێنیان هەمیشە بۆ یاخی پۆستاڵە تەپلە بەسەرەكانەو
 پرچیان لە بەردەم ئاوێنە چاوبرسیەكانی كانیدا شانە دەكەن
 ئەوان كۆمەڵێك كچی عەفرینن، بەجلی كوردیەوە شوو بە نەورۆز دەكەن
 
 (4)
 
 بەرگی شەویان كردۆتە بەر ریشیانو
 باوەشی جامەدانە
 لە كەللەی سەریان دەدەن
 دوو نامەی كۆن لە گیرفانیاندایەو نەگەیشتوون
 یەكیان بۆ كچە بازن لە دەستەكەی دراوسێیانو
 ئەوەی تر بۆ گەریلایەكی نیشتمان لە كۆڵ
 ئەوان كۆمەڵێك شەهیدی شارە گوڵ بە دەمەكەی باتمانن
 
 
 (5)
 دەرگا دەكوتن
 دیوارەكان لەكۆڵ دەنێن
 لەبەردەم رقی جەندرمەیەكی نینۆك سوور
 ئاڵایەك لە رەنگی پایز هەڵدەكەن
 بەسەر پەیكەرە ئێسكی پەیژەی مێژوودا سەر دەكەونو
 لە دامێنی بەهاردا چادر هەڵدەدەن
 ئەوان شیر بە بێچوە ورچێكی بەجێماوو
 ئاو بە گەروی وشكی نیشتمان دەدەن
 
 (6)
 دەرگا دەكوتن
 دەستیان شل بووە لە كوتانی بەرۆكو
 چاویان سڕ بووە لە سەفەری ئەنفال
 چارۆگەكانیان پڕن لە كەللەی سەرو
 پەنجەی كچانی شەرمن
 ئەوان دایكە پیرەكانی گەرمیانن
 لەودیو شەقامە قیڕتاوو كۆشكە زێڕینەكانی وڵاتدا
 كەپر دروست دەكەنو
 دیواری قوڕین لە خەمە پەمەییەكانیان هەڵدەچنن
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply