Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
نەوەیەك بەڕێوەیە دژى گەندەڵى شەڕدەكات

نەوەیەك بەڕێوەیە دژى گەندەڵى شەڕدەكات

Closed
by August 18, 2008 گشتی

 نەوەیەك بەڕێوەیە دژى گەندەڵى شەڕدەكات
 لەساڵ یادى خۆپیشاندانەكەى گەنجانى دەربەندیخاندا
 پێشڕەو حەمید

 خراپى ئەداى كاربەدەستانى حكومەت و نەبونى خزمەتگوزارییە سەرەتایەكانى وەك ئاو كارەبا , بەرلەدوساڵ بوە فاكتەرێكى بەهێز بۆ هۆشێاربونەوەى خەڵكى كوردستان بەگشتنى و گەنجان بەتایبەتى ,  بۆمومارەسەكرندى مافەمەدەنییەكانى خۆیان , لەئاكامى خراپ بەكارهێنانى دەسەڵات و خراپى ئەداى كاربەدەستانى حكومەت و هەڵایسانى گەندەڵى و فەرامۆشكردنى پێداویستەیە سەرەتایەكانى خەڵكى لە دابینكردنى ئاوى پاك و كارەبا و پڕۆژە خزمەتگوزراییەكانى تر , تەواوى خەڵكى گەرمیانى بردەسەرشەقامەكان و ناڕەزایەتى خەڵكى لەبەرامبەر بێباكییەكانى دەسەڵاتدا گەیشتە تروپكى تەیقنەوە , دەسەڵاتى سیاسى كوردیش لەبرى بەدەمەوەهاتنى داخوازییەكانى خەڵكى گەرمیان و چارەسەركرندى گرفتەسەرەتایەكانیان , گوللە بەجێماوەكانى بەعسی كردە سەنكى مەحەك و لەڕێگاى هێزەكانى ناوخۆ وە بە لێدان وسوكایەتى پێكدرن و  بەكارهێنانى توندو تیژى یەكى دڵڕەقانە وەڵامى خەڵكى دایەوەو چەندین كەسیان برینداركردو چەندین كەسیى تریشیان لە كونجى زیندانەكانیاندا توندكرد و لەچەند جیگایەكیش گەنجان بونە قوربانى دیكتاتۆریەتى دەسەڵاتى كوردى .
 شارى دەربەندیخانیش وەك هەرشارێكى ترى كوردستانى لەپەراوێزى پرۆژە كیسەڵیەكانى حكومەتدا لەبازنەى فەرامۆشكردندابو تائەوكاتەى گەنجانى هۆشیارى شارەكە بۆناڕەزایەتى دەربڕین بەرامبەر پەراوێزخستن و گەندەڵییەكانى كاربەدەستانى شارەكە ڕژانەسەرشەقامەكان و لە خۆپیشاندانێكى هێمنانەدا داواى دابینكردنى ئاو كارەباو كۆتایپێهێنانى گەندەڵى یاندەكرد كەكاربەدەستانى حكومەت و حیزب لەدیاردەوە وەك پرۆژەیەكى كۆنكریتى ئیشیان لەسەر دەكرد , پۆلیس و ئاسایشەكانى ئەم شارەش هەروەك شارەكانى تر ى كوردستان لەسەرداخوازى كاربەدەستانى شارەكە بەشێوەیەكى زۆردڵ ڕەقانە بەربونە گیانى خۆپیشاندەرەكان و برینداریان كردن و چەندین گەنجى شارەكەش لە زیندانى ( كانى گۆمە ) قایم كردو گوللەى هێزەكانى ناوخۆش لەو شارەدا لەكاتى خۆپیشاندانەكەدا چوە جەستەى دوگەنجى شارەكەو لەلێوارى مردن گەڕانەوە, گەنجە هۆشیارەكانى  شارى دەربەندیخان گەنجانەنێكن كە دەسەڵاتى سیاسى و ئەجینداى حیزبەكوردیەكان ناتوانێت ئیستیغلالیان بكات تا وەك كۆیلەیەك شوێن حیكایەتەكانیان بكەون و بەگێرانەوەى مێژوى شاخ و سەروەریەكاكیان لە نیوان (  مێژوى پڕلەشانازى و سەركەوتن و مێژوى پڕلەشەرمەزارى خیانەتكردن ) دا  پەروەردەیان بكات .
 بەرپرسانى دەسەڵات لەكوردستان هەمیشە گەنجان بەوەتاوانباردەكەن كە نەوەگەلێكى نابەرپرسن و هۆشیارى سیاسى و نەتەوایەتیان لاوازە و هەمیشە ئەم نەوەیە لەلاى دەسەڵاتى سیاسى كورد ( وێنەیەكى شەیتانى پێدارەوە ) و لەتەواوى كایەجیاجیاكانى دەسەڵاتدا پەروێزخراون و ڕێگەیان بۆ فەراهەم نەكراوە كەوەك گەنجێك بەشدارى سیاسى هەبێـت و بتوانێـت وەك بونەوەرێكى ئاكتیڤ بەشداربێـت و تەعبیر لە ڕەئى خۆى بكات , تەنها لەبەرئەوەى ئەم گەنجە ئیمانى بەو قەوانەكۆنەنییە كە خودى دەسەڵات پێى سەرمەست دەبێـت , سەرەڕاى ویناكردنى گەنج  لەئەجنداى دەسەڵاتى سیاسى كوردستاندا بە نەوەگەلێكى (  ناكامڵ و كاڵ فام  ) هێشتا ئەم نەوەیە لەهەوڵى ڕاستكردنەوەى شوناسەى خۆیدا لەدیدەى دەسەڵاتەوە و فریاد ڕەسانە كار بۆئەو پرسەئاڵۆزانەدەكات كەكارى دەسەڵاتەوە و تواناى شرۆڤەكردنى نییە , ئاخۆ دەسەڵاتى سیاسى كوردستان چۆن ناگاتە دواپلەى تەریق بونەوەى خۆى , كاتێك  بەرامبەر بە ڕكەبەرە شۆڤێنى و دەوڵەتە ئیقلیمییەكان ناتوانێت یاریزانێكى باشى گەمەسیاسەكانى بێت و بۆدەربازبون لە قەیرانەكانى خۆى پەنادەباتە بەر هەست و سۆزى نەتەوایەتى ئەوگەنجانەى كە پێشتر بە نامەسئول شوناسى پێدەبەخشیین ؟! هێزەكانى ناخۆى كوردستان لە دواى دوساڵ لە خۆپیشاندان  , جارێك لەخۆیان پرسیى یەوە  ئاخۆ سیحرى خۆپیشاندان و حەماسەتى گەنجێتى چیى دەگەیەننىَ كەكاتێك بۆ داواكارییە سەرەتایەكانى خۆیان وەك دابینكردنى ئاوى پاكى خوارندنەوە و كارەباو لەگۆڕنانى گەندەڵى ڕژانە سەرشەقامەكان و ئەوانیش بە قۆناغە تفەنگ و بە دارە( ڕەشەكان ) ى دەستیان خوێناویان كردن ؟ ئاخۆكەسو كار و خێزانى  پیاوانى هێزى ناوخۆش هەوەك ئەو گەنجانە هەتائیستاش بێ ئاو كارەبانین  ؟
 دواى دوساڵ  لە چونەسەرشەقامەكان بە دروشمى ( نەوەیەك بەڕێوەیە دژى گەندەڵى شەڕەدەكات )ئایا ئاوى پاك بۆماڵەكانمان دابینكرا ؟ كارەبا ماڵەكانى ڕوناك كردینەوە و لەم گەرما تاقەت پڕوكێنەدا ڕزگارى كردین ؟ ئایا لەدیدى دەسەڵاتەوە  ئەو گەنجانەى  بۆ ڕەتكردنەوەى پیلانەكانى دوژمونانى كورد ڕژانەسەرشەقامەكان و كوژرانو برینداركران و هەڵەسیاسى یەكانى ئەو بەرپرسانەیان ڕاست كردەوە  كە پێشتر فەرمانى گوللە بارانكردنى دەدان لەكاتى خۆپیشاندانەكانیاندا بۆئاو كارەبا و ئەو گەنجەگرگنە  بارگاویانەى كە تائێستاش دەستەمەۆى حیزبن و  لە خۆپیشاندانەكاندا ناوى گەنجە خۆپیشاندەرەكانیان وەك ( لیستێكى ڕەش ) دەدایە دەست پۆلیس و ئاسایش بۆ گرتن و سوكایەتى پێكردنیان , كامیان فریاد ڕەسن و كامیان نەوەگەلێكى دڵسۆزو نیشتیمان پەروەرن ؟ ئەوگەنجەى كە ئازارى گوللەو لێدان و ئیهانەكردنەكانى لەیاد كردو بۆڕاستكردنەوەى هەڵكانى سیاسەتمەدارەكامنان  چونەسەرشەقامەكان و قورساییان بۆ دەسەڵاتى سیاسى كوردستان گەڕاندەوە لە گۆڕەپانى سیاسى عێراقى و ناوچەكەدا ؟ یان ئەو گەنجانەى بۆ چەند هەزار دینارێك هاوڕێكانى خۆیان فرۆشست و وێنەى گەنجە دڵسۆزەكانیان ناشرین كرد و لە دواهەمین خۆپیشاندانى خەڵكى كوردستاندا نەهاتەنەسەرشەقامەكان و دەیان وت كىَ بەشە نەوتەكەى ئێمە لە ( كەركوك ) دەكرێتەوە بە ( 250 ) دینار ؟؟ یان ئەوگەنجە لەلاى دەسەڵات هەمیشە وێنەیەكى جوانى هەیەو فریشە ئاسا دێتە بەرچاوان كە لەبازنەیەكى بەتاڵدا خولبخوات و  ملكەچى ئەو بڕیارانەبێت كەلەدیوەخانى حیزبدا دەسەپێنرێت ؟
 ڕەوشى ئەمڕۆى كوردستان و ئەداى سیاسى و ئابورى و خزمەتگوزارییەكانى ئێستاى كاربەدەستانى حكومەت پێمان دەڵێت چەندین خۆپیشاندانى تر لەسەر دەستى گەنجان و خەڵكى سیڤل بەڕێگاوەیە و تاگەندەڵیش بەردەوام بێـت نەوەیەك ئامادەیە هەمیشە لە جەنگدایە .
 
 تێبینى :
  ئەم وتارە لە ڕۆژنامەى ( ئــاوێنە ) دا لە ژمارە ( 134 ) ى ڕۆژى ( 12/8/2008 ) لە لاپەڕە ( 14 ) بڵاو كراوەتەوە .
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.