Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
هاوسەرگیرى مەرجدار

هاوسەرگیرى مەرجدار

Closed
by April 6, 2008 گشتی

  محەمەد گەڵاڵەیی…..

    لە دادگاكانى كوردستاندا جۆرێك لە هاوسەرگیرى مەرجدار پەیدابووە، ئەویش پێشئەوەى ژنو مێرد لەلاى دادوەر مارەبكرێت لاى عەریزەنووس كۆمەڵێك بەندو مەرج بەسەر زاوا لەلایەن ماڵى خەزووران دەسەپێندرێت وەك:  ناوماڵى تەواوو سەربەخۆ،  یاساو بەندەكانى رێگەنادات ئەو جۆرە مەرجانە بخرێنە بەڵێنامەى هاوسەرگیریەوە، تەنانەت لە شەریعەتى ئیسلامیشدا قەبوڵى ئەمە ناكرێت، تەنیا مارەیی بە(پێشەكىو پاشەكى) دەخرێتە نووسراوى  هاوسەرگیرییەوە، سەیرە ژنێك شوو بە پیاوێك بكاتو بەڵێنى ئەوەى لێوەربگرێت كە دەبێ ماڵى سەربەخۆو چەندین مەرجى تری بۆ دابنێت، ئەمە ئاگادارییەكە كە هیچ متمانەیەكو بەڵێنێكى ئینسانى لەنێوان ژنو مێردە نوێكاندا نەماوە ، مانەوەى ژنو مێردایەتى بە مەرجى مادىو ماڵەوە بەند نییە، بەڵكو پەیوەستە بە خۆشەویستیەكى ڕاستەقینەى بینادنراو لە پێش هاوسەرگرتندا، بەردەوامى لێكتێگەیشتنى ژنو مێرد ژیانیان هەڵناوشێنێتەوەو لە ژیان خۆشترین كات بەسەر دەبەن، بۆیە هەر كارێكو ئیشێك بنەماكەى بكرێتە مادى ماناى وایە لەناوچوونى نزیك بۆتەوە، یان باڵانسی ژنو مێردایەتییەكە دەگۆڕێت، چونكە رۆژانە بازارى ئابوورىو پارەو سەروەتو مالأ لەدابەزیندایەو رۆژیش هەیە بەرزدەبێتەوە، لەوانەشە پێكدادن لەنێوان بازاڕكاراندا دروست بێت، ئەگەر ئەمە وەربگێرین بۆ نێوان ئەو ژنو مێردانەى پارە بەیەكى بەستوونەتەوە هەمان شتە، چونكە ژیانیان پابەندە بە زێرەوە كە مادەیە، جارى وایە خۆشەویستیان بەرزدەبێتەوە، یان نزمدەبێتەوە، كاتێك ئەوانەى خۆشەویستىو لەیەكگەیشتن دەكەنە پێوەر بۆ ژیانى هاوسەرگیرى ژیان دەبنەوەو ئەوانى تریش ژیانى خۆیان بە چەند مسقاڵ زێرێكو ماڵێكى پڕ لە رقو كینە دەدۆرێنن، ساڵى پار لە شارى كۆیە، كچێك لەسەر یەك گولأ لە كوڕێك مارەكرا، ئەم گوڵە كە چەند بۆنى خۆشە، دووئەوەندە ژیانى ئەم كوڕو كچەى خۆشتركردووە، دەبێ ئەوە بزانین بازاڕى پارە پڕە لە شتى ناجوان، خراپ، ماندووبوونى بێ سوود، كێبركێی ناشەریفانەو كاری دزێوو هتد..، بۆیە ژیانى ئەو ژنو مێردانە لەسەر ئەو بنەمایە ئەمانەى سەرەوە تێیدا رەنگئەداتەوەو تا دواجار ژیانیان لێدەكات بەدۆزەخو جیابوونەوەو ئەویش دۆزەخێكیترە، هەرچەندە لەسەر ئەم جۆرە هاوسەرگیریانە قسە بكەینو زۆر بنووسین، دیوارى نێوان مرۆڤەكان زیاتر باڵادەكات، لەتێكەڵبوونى كۆمەڵایەتییدا، جیاوازى نێوان كچانو كوڕانو خستنەوەى چینایەتى لە كۆمەڵگادا تۆختر دەكات، هاوسەرگیرى مەرجدار دوو دڵانو دوو مرۆڤى خۆشەویست بە یەكتر ناگەیێنێت، بەڵكو دوو مرۆڤى بەرژەوەندیدار بەیەكترى دەگەیەنێت، كە بۆى هەیە لەیەكەم ساتى ژیانیاندا دلأ رەنجانو هەستكردن بە بارێكى گران لەلایەن كوڕەكەوە دروست بێتو دواتر بگاتە ئاستى تەقینەوەیەكى بێ ئەندازەو قوڵتربوونەوەى كێشەكانى نێوان خۆىو هاوسەرەكەییو ئەنجامێكى خراپی لێدەكەوێتەوە، پارەو زێرو ئەوەندەى بۆ خراپ بەكارهێنان بەكارهاتووە، نیو ئەوەندەى بۆ كارى باش كارى پێنەكراوە، چونكە هەر لەشەڕە گەورەكانى جیهان تا شەڕى نێوان ژنو مێردەكان هەمووى لەسەر زێرو پارەو داهات بووە، زۆر شاژنى دونیاو ژنى ئەم وڵاتە بەپارە خەڵەتاون، جارێك بیریان لەوەنەكردۆتەوە ئەوەى هەوڵى بۆ دەدەن ئەنجامەكەى لەناوچوونێكى نادیارە، چونكە  رۆژ بە رۆژ، هەفتە دواى هەفتە، مانگ بەدواى مانگ، ساڵ لە دواى ساڵ، سەدە بە سەدە، زێرو پارە دەگۆڕێتو بەهاكانیان دەمرنو دەبنە هى كەسانى تر، بەڵام خۆشەویستى ڕاستەقینەو پاكو داستانەكانیان هەرگیز لەناوناچن، وەك داستانەكانى شیرینو فەرهادو مەمو زینو خەجو سیامەند، ئایا ئەمانە خۆشەویستیان لەسەر پارەو سەروەتو سامانو ماڵى سەربەخۆ لە دەروونى یەكتریدا بیناكردبوو ؟ نەخێر، ئەمانە هەرگیز لە ئەدەبیاتى كوردىو خۆشەویستیدا لەناوناچنو بەردەوام ئەو كەسانە لەهەناوى كۆمەڵگاى ئێمە لەدایك دەبن، بەڵام بەپەنجەى دەست دەژمێردرێن، زۆر كەم دەیانبینین وەك ئەوەى  ئەو كوڕو كچەى كۆیە باسمكرد، خۆشەویستى ڕاستەقینەو گوڵى هەمیشەیی ژیان بەخشیان كردە بیناى ژنو مێردایەتى نوێ، ماڵى هاوسەرگیرانى مەرجدار شەڕگەى شەرو قسەى ناخۆشو یەكتر شكاندنەوەو دەستەمۆكردنو خۆهەڵكێشانو قسەى نابەجێیە، ئەمە چ ژیانێكە، چ هاوسەرگیریێەكو ژیانێكى نوێیە كە كچەكە پێدەنازێت؟ دەبێ باش ئەوە بزانین كە خیانەتكردنى هاوسەرىو توندوتیژىو ژنهێنانێكى ترو لایەنى مادى كەمى ناكاتەوە، بەڵكو زیادى دەكات، هەرلایەنى هێمنىو خۆشەویستىو لێكتێگەیشتنە كە لەكاتى ئەم كێشانەدا پەناى بۆ ببەینو كارێكمان بۆ بكات ژیان بۆ سەر شاڕێى ئاسایی خۆى بگەرێتەوە ، بەڵام بەقووڵبوونەوەى كێشەكانو خەستى مەرجدارى لە هاوسەرگرتندا دەرمانى چارەسەر نامێنێتو ژیان هەڵدەشێنێتەوە، چونكە پارەو زێر دەتوانن ژیانێكى ترى هاوسەرى دروست بكەنەوە لەگەلأ كەسانى تر، زێرو پارە لەهەر وڵاتو زەمەنێكدا بێ بەها دەبن، كەواتە ژیانى ئەو ژنو مێردەش بێ بەها دەكات، خۆشەویستىو ژیانى نوێ لەناو دەبات، لە كۆمەڵگایەكى وەك كوردیدا كە هەمووشتێكى هەبێت وەبەرهێنانى نییە، تەنیا كەسانى مشەخۆرو بێئەندازە مەسرەفكەرین، واتا ئەوەندە ژنەكان داواى زێرو ماڵى سەربەخۆ دەكەنو دەیسەپێنن ئەوەندە داواى ژیانێكى پڕلە ئارامو داهاتوویەكى گەش ناكەن، پەندێكى كوردى هەیە:" چەپڵە بەدەستێك لێنادرێت"، ئەگەر ژنێك تەنیا داواى پارەو زێرو مالأ بكات، داواى هیچ شتێكى ترى ئینسانى نەكات، ئەوا نابێت گلەیی بكات كە مێردەكەى توندوتیژە، چونكە پارەو مالأ وەكو باسمانكرد بڕەبڕەى شەڕەكانە، كە شەرى ژنو مێردەكان لێیان بەدەرنیە، من پشتگیرى لەم پیاوانە ناكەم كە بێبەزەیانە دەكەونە گیانى ژنەكانیان، بەڵكو باسی ئەو ژنو مێردانە دەكەم كە لەسەر هاوسەرگیر مەرجدار ژیانیان دروست دەكەن، كە دواجار ئەو مەرجانە ئەوەندە كاریگەرى لەسەر كوڕەكە دروست بكات، ناچار توندوتیژى دەكاتە چەكى خۆى بۆ ئەوەى گەمەكەى بەرێتەوە، خۆى زاڵبكات بەسەر ماڵەكەو ئەو مەرجانەى بەسەریدا سەپێنرابوون هەمووى بەلاوەبنێت، كاتێك ئەم هەوالأو دەنگوباسەى هاوسەرگیرى مەرجدار دەگاتە ناو گەنجان كە دەبیسن فڵانە كچ لەسەر خانویەكو ماڵى سەربەخۆو تەواوى مواسەفاتى سەردەم مارەكراو لەداداگاش لەسەرى بووە بەمالأ، ئەمە زۆر كەس پاشگەزئەكاتەوە لەەوەى كچێك مارەبكات، یا زۆر كەس ئەم پرۆسەیە دوادەخات بۆ كاتێكى تر، واتا هاوسەرگیرى مەرجدار، ژیان دەكات بەمەرجو ئەو قانوونە سروشتیەى ژیان ڕەتدەكاتەوە كە هەموو كوڕو كچێك لەیەكترى مارەبكرێنو ژیانى هاوسەرى پێكبێنن.     
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.