Skip to Content

Thursday, November 26th, 2020

هاوسەری گاوانی مانگاکان!

Be First!
by May 5, 2012 چیرۆک

 

لە خانویەکی سادە کە پێکهاتبوو لە دوو ژوور، ژنێک و هەر چوار مناڵەکەی دەژین، باوک لە ماڵەوە نیە، گاڕانەکەی داوەتە پیش و ولایەتەکانی ئۆسترالیا دەپێوێ.
خانوەکە کەوتۆتە ناوەڕاستی کۆمەڵێک داری تۆزاوی بێبەر، ئاسۆی دارەکان دیار نیە، ناوچەکە پانتایی یە، نە زنجیرەی هەیە نە بەرزایی، لەم چۆڵەوانییە ترسناکە شتێک نیە نیگا دڵخۆش بکا، جگە لە هەندێ دار بەروو نەبێ کە سەوزیەکەیان تۆخە، دارەکان لەژێر خەمۆکی ناڵەیان دێ، کەوتۆنەتە کەناری رووبارەکەوە، رووبارەکەش کەم ئاوو وشکە بەدریژایی رۆژەکانی ساڵ، خانوەکە تەنیا خانوچکەیەکە لەسەر رێگای گشتی، نزیکترین مەڵبەندی شارستانی ١٩ میل لێوەی دوورە.
خانوەکە پێکهاتوو لە دوو ژوور دیوارەکانی بەتەختە دار دروست کراون، تەختەکان هەندێکی لاکێشەیە هەندێکی مەیلەو خڕە، توند پێکەوە بەستراون بە گوریس، گوریسەکەش لە لیفی دارەکان دروست کراوە، ئەرزەکەشی بەتەختەداری لاکێشە هەڵچنراوە بەڵام پێکەوە نەنووساوە، لە تەک ژوورەکان دا مۆبەقێک و بەلەکۆنێک هەیە پانتایەکەیان لەپانتایی خانوەکە زیاترە.
چوار مناڵی زبڕ پیست و مەزاج گرژ لەبەرانبەر خانوەکە خۆیان خافڵاندوە، لەپرێكدا یەکێکیان هاوار دەکا دایە!!…دایە!!…مار!!… مارێک لێرە دایە!!…
ئافرەتێکی دێهاتی کە تیشکی خۆر بەدڵرەقی لێداوە، بەپەلە لەمۆبەقەکەوە دەردەچێ، مناڵەکەی لە ئەرز هەڵدەگرێ و بەلای قەبرغەی چەپی دایدەنێ و بەدەستەکەی تر دارێک هەڵدەگرێ.
” کوڕە گەورەکەیان هاوار دەکا، لێرەوە رۆیشتە نێو دارەکان ( مەبەستی ئەو دارانەیە کە بۆ سوتان دایاننابوو) بە دەنگێکی هاندەرانەو بە شیوەیەکی توندی هەڵویست وەرگرتن هاوار دەکا: دایە لێرە بوەستە!… دوورکەوە، دەمەوێ بە شوێنی دا برۆم!…دەرۆم پارچە ئاسنە ئەستورەکە دێنم.
مناڵەکە بەگومانەوە نزیک دەکەوێتەوە، دارێکی هەڵگرتووە لەخۆی درێژترە، وەک ئەوەی سەرکەوتنی بەدەستهینابێ هاوار دەکا: لێرەوە رۆیشت…چووە ژێر خانوەکە، دارەکەی دەستی بەرز دەکاتەوەو ئاماژە دەکا…سەگێکی رەشی کەتە گەردنوانەکەی پساند بەرەو پێشەوە دەڕوا بە دوای مارەکەدا، سەرکەوتوو نابێ، چەند خولەکێک ڕادەوستێ و جارێکی دیکە شوێنەکە دەپشکنێ، بەتایبەت لەو شوێنەی کەمارەکە خۆی خزاندە نێو درزی دارەکان بەڵام ئافرەتەکە لەبەر سەلامەتی سەگەکە دوای مانووبوون گەردنوانەکەی ئاڵاندە ملی سەگەکەوە، رێگای پێنادا سەرەرۆیی بکاو ژیانی بخاتە مەترسیەوە، لەبەر ئەوەی ئافرەتەکە پیویستی زۆری پێیەتی بەتایبەتی لەم هەژاری وفەلاکەتەدا.
دایک ئاماژە دەکا بۆ مناڵەکانی بەمەبەستی کەنارکەوتن لەکاتێکدا خۆی لەشوێنی بەستنەوەی سەگەکە بەوریاییەوە چاودێری دەکا بەنیازی دۆزینەوەی حەشارگای مارەکە.
دوو قاپی شیری پر کردوو لەو قەراغە داینا بەو هیوایەی چەشەی بکا بەدەرکەوتن، بەڵام ئەوە سەعاتێک تێپەربوو، پێوابوو ڕۆژگارێکی دوورو درێژە، هیچ شوێنەواری مارەکە دیار نیە. خۆر نزیکی ئاوا بوونە، ئاووهەواش مژدەی هەڵکردنی گەردەلوولێک ئەدا. دەبێ مناڵەکان بەرێتە ژوورەوە، چۆن شتی وا بکا لەوانەیە لەهەر ساتێک دا لەدرزەکانەوە مارەکە خۆی بکا بە ژوورا؟!!…
باوەشی داری سوتانی هەڵگرت و لەمۆبەقەکە داینا و مناڵەکانیشی هینا، شوێنی دانیشتنەکەی لە هەموو ژوورەکانی دی باشترە.
هەردوو کوڕو هەردوو کچەکەی ئامادەکردووداوایان لێکرد لەسەر تەختە دارینەکە کۆببنەوە کە کەوتۆتە ناوەڕاسی شوێنەکەوە. هەندێ شوربای پێدان، پیش ئەوەی خۆر ئاوا بێ، چوو بۆ خانوەکەو چەند لێفیکی لەگەڵ خۆی هینا، زۆر وریاو بەدەست وبرد بوو لە ئیشەکانیدا، ترسی ئەوەی هەبوو لە هەر ساتێک دا دەستی بەر مارەکە بکەوێ، مناڵەکان لەسەر تەختەکە کۆکردەوەو خۆیشی بەدرێژایی شەو دانیشت و چاودێری کرد، چاوەکانی دەڕواننە گۆشەکە، باوەشی دار لە تەنیشتیەوە داناوە، ئامادە بێ بۆ کاتی پیویست، هەڵسا بۆ لای سەگەکە، زنجیرەکەی لێکردەوەو هینای بۆ شوێنەکە، تومی ئاوەڕی دایەوە بە ناڕەزاییەوە گوتی: بەدرێژایی شەو ئاگادار دەبم تاوەکو سەری ئەو مارە نەعلەتیە پان دەکەمەوە.
دایکی گوتی: چەند جار پێم گوتی جنێو مەدە!.
تومی دارێکی لە تەنیشت خۆی داناوە، برا بچکۆڵانەکە جاکی ناڕەزایی دەردەبڕێ.
_ دایە تومی ئیزعاجم دەکا بە دارەکەی، پێ بڵێ فرێ بداتە دوور.
تومی: کورە وسبە… دەتەوێ بەگەزەی مار بمری؟! دوای ماوەیەک تومی بەردەوامی بەقسەکانی دەدا، ئەگەر مار گەزەت لێبدا دەئاوسێ و ڕەنگت سور دەبێ دواتر سەوز هەڵدەگەڕێ دواتریش ڕەنگت دەبێ بەشین، بەم شێوەیە دەتەقیتەوە، وا نیە دایە؟!
_ بێ دەنگ بە، مناڵەکە مەترسێنە، بخەوە.
هەردوو مناڵە بچکۆڵانەکە لە خەو دان، جاکی ییش بەیناوبەین سکاڵایەتی لەدەست تەنگ پێهەڵچنینی لە لایەن تومی برایەوە.
تومی: دایە… ئۆف لەدەستی ئەم ئاژەڵە نەعلەتیە بچکۆڵانە…
گوێت لێیە؟ دەمەوێ سەری بشکێنم.
جاکی ناڕەزایی دەردەبرێ و بە دەنگێکی خەواڵو دەڵێ:
_ ئەم ئاژەڵە نەعلەتیە سپییانە زەرەری کەسیان نیە.
_ دایک: چەند جارە ئاگادارت بکەمەوە، براکەت فێری جنێو مەکە، جنێو خەندە ئەخاتە سەر لێوەکانی، جاکی خەواڵو بوو خەو بردیەوە.
تومی پرسیاری مناڵانەی دووبارە دەکاتەوە.
_ دایە وا دەزانی ئەوان پارێزگاری لە کەنغارو دەکەن.
_ خوایە چۆن بزانم.. بخەوە، بخەوە.
_ هەڵمئەسێنی ئەگەر مارەکە دەرکەوت؟
_ ئوە، ئێستا  بخەوە.
شەو دووکوت بوو، هەر چوار مناڵەکە خەویان لێکەوت، بەڵام دایکەکە چاوەنواڕە، جارێک خۆی بە چنینەوە دەخافڵێنێ، جارێکیش دەخوێنێتەوە، لەنیوان ئەم دوو کارەش چاو ئەگێڕێ بە سەراپای ژوورەکەدا، ئەگەر گوێی لەهەر جوڵەیەک بێ دەست دەداتە دارەکەو خۆی ئامادە دەکا بۆ لەناو بردنی دوژمنەکەی… ئاووهەوا لێڵە مژدەی گەردەلوولێکی نزیک ئەدا، گیڤە گیڤی با دی، لە نیوان درزی تەختەدارەکان خۆی دەکا بە ژوورا، ئاگری مۆمەکە کز دەبێ، لەسەر تەختە بچوکەکە دانراوە، دەیباتە گۆشەیەکی پەنا، بەو گۆڤارەی کە دەیخوێندەوە پەنای بۆ دەکا، گڕێکی زیوین دەبریسکێتەوە، لە نیوان درزەکانەوە رۆشنایی برووسکە خۆی دەکا بە ژوورا، دەنگی هەورە تریشقە بە دوای یەکدا دێ.. بارانێکی زۆر دەبارێ وەک ئەوەی لافاو بێ، لەسەر ئەرزەکە سەگەکە پاڵکەوتووە گوێ قووت و ئامادەیە بۆ روودانی شتێک… لە چاوانی سەگەکە پیشبینی دەکا کە مارەکە لە دیوارەکەی بەرانبەر بێ، لەوێ درزی فراوانتری لێیە، وا هەڵنەکەوتووە کە ترسنۆک بێ لە بەرانبەر تەنگانەیا، ئافرەتێکی ئازایە، بەڵام ئەم رووداوانەی دوایی ئازایەتیان لێسەندەوە، پێش ماوەیەک کوڕە خۆشكێکی ماری پێوەی داو لە ئەنجامدا مرد، لە لایەکی ترەوە ئەمە شەش مانگە تێدەپەری بەسەر غیابی مێردەکەی دا، هیچ لەبارەیەوە نازانێ بۆیە لە دڵەڕاوکی دا ئەژێ.
مێردەکەی گاوانی گاڕانێکی گەڕۆکە، لەو کاتەی مێردی پێکردووە، هاوبەش بوو لەگەڵیا لە تەنگژیەکانی ژیان، پێشتر خەونی ئەرخەوانی یی هەبوو، بەڵام ئەو وشکە ساڵیەی تووشی وڵات هات گەیاندنی بە ڕادەی ئیفلاس بوون، پیاوەکەی ناچاربوو ئەو مەڕو ماڵاتەی کە هەیبوو بیفرۆشێ و دەست بداتە پیشەکەی جارانی وەک گاوانی مانگاکان، بەڵام ژنەکە تائێستاش هەندێ مەڕوماڵاتی ماوە لەگەڵ جووتی مانگاو ئەسپێک، جاروبار شووبراکەی سەردانی ئەکا، لەمانگێ جارێک ئازووقەی پیویست بۆ دێنێ و یەکی لە مەڕەکان سەردەبرێ و هەندێ گۆشت بەژنەکە ئەداو ئەوەی ماوە لە بری ئازووقە دەیبا. ژیان فێری کردووە کە خۆی ئیش وکاری خۆی بسوڕێنێ، زۆر جاران مێردەکەی لە ماڵەوە نیەو گاوانی گەڕانێکە، جارێکیان پتر لەهەشت مانگ غائیب بوو، ئەو دەمە ئافرەتەکە وەک هەر کچێکی هەرزەکار خەون و ئاواتی هەبوو، بەڵام ئێستا بە حوکمی قەدەر رازییە، ورووژاندن و خۆشی خۆی بە خوێندنەوەی گۆڤاری ئافرەتان قەرەبوودەکاتەوە، بەدوای ئاخرین مۆدەدا دەگەرێ لەو گۆڤارانەدا.
خۆی و مێردەکەی ئۆسترالیین، مێردەکەی پیاوێکی نموونەیی نیە بەدەر بێ لە هەڵە بەڵام باوک و مێردێکی گونجاوە. ئەگەر دەرفەتی بۆ برەخسێ دەیبا بۆ شار، بەدەستبڵاوی پارەی لێخەرج دەکا وەک بڵێ ژنی پادشایە، لەشەمەندەفەر جێگای خەوی بۆ بە کرێ ئەگرێ و لە باشترین هۆتیل دادەبزن و لەوانەیە ئۆتۆمبیلیشی بۆ بکڕی. بەڵام جگە لەمانە دوور لەیەک دەژێن، سودی چی یە پرتەوبۆڵەو سکاڵا؟!… ئافرەتەکە دەڵی لەوانەیە پیاوەکەم هەندی جار لەبیری بچێ کە خێزانی هەیە، بەڵام کاتێ دەگەڕێتەوە هەوڵ ئەدا قەرەبووی ‌غیابی بکاتەوە بە خەرجکردنی پارە بۆ رازیکردنی.
دووان لە مناڵەکانی لە جەنگەڵ پەیدا بوون، جارێکیان مێردەکەی ناچار بوو بانگی دوکتۆرێکی سەرخۆش بکا، سەرپەرەشتی مناڵ لە دایکبوونی بکا، ئەو رۆژە لاواز بوو تای لێهاتبوو، لەخوا دەپاڕایەوە یەکێک بۆی بنێرێ یارمەتی یی بدا، خوا بە دەنگ داواکەیەوە هات (ماریای رەشی ) بۆ نارد، بەڵکو باشتر خوا جیمی پادشای بۆ نارد، لەرێگای ئەوەوە (مریەمی رەش) هات، بە چهرەیەکی رەشەوە لە پشت دەرگاکەوە وەدەرکەوت و بەگاڵتەوە گوتی ژنە پیرەکەم هیناوە، ئەوەتە بە ڕاکردن دەگات، ئەوەتە نزیک رووبارەکەیە. لە غیابی مێردەکەی دا مناڵیکی مرد، ئەو دەمە خۆی بەتەنیا بوو،کاتێ کە منداڵە مردووەکەی بەهەردوو دەست هەڵگرتبوو نۆزدە میل بەپێ ڕویشت لەکەسێک دەگەڕا یارمەتی یی بدا.
سەعات دووی بەرە بەیانە، ئاگرەکە خەریکە دەکوژێتەوە، سەگە ناشیرینەکە کە بینەر دڵخۆش ناکا، گوێ قوت خۆی ئامادە کردووە بۆ شەڕ، سەگێکی ئازایە لە سەرووژێری زەمین ترسی نیە، هەمیشە ئازایە لە شەرکردندا، ئەوجا بەرانبەرەکەی چ گایەکی زل بێ یان مێشێکی لاواز، ڕقی لە هەموو جۆرە سەگێک دەبێتەوە، تەنیا سەگی کەنغارو نەبێ، خۆشحاڵ نیە بەبوونی خەڵکی نامۆ لە ماڵەکەیاندا، ئەوجا چ دۆستی خێزان بێ یان خزم، تێگەیشتنی کەمە لەوانەی سەردانی دەکەن، لەوانەیە هەندێ رێبواری نامۆی بەدڵ بێ و دۆستایەتیان لەگەڵ چاک بکا بەڵام دوژمنی سەرەکی یی مارە، زۆری  لەناوداوە، ژنەکە زۆر دەترسێ مارێ پێوەی داو لە دەستی بچێ، زۆربەی سەگەکانی هاوچەشنی بەهۆی مار پێدانەوە مردن، ئافرەتەکە جاروبار ئەوەی  لە دەستی دایە فڕێ ئەدا، گوێ هەڵدەخا، چاودێری ئەکا، بیر ئەکاتەوە، مەلی خەیاڵی بۆ لای ئەو سەرگوزەشتەو رووداوانە دەفڕێ کە لە ژیانی دا پیا تێپەڕیون.
ئەم بارانە زۆرە وا لە گیا دەکا بڕسکێ، یادیکی سەخت بە مێشکیا گوزەری کرد، یادی بەرەنگاربوونەوەی ئاگر کەوتنەوە لە جەنگەڵدا، لەکاتێکدا کە مێردەکەی لە ماڵ نەبوو، ئەو رۆژەی کە گیا بەرزو وشک بوو، ئاگرەکە داگیرسابوو، دەیویست هەڵیلووشێ، ئەو رۆژەی کە شرواڵی مێردەکەی لە پێکردبوو، بەلقی داری سەوز بڵێسەی ئاگرەکە دەکوژاندەوە، زۆر بەرهەڵستکاری دەکرد تاوەکو ئارەقەی لەگەڵ رەشایەتی تێکەڵ بوو، خەتۆکەی چەوتی لە سەر پێستی دەموچاوی دروست دەکرد، چهرەی داپۆشرا بوو بەهەڵمی رەشایەتی، وێنەی دایکەکە بە شرواڵی مێردەکەیەوە نامۆ بوو، سەرنجی تومی بچکۆلانەی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، وایلێکرد وەک قارەمانێکی بچوک شان بەشانی دایکی کۆشش بکا بەڵام تینی ئاگرەکە لەتوانای ئەوان بەهێز تر بوو، دەیویست لەناویان بەرێ، ئەگەر مەرحەمەتی خوا نەبوایە، لەکاتی گونجاو چوار پیاوی بەهێزی بۆ ناردن، دواتر هەڵویستەکە مایەی خەم و پێکەنین بوو، دایکەکە ڕایکرد باوەش بە کوڕەکەی بکا، بەڵام مناڵەکە خۆی نەدا بەدەستەوەو بە دەنگی بەرز هاواری کرد، وایزانی پیاوێکی رەشە، تەنانەت سەگەکەش مەسەلەکەی لێتێکەڵ بوو، بروا بە غەریزەی خۆی بکا یان شوێنی هەست و ناڕەزایی مناڵەکە بکەوێ!!… سەری سوڕما بوو، بە بێ مەبەست ئەمدیوو ئەودیوی ئەکرد تاوەکو تومی شاپێکی لێدا بەئاگای هینایەوە، ئیدی دەستی کرد بە کلک لەقاندن، نیشانەی پەشیمانبوونەوە لەوەی کە گومانی کردو خاوەنەکەی نەناسییەوە.
ئەو رۆژە رۆژێکی دیاریکراو بوو لە ژیانی منداڵەکاندا، بۆ چەند ساڵێک لەبیریان نەچوەوە، بیر لە رووداوەکانی دەکەنەوەو پێدەکەنن.
یادگاری ململانێیەکی تر بە خەیاڵیا تێپەرێ، ئەو رۆژەی کە بەتەنیا رووبەرووی لافاو بوەوە، ئەو رۆژەی کە مێردەکەی لە گەڕان بوو، ماڵەوەی جێهێشت بوو، ئەو رۆژەی کە بۆ چەندین سەعات کەناڵەکانی هەڵکەندوو قووڵی دەکردەوە تاوەکو بەنداوی قەرا‌غ رووبارەکە نەرووخێ بەڵام لە هەوڵەکەیدا سەرکەوتوو نەبوو، هەمیشە گرفتارێک هەن لە توانای ئافرەتێکی تەنیا بەهێزترن، کاتی کە بەنداوەکە تەقی، بۆ رۆژی دوایی سەرو دڵی گیرا، بیری لەو خەفەتە کردەوە کە دووچاری مێردەکەی دەبێ کاتێ کە دەزانێ هەوڵ و تەقەللای ساڵانێک بە فێڕۆ ڕویشت.
یادگارییەکی دیکە بە مێشکیا گوزەری کرد، ئەو رۆژەی کە پەتایەکی کوشندە دا لە گاڕانەکەی و باشترین دوو مانگای کوشت لە گەوەڕەکەیاندا، ئەو رۆژە چەند خەفتبار بوو.
دواتر یادگاری رووداوێکی تر، خەندە خستە سەرلێوی، کاتێ کە قەلە ڕەشەکان پەلاماری مریشکەکانی ئەدان، کەچۆن ئەو رۆژە پلانێکی سەیری داهینا بەمەبەستی دوورخستنەوەیان، مناڵەکان هاوار دەکەن: قەلەڕەش! ‌قەلەڕەش   دایە!…
ئەویش داری گسکەکە بەرەو روویان دەگرێ لە چەشنی چەک، لەهەمانکاتدا دەنگێک دەرئەکا لەسەدای تەقە بچێ، قەلە ڕەشەکانیش دەستبەجێ ئەو ناوە جێدەهێڵن.
ڕاستە قەلەڕەش فێڵبازو زیرەکە بەڵام فێڵ و زیرەکی ئافرەت کاریگەر ترە.
ئەو هەڵویستە هاوچەشنانەی کە وەک ئەم رووداوە فێڵ و زیرەکی تیایە ئەوە بوو، کاتێ هەندێ پیاوی هاروهاج تووشی دەبوون و گومانی لا دروست دەبوو، پەنای دەبردە بەر چەواشە کردنیان، گوایا مێردو کوڕەکەی لە قەراغ بەنداوەکە ئیش دەکەن و چەند دەقەیەک پێیان ناچێ دەگەنە ئێرە. تەنیا هەفتەیەک پێشتر، یەکی لەو پیاوە زاڵم و ڕەزاقورسانەی تووش بوو، غیابی مێردەکەی بە هەڵزانی، جانتایەکەی فڕێدایە بەلەکۆنەکەوەو داوای هەندێ خواردنی کرد، ئەویش نەختێ خواردنی بۆ دانا، خۆریش بەرەو ئاوابوون دەچێ، حەزی دەکرد شەو بمێنێتەوە، ئافرەتەکەش دەستی دایە پارچە ئاسنێک و سەگەکەی بەرەڵلاکردو بەرەو کابرا هات، بەدەستێک پارچە ئاسنەکەی پێبوو، بەدەستەکەی تریش زنجیری سەگەکە، بە دەنگێکی فەرمان ئامێزو یەکلاکەرەوە گوتی: برۆ! بەپەلە گۆڕت گوم کە!!
نیگای پیاوەکە لەنیوان ئافرەتەکەو سەگەکە دابوو، بە دەنگێکی نزم گوتی: باشە بەڕێزم! ئەوە دەڕۆم…ڕۆیشت.
خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزو چاونەترس بوو، بۆیە پتر تەنگانەی تێئەپەڕاند، چاوی(تمساح ئاسای) سەگەکە یارمەتی یی ئەدا، دوو چاوی زەرد دەڵێ تمساحی هەقیقی یە.
رووداوە خۆشەکانی ژیانی کەمە، هەموو رۆژەکانی وەکو یەکن، تەنیا رۆژی یەکشەممە نەبێ جلی جوان لەبەر خۆی و مناڵەکان دەکاو پیاسەیەک دەکەن بۆ جەنگەڵ، هەوڵ ئەدا وابڕوا بەخۆی بێنێ کە لە سەر شۆستەکەی شار پیاسە دەکا، گوایا لە نێو کۆمەڵێک خەڵک دایە، بەڵام لە راستی دا بیست میل دەڕوا بەبێ ئەوەی شتێکی تازەی تووش بێ، بێزارییە لە هەموو شوێنێک..دارەکان وەکو یەکن، هیچ شتێک نیە بە خۆشییەوە سەرنجت ڕاکێشێ، هاوریەتییەک نیە، بەستەڵەکی بەربڵاوی تەنیایی بشکێنێ، بێزاریەکە وەک بێزاری بەلەمێکی پەڕوێنە لەسەر پانتایی بێکۆتای دەریا، یان وەک ڕویشتنی فارگۆنی شەمەندەفەرێکە لەسەر یەک تەوژم و لە سەر یەک هێل کە بۆی دیاریکراوە.
گەڕانەوەی مێردەکەی پێخۆشە بەڵام ئاهەنگی بۆ ناگێڕێ، تەنیا چەند سینییەکی خواردن بۆ دروست دەکا کە حەزی لێیەو جلی جوان لەبەر مناڵەکان دەکا، ئەمە هەموو شتێکە.
ئافرەتەکە وا دیارە کە ڕازییە بە قسمەتی خۆی، مناڵەکانی خۆشدەوێ بەڵام غەم ومەشغوڵبوونی بە ئەرکەکانی ژیان، وزەو کاتی لێدەستێنێ، بۆیە ناتوانێ تەرجەمەی خۆشەویستیەکەی بکا، لەوانەیە وابێتە پێش چاو کە ئافرەتێکی دڵرەقە، جێگای هەست وسۆزی مێیەنە لە پێکهاتەی دا نیە بەڵام خەتای ئەو نیە، سروشتی دەوروبەری مۆرکی دڵڕەقییان لێداوە.
وادیارە شەفەقە، سەعات لەبەردەستی نیە، لە ماڵەکەیان دایە، مۆمەکە خەریکە دەتوێتەوە، مۆمی تری نیە، ئاگردانەکە داری تیا نەماوە، سەگەکەی لە ژوورەوە بەجێهێشت، بەپەلە چوو بۆ لای کۆمەڵە دارەکە، دارێکی ڕاکێشا کۆمەڵەکە هەرەسی هینا، دوێنێ لەگەڵ پیاوێکی ڕەشی دراوسێیان رێککەوت کە لە جەنگەڵەکە هەندێ داری وشکی بۆ بێنێ، کاتێ کە پیاوەکە خەریک بوو، ئەویش ڕۆیشت لە مانگا بزربووەکەی دەگەڕا، کاتێ گەڕایەوە بینی پیاوەکە بە چاکی ئیشەکەی ئەنجام داوە، پێ سەیر بوو کاتێ ئەو هەموو کۆمەڵە دارەی بینی، سەعاتێکی نەخایاند، ئەو هەموو دارەی کۆکردبوەوە، ئەم کارەی پێخۆشبوو، لەبری ئەمە چەند مشتە توتنێک پێدا و ستایشی هەڵسوڕان و پەلەکردنی کرد لە ئیشەکەیدا…
پیاوەکەش ستایشەکەی پێخۆشبوو سوپاسی کردو بەسەربەرزی، سینگی دەرپەڕاندو شوێنەکەی جێهێشت، دواپیاوی خێڵی ملکا بوو لەگەڵ ئەوەش دا کۆمەڵی داری بێ ناوەرۆک وبەتاڵی کۆکردبوەوە، ئەوەتە ژنەکە فێڵەکەی ئاشکرا کرد، کۆمەڵەکە بێ ناوەڕۆکە…بەمە خەفەتبار بوو چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک، دەستی دایە دەستسڕێک فرمێسکەکانی بسرێتەوە بەڵام لە بری دەستسڕ پەنجەکانی دەیسڕییەوە، بۆی دەرکەوت کە دەستسڕەکە کون کونە، پەنجە گەورەکەی لە کونێکەوە دەرچووبوو پەنجەی شایەتی لە کونێکی تر، بەمە پێکەنی، پێکەنینەکەی “تمساحەکەی” ورووژاند، جاروبار روحی نوکتە بە دەروونیا گوزەر دەکاو چیرۆکێکی پێکەناوی هەڵدەچنێ و دەگیڕێتەوە بۆ ئەو پیاوانەی لە جەنگەڵ تووشی دەبن.
ئەوە رۆژ دەرکەوت، ژوورەکە بە چاکی قوفڵدراوە، گەرم داهاتوە بە هۆی گڕی ئاگرەکە بەدرێژایی شەو” تمساح” هیشتا جار نە جارێک چاوی بە دیوارەکەیا ئەگێڕێ، لە پڕێکا نیشانەی توڕە بوون و گرژ بوو لێبەدەرکەوت، چوو بۆ ئەو لایەی کە پێوابوو مارەکە خۆی تیا حەشارداوە، لەرزێک بە جەستەیا هات، مووی پشتی ملی ڕاستبوەوە، چاوە زەردەکانی دەبریسکێنەوە، بریسکەی ئامادەیی بۆ شەڕ، لەو دوو کۆنە دوو پشکۆ داگیرسان…مارەکە!! مارێکی ڕەش بە کاوەخۆ دەرکەوت، بەرەو سەرەوەو خوارەوە سەری دەجوڵێنێ، سەگەکەش هیشتا لە بۆسە دایە، ئافرەتەکەش سەری سوڕماوە لە شوێنی خۆی چەقیوە، مارەکە هەنگاوێک هاتە پێشەوە، ئافرەتەکە دارەکەی هەڵگرت، مارەکە هەستی بە مەترسی کرد، سەری خستە نێو درزەکەوەو بە پەلە خۆی کۆکردەوە، ” تمساح” بازی دا بەو نیازەی بەدەم بیگرێ بەڵام لووتە پانەکەی نەیهێشت، مارەکە خۆی بە ئەرزەکەوە نووساندوە، سەگەکەش هەوڵی دووەم و سێیەمی دا تا هەڵی بۆ رەخسا، توانی دەریبکا بۆ سەرەوە، مارێکی ڕەش نزیکەی سێ مەتر درێژە، سەری بەرز دەکاتەوە بە نیازی ئەوەی دوژمنەکەی لەناوبەرێ بەڵام سەگەکە توانی ملی بگرێ و بە توندی ڕایژەنێ هەر وەکو ئەوەی هەستی کردبێ کە دوژمنایەتییەکی ئەزەلی هەیە لە نیوان خۆی وەچەی حەوا دا.
کوڕە گەورەکەیان بەخەبەر هات، هەوڵی دا جێگایەکەی جێبهێڵێ بەڵام دایکی بەتوندی دەستی گرت و نەیهێشت، تەق…تەق پشتی لە چەند شوێنێکەوە شکا، تەق…تەق… سەری وردوخاش بوو…لووتی” تمساحەکەش” وەکو کاتی جارانی خۆی بچوک بوەوە.
ئافرەتەکە بە سەری دارەکەی مارەکەی هەڵگرت و لە ناو ئاگرەکە داینا، کۆمەڵێ داری خستە سەری، ڕاوەستاو سەیری کرد کە چون ئاگرەکە هەڵیدەلووشێ، کوڕەکەو سەگەکەش چاویان لێبوو، ئافرەتەکەش دەستی بەسەر سەگەکەیا هینا نیشانەی ئەمەک و پێزانین، دەموچاوی سەگەکە نیشانەی توڕەیی پێوە نەما، تروسکەی دوژمنکارانە لە چاوە زەردەکانی کوژایەوە. مناڵە بچکۆڵەکان هێمن بوونەوە، جارێکی تر گەڕانەوە بۆ خەو، کوڕە قاچ پیسەکە ڕاوەستاوە ساتێک دەروانێتە ئاگرەکە، ساتێکی تر دەڕوانێتە دایکی کە چاوانی پڕن لە فرمێسک، قۆڵە بچکۆڵەکانی بە گەردنی دایکییەوە دەئاڵێنێ و بە توڕە بوونەوە هاوار دەکا: دایە ناڕۆم بۆ گاوانی مانگا… ناڕۆم… لێمدە ئەگەر من کردم، لێمدە ئەگەر من کردم .

 

             وەڕگێڕانی/نەهرۆ/نەرویج

 

Previous
Next

Leave a Reply