Skip to Content

Thursday, September 24th, 2020

هاوكێشەكانى ماچ لە شیعرى (ماچێك بۆ ئەمشەو)ى كوێستان عومەر زادە

Comments

   سەرهەنگ خامۆش…..
 
 من لەزۆربەى ڕەخنە ئەدەبیەكانم لە بوارى شیعردا زیاتر لە بابەتەكانى ڕەگەزى(مێینە) دواوم و ئیشارەتم بۆ ئەگەرەكانى (فیمینیستى) شیعر كردووە ئەوەش لەبەر ئەوە نى یە كە ڕەگەزى نێر نەیتوانیوە یاخود لەبوارى شیعر كارامەو بە توانا نىیە بە پێچەوانەوە قوتابخانە شیعرییەكان هەر لەوانەوە بۆمان جیماوە زۆربەی كات ستایلەكانى ئەوان بۆتە باكگڕاوندی شیعرى شاعیرانمان…بەڵام هیچ شاعیرێك نى یە یەكەم دێرى شیعرى كە دایڕشتبێ بۆ دڵدارەكەى نەبووبىَ لە دوایى دا پەناى بردۆتە فیگەرەكانى ترى شیعر كە بە جۆرێك لەگەڵ ئایدیاو بۆچونەكانى بەرجەستە بووە,خۆى لە ڕاستیدا شیعریش ڕەگەزێكى مێینەیە و نكۆڵى لە سەر ناكرێ…ئەى ئەگەر ئافرەتێك شیعرێك داڕیژىَ و شیعرەكە بچێتە نیو چوارچێوەیەكى ڕەهاو خەسڵەتێكى جوان بەخۆوە بگرىَ؟ ئەوەتا شیعرى (ماچێك بۆ ئەمشەو)ى كوێستانى شاعیر چەند وێنەیەكی جوان دەخاتە نێو چوار چێوەى هزرو بیرو بۆچونى خوێنەر..یەكێك لەم خاسیەتانەى كە ئەم شاعیرەى پىَ جیا دەكرێتەوە لەگەڵ شاعیرانى تری ئافرەتى كورد ئەوەیە كە هەست و نەست و بیرو خرۆش دەخاتە نێو فەنتازیاى شیعرو ئەو پەردە شەرمە ى كە لەسەر ڕووى كچێنیتى لاى دەداو بە پاكیزەیی عیشقى شاد دەكا و هاوكێشەیەك لەنێو وشەكانى شیعر دروست دەكا دەچێتە نێو قاڵبێكى ئێستاتیكى و خۆی لە ئامێزى ویستى خۆزگەكان دەدۆزێتەوە..
 
 دەرگاكان بخە سەر پشت
 با بۆنى سێوەكانى عیشق ڕەت بىَ

 
 لێرەدا شاعیر داخوازە كە ئەم دەرگا داخراوەى لێ بكرێتەوە كە هەمیشە بۆنى عەشقى لێوە دىَ,ئەمەش ویناندنێكى جوانى كوێستانە بۆ دڵدارەكەی كە لە دەروونى بىَ گەردیەوە هەڵدەقوڵێ.. لێرەدا بۆنى( سێو=عەشق ) ئەمەش هاوكێشەیەیەكى فیزیكى جوانە كە شاعیر دایڕشتووە..
 
 پەردەكان لادە
 دەمەوىَ
 لە پەنجەرەی غەریبترین ئیوارەوە
 بدوێم..
 ماچێك ببەخشم
 بە گەورەییت
 ئامیزىَ بە پاكیزەییت..
 
 كوێستان لێرەدا لە ڕیتمى ئەگەرە پڕ گومانەكانى شیعرى ئافرەتان دەردەچێت لە پەنجەرەكانى پڕ ستایشى غەریبى دەدوىَ كە ئەویش بە پەردەیەك داپۆشراوە لەوانەیە ئەو پەردەیە پەردەی ترس بێت یاخود شەرم بۆ ئەوەی بەراوردێك بخاتە نیو تەمەنى خۆشەویستى و بە ئامیزى پاكیزەیى دڵدارەكەى شاد كا..لێرەدا(پاكیزەیى+غەریبى+ئامێز=ماچ) كەواتە شاعیرخۆی لە نێو پەیامە ئۆرگانیەكانى شیعر بە جیا دادەنىَ دڵدارەكەشى بە جیا دواى ئەوە هاوكێشەیەكى ئۆرگانى دروست دەبێت(شاعیر+ئەو=ئێمە)…
 
 دەمەوىَ
 بۆم ببیت بە هەموو شتێك
 شەرمى كچێنیم بشكێنیت
 ترسى تەنیاییم هەڵگریت
 ماچێك بۆ ئەمشەو
 تەڕم كا لە گۆرانیدا
 لە خەندەی (با)…

 
 تەنیای و ترس و شەرم سایكۆلۆژیانە كارى كردۆتە سەر دەروونى شاعیر ئەویش بۆتە تەوقێك كە دەیەوێ بە ماچێك بیشكێنى بەڵام تەڕى كا لە گۆرانى(لێرەدا گۆرانى بە ماناى پاك بوونەوە دىَ) لەژێر بارانى زەردەخەنەى (با)..كەواتە كوێستان لێرەش هاوكێشەیەكى فیزیكى جوانى بەكار هێناوە(گۆرانى+با=ماچ) ماچێك لە هەموو گوناهەكانى عیشقى بشواتەوە…
 
 ماچێ
 باڵى تارمایی شەوم بەرێ
 پڕم كا لە تابلۆی
 ڕەش و سپى
 باڵی ئاڵترین كازیوەم
 بگرىَ..!!

 
 دیارە شاعیر ستایشەكانى هەر دەخیلى ماچێك دەكا لەژێر باڵى تارمایىەكانى شەو كە پڕە لە تابلۆی ڕەش و سپى ..ئەمجارەیان توشى هاوكێشەیەكى كیمیاگەرى دەبین
 (ڕەش=شاعیر) (سپى=ئەو)
 (ڕەش+سپى=ئێمە) واتە شاعیرو دڵدارەكەى

 لێرەدا (ڕەش)دەمانگەڕێنتەوە سەردەمی گەنجى و (سپی)ش پیری كە شاعیر ئەم ئەگەرەى تێدا خواستووە تا سەر دەنێتە ئامێزى كازیوەو ماچەكەش كۆتایی پێ دێ…!!!
 كوێستان لەم شیعرەدا توانیویەتی ئەم تەوقە بشكێنێ كە ساڵانێكە شاعیرانى ئافرەتى كورد لە نێو هەندێ خۆزگەی پڕ تەم و مژ لە شیعردا بەكاریان هیناوە..بەڵام چۆن؟وەك ژانرێكى سەرەكى ویستویەتى ڕاستیەكان دەروون پاكانە بدركێنى هاوكێشەیەكى ئۆرگانیزمى بۆ ماچ داڕێژێ لە چوار چێوەى چەند وێنەیەكى ئێستاتیكى شیعری بەرجەستەى بكا..
 دەتوانم بڵێم لایەنى تەكنیكى و هونەری لە نێو ئەم شیعرەدا شاعیر زۆر گرنگی پێ داوە چونكە لە نێوان دیالۆگ و زمان دا وێنە شیعرییەكان بە چەند پەیوەندییەكى هاوكێشەیی ئۆرگانی بەهێز بەیەكەوە بەستراون,هەروەها ئەم شیعرە بە ئاستێكى جوان و ئەكادیمى و زانستیانە داڕێژراوە بۆیە پێویستە وەك ستاندەرێك بەكار بهێنرێت لە چوارچێوەى ئەگەرەكانى(فیمینستى) شیعرى كوردى دا….
 
 
Xamosh_s@hotmail.com
 

Previous
Next

Leave a Reply