Skip to Content

Tuesday, November 30th, 2021

هه‌لبژاردنی کوردستان له‌ژێر تارمایی گه‌مارۆ و ده‌ستێوه‌ردانی پارتی ده‌سه‌ڵاتداردا

Comment
by August 8, 2009 گشتی

شاخه‌وان شۆڕش
ژولای 2009

 له‌م وتاره‌دا سه‌رنجێکی ره‌خنه‌گرانه‌ ده‌ده‌ینه‌ هه‌ندێ لایه‌نی پرۆسه‌ی هه‌لبژاردن له‌ هه‌رێمی کوردستاندا که‌ له‌ 25ی ژولای 2009 دا ئه‌نجامدرا. 

چه‌ند تێبینه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی
له‌م هه‌لبژاردنه‌دا کورده‌کانی ناوچه‌ کوردستانییه‌ دابرێنراوه‌کان له‌ مافی ده‌نگدان بێبه‌ش بوون، به‌پێی رێککه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتی له‌گه‌ل به‌غدا‌ ئه‌وانه‌ له‌باری ئێستادا سه‌ر به‌ هه‌رێمی کوردستان نین. بۆیه‌ دانیشتوانی ئه‌م ناوچانه‌ بۆیان نییه‌ له‌ ده‌نگدانی هه‌رێمی کوردستاندا به‌شدار بن. ئه‌و ریککه‌وتنه‌ش یه‌کێ له‌ دۆڕانه‌کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یه‌ که‌ سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ کوردستانیه‌کانی ژێرده‌ستی به‌غدا کردوویه‌تی. ئه‌م خاکه‌ی ئه‌وانی تێدا دژی لای ئه‌وان و خه‌ڵکی کوردستان کوردستانه‌، وه‌ کورده‌کانی ئه‌م ناوچانه‌ خۆیان به‌ به‌شێکی دانه‌براوی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌زانن. ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر چاره‌نوسی ئه‌م خه‌ڵکه‌ و ناوچانه‌ دانوستان ده‌کات و ڕێککه‌وتن ده‌کات. ئه‌م فاکته‌رانه‌ مافی ده‌نگدان بۆ ئه‌م خه‌ڵکه‌ ره‌وا ده‌که‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رێگه‌گرتن له‌ مافی ده‌نگدان و بوونی کاریگه‌ریان له‌سه‌ر ده‌سه‌لاتی هه‌رێمی کوردستان پێشێلکردنی مافی ئه‌م خه‌ڵکه‌یه‌. بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی گوایه‌ نوێنه‌ری ئه‌وانن، ئه‌گه‌ر له‌ لایه‌ن ئه‌وان خۆیانه‌وه‌ هه‌لنه‌بژڕدرێن ناتوانن خۆیان وه‌کو نوێنه‌ری ئه‌وان بناسێنن و دوان له‌سه‌ر چاره‌نوسی ئه‌وان بکه‌ن. کوشندیی هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتی له‌م رووه‌وه‌ باشتر ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌وه‌ بابه‌تێکه‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ناسیونالیستانه‌ی کوردستانه‌وه هه‌یه‌‌، که‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ژاری تێگه‌یشتن له‌باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌.
له‌م هه‌لبژاردنه‌دا کورده‌کانی هه‌نده‌ران و دووره‌وڵات مافی ده‌نگدانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا نه‌بوو، بۆیه‌ به‌ ده‌یان هه‌زار ده‌نگی ئه‌م کوردستانیانه‌ پشتگوێخران و له‌ مافی بریاردان له‌سه‌ر ره‌وشی رامیاری کوردستان بێبه‌شکران. ده‌سه‌ڵات هیچ په‌رۆشیه‌کی له‌م باره‌یه‌وه‌ نه‌نواند و هیچ هه‌وڵێکی بۆ ره‌خساندنی ده‌نگدان بۆ ئه‌م هاوڵاتیانه‌ له‌و وڵاتانه‌ی لێی ده‌ژین نه‌دا. ئه‌وه‌‌ مافی ئاسایی هاوڵاتیانی ده‌ره‌وه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات له‌م بێبه‌شکردنه‌دا‌ به‌رپرسیاره‌. له‌ هه‌لبژاردنی ساڵی 2005 ی ئێراقدا ئه‌م بواره‌ بۆ ده‌نگده‌رانی دووره‌وڵات ره‌خسێندرا، ئه‌وسا ده‌سه‌ڵات ئه‌و ده‌نگانه‌ی پێویست بوو و کێشه‌یه‌کی له‌گه‌ل ئه‌م مافه‌دا نه‌بوو. به‌ڵام له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌نگده‌رانی هه‌نده‌ران ره‌خنه‌گرانه‌ و ئازادانه سه‌یری ده‌سه‌ڵاتی کوردستان ده‌که‌ن، به‌ئه‌گه‌ری زۆر ده‌نگی ئه‌وانه‌ له‌ قازانجی ده‌سه‌ڵاتدا نه‌ده‌بوو، واپێده‌چێ بۆیه‌‌ ده‌سه‌ڵات گرنگی پێ نه‌دا. به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات و ئێراق به‌گشتی هه‌رچی بێت، ناتوانێ پاساو بۆ به‌لاوه‌نانی مافی ده‌نگدانی کورده‌کانی هه‌نده‌ران بێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌ کارێکی ناره‌وا بوو و پێشێلکردنی مافی ئه‌م خه‌ڵکه‌ بوو له‌ ده‌نگداندا.
هه‌لمه‌تی هه‌لبژاردن: که‌موکوری، جودارکاری و په‌راوێزکردن
جێگه‌ی سه‌رنجه‌ له‌م هه‌لبژاردنه‌ی هه‌رێمی کوردستاندا ده‌زگایه‌کی راگه‌یاندنی نیشتیمانی سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو، که له‌ رێگه‌یه‌وه‌ هه‌موو لیست و کاندیده‌کان به‌بێجیاوازی بتوانن په‌یام و به‌رنامه‌کانی خۆیان له‌ ئاستێکی فراواندا له‌م که‌ناڵه‌وه‌ به‌ خه‌ڵک بگه‌یه‌نن، خه‌ڵک به‌ توانا و به‌رنامه‌ و په‌یامی ئه‌وان ئاشنا بێت. نه‌بوونی ئه‌م ده‌زگا بێلایه‌نه ناسیوناله‌، جارێکی دیکه‌ راستی نه‌بوونی ده‌سه‌لاتێکی نیشتمانی سه‌رووی پارت ده‌خاته‌وه‌ڕوو. ‌ ‌
له‌هه‌ر ولاتێکدا که‌ به‌خۆی بلێ دیموکراسی له‌سه‌ریه‌تی یارمه‌تی و هاوکاری دارایی بۆ کاندید و لیسته‌کان به‌ بێ جیاوازی و به‌ یه‌کسانی ته‌رخان بکات. ئه‌وه‌ له‌ باشوری کوردستاندا نه‌بوو. هه‌رچی توانای ده‌سه‌ڵات هه‌بوو هه‌مووی بۆ لیستی سه‌ر به‌ده‌سه‌لات چوو. بۆ لیست و کاندیده‌کانی رکابه‌ری ده‌سه‌ڵات هیچ یارمه‌تی و هاوکاریه‌ک نه‌بوو.
کۆمیسیۆنی هه‌لبژاردن که‌ له‌لایه‌ن فه‌رج حه‌یده‌ریه‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تی ده‌کرا، کۆمیسیۆنێکی سه‌ربه‌خۆ و ده‌ست پاک نه‌بوو، له‌ژێر کاریگه‌ری پۆلیتیکی ئێراقیدا بوو و بریاره‌کانیان له‌ تۆمارکردنی لیست و کاندیده‌کاندا بێلایه‌ن نه‌بوو. هه‌روه‌ها له‌ژێر کاریگه‌ری ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتی دابوون. کۆمیسیۆن به‌لای ئه‌وانیدا شکانده‌‌وه‌. ئه‌وجا ئه‌وانه‌ كڕاون وه‌کو گۆته‌کان ئاماژه‌ی بۆ ده‌که‌ن یا نا، ئه‌وه‌ی بیندرا کومیسیۆنی ئێراقی له‌ پیشێلکاریه‌کان چاوی پۆشی و پرۆتستۆی خه‌ڵکی پشتگوێخست. دوای ئه‌م هه‌موو به‌زاندن و پێشێلکرایه‌ی که‌ کراوه‌ هه‌لوێستی نییه‌ و پێیوایه‌ هه‌لبژاردن زۆر به‌ باشی به‌ڕێوه‌چووه‌.
له‌هه‌ر ولاتێکدا به‌خۆی بڵێ دیموکراسی له‌سه‌ر کاندیده‌کانی پۆستی سه‌رۆکایه‌تییه‌، که‌ بێن له‌ دوو یا سێ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنیدا که‌ بۆ هه‌موو خه‌ڵک کراوه‌ بێت، په‌یامه‌کانی خۆیان رابگه‌یه‌نن، ره‌خنه‌ له‌ به‌رنامه‌ و کاری یه‌ک بگرن، روونی بکه‌نه‌وه‌ و بیسه‌ڵمێنن بۆ به‌رنامه‌ و په‌یامی ئه‌وان بۆ خه‌ڵک و ولات باشه‌ و سوودبه‌خشه‌. له‌ کوردستاندا ئه‌وه‌ نه‌کرا، ده‌زگایه‌کی ستاتی کوردستانی نه‌بوو، ئه‌م داواکارییه‌ وه‌کو مه‌رج به‌سه‌ر کاندیده‌کاندا بسه‌پێنێ و ناچاری رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی گشتی و ئاشکرایان بکات.
هه‌رچه‌نده‌ له‌ لایه‌ن د. که‌مال میراوده‌لی و کاندیده‌کانی دیکه‌وه‌ ئه‌م داوایه‌ کرا و راسته‌خۆ نامه‌ بۆ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای کوردی له‌مباره‌یه‌وه‌ ناردرا. ئه‌و نه‌ک هه‌ر ئاماده‌یی پیشان نه‌دا به‌لکو هه‌ر وه‌ڵامیشی نه‌دانه‌وه‌. له‌ ئێرانی ئیسلامیست و دژه‌ ئازادی سه‌رۆکه‌کان له‌ کاتی هه‌لمه‌تی هه‌لبژاردندا رووبه‌روو بوونه‌وه‌ و خه‌ڵک له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌دا ره‌خنه‌ و گفتوگۆکانی ئه‌وانی بینی. له‌ ئه‌فغانستانی کۆنه‌پاریز و دواکه‌وتوودا سه‌رۆکه‌کان رووبه‌رووی یه‌ک بوونه‌وه‌ و دوانیان له‌سه‌ر به‌رنامه و په‌یامه‌کانیان کرد. به‌لام ده‌رکه‌وت سه‌باره‌ت به‌مه‌ دیموکراسیه‌تی سه‌رۆکه‌که‌ی کوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان به‌قه‌د ئێران و ئه‌فغانستانیشیان تێدا نه‌بوو.
له‌کاتی هه‌لمه‌تی هه‌لبژاردندا، لیستی کوردستانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات و کاندیده‌کانیان هه‌موو ئه‌و پشتگیری و سه‌رچاوه‌یه‌یان بۆ ره‌خسێندرا که‌ له‌به‌رده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌بوون. داموده‌زگاکانی ده‌سه‌لات هاوکاری لیسته‌که‌یان کرد و یارمه‌تیاندان.  هه‌رشوێنێک کاندیده‌کانی ده‌سه‌ڵات بیانویستایه‌ ده‌یانتوانی بێ کێشه‌ ریکلام و بانگاشه‌ی هه‌لبژاردنی خۆیانی تێدا بکه‌ن. ده‌سه‌لات به‌هۆی توانای دارایی بێسنوریان په‌نایان بۆ زۆر رێگه‌ی نادیموکراسی برد،  به‌رتیل و به‌خشینه‌وه‌، کڕین و رازیکردنی ده‌نگه‌ده‌ران و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه به‌ راکشاوی بیندران‌. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵی شوێندا هه‌ره‌شه‌ی راسته‌وخۆ یا ناراسته‌خۆ له‌ده‌نگده‌ران کرا و مه‌ترسیان خسته‌دڵی ئه‌وانه‌ی مه‌به‌ستیان هه‌بوو ده‌نگ به‌ لیستی ده‌سه‌ڵات نه‌ده‌ن. دیاره‌ له‌به‌ر بوونی بیروباوه‌ری جیاواز به‌سه‌دان که‌س له‌ کاره‌کانیاندا ده‌رکران و وه‌ چاوه‌روان ده‌کرێ له‌ ئه‌گه‌ری ئاشکرابوونی هه‌لوێستیاندا ده‌ربکرێن.
له‌گه‌لێ شارۆچکه‌و ناوچه‌دا به‌تایبه‌تی ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی پارتی ته‌نها لیست و کاندیده‌کانی سه‌ربه‌ده‌سه‌لات مافی ریکلامکردن و بانگاشه‌ی هه‌لبژاردنیان هه‌بوو، لیست و کاندیده‌کانیتر ئه‌م ئازادی و رێگه‌یه‌یان نه‌درایه‌ که‌ بتوانن بچنه‌ هه‌موو ئه‌م ناوچانه‌ و ریکلامی خۆیان بکه‌ن. دیاره‌ ده‌سه‌ڵات بانگاشه‌ی ئازادی و پرۆسه‌یه‌کی ره‌وای هه‌لبژاردنی ده‌کرد، به‌ڵام به‌کرده‌وه‌ لیست و کاندیده‌کانی دیکه‌ له‌ زۆر شوێن یا په‌راوێزخران، یا هه‌ر ڕێگه‌یان پێنده‌درا بگه‌نه‌ خه‌ڵکه‌که‌. له‌ زۆر شوێن پۆسته‌ر و دروشمه‌کانی لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن له‌لایه‌ن هه‌وادارانی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ لێکرانه‌وه‌ و فرێدران. پێشگرتن به‌ بانگاشه‌ی هه‌لبژاردن له‌ هۆڵ و شوێنه‌کانی کۆڕ وکۆبوونه‌وه‌ بۆ کاندیده‌کانی دیکه ئه‌نجامدران.‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی هه‌ره‌شه‌بوون بۆ مه‌سعود بارزانی به‌تایبه‌تی د. که‌مال میراوده‌لی به‌پێی توانای ده‌سه‌ڵات له‌ شوێنه‌ جیاجیاکان کۆسپیان بۆ دروستکرا. د. که‌مال میراوده‌لی که‌ به‌هێزترین کاندیدی دژ به‌ مسعود بارزانی بوو، ته‌نها له‌شوێنه‌ گشتیه‌کاندا ڕیگه‌یدرا ریکلام بۆ خۆی بکات، له‌ رۆژه‌کانی کۆتایی هه‌لبژاردندا له‌ که‌نالێ KNN ی ئۆپۆزیسیۆندا بواری درایه‌ هه‌ندێ له‌ په‌یامه‌کانی خۆی له‌ رێگه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه‌ بگه‌یه‌نێت. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ مه‌سعود بارزانی له‌ هه‌موو شوێنێکدا ده‌رگا هه‌میشه له‌سه‌ر پشت بوو و هه‌موو داموده‌زگاکانی ده‌سه‌ڵات له‌ خزمه‌تیدابوون. ‌ هه‌موو که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندنی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات که‌ هه‌مووی به‌ پاره‌ی گه‌ل دامه‌زراون، ته‌نها له‌ خزمه‌تی بانگه‌شه‌ی لیستی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات و مه‌سعود بارزانیدابوون. وینه‌ی مه‌سعود بارزانی له‌ ماوه‌ی یه‌ک مانگدا له‌سه‌ر رووپه‌خشی‌ که‌ناله‌ ئاسمانی و ناوخۆییه‌کاندا به‌بێ وه‌ستان سورایه‌وه‌.
ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی پارتی که‌ژماره‌یه‌کی زۆری دانیشتوانان ده‌گرنه‌خۆیان‌، خه‌ڵکه‌که‌ له‌ ژێر گه‌مارۆ و ریکلامی داسه‌پێنه‌رانه‌ی پارتیدا بوون. ئه‌وانه‌ی که‌ بژێوی ژیانیان به‌ جۆرێ له‌ جۆره‌کان به‌ فه‌رمانگه‌کان یا دامه‌زراوه‌ گشتیه‌کانه‌وه‌ به‌نده‌ یا جۆره‌ موچه‌یه‌کیان بۆ براوه‌ته‌وه‌ هه‌مووی له‌ژێر جۆره‌ مه‌ترسیه‌کی ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا بوون. له‌ژێر جۆره‌ گوشارێکی سایکۆلۆژیانه‌دا بوون و  ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاو بوو که‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگ به‌ پارتی و بارزانی نه‌ده‌ن، ده‌بێ‌ ره‌چاوی ئه‌نجامه‌که‌شی بکه‌ن. له‌کار ده‌رکردن بۆ هه‌موو که‌س ئاسان نییه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ته‌نها سه‌رچاوه‌ی ژیانیان کاره‌که‌یانه‌. هه‌روه‌ها‌ مه‌ترسی سه‌رله‌دوونانی رامیاری و گه‌مارۆ و په‌راوێزکردنی به‌رامبه‌ر به‌م خه‌ڵکه‌ بیروباوه‌ر جیاوازه‌ هه‌بوو.  ده‌نگده‌ران به‌ ئازادی نه‌یانده‌وێرا به‌ئاشکرا هه‌لوێستی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ ‌ده‌نگدانه‌که‌ بڵێن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌لوێستی زۆرینه‌ی خه‌ڵک به‌دیاری دژی ده‌سه‌ڵات بوو، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی وابوو ده‌نگ به‌ لیستی گۆران یا که‌مال میراوده‌لی بدات، ئه‌وه‌ ده‌بوایه‌ نهێنییه‌ک بێت لای خۆی بمێنێته‌وه‌.
له‌ ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی یه‌کێتیدا ئه‌م گه‌مارۆییه‌ به‌زیندووی هه‌بوو و گه‌لێ خه‌ڵک له‌سه‌ر بیروباوه‌ری جیاواز پێش هه‌لبژاردن له‌ کاره‌کانیاندا ده‌رکران، بۆیه‌ ئه‌مه‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگده‌ران هه‌بوو، به‌ئه‌گه‌ری زۆر خه‌لكێکی زۆر به‌ ئاره‌زووی‌ یه‌کێتی و جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌نگیاندا، به‌ڵام له‌به‌ر بوونی ئاستی جۆره‌ ئازادیه‌کی زیاتر و تایبه‌تمه‌ندی رامیاری ئه‌م ناوچانه به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانی ژێر ده‌ستی پارتی‌،‌ وه‌ کاریگه‌ری لیستی گۆڕان و پاڵپشتیکردنی له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئه‌م ناوچانه‌دا، بۆ ده‌نگده‌ر پشتگیری و یارمه‌تی بوون له‌ ئاستی ئازادی ده‌نگدانیدا. ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ دیاره‌ی به‌ره‌ی ئۆپۆزیشیۆن که‌ له‌ ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی یه‌کێتی هه‌بوون، له‌ ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی پارتیدا نه‌بوون. مه‌ترسی سزای ده‌سه‌لات له‌ ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی یه‌کێتی کاریگه‌ریه‌کی سنورداری نواند. مه‌ترسی سزای ده‌سه‌ڵات له‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌ستی پارتی کاریگه‌ری خۆی نواند. خه‌ڵکی‌ ئه‌م ناوچانه‌ی ژێرده‌ستی پارتی‌ له‌ژێر تارمایی ڕیکلام و خۆگیفکرنده‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا چوون ده‌نگیاندا.
شاری هه‌ولێر که‌ وه‌کو پایه‌ته‌ختی هه‌رێمی کوردستان داندراوه‌، ململانێی لیسته‌ رکابه‌ره‌کان به‌ راکشاوی و ئازادانه‌ له‌وێ نه‌بیندران، جگه‌ له ژماره‌یه‌کی که‌می‌ پۆسته‌ر و دروشمی لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن لێره‌ و له‌وێ مابوون، پۆسته‌ر و دروشمه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی هی ده‌سه‌ڵات بوون. له‌ هه‌ولێر لیست و کاندیده‌کانی دیکه‌ په‌راوێز کران و پێشگریان بۆ دروست کرا. له‌زۆر ‌شوێن رێگه به‌لیست و کاندیده‌کانی دیکه‌ نه‌درا به‌ئازادانه ‌ریکلام بکه‌ن. ئه‌وه‌ی زۆر به‌زاڵی بیندرا لیست و کاندیده‌کانی ده‌سه‌ڵات بوون، ریکلامی زۆر و هه‌ڵمه‌ته‌کانی هه‌لبژاردنیش بۆ ئه‌وان بوون. ئه‌وه‌بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ به‌شێکی خه‌لك له‌ ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی پارتی جگه‌ له‌ لیستی سه‌ربه‌ ده‌سه‌ڵات و کاندیده‌کانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات که‌سیتر و لیستی تر نه‌ناسن. زانیاریان له‌سه‌ر لیستی تر و کاندیدی دیکه‌ نه‌بوو.

رۆژی ده‌نگدان
له‌ رۆژی ده‌نگداندا ئه‌و ترومبێل و ئۆتۆبوسانه‌ی ده‌نگده‌رانیان ده‌گوازته‌وه‌ وێنه‌ و لیستی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتیان پێوه‌ بوو، له‌ زۆر شوێندا ته‌نها که‌سانی سه‌ر به‌ لیستی ده‌سه‌ڵاتیان گواسته‌وه‌‌. بنکه‌کانی ده‌نگدان له‌ ژێر کاریگه‌ری ترسی ده‌سه‌ڵاتدا بوون و ئه‌م کارمه‌ند و چاودیڕانه‌ی که‌ هه‌بوون، ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆش بووبن توانای ململانێی ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتیان نه‌بووه‌. له‌زۆر شوێندا چاودێر و سه‌رپه‌رستیکه‌ری بنکه‌کان سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات بوون. چاودێره‌کانی سه‌ر به‌لیستی لاینه‌کانی ئۆپۆزیسیۆن له‌ هه‌ندێ شوێن دوورخرانه‌ و ده‌رکران.
له‌گه‌لێ له‌ بنکه‌کاندا هێزه‌ میلیتسه‌کانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات (ئه‌وانه‌ی له‌ژێر ناوی ئاسایش، پێشمه‌رگه‌ و زێره‌ڤاندا هه‌ن، ئه‌وانه‌ به‌ پارته‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌ و هی پارتن، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ هێزی میلیتسن و هێزی نیشتیمانی بێلایه‌ن نین)، له‌ نزیک بنکه‌کانه‌وه‌ وه‌ستان، به‌مجۆره‌ مه‌ترسیه‌کی ده‌روونیان بۆ خه‌ڵک دروست کرد، وه‌کو گوشارێک له‌سه‌ر ده‌نگده‌راندا هه‌بوون‌.
به‌شێکی زۆر له‌ ده‌نگده‌ران له‌ژێر تارمایی مه‌ترسیه‌کانی ده‌سه‌ڵات و بوونی گه‌مارۆکان هاتن ده‌نگیاندا. وه‌کو پێشتر گوترا، هه‌ره‌شه‌ی له‌کارده‌رکردن، موچه‌برین یا سزای دیکه‌، به‌رتیل و به‌خشینه‌وه‌، کڕین و راکێشانی ده‌نگده‌ر یا به‌ستانه‌وه‌ی بژێوی هاوڵاتی به‌ڕێگه‌ی دیکه‌ ئه‌وانه هه‌مووی ده‌چنه‌خانه‌ی ئه‌م گه‌ماڕۆیانه‌ی که‌ به‌ر له‌ رۆژی هه‌ڵبژاردن هه‌بوون، بۆیه‌ ده‌نگده‌ر که‌ هاتووه‌ ده‌نگی داوه‌، له‌ژێر ئه‌م گه‌مارۆ و گوشاره‌وه‌ هاتووه‌ ده‌نگی داوه‌. هه‌موو ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی به‌ر ئه‌م گوشاره‌ به‌جۆرێ له‌ جۆره‌کان که‌وتن له‌ ده‌نگداندا نائازادبوون. ده‌نگده‌ر کاتێ ئازاده‌ ئه‌گه‌ر جۆری ده‌نگدان و هه‌ڵوێسته‌که‌ی هیچ گوشارێکی له‌سه‌ر باری ئابوری، رامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ دروست نه‌کات. به‌مشێوه‌یه‌ نابێ جۆری ده‌نگدان کار له‌ ستاتوس و ژیانی ده‌نگده‌ر بکات.
جێگه‌ی سه‌رنجه‌ چاودێری ده‌ره‌کی ئه‌گه‌ر هه‌بن، زۆر سه‌خته‌ بتوانن له‌م نائازادییه‌ی ده‌نگده‌ر بگه‌ن، یا ئه‌م گه‌مارۆ و گوشاره‌ی ده‌سه‌ڵات ببینن. چاودێر راوه‌ستاوه‌ و سه‌یر ده‌کات ده‌نگده‌ر به‌پێی خۆی دێت و ده‌نگی خۆی ده‌دات و ده‌ڕوات، هیچ پێشگریه‌ک یا کێشه‌یه‌ک به‌دی ناکات، بۆیه‌ پێیوایه‌ ده‌نگدانه‌که‌ بێ کێشه‌ و پێشێلکاری به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. بۆیه‌ ئه‌م گوشار و نائازادییه‌ی ده‌نگده‌ر نابینێ و هه‌ستی پێ ناکات. ده‌سه‌ڵات ئه‌مه‌ بۆ ره‌وایه‌تی پرۆسه‌که‌ به‌کارده‌هێنێت و بانگاشه‌ی پاکی پرۆسه‌که‌ ده‌کات. چاودێری ده‌ره‌کی ئه‌گه‌ر له‌ کێشه‌کانی کۆمه‌لگه‌، شێوه‌ژانی و باری رامیاری کۆمه‌ڵگه‌ زانیاری پێویستی نه‌بێت، ناتوانێ به‌ته‌واوی له‌ دروستی و نادروستی پرۆسه‌ی هه‌لبژاردن بگات.
له‌ ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی یه‌کێتی و به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندیه‌که‌ی، به‌هۆی به‌هێزی لیستی گۆڕان و ئۆپۆزیسیۆن به‌گشتی له‌م ناوچانه‌دا، به‌شێکی زۆری خه‌ڵکه‌که ده‌نگیان به‌پێی هه‌لوێستیاندا، به‌بێ گوێدانه‌ ئه‌نجامه‌کانی دوای هه‌لبژاردن. له‌ ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی پارتی، سه‌ره‌رای گوشاره‌ جۆراوجۆره‌کانی پارتی له‌سه‌ر ده‌نگده‌ردا، خه‌ڵکێکی زۆر (به‌پێی هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵک) به‌تایبه‌تی له شاری ‌هه‌ولێر ده‌نگیان به‌ مه‌سعود بارزانی و پارتی نه‌دا. 
شایانی گرنگی پێدانه‌ به‌شێکی دیاری خه‌ڵک له‌ ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی پارتیدا له‌به‌ر بێمتمانه‌ییان به‌ ده‌سه‌ڵات و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌گشتی، بایکۆتی ده‌نگدانیان کرد. له‌ گه‌لێ بنکه‌ی ده‌نگداندا رێژه‌ی به‌شداران زۆر که‌م بووه‌ و له‌ خوار نیوه‌دا‌ بووه‌.  
تا به‌ره‌به‌ری کاتژمێری سێی دوای نیوه‌رۆ ده‌نگدان به‌مشێوه‌یه‌ بوو که‌ ئاماژه‌مان بۆ کرد. به‌لام دوای کاتژمیر سێ و به‌تایبه‌تی دوای درێژکردنه‌وه‌ی کاتی هه‌ڵبژاردن باری پرۆسه‌که‌ ته‌واو گۆڕا، له‌م ماویه‌دا هه‌موو داموده‌زگاکانی سه‌ر به‌ پارتیی ده‌سه‌لاتدار ناوچه‌ و ریکخستنه‌کان، هێزه‌ناوخۆییه‌کان و تایبه‌ته‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ر باره‌که‌دا گرت و به‌ به‌ربڵاوی ده‌ستکرا به‌ ساخته‌کاری و ده‌نگدانی ساخته له‌شیوه‌ی ده‌نگدان له‌ جیاتی خه‌ڵکی دیکه‌ و پڕکردنه‌وه‌ی فۆرمی ده‌نگدان به‌کۆمه‌ل، دووباره‌ و ده‌باره‌ ده‌نگدانه‌وه‌‌. ئه‌مه‌ به‌تایبه‌تی پاریزگای هه‌ولێر و دهۆک و زاخۆی گرته‌وه‌، واته‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌ستی پارتی گرته‌وه‌. له‌ زۆر له‌ بنکه‌کاندا سه‌رپه‌رشتیکارانی بنکه‌کانیان نارده‌وه‌ ماڵ، ئه‌ندامان و هێزه‌کانی پارتی که‌وتنه‌ جێبه‌جێکردنی ساخته‌کاری و گۆڕین یا له‌ناوبردنی ده‌نگه‌کان. ئه‌م ده‌ستێوه‌ردان و ساخته‌کارییه‌ ئه‌نجامی هه‌لبژاردنی گۆڕی و به‌لای ده‌سه‌ڵاتدا شکاندیه‌وه‌. هێزه‌کانی سه‌ر به‌ پارتی ده‌سه‌لاتدار وه‌کو هێزه‌کانی سه‌رده‌می رژێمی به‌عس دیکتاتۆرانه‌ ماسولکه‌کانیان ده‌رپه‌راند و ویستی خۆیان سه‌پاند.
به‌کورتی
کوردستانیانی هه‌نده‌ران و ناوچه‌ دابڕیندراوه‌کان له‌ ده‌نگدان بێبه‌شکران و مافیان پیشێلکرا. لیست و کاندیده‌کانی دیکه‌ په‌رواێزکران و کۆسپ و پێشگریان بۆ دروستکرا. ده‌زگای راگه‌یاندنی نیشتیمانی و بێلایه‌ن نه‌بوو که‌ لیست و کاندیده‌کان بتوانن له‌ ریگه‌یه‌وه‌ په‌یامی خۆیان به‌بێ جیاوازی به‌خه‌ڵک بگه‌یه‌نن. یارمه‌تی و هاوکاری لیست و کاندیده‌کانی ئۆپۆزیسیۆن له‌لایه‌ن ستاته‌وه‌ نه‌درا و نه‌کرا. کۆمیسیۆنی  هه‌لبژاردن جێگه‌ی بروا نه‌بوو و سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو، به‌لای به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی پارتی و یه‌کێتیدا شکانده‌وه‌. هه‌موو ده‌زگا و تواناکانی ده‌سه‌ڵات بۆ لیست و کاندیده‌کانی ده‌سه‌ڵات ته‌رخان کران. خه‌ڵک له‌ ده‌نگدانا نائازاد بوون و خرانه‌ ژێر گه‌مارۆ و هه‌ره‌شه‌ی ناراسته‌وخۆ و راسته‌وخۆی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار.‌ زۆر که‌س له‌سه‌ر جیاوازی بیروباوه‌ر له‌ کار ده‌رکران یا موچه‌یان بڕا. هێز و داروده‌سته‌کانی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی پارتی ساخته‌کاری به‌رفراوانیان ئه‌نجامدا، زۆر ده‌نگیان له‌ناوبرد و زۆر ده‌نگی ساخته‌یان دروست کرد.
له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌م فاکته‌رانه‌دا ده‌کرێ بڵێین، پرۆسه‌ی هه‌لبژاردنه‌که‌ ئازاد و ره‌وا نه‌بوو و ساخته‌ی به‌رفراوانی تێدا ئه‌نجامدرا. له‌لایه‌کی دیکه‌ پێشیلکاریه‌کانی ناو پرۆسه‌که‌ پیشانی دایه‌وه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتیکی نیشتیمانی بێلایه‌ن بوونی نییه‌،  پارتی ده‌سه‌ڵاتدر ده‌ستی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا گرتووه‌ و چۆنی ئاره‌زوو بکات واده‌کات. پرۆسه‌که‌ پیشانیدا ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتی برویان به‌ ئازادی نییه‌، بروایان به‌ ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌لات له‌رێگه‌ی پرۆسه‌ی هه‌لبژاردنی دیموکراسیانه‌وه‌ نییه، بۆیه‌ نه‌یاتوانی له‌ ئاستی داواکاریه‌کانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌دابن. به‌مجۆره‌ هه‌لبژاردنی ئه‌مجاره‌ش له‌ باشوری کوردستاندا وه‌کو هه‌لبژاردنه‌‌کانی پێشوو که‌وته‌ژێر ده‌ستێوه‌ردان و فرتوفێلی ده‌سه‌ڵات.‌ بۆیه‌ ئه‌نجامه‌که‌‌ ناتوانێ وێنه‌ی هه‌لوێست و ویستی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بکات.

Previous
Next

Leave a Reply