Skip to Content

Sunday, September 20th, 2020

هه‌موو شیعرێک به‌رزان هه‌ستیار

Be First!
by July 30, 2008 ئەدەب

هه‌موو شیعرێک به‌رزان هه‌ستیار
 پێشكەشە بە قەسیدەی "ساڵێك لە نیگەرانی "ی  "بەرزان هەستیار " .
ئاراس عەبدول كەریم

هەموو رێگاكان …
 ریگای چرا و
 ریگای گوڵ و
 ریگای ماچ و
 رێگای ئاو و ریگای ئاگر
 ئەچنەوە لای خانە وێرانەكەی تۆ و
 لەوێ نەبێ ،
 نازانن خۆیان ون بكەن ..
  *****
 هەموو سەفەرەكانی گوناه ..
 گوناهەكانی پەپوولە و
 گوناهەكانی فریشتە و
 گوناهەكانی گۆرانیی و
 گوناهەكانی مناڵیی
 ئەچنەوە بەر پەنجەرە وردوخاشەكەی تۆ و
 تا بەوێدا گوزەر نەكەن ،
 نازانن خۆیان بكوژن ..
 ئاخر ئەوان
 بۆ سێبەری پەرت پەرت بووی پیاوێك ئەگه‌رین
 فیردەوسێك لە سەریا بێت و
 جەهەننەمێكیش لە دڵیا ..!
 ئەوانیش لە خۆت بەدترن ..!
 ئەی بەدترین فریشتە و
 ئەی جوانترین گوناهباری ئەم دنیایە ..
 تۆ لەنێو بەرائەتی مردنێكا
 هەموو فێڵەكانی خوات ئاشكرا كرد و
 هەموو پێغەمبەرەكانت
 لە موعجیزە بەتاڵ كردەوە ..ّ!
  *****
 تۆ سەفەری هەموو بزمارەكانت
 بردە نێو دەستی خۆتەوە و
 بزمارێكت بە جێ نەهێشت ..!
 هەموو كەشتییە حەرامەكانت
 بە خوێنی خۆتا پەراندەوە و
 كەشتیەكەت نقوم نەبوو..!
 هەموو پەنجەرەكانی تەوبەت
 لەسەری خۆتا شكاند و
 پەنجەرەیەكت بیرنەچوو..!
 چیت هێشتەوە ..؟!
 ئەوە هەموو ساڵە پشتی دەست داخكراوەكان و
 ئەوە هەموو ئێوارە قەیرەكان و
 ئەوە هەموو سێبەرە شەرمنەكان و
 ئەوە هەموو شارە خاپووركراوەكانی عەشق ؛
 كوێت هێشتەوە ..؟!
 ئەی پیرترین مناڵی ئەم دنیایە
 تۆ ، بەم دەستە سپیانەوە ،
 چ خۆڵەپەتانییەك بە ئاگر ئەكەیت ..؟!
 تۆ  ، بەم تۆپەڵە پەشمەكەی دڵتەوە ،
 چۆن بەشی ئەم هەموو عەشقە تەره‌ ئەكەیت ..؟!
 ئەی عەجوولترین مناڵ !!
 چی ما لە ژێر دار وپەردووی
 ماڵە باجێنەی هەر هەموو ساڵەكانا ،
 لە سەفەرە زەردەكەی خۆتی نەئاڵێنی ..؟!
 چی ما  نەیبەیت ..؟!
   ******
 من ئەزانم
 هەر رۆژێک بێ
 پاییزیش داگیر ئەكەیت و
 لەوێ باویلكەیەك هەیە
 عەیامێكە لە ناو "با " دا
 بۆت ئەگەأێ
 تا پێت بڵێ :
 شاهێدیی ئەدەم
 كەس وەكو تۆ
 عەشقی لە لا نەكردووم بە سەوزترین مردن و
 مردنیشی لا نەكردووم
 بە مناڵێكی روح سووك و
 هەموو أۆژێك چاوشاركێی لەگەڵا بكەم ..
 لەوێ باویلكەیەكی گوناح هەیە
 بەخیلیی بە هەموو وەرزەكانت ئەبا و
 خۆشت ئەوێ ..
 ئاخر تۆ لە دووریی كیشوەرێكەوە
 هەمیشە سیمای منت ناسیوەتەوە …
   *****
 من ئەزانم هەر ڕۆژێک بێ
 ئێوارەش داگیر ئەكەیت و
 لەوێ نەورەسێكی قەرەج هەیە
 بەخیلیی بە تەنیاییت ئەبا و
 خۆشی ئەوێیت
 ئاخر ئەو قەرەجە ، منم ..!
 نەورەسێك هەموو ساڵەكانی لە پریاسكەی سەرابێكا لێ كەوتووە و
 گێژ گێژ .. حۆل حۆل
 لە ئاسمانا ، ئەیەوێ سۆراخیان بكات ..
 نەورەسێك
 عەیامێكە خۆرنشینت  بۆ ئەگەأێ
 تا پێت بڵێ :
 شاهێدیی ئەدەم
 كەس وەكو تۆ ئاسمانێكی نەداومەتێ
 لە ژێریا پارچەكانی خۆم كۆكەمەوە و
 لە ژێریا بۆ پەرت پەرت بوونی خۆم بگەأێم ..
 ئاسمانێك لەژێریا حەز كەم
 نەزر لە فڕین بكەم و
 سەرخەمە سەر شانی خەیاڵێكت و
 لەو هەموو شیناییەدا
 شتێك نەڵێم ..
   ******
 لەوێ نەورەسێكی قەرەج هەیە
 خۆشت ئەوێ
 عەیامێكە چاوەأێیە
 تا پێت بڵێ
 سوپاس ..
 شاهێدیی ئەدەم
 هیچ ئاسمانێك بە قەدەر تۆ ..
 هیچ ئاسمانێك لە ڕەنگی تۆ ..
 هیچ ئاسمانێك لە دەنگی تۆ ..
 گەورەم .. شاهێدیی ئەدەم
 هیچ ئاسمانێك نییە غەیری تۆ …!!
 
 

ئاراس عەبدول كەریم
          هۆڵەندا
 arasabdulkerim@hotmail.com

Previous
Next

Leave a Reply