Skip to Content

Tuesday, September 22nd, 2020

هه‌میشه‌ نێرگز…. ڕزگار گو‌ڵه‌باخ

Be First!
by March 15, 2008 ئەدەب

خواوه‌ند
ڕۆژێک کۆی کرده‌وه‌
فریشته‌ نوێنه‌ره‌کانی گشت میلله‌تان
به‌مه‌به‌ستی پرسیارکردن له‌ هه‌موویان

وه‌کو پیشه‌ی هه‌موو جارێ
فریشته‌ی نوێنه‌ری عه‌ره‌ب
سه‌رقافڵه‌ی فریشته‌کان بوو
فریشته‌که‌ی نوێنه‌ری کورد
بێ جێگه‌ بوو
له‌دواوه‌وه‌ی هه‌ر هه‌موویان
ئه‌و به‌ ته‌نها ڕاوه‌ستابوو

خواوه‌ند
چه‌خماخه‌ی خۆی لێدا و
پرسیاری کرد له‌ هه‌موویان
کێ یه‌ ئه‌توانێ پێم بڵێ
یاسای سرووشت بۆ گۆڕاوه‌ ؟
چۆن سه‌رپێچی
له‌ فه‌رمانێکی پێش وه‌ختی من کراوه‌ ؟
چۆن تا ئێستا
دنیا کۆتایی نه‌هاتووه‌
که‌چی هه‌ندێ شت گۆڕاوه‌ ؟!

فریشته‌کان
هه‌ر هه‌موویان
جگه‌ له‌ فریشته‌که‌ی کورد
که‌وتنه‌ مقۆ مقۆ و چرپه‌ چرپ
سه‌ربادان و سه‌ر سوڕمان
پرسیار کردن له‌ یه‌کتری و
پرسیار کردنیش له‌ خۆیان

نوێنه‌ری گشت فریشته‌کان
پرسیاری کرد :
خوداوه‌ندی گه‌وره‌ و مه‌زن
ئه ‌وه ‌چییه‌ که‌ گۆڕاوه‌
کامه‌ یاسایه‌ گۆڕاوه‌؟
کام سه‌رپێچی
له‌ فه‌رمانێکی پێش وه‌ختی
ئێوه‌ی مه‌زن
ئێوه‌ی ( تعالی ) کراوه‌

خواوه‌ند
له‌ وه‌ڵامدا ووتی
من یاسایه‌کم داناوه‌
نێرگز ده‌بێ
ته‌مه‌ن کورت بێ
نێرگز ده‌بێ
له‌ ساڵێکدا ته‌نیا یه‌ک جار
بۆ پێشوازی وه‌رزی به‌هار
سه‌رێک بدا و گوڵی گه‌ش بێ
که‌چی چڵێک نێرگز هه‌یه‌
وا چه‌ند ساڵه‌ هێشتا به‌ زیندوویی ماوه‌
گوڵی گه‌شه‌ و هیچ سیس نه‌بووه‌ و
ڕه‌نگه‌که‌شی نه‌گۆڕاوه‌ !

گه‌ر ئه‌مه‌ سه‌رپێچی نه‌بێ
گه‌ر ئه‌مه‌ یاخی بوون نه‌بێ
گه‌ر یاسا شکاندن  نه‌بێ
ئه‌ی ئا ئه‌مه‌ چۆن ڕویداوه‌ ؟!

فریشته‌که‌ی
نوێنه‌ری کورد
له‌دواوه‌وه‌ی هه‌ر هه‌موویان
ده‌ستی ڕاستی به‌رز کرده‌وه‌ و که‌وته‌ دووان
ووتی:
خواوه‌ند
ئه‌و نێرگزه‌ی باسی ده‌که‌ن
یاسای سرووشتی تێکداوه‌
گوڵی گه‌شه‌ و
هیچ سیس نه‌بووه‌ و ڕه‌نگه‌که‌شی نه‌گۆڕاوه‌
ئه‌وه‌ چڵه‌ نێرگزێکه‌
به‌ خوێنی لووتی پژاوی
ده‌ست کیمیاوی
منداڵه‌ مه‌لۆتکه‌ کراوه‌که‌ی
ناو باوه‌شی ( عومه‌ری خاوه‌ر ) ئاو دراوه                                         /  سلێمانی

Previous
Next

Leave a Reply