Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

هه‌نگوینه‌که‌ی هه‌ره‌ر….ئاماده‌کردنی: شێرزاد هه‌ینی

Be First!

هه‌نگوینه‌که‌ی هه‌ره‌ر
ئاماده‌کردنی: شێرزاد هه‌ینی

 

باوکم حه‌قی بوو به‌ کۆچه‌ر ناومان ببات، چونکه‌ من له‌ وڵاتی یۆگۆسلاڤیا له‌دایکبووم، له‌ وڵاتی ئۆکرانیای شیرم له‌ مه‌مکی دایکم مژیوه‌، له‌ کۆرسیکا له‌ مه‌مک کراومه‌ته‌وه‌، له‌ سه‌قلییه‌ دایبیم فڕێداوه‌، له‌وێیه‌وه‌ به‌ره‌و خۆرئاوا به‌ڕێکه‌وتووم، تا گه‌یشتوومه‌ته‌ باشووری پرتوگاڵ، که‌ له‌وێ زمانی فه‌ره‌نسی فێربووم به‌ره‌و ئه‌سپانیا بارمان کردووه‌.
ئه‌و ژنه‌ کۆچبه‌ره ناوی له‌یلا‌بووه‌و له‌ له‌نده‌ن چیرۆکی‌ سه‌رگردانی خۆی بۆ سه‌ربرده‌ی رۆمانێک گێڕاوه‌ته‌وه‌. پاڵه‌وانی رۆمانه‌که‌ دایکوباوکی ده‌چنه‌ مه‌غریب له‌وێ ئه‌و دوو که‌سه‌ یاخییه‌ له‌ کۆڵانێکی شاری ته‌نجه‌ی مه‌غریب ده‌کوژرێن، پیاوێکی سۆفی موسلمان کیژه‌ هه‌تیمه‌که‌ هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌. له‌سه‌ر ره‌وشتی ئیسلام په‌روه‌رده‌ی ده‌کات، ئه‌و کیژه‌ که‌ گه‌وره‌ ده‌بێت سه‌فه‌ری ئه‌سیوبیا ده‌کات، ده‌چێته‌ چواره‌م شاری موسلمان هه‌ره‌ر، تا ساڵی 1974 له‌وێ ده‌مینێته‌وه‌، که‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆر هیلا سیلاسی ده‌رووخێت وڵاته‌که‌ ده‌بێته‌ پارچه‌یه‌ک له‌ دۆزه‌خ، پاڵه‌وانه‌که‌ هه‌ر کۆچ ده‌کات و رۆمانه‌که‌ش له‌گه‌ڵ سێبه‌ره‌که‌ی خۆیدا ده‌بات.
ئه‌و رۆمانه‌ (هه‌نگوینه‌که‌ی هه‌ره‌ر) نووسه‌ره‌که‌ی که‌ندییه‌و له‌ ئه‌سوبیا ژیاوه‌و زانستی کۆمه‌ڵناسی مرۆیی خوێندووه‌. ئه‌و له‌ نووسینه‌که‌دا خه‌یاڵ و مێژووی ئاوێته‌کردووه‌، کۆن و نوێی تێکه‌ڵکردووه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی سیحراوی باسی هه‌موو گڕێیه‌کانی بڕواکانی ئیسلامی کردووه‌. له‌یلا ئازاده‌و سه‌ربه‌ستانه‌ ژیانی خۆی هه‌ڵبژاردووه‌، ئه‌و ژنه‌ موسلمانه‌ سپییه‌، له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی هه‌ره‌ر له‌دوای نه‌وایه‌ک ده‌گه‌ڕێت، له‌و کۆمه‌ڵه‌ی که‌س به‌ خۆشه‌ویستی هاوسه‌رگیری ناکه‌ن، په‌یوه‌نده‌ییه‌کان، ڕه‌چه‌له‌که‌کان، سرووته‌کان و هێماکان ئه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ ده‌که‌ن، ئه‌و له‌وێ خه‌ته‌نه‌ی کیژانی دیوه‌و هه‌ستی کردووه‌ که‌وا چه‌ند پرۆسه‌یه‌کی ناخۆش و دڕه‌ندانه‌یه‌. له‌وێ ئه‌و ره‌وشه‌ سیاسییه‌که‌ ئاڵۆز ده‌بینێت، بۆیه‌ له‌وێ بۆی ده‌رده‌چیت. له‌ هه‌ره‌ره‌وه‌ ده‌گاته‌ له‌نده‌ن و کاری په‌رستیاری په‌یدا ده‌کات.
که‌ منگیتسو میریام ده‌گاته‌ ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته‌ ئیشتراکییه‌که‌ی داده‌مه‌زرێنت، به‌ ده‌ستی ئیرهابه‌ سووره‌که‌ی کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ ده‌کات، خه‌ڵکی زۆر له‌وێ  راده‌که‌ن، له‌وانه‌ زۆریان ده‌گه‌نه‌ له‌نده‌ن، ئه‌ویش له‌ له‌نده‌ن هاوکاریان ده‌کات، ژنێک له‌سه‌ر شۆسته‌ هه‌ڵده‌گرێته‌وه‌و له‌ مردن رزگاری ده‌کات، که‌ ژنه‌که‌ زیندوو ده‌بێته‌وه‌ به‌یه‌که‌وه‌ رێکخراوی فریاکه‌وتنی ئه‌سیوبییه‌کان داده‌مه‌زرێنن.
ئه‌و دوو ژنه‌ بیره‌وه‌ری خۆیان ده‌گێڕنه‌وه‌، له‌ ئوردوگاکان چۆن مناڵێکی ته‌مه‌ن نۆ ساڵان ده‌سترێژی گولله‌یان به‌ناودا ده‌کات، چۆن پیاوان له‌ کینیا ده‌سترێژی سێکسیان ده‌که‌نه‌ سه‌ر، به‌ڵام به‌یه‌که‌وه‌ به‌خشنده‌یی و دڵۆڤانی خۆیان ده‌که‌نه‌ به‌رنامه‌ی فریاکه‌وتن‌.
ئه‌و رۆمانه‌ له‌ ساڵی 2008 چاپکراوه‌و ته‌رجمه‌ی نزیکه‌ی 20 زمان کراوه‌. هه‌ره‌ر شارێکی موسلمانه‌ له‌ خوارووی ئه‌سیوبیا، له‌ ساڵی 1854 پیاوێکی بێگانه‌ خۆی کردووته‌ موسلمانی بازرگان و به‌ عه‌ره‌بیه‌کی باش قسه‌ی له‌گه‌ڵیان کردووه‌، ئه‌و یه‌که‌م که‌سی گه‌ریده‌ بوو گه‌یشتووته‌ ئه‌و شاره‌. میلله‌ته‌که‌ عه‌ره‌بن و له‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بییه‌وه‌ په‌ڕیونه‌ته‌وه‌ ئه‌و شاره‌. سوپای ئیسلامییه‌کان کریستیانه‌ حه‌به‌شییه‌کانیان له‌وێ ده‌رپه‌ڕاندووه‌.
له‌ناو هه‌نگوینه‌که‌ی شاری هه‌ره‌ره‌ ئه‌وه‌ باوه‌ ئه‌وه‌ی کیژێک بخوازێت ده‌بێ مانگایه‌کی به‌شیر ره‌وانه‌ی ماڵی بووکه‌که‌ بکات، دایکی بووکه‌که‌ش به‌ شیره‌که‌ په‌نیرو روونی بۆ ساز ده‌کات و له‌ شه‌وی به‌زاوابوونیدا پێشکه‌شی زاواکه‌ی ده‌کاته‌وه‌، نووسه‌ره‌ ژنه‌که‌ (کامیلیا جیب) چه‌ند رۆمانی تری هه‌یه‌، ئه‌و له‌ له‌نده‌ن له‌دایکبووه‌و له‌ که‌نداش خوێندوویه‌تی. ئه‌و رۆمانه‌ له‌ پاشکۆی لۆمۆندی عه‌ره‌بییه‌وه‌ نمایشکراوه‌، که‌ له‌ ژماره‌ سێی ساڵی 2009دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌و رۆژانه‌یه‌ش له‌ هزرو بیره‌وه‌ری کۆچبه‌ره‌ کورده‌کانی تاراوگه‌ زۆرن. له‌ ناو ماڵباته‌ کورده‌کانیش نمونه‌ی وا هه‌یه‌ که‌وا دایکوباوکی له‌به‌ر دڕه‌ندیی و سوتماکی خاکه‌که‌یان، مناڵێکیان له‌ ئوردوگاکانی ئیران بووه‌، له‌و ئاستنبۆل مه‌مکی مژیوه‌و له‌ ئۆکرانیاش پێی گرتووه‌، له‌ مۆسکۆ له‌ رۆژانی چاوه‌روانی گه‌یشتیان به‌ ئه‌وروپا مناڵه‌که‌ ددانی که‌وتووه‌، له‌ سوید سه‌ره‌تایی ته‌واوکردووه‌، له‌ ترسی ته‌نیایی و شه‌خته‌ و به‌سته‌ڵه‌کی ئه‌و وڵاته، خێزانه‌که‌‌ په‌ڕیونه‌ته‌ که‌نداو له‌وێشه‌وه‌ له‌ ئه‌فریقیا کاری ده‌ستکه‌وتووه‌و….

………………………………

تێبینی:
وێنه‌که‌ به‌رگی ڕۆمانه‌که‌یه‌ به‌ زمانی فه‌ره‌نسی

Previous
Next

Leave a Reply