Skip to Content

Friday, December 3rd, 2021

هه‌ولێر و به‌غدا …..محه‌مه‌دی مشیر

Be First!
by August 20, 2009 گشتی

هه‌ولێر و به‌غدا
له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی داهاتووی عێراقدا

له‌ گه‌رمه‌ی گه‌رمای مانگی ته‌مموزدا كێشه‌كانمان له‌ نێوخۆی هه‌رێمی كوردستاندا له‌ گه‌ڵ یه‌كتردا بڕانده‌وه‌، له‌ رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ (هه‌رچۆنێكی بوو) گه‌مه‌ سیاسییه‌كه‌ی نێوخۆمان بۆ چوار ساڵی داهاتوو كۆتایی پێهێنا، ئه‌وجاره‌یان نۆره‌ی هه‌مان گه‌مه‌یه‌ له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدا دا. كه‌ ئه‌مه‌شیان كاریگه‌ری زیادتری به‌سه‌ر ئاینده‌ی هه‌رێم و په‌یوه‌ندی وكێشه‌كانی نێوان هه‌ردوو لادا  ده‌بێت.
له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2005 دا لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی توانی له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت له‌ دوای (ئیئتلافی یه‌كگرتووی عێراقی) دووه‌مین رێژه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ ده‌ست بهێنێت و 53 كورسی له‌ كۆی 275 كورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆخۆی زامن بكات.
بڕیار وایه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2009 دا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق ئه‌نجامبدرێت، كورد له‌ هه‌ڵبژاردنی 2005دا به‌ یه‌ك لیست به‌شداریكرد، به‌ڵام دوای راگه‌یاندنی ده‌ره‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25/7 ی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌نگۆی ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌یان كورد به‌ زیادتر له‌ لیستێك ده‌چێته‌ نێو ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی هێشتا رووخسار و شێوازی لیسته‌ جیاجیاكان به‌تواوی دیارنین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ببێته‌ راستیش ئه‌وا ماوه‌ی 5 مانگێكمان له‌ پێشدایه‌ تا بزانین كورد به‌چه‌ند لیست به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقدا ده‌كات.
له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردووی په‌رله‌مانی عێراقدا، پارتی و یه‌كێتی له‌ نێو لیستی هاوپه‌یمانی كوردستاندا، وه‌ك نوێنه‌ری ده‌نگی زۆرینه‌ی ئه‌وسای كورد، زۆرینه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق و پۆسته‌ وه‌زارییه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، ئه‌وان نوێنه‌ری زۆرینه‌ی گه‌لی كورد بوون له‌ حكومه‌تی فیدڕاڵدا و سه‌رجه‌م كێشه‌و گرفته‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان له‌ گه‌ڵ حكومه‌تی مالیكی تاوتووده‌كرا و تا ئێستاش ره‌وشه‌ ئاڵۆزه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو لا به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام  دوور نییه‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق سنوورێك بۆ ئه‌و ره‌وشه‌ دابنێت.
ده‌ره‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25/7 هه‌رێمی كوردستان دڵی كۆمه‌ڵێك لایه‌نی له‌ به‌غدا خۆشكرد، ئه‌و لایه‌نانه‌ – له‌مه‌ودوا –  له‌ به‌ر رۆشنایی ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌دا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تیش كێشه‌كانی (بودجه‌ی هه‌رێم،ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم، گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم، پێشمه‌رگه‌،مادده‌ی 140 و ده‌ستوور). به‌غدا  هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ خه‌ریكه‌ ململانێی نێوان هه‌ردوولا به‌ره‌و ئاقارێكی دیكه‌ ده‌بات. یه‌كێ‌ له‌ ئاماژه‌ به‌هێزه‌كانی په‌لكێشكردنی ململانێكه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی دی له‌وه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت كه‌ هه‌مووی چه‌ند رۆژێكه‌ پڕۆژه‌ی هه‌مواركردنی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق به‌ زیادكردنی 100 مادده‌ی هه‌مواركراو و زیادكراوه‌وه‌،خراوه‌ته‌ڕوو و چاوه‌ڕوانه‌ په‌رله‌مانی عێراق پاش تاوتووكردنی بڕیاری له‌سه‌ر بدات. ئه‌و پڕۆژه‌ هه‌مواركراوه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق هه‌ندێ‌ ئاماژه‌ی ترسناكی بۆ دۆزی ره‌وای گه‌لی كورد له‌ عێراقدا تێدایه‌، به‌ جۆرێك ده‌گاته‌ ئه‌و رادده‌یه‌ی كه‌ مادده‌ی 140 ی تایبه‌ت به‌كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌، هه‌ڵوێستی عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانی كه‌ركوكیش به‌رامبه‌ر جێبه‌جێنه‌كردنی مادده‌ی 140 و دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كه‌ركوك ئاماژه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌هێزه‌ و ده‌چێته‌ هه‌مان خانه‌وه‌.جگه‌ له‌وه‌ درێژكردنه‌وه‌ی ململانێی نێوان هه‌ردوو لیستی (حه‌دبا) و ( برایه‌تی نه‌ینه‌وا) به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی جه‌نگی نێوان هه‌ردوولایه‌ كه‌ به‌غدا وه‌ك كارتی گوشار له‌به‌رامبه‌ر هه‌ولێردا به‌كاریده‌هێنێت.
له‌ به‌ر رۆشنایی ئه‌و ده‌رهاوێشتانه‌دا هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ره‌تای ساڵی 2009 ی په‌رله‌مانی عێراق گرنگی و بایه‌خێكی زۆرتری ده‌بێت بۆ هه‌ولێر و به‌غداش ئه‌م راستییه‌ باش ده‌زانێت.به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ولێر ئه‌مجاره‌یان چۆن خۆی ئاماده‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر به‌ زیادتر له‌ لیستێك بچێته‌ نێو ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌؟؟
وه‌ك ئاماژه‌م پێدا له‌ماوه‌ی رابردووی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی ئێستای عێراقدا كورد به‌ یه‌ك لیست به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی كرد و له‌ حكومه‌تی فیدڕاڵدا به‌شداربوو، كه‌چی تا ئێستا نه‌یتوانی گرێی كێشه‌ ئاڵۆز و چاره‌نووسسازه‌كانی له‌ گه‌ڵ به‌غدادا بكاته‌وه‌، باشه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌یان به‌ زیادتر له‌ لیستێك به‌شدار بێت ده‌توانێ‌ چی بكات؟
ئایا لیسته‌ جیاوازه‌كانی كورد له‌ به‌غدا هاوده‌نگ و هاوهه‌ڵوێست ده‌بن له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و كێشانه‌ی له‌وه‌تای 2003 ه‌وه‌ ئه‌مڕۆ و سبه‌یان پێده‌كرێ‌؟ ئایا ئه‌گه‌ری فره‌ لیستیی كورد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2009 ی په‌رله‌مانی عێراقدا ده‌توانێ‌ سه‌نگی كورد له‌ به‌غدادا به‌ به‌هێزی بهێڵێته‌وه‌؟  ئایا  لیسته‌ كوردییه‌كان له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌ ژێر چه‌ترێكدا كۆده‌بنه‌وه‌ یان هه‌ر لیستێكیان له‌گه‌ڵ لیسته‌كانی به‌غدادا به‌دوای هاوپه‌یمانیدا ده‌گه‌ڕێ؟
پرسیار  زۆرن و وه‌ڵامدانه‌وه‌شیان كارێكی ئاسان نییه‌، لێ‌ رۆشنه‌ لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی میراتێكی قورس و شه‌ڕێكی سه‌ختی بۆ كورد هێشتۆته‌وه‌ كه‌ قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2009 به‌ توندی رووبه‌ڕووی كورد ده‌بێته‌وه‌، ئیدی ئه‌گه‌ر به‌ لیستێك به‌شداری بكات یان به‌ چه‌ند لیستێك.
له‌ كۆتاییدا پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ كه‌ فره‌ لیستی كورد له‌ به‌غدادا، وه‌ك پارادایمێكی سیاسی، مایه‌ی نیگه‌رانی و دڵه‌راوكێ‌ نییه‌، به‌ڵام مه‌ترسی راسته‌قینه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ ئه‌و فره‌ لیستییه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ په‌رته‌وازه‌یی كورد و هه‌ڵوێستی سیاسی جیاجیای لێبكه‌وێته‌وه‌ و له‌ كۆتاییدا نه‌ك لیسته‌كان، به‌ڵكو كورد به‌گشتی شه‌ڕه‌كه‌ له‌ گه‌ڵ به‌غدادا بدۆڕێنێت.
ئایا لیسته‌ جیاجیاكانی كورد به‌ڵێنی ئه‌وه‌ به‌ هاووڵاتیانی كوردستان ده‌ده‌ن ته‌مومژی ئه‌و گومانه‌ بڕه‌وێننه‌وه‌ و پێمان بڵێن ئه‌و رۆژه‌ گوزه‌شت كه‌ كورد ببێته‌ پارووێك و به‌ ئاسانی قووتبدرێت؟!

 

 

Previous
Next

Leave a Reply