Skip to Content

Friday, December 4th, 2020

هه‌ڵبژاردن وه‌ك هه‌لێكی زێڕین بۆ وازهێنان له‌ موژده‌وه‌همیه‌كان

Be First!
by April 16, 2009 گشتی

هه‌ڵبژاردن وه‌ك هه‌لێكی زێڕین بۆ وازهێنان له‌ موژده‌وه‌همیه‌كان
 ( حیزبه‌كان پڕبون له‌شه‌یتان , هه‌مو ساتێكیش خه‌ونی شه‌یتانی ده‌بینن )
پێشڕِه‌و حه‌مید

گه‌لێك خاوه‌نی كه‌سانی دڵسۆزو سه‌ركرده‌ی خاون ئه‌قڵی دیبلۆماسیی و سیاسیانه‌ی باڵابێت و گه‌لێكی هۆشیاربێت و ئاگاداری ڕه‌وته‌كانی گۆڕانبێـت له‌هه‌موو بواره‌كانی سیاسی و ئابوری و كولتور و  هتد,ئه‌وا مه‌حاڵه‌ به‌ئاسانی ( هه‌لی زێڕین ) ی وه‌ده‌ست بكه‌وێت بۆده‌ربازبون له‌ قه‌یرانه‌كان ئه‌گه‌ر ڕوبه‌ڕوی قه‌یرانه‌كان بنه‌وه‌ , به‌ڵام هه‌رگه‌لێكی هوشیاریش ئه‌گه‌ر بۆده‌ربازبونیان له‌قه‌یرانه‌كان و دروستكردنی كیانیكی تایبه‌ت به‌خۆیان ( هه‌ل ) یان بۆڕه‌خسابێت ئه‌وا وه‌ك ئێمه‌ی كورد له‌ده‌ستیان نه‌داوه‌وه‌ و سه‌ركرده‌كانیان گه‌مه‌زانێكی باشی ناوگۆڕه‌پانی كێشه‌ سیاسیه‌ ئاڵۆزه‌كان بوه‌و به‌به‌كارهێنانی ( ئه‌قڵ ) و ته‌كتیكی دیبلۆماسیانه‌ی خۆیان كه‌م تازۆر توانیی ویانه‌ به‌ سود وه‌رگرتن له‌ ڕه‌وته‌كانی گۆڕانی سه‌رده‌مه‌ جیاجیاكانی خۆیان سود وه‌ربگرن و ته‌واوی قه‌یرانه‌كانیان تێپه‌ڕێنن و ببنه‌ خاوه‌ن كیانێكی سه‌ربه‌خۆو وڵات گه‌لێكی به‌هێز ,وه‌ك وڵاتانی ئه‌وروپا كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌دوای جه‌نگی دووهه‌می جیهان سودیان له‌ ئه‌زمونی تاڵی شه‌ڕ وه‌رگرت و هه‌لێكه‌یان قۆزته‌وه‌ بۆ بونیات نانه‌وه‌ی وڵاته‌كانیان .
له‌ ده‌ست دانی هه‌لی زێرین بۆده‌ربازبون له‌قه‌یرانه‌ سیاسه‌كانیان , یان گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر ده‌ستی حیزب و گروپه‌ جیاوازه‌كان له‌پانتای  عێراق وكوردستاندا له‌ماوه‌ی ( 80 )  ساڵی ڕابردودا , له‌ئه‌ژماركردن نایه‌ت به‌تایبه‌تی ئه‌و هه‌لانه‌ی كه‌ بۆ ( كورد ) ئاماده‌ییان هه‌بوه‌و له‌ده‌ستیان داوه‌ , هه‌وه‌ها  له‌دوای ڕوخانی ڕژێمی پاشایه‌تی له‌ عێراق له‌ ( 14/7/1958 ) هه‌لێكی زێرین بۆ ( شیوعیه‌كانی عێراق ) هاته‌پێشه‌وه‌ كه‌ حوكمی عێراق بكه‌ن و زیاتر پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی به‌هێزتر بكات كه‌ له‌وكاته‌دا خاوه‌نی گه‌وره‌ترین پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری بو , له‌دوای له‌ده‌ست دانی ئه‌و هه‌له‌ به‌بیانوی كۆمه‌ڵێك به‌هانه‌ی بێمانای ئه‌وسه‌ردامانه‌ی ژیانی حیزبی شیوعی و ڕه‌وشی سیاسی و كۆمه‌ڵاتی و ئابوری له‌عێراقدا , ئه‌وا جارێكی تر مه‌حاڵه‌ ( شیوعیه‌كانی كوردستان و عێراق  ) هه‌لێكی وه‌هایا بۆبڕه‌خسێت  بۆحوكمكردنی وڵاتێكی پڕله‌كێشه‌ی سایسی و ئیداری وه‌ك كوردستان و عێراق  , به‌ڵكوئه‌و حیزبه‌ توانای ڕێكخستنه‌وه‌ی شه‌قامی سیاسی و فیكری خۆیشی نابێت كه‌ له‌و سه‌رده‌مانه‌دا به‌ ته‌نها بانگه‌وازێكی بچوك بتوانێت ( 3 ) ملێون مرۆڤ بخاته‌ سه‌رشه‌قامه‌كان و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ر خۆی به‌هێز بكات ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه‌ئه‌مڕۆ ڕوئه‌ده‌ن و حیزبی شیوعیش به‌فیكرێكی دۆگماوه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌ته‌كدا ده‌كات , بۆمیلله‌تی كوردیش چه‌ندین ( هه‌ل ) چونه‌ته‌ پێش بۆئه‌وه‌ی به‌خه‌ونی له‌مێژینه‌ی خۆی شادبێت و ببێته‌ خاوه‌نی كیانێكی سه‌ربه‌خۆ به‌ڵام سایه‌تی دوفاقیه‌ت و ترس له‌بڕیاردانی چاره‌نوس ساز , تائێستاش به‌ پاشكۆی خۆیی حكومه‌تی ناوه‌ند به‌ستووه‌ته‌وه‌و توانایی خۆده‌ربازكردنی نییه‌ له‌مۆته‌كه‌ی بێبڕوابون به‌ سه‌روه‌ت و و مێژوو قوربانییه‌كای خۆی بۆ جاردانی بون به‌ده‌وڵه‌ت و ناشتوانێت واز له‌و ده‌وڵه‌تانه‌بهێنێت كه‌ ده‌زانێت هه‌ركات به‌رژه‌وه‌ندینان له‌گه‌ڵ كوردا یه‌كی نه‌گرتوه‌ پشتی تێده‌كه‌ن .
ئایا ئه‌م هه‌له‌ی تر , ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی كه‌بڕیاره‌ له‌ماوه‌ی دومانگی تردا سازبكرێت تاچه‌ند حیزبه‌كان فێرده‌كات واز له‌ به‌خشینه‌وه‌ی موژه‌وه‌همیه‌كانیان بهێنێت و به‌چی پرۆژه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌چنه‌ نێو ململانییه‌كانه‌وه‌ له‌كاتێكدا ئیدی گێرانه‌وه‌ی مێژوی سه‌روه‌ری شاخ و  و وتاری حه‌ماسیی و په‌خشانی شۆڕشگیرشانه‌ هیچ له‌ هاوكێشه‌كان ناگۆڕێت ؟   
ئه‌گه‌ر حیزبی كوردیی به‌م فیكره‌ نه‌خۆشه‌ی خۆیه‌وه‌ درێژه‌ به‌ فریودان و به‌خشینه‌وه‌ی موژده‌ وه‌هه‌میه‌كانی خۆی بدات و بیه‌ویێت له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چه‌ند ڕێكخراو و ناوه‌ندێكی كارتۆنی و گۆڕینی چه‌ند ڕوخسارێك بێته‌وپێشه‌وه‌ , بۆكرانه‌وه‌و  قبوڵكردنی ئه‌قڵێتی تازه‌و خوێنی زیندوی نه‌وه‌یه‌كیترو ململانی كردن له‌سه‌ر وه‌ده‌ستخستنی ده‌نگی زۆرترین ده‌نگده‌رانی پرۆسه‌ چاوڕوانكراوه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن, ئه‌وا گۆمانێكی زۆرله‌سه‌ر ئاینده‌ی حیزب دروست ده‌كات و وێنه‌ ته‌ماوییه‌كه‌ی خۆی  به‌و ئه‌قڵێته‌وه‌ ڕۆشن ناكاته‌وه‌ و به‌رده‌وام له‌بازنه‌یه‌كی باتاڵدا خولده‌خوات و ناتوانێت خۆی له‌ سیاسه‌تی ئیزدیواجییه‌ت ڕزگار بكات ؟ چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆبه‌ناوی چاكسازییه‌وه‌ كاری بۆده‌كات و چه‌ند هه‌نگاوێكی بچویكشیی بۆ هه‌ڵنا جگه‌له‌ دوفاقیه‌ت هێشتا هیچ نییه‌ ؟
 ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی له‌ته‌نیشت حیزبه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر كورسی به‌رپرسیارێتی و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كه‌و تنه‌مه‌ترسیه‌وه‌و ئێستا له‌شوێنێكی تره‌وه‌ ده‌یه‌وه‌ێت به‌ناوی چاكسازییوه‌ سه‌ربكه‌وێت تاچه‌ند ڕاستگۆیانه‌ بۆ چاكسازیی و به‌دامه‌زراوه‌كرندی دزگاحكومییه‌كان كارده‌كات , تاچه‌ند ئاماده‌یه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بخاته‌ پێشبه‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌وه‌, له‌كاتێكدا به‌رله‌ تۆران و یاخی بونی له‌حیزبه‌كه‌ی پێشتر به‌رژه‌وه‌ندی به‌حیزبی دایكیه‌وه‌ ده‌یبسته‌وه‌ ؟.
  ئه‌و به‌ها ئه‌خلاقیانه‌چین كه‌ حیزبی كوردی شانازیان پێوه‌ده‌كات ؟ له‌كاتێكدا ئه‌و  سیاسه‌تكردنه‌ی  حیزبه‌كوردیه‌كان كردویانه‌ته‌ سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌بردن  له‌ماوه‌ی هه‌ژده‌ساڵدا جگه‌له‌ ده‌سته‌مۆكۆدن و قۆرغكردنی سه‌روه‌ت و سامانی میلله‌ت و دوباره‌كردنه‌وه‌ی چه‌ندین هه‌ڵه‌ی سیاسی و میژویی و دروستكردنی چه‌ندین باندی له‌یاسا هه‌ڵهاتوو  به‌خشینی پله‌ی به‌رپرسیارێتی به‌ خه‌لكانی گه‌نده‌ڵكار و قوڵكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌ چینایه‌تییه‌كان و … تد, هیچ مانایه‌ك بۆ ئه‌خلاق نایه‌ڵێته‌وه‌ ؟!  ئه‌گه‌ر حیزبی كوردی له‌ڕابردودا قوربانی به‌ ئه‌ندامانی خۆیی و  نه‌ته‌وه‌كه‌ی دابێت بۆپارستنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌و ڕزگاركردنی نه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌تككردن  ڕزگاركردنی كوردستان له‌ژێرچه‌پۆكی دوژمونانی كورد و به‌هه‌مو شكست و ده‌سكه‌وتو سه‌روه‌ریه‌كانیه‌وه‌ وێنه‌یكی جوانی به‌خۆی به‌خشیبێت له‌دڵی میلله‌تدا ؟  ئه‌وا له‌ئێستادا  حیزبی كوردی خاوه‌نی كام وێنه‌یه‌  له‌نێوان وێنه‌یكی شه‌یتانی , وێنه‌یه‌كی شكاو , وێنه‌یكی ناڕێك و  وێنه‌گه‌لێكی تری ناشرین  كه‌ له‌دوای ئه‌و هه‌مو ماڵوێرانییه‌ی كه‌ به‌سه‌ر ئه‌قڵیه‌تی خۆیداهێنایو خه‌ڵكی كوردستانیان له‌ خۆخواردنه‌وه‌دا به‌جێهشتو و له‌پانتاییه‌كی ناته‌ندروستدا به‌شێون چاره‌نوسیی خۆیه‌وه‌ بێ قاچ ده‌یه‌وێت به‌رده‌وام بێت بۆخۆدۆزینه‌وه‌ ؟ ئاخۆ به‌هاكانی حیزب درۆزن , یان ڕاستییه‌كانی  ده‌مامكن؟  سیاسه‌ته‌كانی چه‌واشه‌كارن, یان گوتاره‌كانی سۆزئامێزو له‌رزوكن ؟ ئایا خه‌ونه‌كانی حیزبی كوردی  شه‌یتانین , یان ڕێكخستنه‌كانی حیزب پڕبوه‌ له‌شه‌یتان ؟ ئه‌گه‌ر ته‌نها به‌پرسیایرێكی ساده‌ ده‌ستپێبكه‌ین له‌سه‌ر ئه‌قڵیه‌تی په‌روه‌رده‌كردن و پێگه‌یاندنی ( كادیر ) ی حیزی و بزانین ئه‌وانه‌ی حیزب دروستیان ده‌كات بۆ خۆبه‌ڕێوه‌بردن و دیاركردنی سیاسه‌تی ئاینده‌ی حیزب , ئه‌واده‌كرێت بڵێن ,حیزبی كوردی كێ په‌روه‌رده‌ده‌كات و ئه‌وانه‌ی مه‌هامی په‌وروه‌رده‌كردن ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆكێن و ئه‌وانه‌ی په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن چۆن حیزب به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن ؟ ئێستا حیزبی كوردی پڕه‌ له‌شه‌یتان و شه‌یتانانه‌ وانه‌كانیان پێده‌وترێته‌وه‌و شه‌یتانانه‌ گوتاروكان ئاراسته‌ده‌كه‌ن و شه‌یتانانه‌ سیاسه‌تی دوقاقیه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن و شه‌یتانانه‌ بیرله‌ئاینده‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و شه‌یتانانه‌ كورسیه‌كانی به‌رپرسیاریه‌تیان به‌كار ده‌هێنن و شه‌یتانانه‌ وێنه‌ی فریشته‌یه‌ك به‌ شه‌یتانه‌گه‌وره‌كانی ناو حیزب ده‌به‌خشن .
ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت ده‌كات له‌نێو حیزبدا و ئه‌وه‌ی حیزب به‌ڕێوه‌ده‌بات و ئه‌وه‌ی حیزب فیری ده‌كات و ئه‌وه‌ی له‌حیزبه‌وه‌ فێرده‌بێت ئه‌وانه‌ن كه‌ ئه‌م وڵاته‌یان له‌ گه‌نده‌ڵیدا نغرۆكرت , ئه‌وانه‌بون كه‌شه‌ڕی ناوخۆیان دروستكرد , ئه‌وانه‌بون كه‌وه‌ك میلله‌تێكی نه‌زانن و بێئراده‌ و خۆشباوه‌ڕ به‌ دونیایان ناساندین , ئه‌وانه‌ن بون وڵاتیان به‌سه‌ر دوو هه‌رێمدا دابه‌شكرد, ئه‌وانه‌بون كه‌ به‌ناوی پارستنی ئه‌منی قه‌ومییه‌وه‌ سه‌روه‌ری نیشتمانیان خسته‌ژێر پۆستاڵه‌كانی جه‌ندرمه‌وه‌ و  پاسداره‌وه‌ , ئه‌وانه‌بون كه‌ بۆ پارستنی مافه‌كانی ژنان فره‌ ژنیان كرده‌بڕیار , ئه‌وانه‌بون كه‌به‌ناوی پارستن و فراوانكردنی مه‌وداكانی ئازادییه‌وه‌ میدیای ئه‌هلی یان كرده‌ جاسو و به‌ناوی دادپه‌روه‌رییه‌وه‌ قه‌ڵمی ئازادو سوربه‌خۆیان تیرۆركرد , ئه‌وان ئه‌وانه‌بون كه‌مۆدیلێكی حكوم كردنیان داهێنا هێشتا له‌دونیادا وێنه‌ی نییه‌ له‌ له‌نگیدا , ئه‌وان ئه‌وانه‌بون كه‌ …تد, دركاندنی ئه‌م چه‌ند هه‌قیقه‌ته‌ تۆمه‌تباركردنی ئه‌وانه‌ نییه‌ كه‌ ئێستا خۆیان به‌ فریشته‌ده‌زانێت , ئه‌وه‌نده‌ی به‌ئاگاهێنانه‌وه‌یانه‌  له‌ شه‌یتان بونیانی خۆیان .
ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌ تاچه‌ند خزمه‌تی ئه‌وڕه‌گه‌زه‌ ده‌كات كه‌ناوی  واقیعیه‌تی حیزی كوردیه‌ ؟ له‌كاتێكدا خه‌یاڵ و ڕه‌مزه‌وه‌همیه‌كانی حیزب له‌ناوحیزبدا باڵاده‌ستن ؟ ئایا حیزیه‌كانی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر خویندنه‌وه‌و پرسیارگه‌ڵێكی وه‌ها دا تاچه‌ند به‌خۆیاندا ده‌چنه‌وه‌و هه‌وڵی چاككردنه‌وه‌ی وێنه‌ شكاوه‌كه‌ی خۆیان ده‌دن , كه‌ پڕن له‌گه‌مه‌ی كۆن و فیكری نه‌خۆش و ئه‌قڵی پیر ؟.
تێبینی: ئه‌م وتاره‌ له‌ژماره‌ ( 515 ) ڕۆژنامه‌ی ( هاوڵاتی ) له‌ ڕۆژی ( 12/4/2009 ) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ 

   

 

Previous
Next

Leave a Reply