Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

هه‌ڵسه‌نگاندنی ناوه‌ندی چاک بۆکۆنفرانسی به‌ جیهانیکردنی جینۆسایدی گه‌لی کورد

Be First!
by February 14, 2008 گشتی

دوای کۆتاییهاتنی کۆنفرانسی به‌ جیهانیکردنی جینۆسایدی گه‌لی کورد که‌ له‌ ڕۆژانی 26-28 ی ژانیوه‌ری 2008 له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی باشوری کوردستان به‌سترا و به‌شداری کارای ناوه‌ندی چاک له‌و کۆنفرانسه‌دا به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ و پێشنیار و ڕاسپارده‌ی به‌پێز و ئاماده‌یی ڕێژه‌یه‌کی دیار له‌ هه‌ڵسوڕاوان و نوێنه‌رانی له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌کانی ڕێکخراوه‌یی له‌وکۆنگره‌یه‌دا ، به‌ پێویستی ده‌زانین هه‌ڵسه‌نگاندنێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئه‌و کۆنفرانسه‌ له‌ دید و ڕوانگه‌ی ناوه‌ندی چاکه‌وه‌ بخه‌ینه‌ به‌رده‌م جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مان و به‌ تایبه‌ت قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفالکراو.

سه‌ره‌تا پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێین که‌ ئه‌م کۆنفرانسه‌ ده‌بوو چه‌ند ساڵێک پێش ئێستا ساز بکرایه‌، ئه‌مه‌ش خاڵێکی لاوازه‌ و پێویست بوو ده‌سه‌ڵاتی کوردی زوتر هه‌ستی به‌ گرنگی به‌ستنی ئه‌م جۆره‌ کۆنفرانسانه‌‌ بکردایه‌ و هه‌وڵی ڕاسته‌قینه‌ی بۆ هێنانه‌دی ئه‌مانجه‌کانی بدایه،‌ به‌ڵام به‌ بۆچونی ئێمه‌ دواکه‌وتنی له‌ نه‌کردنی زۆر باشتر بوو به‌تایبه‌تی له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستادا که‌وا پرسی گه‌له‌که‌مان له‌ ناوچه‌که‌دا به‌ بارودۆخێکی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕده‌بیت. له‌ کاتێکدا گه‌لی کورد له‌ هه‌موو پارچه‌کانی کوردستاندا ڕووبه‌ڕوی هێرشێکی سیاسی و سه‌ربازی و یاسایی ڕژێمه‌ داگیرکه‌ره‌کان ده‌بێته‌وه‌،‌ له‌شکرکێشی ڕژێمی تورکیا بۆ سه‌ر باشوری کوردستان به‌بیانوی لێدانی پ.ک.ک وه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌، دواخستن و پشتگوێخستنی جێبه‌جێکردنی یاسای ژماره‌ 140 ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی ئێراق  و هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێنه‌کردنی سزای سه‌پێنراو به‌سه‌ر تاوانبارانی ئه‌نفال که‌ له‌لایه‌ن دادگای باڵه‌ی تاوانه‌کانی ئێراقه‌وه‌ دراوه‌ ، ڕه‌شه‌کوژی و گرتنی به‌ کۆمه‌ڵ له‌لایه‌ن ڕژێمه‌کانی ئێران و سوریاوه‌ و بێده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌مه‌ڕ هه‌موو ئه‌و ده‌ست درێژیانه‌ی ده‌کرێته‌ سه‌ر گه‌لی کورد له‌لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه‌، ئه‌م کۆنفرانسه‌ وه‌ڵامێکی گونجاو بوو بۆ پیشاندانی مکوڕبوونی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و ڕۆشنبیرانی کورد و سه‌رجه‌م گه‌له‌که‌مان له‌سه‌ر دۆسیه‌ی تاوانه‌ جینۆسایدیه‌کانی گه‌لی کورد و به‌دواداچونی سیاسی و یاسایی ئه‌و تاوانانه‌ و هێنانه‌ژێر پرسیاری‌ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ هه‌ستان به‌ ئه‌رک و به‌رپرسیارێتیه‌ سیاسی و یاسایی و مۆڕاڵیه‌کانی خۆی.

هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێمه‌ بۆ ئه‌و کۆنفرانسه‌ له‌ سێ ته‌وه‌رداخۆی ده‌بینێته‌وه‌ که‌ بریتین له‌ لایه‌نه‌ پۆزه‌تیڤه‌کانی کۆنفرانسه‌که‌، و لایه‌نه‌ نیگه‌تیڤ و لاوازه‌کانی کۆنفرانسه‌که‌ و ده‌رئه‌نجامه‌کانی په‌یامی کۆنفرانسه‌ که‌ به‌ کورتی ئاماژه‌یان پێ ده‌ده‌ین:

یه‌که‌م:- خاڵه‌ پۆزه‌تیفه‌کان‌ :
1- ئاماده‌کاری و هه‌ڵبژاردنی ته‌وه‌ر و بابه‌ته‌کان و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی کۆنفرانسه‌که‌ له‌ ئاستێکی به‌رزدا بوو، سه‌ره‌ڕای که‌م ئه‌زمونی له‌ ڕێکخستنی کۆنفرانسی له‌و شێوه‌. ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی لێهاتویی و دڵسۆزی ئه‌ندامانی لیژنه‌که‌ی نیشان ده‌دا.
2- کردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ وێنه‌ و جل و به‌رگی قوربانیانی کاره‌ساته‌ جینۆسایدییه‌کانی گه‌لی کورد نیشاندانی فلیمی دۆکیومینتی له‌م‌ باره‌یه‌وه‌.
3- پابه‌ندبوون به‌ کات و ماوه‌ی دیاریکراوی لێکۆڵینه‌وه‌کان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵسه‌نگاندن و گفتوگۆکردن له‌سه‌ریان.
4- کۆنتڕۆڵکردنی باری ئاسایشی کۆنفرانسه‌که‌ و پاراستنی ژیانی ئاماده‌بوان و دابینکردنی جێگه‌و شوێنی پێویست بۆ کۆنفرانسه‌که‌ و به‌شداربووانی. 
5- به‌شداریبوونی ژماره‌یه‌کی زۆر له که‌سایه‌تی‌ ئه‌کادیمی و پسپۆڕ و شاره‌زا له‌ بواری جینۆساید و په‌رله‌مانتار و یاساناس له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی به‌شێک له‌ ڕیکخراوه‌ مه‌ده‌نی و مرۆڤدۆسته‌کانی کورد و بیانی.
6- به‌کارهێنانی 3 زمانی سه‌ره‌کی له‌ پێشکه‌شکردنی لێکۆڵینه‌وه‌کان (کوردی ،ئینگلیزی ،عه‌ربی)، هه‌روه‌ها وه‌رگێڕانی ڕاسته‌وخۆی سه‌رجه‌م په‌ناڵه‌کان بۆ هه‌ر سێ زمانی ئاماژه‌پێکراو.
7- ڕه‌خساندنی بار و دۆخی گونجاو بۆ به‌شداربووان، له‌ په‌ڕاوێزی کۆنفرانسه‌که‌دا، بۆ یه‌کتر ناسین و لێک نزیکبونه‌وه‌ و ئاشنابوون  به‌ پرۆه‌ژه ‌و به‌رنامه‌کاری یه‌کتر و یه‌کخستنی هه‌وڵه‌کانیان له‌م ڕووه‌وه‌.‌
8- نه‌بوونی مۆرکی حیزبی و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌سه‌ر بابه‌ت و ووتار و وورده‌کاریه‌کانی  کۆنفرانسه‌که‌دا، و پابه‌ندبوون به‌ ناونیشان و ئامانجه‌کانی کۆنفرانسه‌که‌.
9- ئاماده‌بوونی فراوانی میدیاکان و رووپۆشکردن و په‌خشکردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و باسه‌کانی کۆنفرانسه‌که‌ به‌ خێرایی.  دابینکردن و ڕه‌خساندنی که‌ش و هه‌وایه‌کی ئازاد و یه‌کسان بۆ‌ سه‌رجه‌م میدیا و ڕاگه‌یاندنه‌کان له‌ میانه‌ی به‌ڕێچوونی کۆنفرانسه‌که‌دا.
10- ده‌رچون به‌ کۆمه‌ڵێک بڕیار و ڕاسپارده‌ی گرنگ و گونجاو سه‌رباره‌ت به‌ ئامانجه‌کانی کۆنفرانسه‌که‌.

دووه‌م:- خاڵه‌ نیگه‌تیڤ و لاوازه‌کان:
1- لاوازی به‌شداربووانی عه‌ره‌بی له‌ کۆنفرانسه‌که‌دا که‌ ته‌نها به‌ڕێزان زوهێر کازم عه‌بود، که‌نعان مه‌کیه‌ و محمد وادی به‌شداربوون و به‌شداربووانیش له‌ نه‌ته‌وه‌کانی فارس و تورکیش بوونیان نه‌بوو له‌ناو کۆنفرانسه‌که‌دا.
2- نه‌بوونی نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراق و حکومه‌تی عێراق و کۆمکاری عه‌ره‌بی، نوێنه‌ری یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، نوێنه‌ری ڕێکخراوی جینۆساید و ۆچ و ڕێخراوه‌کانی مافی مرۆڤی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان.
3- نه‌بوونی میدیای بیانی بۆ ڕووپۆشکردنی ڕووداوه‌کانی کۆنفرانس.
4- به‌رپابونی ته‌نگه‌ژه‌یه‌کی هه‌ست پێکراو له‌ نێوان ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ئاماده‌که‌ردا له‌ کۆتایی کۆنفرانسه‌که‌دا به‌هۆی چه‌ند بڕگه‌یه‌کی ووتاری سه‌رۆک وه‌زیران و نیشاندانی فلیمیکی دۆکیومێنتی که‌ زه‌قکردنه‌وه‌ی به‌شێکی دیاریکراوی گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کانی پێوه‌ دیار بوو .

سێهه‌م: ده‌رئه‌نجام‌ و په‌یامه‌کانی کۆنفرانس
1- کۆنفرانس به‌ 24 بڕیار و ڕاسپارده‌ و پڕۆژه‌ی گرنگ ده‌رچوو که‌ سه‌رجه‌میان له‌گه‌ڵ بۆچوون و ئامانجه‌کانی ناوه‌ندی چاکدا یه‌ک ده‌گرنه‌وه‌ و له‌ کۆی ئه‌و ژماره‌یه‌ 15 یان ناوه‌ندی چاک کاری جدی له‌سه‌ر کردوون و وه‌ ڕێنمایی جێبه‌جێکردنی ژماره‌یه‌کشیان پێشکه‌ش به‌ به‌رێوه‌به‌رانی کۆنفرانسه‌که‌ و دا‌م و ده‌زگا فه‌رمیه‌کانی کوردستان کردووه‌.
2- هه‌ستپێکردنی مکوڕبوونی دا‌م و ده‌زگای فه‌رمی کوردستان به‌تایبه‌ت په‌رله‌مان و حکومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر په‌ره‌پێدان و کاریگه‌رکردن و فراوانکردنی هه‌نگاوه‌کانی داهاتوو و جێبه‌جیکردنی ڕاسپارده‌ و بڕیار و پڕۆژه‌کانی کۆنفرانسه‌که‌.
3- دروستبوونی سه‌ره‌تاکانی زمانێکی هاوبه‌ش له‌ نێوان ده‌سه‌ڵاتی باشوری کوردستان و ڕیکخراو و که‌سایه‌تییه‌ سه‌ربه‌خۆ و نیشتیمانیه‌ کوردستانییه‌کان بۆ کاری هاوبه‌ش و ته‌واوکه‌ری هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ ڕێی کۆکردنه‌وه‌ی وزه‌و تواناکان بۆ به‌جیهانیکردنی دۆزی جینۆسایدی گه‌لی کورد و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی قوربانیان له‌ چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌کی نیشتیمانیدا. ئه‌م خاڵه‌ش‌ به‌ ڕاشکاوی  له‌ کۆبونه‌وه‌کانی شاندی ناوه‌ندی چاک له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان، لیژنه‌ی رۆشنبیری و لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی کوردستان و  وه‌زیری کاروباری شه‌هیدان و ئاواره‌کان، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ، وه‌زیری مافی مرۆڤ و وه‌زیری ڕۆشنبیری هه‌رێمی کوردستان باسکرا.
4- به‌رپابوونی بناغه‌ی تۆڕێکی نێوده‌وڵه‌تی له‌نێوان ڕێکخراو و داموده‌زگا فه‌رمیه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی کوردستان و ڕێکخراو و که‌سایه‌تیه‌ سیاسی و ئه‌کادیمیه‌ به‌شداربووه‌کانی کۆنفرانسه‌که‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ڕاپه‌ڕاندنی ئیشوکاره‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات. ئه‌مه‌و ره‌خساندنی هه‌لی پێویست و کاریگه‌ر بۆ فراوانکردنی ئه‌م تۆڕه‌ و به‌شدارپێکردنی هه‌موو ئه‌و ڕێکخراوو که‌سایه‌تیه‌ کورد و بیانیانه‌ی ده‌رفه‌تی به‌شداربوونیان له‌م کۆنفرانسه‌دا نه‌بوو.                                                                                                                  
 
11/02/2008 
ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ دژ به‌ ئه‌نفالکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد –چاک-
www.chak.info  chak.org@gmail.com

Previous
Next

Leave a Reply