هه‌ڵوێسته‌یه‌ك له مه‌ڕ گوتاره شیزۆفرنیاكهی سه‌رۆك
لێشاوێك له گوتار له لایه‌ن زۆرێك له نوسه‌ران و سۆسۆلۆژیست و پسپۆرانه‌وه تێوریزه كراوه به شێوه‌یه‌كی ئاركۆلۆژیانهی وورد و ئۆرگیۆمێنتانه باس له خه‌سڵه‌ت و ڕگه‌زی كۆلكه دكتاتۆریانهی خێڵه‌كی سیسته‌می سیاسی كوردستان ده‌كات ، باس له مه‌ڕ ئیفلیجی و سه‌قه‌تی و دوگمایی ئه‌م سیسته‌مه سیاسیه ده‌كات كه هه‌نگاو به هه‌نگاو هه‌موو ده‌روازه‌كان به ڕووی ئازادی و و دادوه‌ری كولتوری دیمۆكراسی و شه‌رعیه‌تدا كڵۆم لێده‌دات ، چ له ڕێگای به كار هێنانی ئامرازی هێزی میلشیایهوه بێت كه لایه‌نگری و وه‌لایان بۆ حزب و هه‌ندێك ((بارۆنی ئۆرۆستۆكراتی)) هه‌یه ، یان له ڕێی له قاڵبدان به ناوی یاسای په‌رله‌مانه‌وه: ئه‌و په‌رله‌مانه مردوو بێ ڕۆحه‌ی كه بۆته توحفه‌یه‌كی سیاسی بۆ ڕهوایپێدانی ده‌سه‌ڵاتی سته‌مكاری ((دۆقه‌كان و بارۆنهكانی كوردستان)) ، یان له ڕێی پشه‌سازی ویژدان كڕینه‌وه به پاره‌ی نه‌وتی به تاڵان براوی كوردستان . سات به سات هیواو ئومێده‌كان بۆ سیسته‌مێكی دادوه‌رو سیكۆلار كه حورمه‌تی مرۆڤ بوونی مرۆڤی تێدا پارێزراو بیت زینده به‌چاڵ ده‌كات . پایه‌كانی خۆی هێدی هێدی بۆ سیسته‌مێكی سه‌رۆكایه‌تی و په‌راوێز خستنی دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان پتر تۆكمه ده‌كات ، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی كۆنسێرفاتیزمی خێڵه‌كی حوكمی هه‌تا هه‌تایی له كوردستان جێگیربكات . ڕه‌نگه دیمه‌ن و مۆراڵی سیاسی تۆتالیتارانه‌ی خێڵه‌كی سیسته‌می سیاسی له كوردستان هێشتا بۆ زۆرێك له حه‌شامات و هه‌واداران و ئه‌ندامانی ((یه‌كێتی وپارتی)) كه به ده‌مارگیری ئایدۆلۆژی سیاسی و تاریك بینی حزبی ده‌نواڕنه دنیا‌و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی خۆیان ئاشكرا نه‌بو بێت . به‌ڵام پاش سی حوزه‌یران ده‌مامكه‌كان له سه‌ر ڕوخساره‌كان لادرا و په‌راگه‌نده‌یی بیر كردنه‌وه‌ی جۆراو جۆر پایه‌ماڵ كرا‌و بوو به مایه‌ی ده‌ركه‌وتنی ڕاستیه‌كان . چاوه‌ڕوانی و داواكاریه‌كانی زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و قبوڵ نه‌كردنی ئه‌و بڕیاره شه‌رم هاوه‌ره بوو كه كۆی پرۆسه‌ی سیاسی خسته ژێر پرسیار‌و لۆمه كردنه‌وه‌و و هیچ به‌هاو ڕه‌وایه‌تیه‌كی یاسایی بۆ ده‌سه‌ڵات نه‌هێشته‌وه . سه‌رۆكی هه‌رێم پاش مت بوونێكی كاتی گوتارێك په‌خش ده‌كات ، له باتی ووڵامدانه‌وه‌ی خواست و داوهكاریهكانی خه‌ڵكی كوردستان ڕسته‌كانی گوتاره‌كه‌ی جگه له ((شیزۆفرنیای سیاسی و گرێی شه‌یدا بوونی ده‌سه‌ڵات)) هیچ ماف و ڕه‌وایه‌تیه‌كی بۆ پرۆسه‌ی سیاسی نه‌گه‌ڕانه‌وه كه جێی ده‌ست خۆشی بێت وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان . هه‌میشه جه‌خت له سه‌ر ووشه دووباره بووه‌كانی ده‌كاته‌وه و پتر وه‌كو سه‌رۆكی پارتی و حزبێك خۆی نمایش ده‌كات ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و بیرۆكه‌و چه‌مك و ده‌سته‌واژانه‌ی له ڕسته‌كانی گوتاره‌كه‌یدا به‌ر گوێمان كه‌وت ناهاوسه‌نگی و دژ به یه‌كی ئاشكرا‌و ڕوونی پێوه‌دیاره . ئه‌و باس له‌وه ده‌كات كه خواست و تموحی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نییه كه چی له ساڵی (79) سه‌رۆكی پارتی دیمۆكراتی كوردستانه‌و ، جگه له‌وه‌ش بۆ ماوه‌ی دوو خولی هه‌ڵبژاردنه كه ده‌كاته 8 ساڵ سه‌رۆكی هه‌رێمه‌و ئه‌م دوو ساڵه‌شی بچێته سه‌ر به شێوه‌یه‌كی نا شه‌رعی ده‌كاته (10) ساڵ ، ئه‌گه‌ر ژماره‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی كه سه‌رۆكی هه‌رێم له ترۆپكی ده‌سه‌ڵات بووه وه‌كو لێپرسراوی یه‌كه‌م له هه‌ردوو كایه‌ی حزب و حكومه‌تدا و براوردیان بكه‌ین به ته‌مه‌ن و ژیانی سیاسی سه‌رۆكه دكتاتۆره‌كانی ناوچه‌كانی ده‌ورو پشتمان هیچی له‌وان كه‌متر نییه . ته‌نانه‌ت ئه‌و یاسایانه‌ش پێشێل ده‌كات كه خۆیان دایان ڕشووه و پێوه پابه‌ند نابن كه چی باس له دیمۆكراسی و سه‌روه‌ری یاساش ده‌كات ، ئه‌ی پاش ته‌واو بوونی ئه‌و دووساڵه‌ی كه به شێوه‌كی نا شه‌رعی دوور له هه‌موو پێوه‌رێكی دیمۆكراسی و یاسایی گرنتی چییه واز له كورسی ده‌سه‌ڵات بێنێت ؟ بێگومان ئه‌و كات ده‌كرێت به‌هانه‌ی جۆراو جۆر بێنێته‌وه بۆ دووباره خۆ سه‌پاندنی به شێوه‌یه‌كی نا شه‌رعی وه‌كو ئێستا . گوتاره شیزۆفرینیاكهی سه‌رۆك هێرشێكی فره‌وان ده‌كاته سه‌ر ئۆپۆزسیۆن و كۆی پۆخڵهواتیهكان و ڕه‌فتاری سیاسی قێزه‌ون و دوگم بوونی سیسته‌می سیاسی ده‌خاته ئه‌ستۆی ئۆپۆزسیۆن و ، یه‌كێتی و پارتی له تێكڕای به‌رپرسیاریه‌ته‌كان بێبه‌ری ده‌كات . سه‌رۆك له‌و باوه‌ڕه‌دایه ده‌بێت ئۆپۆزسیۆن هاوكاریان بێت ، هاوكاری لای ئه‌و به‌و چه‌شنه‌یه وه‌كو ئه‌وان ڕه‌فتاری سیاسی بكه‌ن و ببن به به‌شێك له سیاسه‌تی هه‌ردوو حزب و نابێت له‌وان جێواز تر بن و ئه‌جندای سیاسی جێواز تریان هه‌بێت . ئه‌مه یان خۆ گێل كردنه ، یان نا ئاشنایی و چه‌وت تێگه‌یشتنه له پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ردوو پنتی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن و گه‌مه‌ی دیمۆكراسی كه ته‌واو كه‌ری یه‌كترن ، بێگومان ئه‌م تێڕوانینه خۆ به گه‌وره‌زان و لوت به‌رزیه‌ی له به‌رامبه‌ر هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كان له‌و عه‌قڵه خێڵه‌كیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه سه‌رۆك له ترادسیۆنی خێڵه‌وه پێی گۆش و ئالوده بووه ، پێیوایه هه‌موو تاكێك و هێزێك له‌م كۆمه‌ڵگایه بوونه‌وه‌رێكی بچوك و بیر كۆڵهو ده‌بێت سودمه‌ندو گوێ ڕایه‌ڵی بیر كردنه‌وه‌كانی سه‌رۆك خێڵ بێت نه‌بادا دووچاری نه‌هامه‌تی ببن . ئه‌و لۆژیكی ماف و ئازادی و هاوڵاتی بوونی به لاوه په‌سه‌ند نییه و ، زیاتر لۆژیكی په‌یوه‌ندی سیاسی ((شوان و مێگه‌لی)) مه‌به‌سته كه ستراكچه‌ری سیسته‌مه تۆتالیتارهكانه ، یان هی ئه‌و سیسته‌مانه‌یه كه له سه‌ر بناغه‌ی خێڵه‌كی ئاوا كراوه . ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ش بزانیین هه‌موو یاسا شكێن و گورز وه‌شاندنێك له كه‌مه‌ری ئازادی و دیمۆكراسی كه پارتی پێی هه‌ڵده‌ستێت و ئه‌نجامی ده‌دات ، یه‌كێتی نیشتمانی زه‌مینه سازی بۆ ئه‌و پێشێل كاریانه دروست ده‌كات ، چونكه پارتی خۆی به ته‌نها گه‌ر یه‌كێتی هاوكارو پشتیوانی نه‌بێت ناتوانێت هه‌نگاوێكی دكتاتۆرانه‌ی له‌و چه‌شنه بهاوێژێت ، سه‌رباری ئه‌وانه‌ش پارتی هه‌ر هه‌نگاوێكی سیاسی دژ به خواسته‌كانی خه‌ڵك و بنه‌ماكانی دیمۆكراسی و ئازادی بنێت ئۆباڵه‌كه‌ی ده‌خاته ئه‌ستۆی یه‌كێتی نیشتمانی و خۆی لێ بێبه‌ری ده‌كات . یه‌كێتی ئێستا كه بووه‌ته دوژمنێكی سه‌ر سه‌ختی ئازادی و دیمۆكراسی و یاسا شكێنی و له گۆڕ نانی شه‌رعیه‌ت ، پێچه‌وانه‌ی به‌رنامه‌و پلاتفۆرمی سیاسی خۆی ده‌بزوێت كه له سه‌ره‌تاوه بانگشه‌ی بۆ كردووه .چونكه سه‌ره‌تای كاری سیاسی یه‌كێتی وه‌كو هێزێكی نوێ و ده‌ست به‌ردار بوون له هه‌ندێك كولتوری سیاسی كلاسیك كه هێزه كۆنسێرفاتیزمهكانی كوردستان وه‌كو ڕێچكه‌یه‌كی سیاسی چه‌ق به‌ستوو له سه‌ری ڕاهات بوون هاته نێو گۆڕه‌پانه‌كه‌وه . ئه‌م هێزه له سه‌ره‌تاوه بانگه‌شه‌یه‌كی زۆری ده‌كرد بۆ هه‌ندێك چه‌مكی سیاسی كه له به‌رژه‌وه‌ندی ئینساندا بوو وه‌كو ((مافی مرۆڤ و ئازادی و دیمۆكراسی و مه‌ده‌نیه‌ت و ….. ده‌یان چه‌مكی سیاسی پڕ به‌های جۆراو جۆر)) . به‌ڵام پاش ده‌سبه‌ردار بوون و جێ هێشتنی زۆرێك له ئه‌ندامان و هه‌وادارانی ئه‌م حزبه كه مه‌یل و دیدگایه‌كی پێشكهوتنخوازیان هه‌بوو ، هه‌روه‌ها زاڵ بوونی باڵی سه‌ربازی و كۆنسێرفاتیزم و هاتنه ئارای به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و دۆلار‌و سه‌رمایه ، ئێستا ئه‌م هێزه دژایه‌تیه‌كی سه‌رسه‌ختی ئه‌و چه‌مكه سیاسیانه ده‌كات كه له به‌رژه‌وه‌ندی ئازادی ئینساندایه ، كۆی گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆك بریتی بوو له جه‌خت كردنه‌وه‌یه‌كی تاك ڕه‌وانه بۆ ده‌سه‌ڵاته نا یاسایه‌كه‌ی كه ئێستا ماوه‌ی به سه‌ر چووه و بێمنه‌تی خۆی ڕاگه‌یاندو هیچ بههایهكیشی بۆ ئۆپۆزسیۆن دا نه‌نا ، چونكه ئه‌و دهزانیێت ئۆپۆزسیۆن جگه له ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنێكی ڕگهیاندكار ناتوانن شه‌قام بهه‌ژێنن و فشار‌و قورسای له سه‌ر ده‌سه‌ڵات دروست بكه‌ن بۆ پابه‌ند بوونیان به یاساوه ، چونكه په‌یامه ئینشاو شهرمنۆكهكهی ئۆپۆزسیۆن ده‌بێته فاكته‌رێك بۆ زیاتر هارو هاج بوونی پارتی و یه‌كێتی كه به‌رده‌وام بن له سه‌ر ئه‌و ڕه‌وشه سیاسیه دكتاتۆریهیان دژ به خه‌ڵكی كوردستان .