Skip to Content

Saturday, December 5th, 2020

هونه‌ری كورتیله‌ چیرۆك

Be First!
by December 2, 2011 ئەدەب


هونه‌ری كورتیله‌ چیرۆك

كورتیله‌ چیرۆك، زاده‌ی گه‌شه‌‌و گۆڕانی كورته‌ چیرۆكه‌‌و هونه‌رێكی خۆڕسكی كوردی نییه‌، به‌ڵكو له‌ ئه‌نجامی گه‌شه‌و كارلێك‌و لاساییكردنه‌وه‌ی هونه‌ر‌و نووسینی گه‌لانی تره‌وه‌ هاتۆته‌ ناو ئه‌ده‌بی كوردییه‌وه‌.
ئه‌م هونه‌ره‌ی نووسین، لای ئێمه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ كاریگه‌ری ئه‌ده‌بی گه‌لان به‌گشتی‌و به‌تایبه‌تی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی‌و فارسی له‌سه‌ربووه‌. به‌ڵام دواجار چیرۆكنووسانی كوردیش توانیویان شاره‌زایانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵا ئه‌م ژانره‌ی ئه‌ده‌بدا بكه‌ن‌و ببنه‌ خاوه‌نی ناسنامه‌و ده‌نگی تایبه‌تی خۆیان.
كاریگه‌ری‌و كارلێكی كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌كان له‌سه‌ر یه‌كدی، حاڵه‌تێكی ئاساییه‌و نه‌ك هه‌ر له‌ ئه‌ده‌بدا، به‌ڵكو له‌هه‌مووكایه‌ جیاجیاكاندا به‌رچاو ده‌كه‌وێت.
كه‌لتوری هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك گه‌شه‌ناكات ئه‌گه‌ر ده‌رگاكان له‌سه‌رخۆی واڵانه‌كات‌و ئاماده‌گی نه‌بێت بۆ وه‌رگرتن یان لاساییكردنه‌وه‌ی سیما گه‌شه‌كانی كه‌لتوور‌و داهێنانی نه‌ته‌وه‌كانی تر.
یۆنانییه‌كان كه‌ خۆیان سه‌رچاوه‌ی زۆر له‌ داهێنانه‌ ئه‌ده‌بی‌و فیكرییه‌كانن لاساییكردنه‌وه‌ به‌ به‌شێكی گرنگ‌و ته‌نانه‌ت به‌ فاكته‌رێكی بنه‌ڕه‌تی ئیستاتیكای هونه‌ری داده‌نێن. بۆیه‌ زۆر ئاساییه‌ كه‌ كوردیش له‌ كورتیله‌ چیرۆكدا لاسایی گه‌لانیتر بكاته‌وه‌.
ئێستا چیرۆك نووسانی كورد به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان‌و به‌رچاو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كورتیله‌ چیرۆكدا ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌توانین بڵێین بووه‌ به‌ دیارده‌یه‌ك‌و تاڕاده‌یه‌كیش خه‌سڵه‌تێكی كوردانه‌ی پێوه‌ دیاره‌.
بێگومان زۆربه‌ی ئه‌و كورتیله‌ چیرۆكانه‌ی كه‌ نوسراون له‌ ئاستی په‌سه‌ند‌و پێویستدا نه‌بوون‌و نین. به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌كی باشن بۆ بونیادنانی پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ ئاینده‌دا. ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هه‌تا ئێستا چیرۆكنووسانی كورد له‌ نووسینی كورتیله‌چیرۆكدا خاوه‌نی ده‌نگ‌و داهێنانی خۆیان نه‌بوون، نه‌خێر ئێمه‌ وایده‌بینین كه‌ كورتیله‌ چیرۆكه‌كانی (عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج)‌و (ره‌ئوف بێگه‌رد) هیچیان كه‌مترنییه‌ له‌ شاكاره‌ جیهانییه‌كان.
ئه‌گه‌ر له‌ ڕووی هونه‌ریشه‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ژانره‌ی ئه‌ده‌ب بكه‌ین ده‌بێت بڵێین: كه‌ كورتیله‌ چیرۆك چڕكردنه‌وه‌ی هه‌موو پێكهاته‌و ره‌گه‌زه‌كانی كورته‌چیرۆكه‌ له‌ پنتێكی بچووكدا.
ئه‌گه‌ر بیرۆكه‌ له‌ كورته‌چیرۆكدا ره‌گه‌زێكی گرنگ بێت، ئه‌وا له‌ كورتیله‌ چیرۆكدا گرنگتره‌و كاری مه‌زنتری له‌ئه‌ستۆدایه‌. چونكه‌ له‌ كورته‌ چیرۆكدا ده‌شێ‌ له‌ رێگای به‌كارهێنانی دایه‌لۆگ‌و مه‌نه‌لۆگ‌و فلاشباگ‌و جۆره‌كانی تری ته‌كنیكه‌وه‌، درێژه‌ به‌ ره‌وتی چیرۆكه‌كه‌ بدرێت، ئیدی له‌ درێژه‌ی ئه‌و كاروانه‌دا به‌ شێنه‌یی مه‌به‌ست‌و بیرۆكه‌كه‌ نیشان ده‌درێت.
به‌ڵام له‌ كورتیله‌ چیرۆكدا مه‌ودای كاركردن به‌رته‌سكتره‌، بۆیه‌ ده‌بێت زۆر لێزانانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵا وشه‌‌و رسته‌كاندا بكرێت، به‌جۆرێك كه‌ بتوانرێت به‌كه‌مترین وشه‌‌و رسته‌، گه‌وره‌ترین وێنه‌و مه‌به‌ست نیشان بدرێت.
له‌ڕووی هونه‌رییشه‌وه‌ زۆرجار‌و به‌پله‌ی یه‌كه‌م له‌ كورتیله‌ چیرۆكدا ناوه‌ڕۆكی سه‌ره‌كی بیرۆكه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ كۆتایی‌و ته‌نانه‌ت دوادێڕی ده‌قه‌كه‌وه‌.
به‌كورتی بڵێین: له‌كورتیله‌ چیرۆكدا زیاتر سه‌رنجه‌ خێراكان ده‌نووسرێنه‌وه‌. بێگومان زۆرجار سه‌رنج‌و تێبینییه‌كانی مرۆڤ له‌سه‌ر ده‌وروبه‌ری شایانی ئه‌وه‌هه‌ن كه‌ بنوسرێنه‌وه‌‌و له‌ ده‌قێكی ئه‌ده‌بیدا دابڕێژرێن‌و بخرێنه‌ ڕوو.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین (گۆران)ی شاعیر له‌ سه‌رنجێكی زۆر تیژڕه‌ودا، جوانترین ده‌قی شیعری هێناوه‌ته‌ به‌رهه‌م كه‌ شیعری (دواسه‌رنج)ه‌. ره‌نگه‌ هه‌مووكات زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ له‌بار نه‌بێت كه‌ هه‌موو سه‌رنج‌و تێبینییه‌كان له‌ ده‌قێكی نه‌فه‌س درێژدا چێبكرێت‌و بنووسرێت، به‌ڵام ئاساییه‌‌و ده‌توانرێت له‌ ده‌قێكی كورتخایه‌ن‌و بچووكتری وه‌ك كورتیله‌ چیرۆكدا هه‌مان بیرۆكه‌‌و سه‌رنج‌و تێبینی چڕبكرێته‌وه‌و بگه‌یه‌نرێت به‌ خوێنه‌ر. كه‌چی ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی له‌ كورتیله‌ چیرۆكدا به‌كارده‌هێنرێت هه‌ڵگری دیدێكی قوڵا‌و زیندوونییه‌، نه‌خێر زۆرجار بووه‌ كه‌ بیرۆكه‌ی كورتیله‌ چیرۆكێك فراوانكراوه‌ته‌وه‌و رۆمانێك، یان فیلمێكی سینه‌مایی مه‌زنی لێبه‌رهه‌م هێنراوه‌.
ره‌نگه‌ ئاسان نه‌بێت یان كارێكی نه‌شیاوبێت كه‌مه‌رجی تایبه‌تی له‌سه‌ر چۆنییه‌تی نووسینی ده‌قێك بۆ نووسه‌ر دابنرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌مه‌شدا پێویسته‌ هه‌ر نووسه‌رێك له‌چوارچێوه‌‌و تایبه‌مه‌ندی كاره‌كه‌یدا قه‌ڵه‌می خۆی له‌سه‌ر نه‌خشاندنی ته‌كنیك‌و خستنه‌ڕووی هه‌ر بیرۆكه‌یه‌كدا بخاته‌ كار‌و رێگای تایبه‌تی‌و دیاری خۆی ون نه‌كات, هه‌روه‌ها له‌ ده‌ربڕینیشدا خۆی له‌ زیاده‌ڕه‌وی‌و ته‌مومژ‌و گرێ‌‌و گۆڵی زمان بپارێزرێت.
به‌كورتی بڵێین: پێویسته‌ نووسه‌ر په‌یوه‌ست بێت به‌ پێكهاته‌و خاڵه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ئه‌و ده‌قه‌وه‌ كه‌ كاری تێداكردووه‌. بێگومان كورتیله‌ چیرۆكیش هونه‌رێكی ته‌واو سه‌ربه‌خۆیه‌و خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، كه‌ده‌توانین به‌ سێبه‌ری شیعریش ناوی ببه‌ین…
بۆیه‌ زمان‌و بیرۆكه‌ به‌بڕبڕٍه‌ی پشتی كورتیله‌ چیرۆك داده‌نرێت‌و له‌پله‌ی دووه‌مدا ته‌كنیك‌و پاڵه‌وان رۆڵی خۆیان ده‌بینن..
له‌دوای ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ له‌سه‌ر هونه‌ری كورتیله‌ چیرۆك‌و له‌م ده‌روازه‌یه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت موتاڵای چه‌ند كورتیله‌ چیرۆكێكی(**)، چیرۆكنووس‌و ره‌خنه‌گر (سابیر ره‌شید) بكه‌ین. به‌ڵام سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه‌ به‌یان بكه‌ین كه‌ ئێمه‌ ته‌نها بیرۆكه‌ی كورتیله‌ چیرۆكه‌كانمان راڤه‌ كردووه‌‌و خۆمان له‌قه‌ره‌ی لایه‌نه‌كانی تری پێكهاته‌ی ده‌قه‌كان نه‌داوه‌، ئه‌مه‌شمان به‌مه‌به‌ست كردووه‌.. چونكه‌ سابیر ره‌شید له‌و كورتیله‌ چیرۆكانه‌دا، له‌ده‌ورو خولی یه‌ك بابه‌ت ده‌سوڕێته‌وه‌، ئه‌ویش ره‌خنه‌كردن‌و سكاڵایه‌ له‌ ره‌وشی ئێستای نووسه‌ران‌و ئه‌دیبان‌و رۆشنبیران كه‌ چه‌ند بنیاده‌مێكی ده‌مامككراو‌و عاجباتین!
لێره‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین بیرۆكه‌ی كورتیله‌ چیرۆكه‌كان به‌ جیا‌و سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵسه‌نگێنین:-

دیوانه‌ شیعر:
كێشه‌ی زۆرێك له‌ نووسه‌رانی ئه‌مڕۆی تیاخراوه‌ته‌ روو، كه‌ به‌هۆی هه‌ژاری‌و نه‌داراییانه‌وه‌ ناتوانن به‌رهه‌مه‌كانی خۆیان چاپ بكه‌ن، بۆیه‌ ناچار ده‌بن كه‌ له‌لایه‌ك روو له‌ ده‌زگاكانی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ بكه‌ن. كه‌ كه‌مینه‌یه‌ك له‌ نووسه‌ران نه‌بێت، زۆرینه‌ شانسی ئه‌وه‌یان نابێت كه‌ ئه‌و ده‌زگایانه‌ ئه‌و ئه‌ركه‌یان بۆ بگرنه‌ ئه‌ستۆ. له‌لایه‌كیتر ده‌بێت بڕێك له‌ پێداویستی ناو ماڵی خۆیان بفرۆشن ئینجا ده‌توانن به‌رهه‌مێك چاپ بكه‌ن.
پاڵه‌وانی ئه‌م كورتیله‌ چیرۆكه‌، له‌دوای ئه‌م دوو هه‌وڵه‌ هێشتا ناتوانێت دیوانه‌ شیعریییه‌كه‌ی چاپ بكات، بۆیه‌ناچار ده‌بێت كه‌ چه‌ند دانه‌یه‌ك له‌ دیوانه‌كه‌ی به‌كاربۆن بنووسێته‌وه‌و به‌سه‌ر چه‌ند ره‌خنه‌گرێت‌و ده‌زگایه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا دابه‌شی بكات، به‌ڵكو ناوی بكه‌وێته‌ ناو ناوانه‌وه‌.
كاتێكیش به‌هه‌زار ده‌رده‌سه‌ری نووسه‌ران دیوان، یان نامیلكه‌یه‌ك چاپ ده‌كه‌ن، كه‌چی له‌بازاڕ‌و له‌لای خوێنه‌ران هیچ پێشوازییه‌كی لێناكرێت، بۆیه‌ دواجار هه‌ندێك له‌ نووسه‌ران ناچار ده‌بن كه‌ به‌رهه‌مه‌ چاپكراوه‌كه‌ی خۆیان به‌ زه‌رف فرۆشه‌كان بفرۆشن.. كه‌ ئه‌مه‌ی دواییان نووسه‌ر له‌ كورتیله‌ چیرۆكی (نامیلكه‌)دا به‌رجه‌سته‌ی كردووه‌.له‌ راڤه‌ی ئه‌م كورتیله‌ چیرۆكه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ چه‌ند ده‌رئه‌نجامێك:-
1-    بڕێك له‌ نووسه‌ران له‌رووی ئیمكاناتی مادییه‌وه‌ توانای چاپكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان نییه‌.
2-    ده‌زگاكانی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆریان تێدایه‌، ئه‌وه‌نده‌ی هاوڕێیه‌تی‌و مه‌حسوبییه‌ت له‌ له‌چاپدانی به‌رهه‌مدا له‌ به‌رچاو ده‌گیرێت، نیو ئه‌وه‌نده‌ ناوه‌ڕۆك‌و پێكهاته‌ی ده‌قه‌كان، یان به‌رهه‌مه‌كان له‌به‌رچاو نه‌گیراون بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌مڕۆدا چاپ ده‌كرێن زۆریان نه‌ك هه‌ر شایه‌نی خوێندنه‌وه‌ نین، به‌ڵكو بارن به‌سه‌ر دنیای ئه‌ده‌ب‌و رۆشنبیرییه‌وه‌.
3-    هه‌ندێك له‌ نووسه‌ران ته‌نها له‌ خه‌می ئه‌وه‌دان كه‌ ناویان وه‌كو نووسه‌ر بێته‌ نێوانه‌وه‌.
4-    حاڵی ره‌خنه‌و بزوتنه‌وه‌ی ره‌خنه‌یمان له‌ نزمترین ئاستدایه‌.
5-    حاڵی خوێندنه‌وه‌‌و بازاڕی كتێب زۆر سست‌و لاوازه‌.

په‌راوێز:
له‌م كورتیله‌ چیرۆكه‌دا نووسه‌ر ره‌خنه‌ له‌ عه‌قڵی دۆگمای هه‌ندێك له‌ دكتۆر‌و مامۆستای زانكۆ ده‌گرێت.. باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ خوێندكارێكی زانكۆیی، كه‌ ده‌ستی نووسینی هه‌یه‌، له‌گۆڤارێكدا بابه‌تێكی بڵاوبووه‌ته‌وه‌. بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ته‌كه‌، ده‌یباته‌ لای مامۆستایه‌كی خۆی له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ په‌راوێزه‌كاندا ناوی ئه‌م مامۆستایه‌ له‌ دوای ناوی مامۆستایه‌كی تره‌وه‌ هاتووه‌ خوێندكاره‌كه‌ رووشكێن ده‌كات‌و بابه‌ته‌كه‌ش به‌خراپ داده‌ته‌ قه‌ڵه‌م.
ئێمه‌ وایده‌بینین كه‌ نووسه‌ر له‌ خستنه‌ڕووی ئه‌م بابه‌ته‌دا زیاده‌ڕه‌وی كردووه‌، چونكه‌ نووسین‌و ریزبه‌ندكردنی په‌راوێزی نووسین، په‌یوه‌ندی به‌ ناوه‌ڕۆك‌و پێكهاته‌ی نووسینه‌وه‌ هه‌یه‌. بۆیه‌ هیچ كه‌سێك مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ كه‌ سكاڵا له‌ پاش‌و پێشكردنی ناودا بكات.
ئه‌گه‌ر هه‌موو نووسه‌ر، یان خوێنه‌رێك ئه‌م راستییه‌ نه‌زانن، ئه‌وا دكتۆر‌و مامۆستایانی زانكۆ له‌هه‌ر كه‌سێك باشتر ئاشنای ئه‌م راستییه‌ن، چونكه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ به‌شێكه‌ له‌ بنه‌ماكانی توێژینه‌وه‌ی زانستی، ئه‌مه‌ش نه‌ك بۆ دكتۆر‌و مامۆستا، به‌ڵكو بۆ هه‌موو خوێندكارێكی زانكۆیی وانه‌یه‌كی سه‌ره‌كییه‌‌و له‌ زانكۆدا ده‌خوێنرێت.
نووسه‌ر جگه‌ له‌مه‌، له‌ كورتیله‌ چیرۆكی (نووسه‌ر)یشدا گرنگی به‌ مه‌سه‌له‌ی پاش‌و پێش خستنی ناوو كه‌س داوه‌. ئێمه‌ وایده‌بینین له‌مه‌شیاندا زۆر سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.

ره‌ش‌و سپی:

نووسه‌ر له‌م كورتیله‌ چیرۆكه‌دا ره‌خنه‌ له‌ هه‌ڵوێستی دووفاقی هه‌ندێك له‌ نووسه‌ران ده‌گرێت كه‌چۆن به‌خۆڕایی‌و به‌بێ‌ له‌به‌رچاوگرتنی هیچ بنه‌مایه‌كی زانستی، هاوڕێ‌ نووسه‌ره‌كانیان داده‌شۆرن. باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ نووسه‌رێك هاوڕێ‌ نووسه‌ره‌كه‌ی به‌ نه‌خوێنده‌وارو بێتوانا ده‌داته‌ قه‌ڵه‌م، به‌وه‌ی كه‌ ئه‌م نووسه‌ری راسته‌قینه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌وه‌. له‌م كاته‌دا هاوڕێ‌ نووسه‌ره‌كه‌ی په‌یدا ده‌بێت. كاكی دووڕوو یه‌كسه‌ر سه‌رزه‌نشته‌كانی ده‌گۆڕێت به‌ ستایش‌و پیاهه‌ڵدان.
له‌ كورتیله‌ چیرۆكی (نهێنی)‌و (حه‌ربا)شدا (سابیر ره‌شید) هه‌مان بابه‌ت به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.
له‌ كورتیله‌ چیرۆكی (ره‌ش‌و سپی)دا بابه‌تیانه‌ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵوێستی دووفاقی هه‌ندێك له‌ نوسه‌رانی به‌رجه‌سته‌كرووه‌، به‌ڵام له‌ ده‌ربڕیندا تووشی هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانی بووه‌. نووسه‌ر له‌ده‌می پاڵه‌وانه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێت: (ئه‌م كتێب‌و نووسینانه‌ش هه‌مووی من بۆی ده‌نووسم‌و به‌هۆی منه‌وه‌ ناوبانگی زڕٍاوه‌..).
نووسه‌ر نه‌ده‌بوو بنووسێت (ناوبانگی زڕاوه‌) چونكه‌ ناوبانگ زڕاندن كارێكی خراپ‌و نه‌شیاوه‌، كه‌سێك نییه‌ شانازی به‌ ناوبانگ‌و زڕاندنه‌وه‌ بكات. بۆیه‌ ده‌بوو بنوسرێت (ناوبانگی ده‌ركردووه‌).

چه‌قۆ:

نووسه‌ر له‌م كورتیله‌ چیرۆكه‌دا زۆر به‌ جوانی توانیویه‌تی ره‌خنه‌ له‌ زمانی پیسی هه‌ندێك له‌ نووسه‌ران‌و هونه‌رمه‌ندان بگرێت كه‌ چه‌ند به‌ شێوه‌یه‌كی ناشارستانییانه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵا یه‌كدا ده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌زمانێكی سه‌رده‌میانه‌ دایه‌لۆگ له‌گه‌ڵا یه‌كدا بكه‌ن، به‌زمانی چه‌قۆ یه‌كدی ده‌دوێن!

سه‌فه‌ر:
له‌ كورتیله‌ چیرۆكی (سه‌فه‌ر)دا ئه‌و رۆژانه‌مان بۆ یاداشت ده‌كات كه‌ زۆرێك له‌ خه‌ڵكی، له‌ ناویاندا هه‌ندێك له‌ نووسه‌ران وڵاتیان به‌جێهێشت‌و به‌ ئومێدی خۆ رزگاركردن، كۆچیان كرد بۆ هه‌نده‌ران.
نووسه‌ر به‌ رسته‌یه‌كی جوان‌و پڕمانا كورتیله‌ چیرۆكه‌كه‌ی قفڵا ده‌كات‌و ده‌ڵێت: (رۆیشت‌و لێره‌ ئازادبوو، به‌ڵام له‌وێ‌ به‌ندبوو).سابیر ره‌شید له‌م كورتیله‌ چیرۆكه‌دا زۆر بابه‌تییانه‌ قسه‌ له‌سه‌ر چه‌مكه‌كانی (ئومێد‌و بێئومێدی، ئازادی‌و به‌ندی‌و نامۆیی) ده‌كات. به‌ڕای ئێمه‌ (سه‌فه‌ر) جوانترین‌و پڕهونه‌رترین كورتیله‌ چیرۆكی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌یه‌.

گه‌مه‌ی نوێخوازی:
سابیر ره‌شید، له‌م كورتیله‌ چیرۆكه‌دا‌و له‌ كه‌شێكی فه‌نتازیدا نووسه‌ران دابه‌شی سێ‌ گروپ ده‌كات كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان خۆی له‌وی دی به‌ نوێخوازتر داده‌ته‌ قه‌ڵه‌م، شوێنی رووداوی ئه‌م كورتیله‌ چیرۆكه‌ چایخانه‌ی (مه‌چكۆ)یه‌، كه‌ دیارترین هه‌وارگه‌ی نووسه‌ران‌و ئه‌دیبانی شاری هه‌ولێره‌.
له‌كۆتایی چیرۆكه‌كه‌دا قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی (رۆلان بارت) دیارترین رابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی نوێخوازی ده‌بێته‌ سه‌نگی مه‌حه‌ك‌و كێشه‌ی ئه‌و سێ‌ گروپه‌ به‌شه‌ڕهاتووه‌ی ناو چایخانه‌ی (مه‌چكۆ) یه‌ك لایی ده‌كاته‌وه‌.
به‌مانایه‌كی دی، نووسه‌ر ده‌یه‌وێت بڵێت: له‌ ئه‌مڕۆدا هه‌ركه‌سێك توانی قه‌ڵه‌مێك‌و سه‌رێك‌و بیركردنه‌وه‌یه‌كی وه‌ك (رۆلان بارت)ی هه‌بێت له‌هه‌ركه‌سێك زیاتر نوێخوازه‌.

ناوبراوی ناو نه‌براو:
یه‌كێك له‌دیارده‌ نائاساییه‌كانی دنیای ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیری ئه‌مڕۆی كوردی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌ نووسه‌ران، نووسه‌ری هه‌مه‌ چه‌شن‌و هه‌مه‌ پایه‌ن، ئه‌مانه‌ زیاتر له‌ عه‌تار‌و دوكاندار ده‌چن وه‌ك له‌ نووسه‌ر، چونكه‌ هه‌موو بابه‌تێك له‌ هه‌گبه‌یاندا ده‌ستده‌كه‌وێت.
ئه‌م به‌ناو نووسه‌رانه‌ له‌هیچ بوارێكدا نه‌یانتوانیوه‌ داهێنان بكه‌ن، رۆژانه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن كه‌ به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌ هه‌مه‌ چه‌شنه‌ بێپێزه‌كانیانه‌وه‌ خۆیان به‌داهێنه‌ری هه‌موو بوارێك بناسێنین. ئه‌مانه‌ كه‌ هیچیان له‌ هه‌گبه‌دا نییه‌، واده‌زانن به‌حری علومن‌و هه‌موو شتێك ده‌زانن، به‌ڵام له‌ راستیدا جگه‌له‌ ساده‌گۆیی‌و جووینه‌وه‌ی شتی ئه‌م‌و ئه‌و هیچیتر ناڵێن.
نووسه‌ر له‌ رێگه‌ی ئه‌م كورتیله‌ چیرۆكه‌وه‌، ئه‌م دیارده‌ نائاساییه‌ی ئه‌مڕۆی رۆشنبیری كوردیمان بۆ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات‌و به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌نز ئامێز، چیرۆكی گرگنیی ئه‌م جۆره‌ نووسه‌رانه‌ ده‌خاته‌ روو.

منی نادكتۆر:
نووسه‌ر له‌م كورتیله‌ چیرۆكه‌دا راسته‌وخۆ سه‌رزه‌نشتی ئاستی هۆشیاری‌و شاره‌زایی هه‌ندێك له‌ دكتۆره‌كانی زانكۆ ده‌كات كه‌ چه‌ند له‌ ئاستێكی نزم‌و كۆندان.
به‌ڕای ئێمه‌ نووسه‌ر نه‌یتوانیوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی بایه‌تییانه‌ به‌راورد له‌ نێوان ئاستی هۆشیاری دكتۆره‌كان‌و باسه‌ فیكری‌و فه‌لسه‌فیه‌ هاوچه‌رخ‌و نوێیه‌كاندا بكات، چونكه‌ مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ی شاره‌زایی له‌ تێزه‌ فكرییه‌كانی (هانتینگتۆن)‌و (فۆكۆیاما) نه‌بێت ئیدی ئاستی هۆشیاری نزم بێت.

مه‌چكۆ:
چاكتر ده‌بوو ئه‌گه‌ر ناوی ئه‌م كورتیله‌ چیرۆكه‌ (ره‌خنه‌) بوایه‌، نه‌ك (مه‌چكۆ).
نووسه‌ر له‌م ده‌روازه‌یه‌وه‌، حاڵی بێحاڵی ئێستای ره‌خنه‌و ره‌خنه‌گره‌كانمان بۆ ده‌خاته‌ روو. سه‌رزه‌نشتیان ده‌كات كه‌چۆن له‌جیاتی دایه‌لۆگ‌و راگۆڕینه‌وه‌، زۆرێك له‌ به‌ناو ره‌خنه‌گره‌كان ده‌ستیان داوه‌ته‌ یه‌خه‌ی یه‌كتری‌و شه‌ڕ له‌گه‌ڵا یه‌كدیدا ده‌كه‌ن.نووسه‌ر له‌م كورتیله‌ چیرۆكه‌دا فه‌نتازییایه‌كی جوانی دروستكردووه‌ كه‌ چۆن له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕی دوو ره‌خنه‌گردا كتێبخانه‌كه‌ی چایخانه‌ی مه‌چكۆ ده‌سوتێت. ئه‌وه‌ی له‌ نێوان په‌ڕه‌ سووتاوه‌كاندا ده‌مێنێته‌وه‌، پیته‌ جیاجیاكانی وشه‌ی (ره‌خنه‌)یه‌.
به‌مایه‌كی دی له‌م كورتیله‌ چیرۆكه‌دا خودی (ره‌خنه‌) ره‌خنه‌ له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌و به‌ناو ره‌خنه‌گرانه‌ ده‌گرێت كه‌ له‌مانای راسته‌قینه‌ی ره‌خنه‌ نه‌گه‌یشتوون.
مه‌یخانه‌:
نووسه‌ر ره‌خنه‌ له‌ ره‌فتاری هه‌ندێك له‌و نوسه‌رانه‌ ده‌گرێت كه‌ له‌ راده‌به‌ده‌ر ئالوده‌ی مه‌ستی‌و باده‌نۆشین. ئه‌مه‌یان ره‌خنه‌یه‌كی بابه‌تی‌و دروسته‌. به‌ڵام له‌م كورتیله‌ چیرۆكه‌دا زیاده‌ڕه‌وی له‌ خستنه‌ڕووی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا كردووه‌.
ئێمه‌ ده‌زانین زۆرێك له‌ نووسه‌ران كاتێكی زۆری خۆیان له‌ باڕو مه‌یخانه‌كاندا به‌سه‌ر ده‌به‌ن، به‌ڵام بڕواناكرێت نووسه‌رێك هه‌بێت ئه‌وه‌نده‌ گۆشه‌گیری مه‌یخانه‌بێت كه‌ منداڵه‌كانی نه‌یناسنه‌وه‌‌و نه‌زانن ره‌نگ‌و رووی باوكیان چۆنه‌!
(خه‌نده‌) له‌ دایكی ده‌پرسێت: (دایه‌گیان باوكی ئێمه‌ چۆنه‌، توڕه‌یه‌، یان دڵخۆش، قه‌ڵه‌وه‌ یانیش لاوازه‌..!؟).

جۆكه‌ر:
(جۆكه‌ر) ئه‌و كورتیله‌ چیرۆكه‌یه‌ كه‌ حه‌قیقه‌تی هه‌ندێك له‌و نووسه‌رانه‌ی كه‌ هیچ شتێكیان له‌لا شه‌رم نییه‌ ده‌خاته‌ ڕوو.
كه‌م نین ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه‌ هه‌رده‌نووسن‌و هیچ ناخوێننه‌وه‌، ئه‌گه‌ر وانه‌بن مه‌حاڵه‌ فریابكه‌ون كه‌ بابه‌ت‌و نووسین بۆ ئه‌و هه‌موو گۆڤارو رۆژنامه‌یه‌ بنووسن، ئاخر نووسه‌ر هه‌یه‌ له‌ هه‌موو گۆڤارو رۆژنامه‌یه‌ك نووسین بڵاوده‌كاته‌وه‌؟ له‌ مه‌ش ئه‌سته‌متر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نووسه‌ر هه‌یه‌ به‌ناوی خوازراو‌و به‌ناوی جیاجیاوه‌ بابه‌تی دژ به‌یه‌ك، له‌شوێنی دژ به‌یه‌ك بڵاوده‌كاته‌وه‌.
(سابیر ره‌شید) له‌ هه‌ركه‌سێك باشتر له‌خودی ئه‌م جۆره‌ به‌ناو نووسه‌رانه‌ گه‌یشتووه‌ بۆیه‌ ناوی ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ی ناوه‌ (جۆكه‌ر).

كارگه‌ی شیعر:
كورتیله‌ چیرۆكی (كارگه‌ی شیعر) ئه‌و واقیعه‌ تاڵه‌یه‌ كه‌ رۆژانه‌ له‌ زۆرێك له‌ گۆڤار‌و رۆژنامه‌كاندا به‌رچاو ده‌كه‌وێت.
بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رتیل‌و هاوڕێیه‌تی‌و… هتد. په‌تایه‌كی كوشنده‌ی ئه‌مڕۆی دنیای رۆشنبیری كوردییه‌، ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو گۆڤار‌و رۆژنامه‌كان ئالوده‌ی ئه‌م په‌تایه‌ن، بۆیه‌ ده‌توانین بێدوودڵی بڵێین: ته‌واوی گۆڤارو رۆژنامه‌كانمان نه‌خۆشن، ئه‌گه‌ر وابڕوات رۆژێك دادێ‌ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ مرداریان ده‌كاته‌وه‌.

قسه‌و كردار:
كورتیله‌ چیرۆكی (قسه‌و كردار) ئه‌و ئاوێنه‌یه‌یه‌ كه‌ تیایدا رۆژانه‌ ئه‌و نووسه‌ره‌ درۆزن‌و دوو رووانه‌ ده‌بینین.
كه‌م نین ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كه‌ له‌ چایخانه‌‌و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا، ره‌خنه‌ له‌ هه‌ڵوێستی حزبه‌كان ده‌گرن، به‌رپرسه‌ حزبییه‌كان داده‌شۆرن‌و جنێوبارانیان ده‌كه‌ن.
كه‌چی، له‌ پرسگه‌ی باره‌گای ئه‌و به‌رپرسانه‌دا چه‌ندین سه‌عات ده‌مێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیده‌نی ئه‌و به‌رپرسه‌ بكه‌ن كه‌ پێشوتر سه‌رزه‌نشتیان كردووه‌، به‌كورتی بڵێین: ره‌خنه‌‌و سه‌رزه‌نشتی ئه‌م جۆره‌ نووسه‌رانه‌ له‌به‌رپرسه‌كان له‌كون فه‌یه‌كونێكدا ده‌گۆڕێت به‌ ستایش‌و پیاهه‌ڵدان.
نووسه‌ر له‌م كورتیله‌ چیرۆكه‌شدا له‌كه‌شێكی فه‌نتازی جواندا ره‌خنه‌ له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌م جۆره‌ نووسه‌رانه‌ ده‌گرێت. به‌ڵام من زۆر بێئومێدم كه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌وڵانه‌ ببێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و نووسه‌رانه‌ واز له‌ دووڕوویی بهێنن.


سه‌مه‌د ئه‌حمه‌د*
*مامۆستا له‌ زانكۆی سلێمانی.

**سابیر ره‌شید،گۆڤاری چیرۆكنما، ژماره‌ (2)، نیسانی 2005.

Previous
Next

Leave a Reply