Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
هونەر و شکستى هونەر … ڕزگار محمد

هونەر و شکستى هونەر … ڕزگار محمد

Closed
by May 25, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

   کەناڵى (NRT2) وەک سەرەتاى دەستبەکاربوونى و هەم وەک ئەو سەرمایە زەبەلاحەى لە پشتیەتى جێگاى پرسیارو هەڵوەستە لەسەرکردنە، لێرەدا ئەوەى مەبەستى منە ئاماژەى بۆ بکەم بیرۆکەو چۆنیەتى دامەزراندنى کەناڵەکە نیە، چونکە ئەمە پرسیارگەلێکى زۆر هەڵئەگرێت و بەجێى دێڵم بۆ دەرفەتێکى تر، ئەوەى گەرەکمە بیڵێم بیرۆکەی بەرنامەکان‌و میکانیزم‌و چۆنییەتیی پێشکەش کردنیانە، وێڕای تەقلیدیبوونی هەندێک لەو بەرنامانەو وەرگرتنی بیرۆکەکانیان لە کەناڵە ناوخۆیی‌و بیانییەکانەوە، دەکرێت بڵێین بەڕادەیەک شپرزەیی‌و شێواندنێکی لە ڕاگەیاندنی کوردیدا درووستکردووە، ئەمە جگە لە بێڕێزیکردن‌و بازدان بەسەر پرەنسیپ‌و چەسپاوە کۆمەڵایەتییەکاندا، بۆ پشتیوانیی قسەکانم یەکێک لە بەرنامەکان بە نموونە دەگرم ئەویش بەرنامەی “خۆشترین دەنگ”ە، ئەم بەرنامەیە کە هێندە نییە لەو کەناڵە پەخشدەکرێت، لە بنەڕەتدا بیرۆکەی بەرنامەکە وەرگیراوەو بە چاولێگەریی ڕاگەیاندنی عەرەبی پەنا بۆ بیرۆکەی کەنالە ئەورووپییەکان براوە، لەم بەرنامەیەدا کۆمەڵێک کچ و کوڕى گەنج بەشدارى دەکەن تا بتوانن وەک دەرفەتێک بۆ وەدیهاتنی خەونەکانیان کەڵکی لێوەربگرن‌و دەنگى خۆیان دەربخەن، بنەرەتی ئەمەش خەون بینینیانە بۆ بوون بە ئەستێرەیەکی هونەری لە داهاتوودا. چاو گێران بە مێژووى ئەم جۆرە بەرنامەیە سەرەتا لەکەناڵە بیانی و عەرەبیەکان و جار جارەش لەکەنالە کوردی یەکان ئەبینرێت… چرۆى شکستى ئەم جۆرە بەرنامەیە لەمێژووى کەناڵەکانى ترى وەک (کوردسات – زاگرۆس – kanal4 – korek) ڕەنگى داوەتەوە ئەمە جگە لەوەى نەبووەتە مایەى پێشکەوتن‌و سود وەرگرتن لە بەهرەمەندان لاسایى کردنەوەیەو هیچى تر.

ئەزموونى ئەم جۆرە بەرنامانە شتێکى تازە و نامۆ نیە لە کۆمەڵگاى ئێمەدا، وەک ئەوە وایە فکرەو فەرهەنگى کۆمەڵگایەکى ترت هێنابێت و بەرگى خۆماڵیت لەبەر کردبێت، رەخنەى من بۆ ئەوە نیە بڵێم پێشکەش کردنى ئەم جۆرە پڕۆگرامە نێگەتیڤەو نەکرێت باشە بەڵکو بۆ هەر بەشدارى کردنى تاکێک لەم کۆمەڵگایەدا ئاساییەو هەمان حاڵەت بۆ تاکێکى ئەمریکى و ئەوروپى و یەمەنى و میسرى و چینى ئاسایى ترە، بەڵام ئەوەى جێگەى باسە لاى من چۆنیەتى پێشکەش کردن‌و بنەمای دیاریکردنی ئەو لیژنەیەیە کە بۆ دادوەری‌و هەڵسەنگاندنى دەنگى بەهرەمەندان دانراوە، دیارە دەبێت ئەندازەو تواناى ئەو لیژنەیە هیچ نەبێت کەسانى ئەکادیمى و پسپۆڕ و ئاواز دانەربن و مێژوویەکى دیارو پڕ لە ئەزموونى هەبێت لە بوارى هونەریدا، ئەوەى سەرنجى ڕاکێشام بۆ نووسین لەسەر ئەم بەرنامەیە ئەو حاڵەتە سەیرو کۆمیدیایە بوو کە لەم بەرنامەیەدا بەدیم کردوو حەزم کرد وەک ڕەخنەیەک لەسەری بووەستم.

   لەسەرەتاى بەرنامەکەدا گەنجێک کە لە هەولێرەوە هاتبوو دواى پێشکەش کردنى گۆرانیەکەى وتى من لە منداڵیەوە خەون بەوەوە دەبینم ببمە قوتابى مامۆستا کیژان ئیبراهیم، من دەمەوێت پێی بڵێم ئەزیزم ئەم خاتوونە بەڕێزە نە مامۆستاى هونەرەو نە هونەرمەندێکى بە ئەزموونە تا لە منداڵیەوە خەونى پێوە ببینیت، گرێ کوێرەیەکى ترى ئەندامانى ئەم لیژنەیە هونەرمەند (نەجمەدین غوڵامى) یە کە خۆیشى نازانێت کەسێکى هونەرمەندە یان سیاسى چونکە ئەوەى من ئاگادار بم چەند مانگێک پێش ئێستا بەرنامەیەکى ڕاستەوخۆى سیاسى لە کەناڵى ئاسمانى (nawroz TV) پێشکەش دەکرد، کاک نەجمەدینى بەڕێز تۆ هونەرمەندێکى دێرین و بە ئەزمونیت و شایستەو گەورەیت، ئامادەگیت لەم بەرنامەیدا جێگەى شانازیە، بەڵام من پێت دەڵێم جوانى و بێگەردى رۆحى هونەر زۆر ئەستەمە لەناو سیاسەتدا پێگەى هەبێت، من و تۆش ئەوە دەزانین ئەزموونى سیاسەت زۆر جیاوازە لەو رۆحەى لە هونەردا هەیە و پێویستە بە مانا راستەقینەکەى تەماشاى کولتورى هونەرى کوردى بکەین و نەک دووچارى شکستى بکەین، بۆیە هەوڵ مەدەن بەناوى هونەرەوە سیگناڵى گیرفانتان بە پارەو پوڵ و دەنگى ئەو گەنجە خێر لەخۆنەدیوانە پڕ بکەن و هەر کات ویستان بڕۆنەوە بۆ هەندەران خوا ئەیزانێت بە چ نەهامەتی و دەردەسەریەک بۆ گەیشتن بەو بەرنامەیە ئەو پارەیان پەیدا کردبێت. دادوەرێکى ترى ئەم بەرنامەیە ( کاروان کامل) ە کە ماوەى چەند ساڵێکە وەک هونەرمەند خۆى ناساندووەو لەم بەرنامەیەدا وەک کەسێکى ئەکادیمى باس لە ئەداى دەنگ و شێوازى وتنى مەقام دەکات بە جۆرێک کەسێک نەتناسێت وا ئەزانێت مێژووى وتنى مەقام لەسەر دەستى ئێوەو مانان برەوى پێدراوە.

ئەم گرفتە تاوانى خۆتان نیە بەڵکو بێ توانایى وەزارەتى ڕۆشنبیریە وەک حەوشەکەى مامە قالە هەرکەس دێت و خێمەیەک هەڵدەدات ئەڵبەتە ئێوە جگە لەوەى هەوڵى بچوک کردنەوەى هونەر دەدەن بازرگانى بە دەنگى خۆتانەوە دەکەن، بەداخەوە ئەمە هونەرى ئێمەیە گرنگ نیە چییەو چۆنە گرنگ ئەوەیە گیرفانت پڕ بێت، گرفتى ئەم وڵاتەى ئێمە ئەوەیە هونەر گەواهیدەرێکى باشى نیە تا گەواهى بدات هونەر و هونەرمەندان رێگایان بۆ دروست بکرێت تا بەم شێوە ناعەدالیەتە حکوم نەدرێت، من پێم وایە ئەگەر دوعاى شەڕ بکەین ئەوا دوعاى بە هونەرمەند بوون بکەین چونکە بەراستى ئەمە لە سێدارەدانى هونەرەو ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات دەبێت ناسنامەى مەقام و گۆرانى فاتیحەى بۆ بخوێنرێت.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.